ناوهڕۆك
ئەگستۆس قەیسەر
٦٣پ.ز - ١٤پ.ز
ئەگستۆس قەیسەر دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی. لەو مەردە دیارانەی مێژووە کە توانی زاڵبێت بەسەر ئەو ئاژاوە و جەنگە میلییانەی کە هەر لە سەدەی یەکەمی پێش زایینیەوە کۆماری ڕۆمانی شل و کوت کردبوو. ئازایانە ڕژێمی ڕێکوپێک کردەوە، توانی یاساو ئاسایش و گەشاندن لە سەردەمی دەسەڵاتیدا بچەسپێنێت و نزیکەی ٢٠٠ سالیش پاش خۆی ئەو ڕژێمە بمێنێتەوە.
گایۆس ئۆکتافیۆس کە ناوە ڕاستیەکەیەتی ساڵی ٦٣ی پ.ز بە بێکەسی هاتۆتە جیهانەوە، تەنانەت دایک و باوکیشی نازانرێت کێن، بەڵام ئەوەی کە باوە و دەزانرێت یۆلیۆس قەیسەر هەڵیگرتۆتەوە و پێی گەیاندووە. ئەو دەمەی کە یۆلیۆس قەیسەر دەسەڵاتی گرتبووە دەست ئۆکتافیۆس لە تەمەنی نەوهاڵیدابوو. جا لە کاتێک کە یۆلیۆس قەیسەر ساڵی ٤٤پ.ز کوژرا، سوپا ڕۆمانیەکان دوو بەرەکییان تێکەوت، بەرەیەکیان سەر بە (مارک ئەنتۆنی) بوو کە یەکێک بوو لە دڵسۆزەکانی قەیسەر، بەرەیەکی تریان سەر بە (ئۆکتافیۆس).
مارک ئەنتۆنی ئەوەندە گرفتاری ئەوینی (کیلۆپاترا) بوو بوو لە میسر ئیتر نەیدەپەرژایە سەر جەنگ لەبەر ئەوە لە جەنگی (ئاکتیۆم)دا ساڵی ٣١پ.ز بەرامبەر بە بەرەی سەر بە ئۆکتافیۆس تێکشکا و جەنگەکەی دۆڕاند. ئۆکتافیۆس پاش ئەو سەرکەوتنانەی، توانی هەمان هێز و دەسەڵات بگرێتە دەست کە یۆلیۆس قەیسەر بەر لە پانزە ساڵی مردنیدا هەیبوو.
هەموو کەس پاش ئەو جەنگانە چاویان بڕیبووە هێمنی و ئاسایش، لەبەر ئەوە یەکسەر ئۆکتافیۆسیان بێ دوودڵی پەسەند کرد. ئەمیش کە زۆرزان بوو هەستی بەوە کرد کە دەبێت کارێکی وەها بکات ئەوەندەی تر خەڵک پەسەندی بکات و بچێتە دڵیانەوە. لە هەموو بار و ڕووەکانی ژیاندا فەرمان و دەسەڵاتی خستەگەڕ. جا ڕاستیەکەی، هەرچەندە ئیمپراتۆر بوو بەڵام هەر هەرێمەکانی ئیسپانیا و گاڵی و سوریا ڕاستەوخۆ لە ژێر دەستدابوو چونکە زۆربەی سوپا رۆمانیەکان کە سەربەو بوون لەو هەرێمانە مابوو بوونەوە. ئۆکتافیۆس سالارێکی زۆر مەند و خۆڕاگر بوو. ئەنجومەنی پیرانی ڕۆمان زۆر ڕێزیان دەگرت، لە هەموو بۆنەو کاروبارێکی دەوڵەتدا دەنگی خۆیان ئەدایە پاڵی، لە دواییشدا نازناوی (ئەگستۆس) یان پێ بەخشی، هەرچەندە بە خۆی هیچ خۆرە نازناوێکی شاهانەی بەکار نەدەهێنا.
ئا بەم چەشنە ڕۆمان بە کۆماری مایەوە (ئەگستۆس)یش وەک سەروەرێک ناودەبرا لەو کۆمارەدا. ئەنجومەنی پیران ئەوەندە بڕوایان پێی بوو ڕێزیان لێدەگرت کە چی بوویستایەوە چی بکردایە بەدەمیەوە دەهاتن، لەبەر ئەوە بەدرێژای ژیانی بە دیکتاتۆری ڕۆمان مایەوە بێ ئەوەی هیچ کەسێک لێی هەڵبگەڕێتەوە.
سەردەمی مردنیشی کە ساڵی ١٤پ.ز دەکات ڕۆمان لە قۆناغێکی گوازراوەی تەواو لە باردا بوو لە ڕژێمی کۆماریەوە بۆ ڕژێمی شاهانە. جا کوڕەکەی (کە ئەمیش هەروەکو خۆی هەڵگیرابووەوە) جێی پاشای گرتەوە بەبێ هیچ گیروگرفتێک.
ئەگستۆس فەرمەندارێکی زۆر بە یارا و بڕست و میهرەبان بوو، سیاسی زانێکی زۆر لێهاتوو بوو، بە شێوازێکی ژیرانە توانی ئەو ئازار و زامانەی کە لە ئاکامی جەنگە ناوخۆییەکاندا تەنیبوبوەوە ساڕێژ بکات.
نزیکەی ٣٠ ساڵ فەرمانڕانی کرد، ئەو ڕیبازەی زۆر کاریگەر بوو بۆ دواڕۆژی ڕوونی ڕۆما. لەسەردەمی خۆیدا سوپا ڕۆمانیەکان ئیسپانیا و سویسرا، ئاسیای بچووک و بەشێکی فراوانی لە ووڵاتی بوڵقائیان داگیرکرد. سنووری دەسەڵاتی لە باکوورەوە گەیشتبووە ڕاین و دانوب، ئەم سنوورەیش بۆ چەند سەدەیەک پاش خۆی هەروامایەوە.
ئەگستۆس دۆخێکی زۆر گرنگ و باڵای گێڕا لە کاروباری دەوڵەتدا، ڕژێمی دارایی و میرانەی بەست بە دەوڵەتەوە. سوپای ڕۆمانی ڕێکخست و نیرۆیەکی کۆماندۆشی دەریای پێکەوەنا. پاش ئەوە ئینجا گوردێکی تایبەتی پێکەوەنا کە ناسرابوو بە (گوردی پریتۆری). ئەم گوردە لە دواییدا کارێکی زۆر توند و گەورەی دەگێرا لە دانان و لابردنی ئیمپراتۆرەکان.
لە فەرمانڕانی ئەگستۆسدا چەندین ڕێگەو جادە دروستکرا، چەندین خانووبەرە و ساختمانی گەورە لە ڕۆمادا دروست کرا. بایەخێکی زۆر ئەدرا بە خوانی و ڕازاندنەوەی پەرستگاکان و ساختمانە گەورەکان. چەند قانونێکی سازکرد بۆ هاوسەربوون و گۆشکردنی منداڵان.