ناوهڕۆك
ئەنتۆنی لاڤوازێ ١٧٤٣ - ١٧٩٤ ز
ئەنتۆنی لاڤوازێ، زانایەکی نێوداری وڵاتی فەڕەنسا بوو، دەکرێ بڵێین دامەزرێنەر و بە گەڕخەری زانستی کیمیا بووە. ئەگەر چی زانایانی کۆن زۆر بوار و باری ئەو زانستەیان ڕوون کردووەتەوە، وەلێ نەیانتوانیبوو بیخەنە سەر چەند ڕێسایەک و فێرخوازانی لە دەور کۆ بکەنەوە، دەڵێن کاریگەریی ئەو لە زانستی کیمیادا، وەک کاریگەریی نیوتن بووە لە بواری قانوونی زەوی کێش.
ئەو بۆ یەکەم جار چەند ناوێکی زانستیی بۆ ماددە کیمیاییەکان دانان، کە یاکوو ئێستەش بەکاردێن، وەک: ئۆکسجین، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. ئەو لە تاقیکردنەوەکانیدا گەیشتە قۆناغێکی زۆر گرنگ، کە پێشتر ئەم تەرزە پێشکەوتنە بە دی نەهاتبوو، هەر بۆیە بە: (باوکی کیمیای نوێ)یان، نێوزەند کردووە.
لاڤوازی چەندان توێژینەوەی لە مەڕ لە دەستدان و بەدەستهێنانی تەنەکان بە هۆی گەرمکردن، کردووە. لە توێژینەوەی ئەو باسەدا پەی بە یاسای ماددەپارێزیی بردووە: (ئەندازەی ماددەی بەردەست، لە سەرەتای کارلێکی کیمیایی یەکسانە بە ماددەی بەرهەم هاتوو لە کارلێک، با هەرچەند وێنە و شێوەکەشیان جیاواز بێت.)
کیمیای نوێ
لاڤوازی لە ساڵی ١٧٨٩ز، کتێبێکی دەربارەی زانستی کیمیای نوێ بڵاو کردەوە، ئەم کتێبە بە ئاشکرا جاڕی بە کیمیای نوێیدا و کۆتایی بە شێواز و ڕێگەکۆنەکانی هێنا. لە ئەم کتێبەیدا لیستێکی گەورەی بۆ توخمە کیمیاییەکان دانا، تاکوو ئێستەیش لە قوتابخانە و زانستگەکان لەسەر ئەم لیسە دەڕۆن. هەر لەم ساڵەدا لاڤوازێ گەیشتە ئەو ئەنجامەی، کە ئۆکسجین ئاتاجێکی هەرە سەرەکییە بۆ کردەی هەناسەدانی مرۆ، هەروەه بۆ هەموو ژیانبەلەرێکی دیکە زۆر زۆر گرنگە.
کۆتاییەکی خەمناک
لاڤوازی زانایەکی ناوداری پاریس بوو، لە وەختی هەڵگیرسانی شۆڕش نوسینگەکەی بۆ باج کۆکردنەوە دانا، ئەوسایش هەر کەسێک شتێکی وای کردبا، بە دوژمنی شۆڕش لە قەڵەم دەدرا، یەک لە ئەندامە دیارەکانی نێو ئەنجومەنی شۆڕش، ئەم هەلەی قۆزیەوە و ڕەخنەی لەو گرتبوو، کە بە هۆی دزینی ماڵی خەڵک دەیویست بچێتە نێو کاری زانستی... بەم هۆیەوە لاڤوازێ ڕاپێچی دادگا کرا، دووای تەنیا یەک ڕۆژ، فەرمانی سەربڕینی بۆ دەرچوو. ئەفسەری ڕاسپێردراو بە سەربڕین، لە کاتی سەرپەڕاندنی گوتی: '' ئیتر ڕژێمی کۆماریی چیتر ئاتاجی بە زانایان نییە.''
کورتەیەک لە ژیانی
- لە ساڵی ١٧٨٤ز، چاوی بە جۆزێف بلایسی دەکەوێت و لەگەڵیدا وتوێژ دەکات.
- ساڵی ١٧٨٨ز، بۆ یەکەم جار نێوی توخمی (ئۆکسجین)ـی دنا.
- لە پاریس بە تۆمەتی باج وەرگرتن، سەریان پەڕاند.