ناوهڕۆك
ناسڕی سوبحانی
مامۆستا ناسری سوبحانی یه‌کێکه له زانا و بیریاره هاوچه‌رخه‌کانی جیهانی ئیسلام، که له بواری راڤه‌کردن و روونکردنه‌وه و تێگه‌یشتن و قووڵبوونه‌وه له ناوه‌رۆکی بابه‌ته قورئانیهکان و هه‌ڵێنجانی چه‌مکه به‌نرخه‌کانی، لانی که‌م له‌م سه‌رده‌مه‌دا، که‌م وێنه‌یه.
سه‌ره‌تای ژیانی
ناسری سوبحانی رۆژی یه‌کشه‌ممه ۲۱/۷/۱۳۳۱ک.هـ. به دوانزه‌ی موحه‌ڕڕه‌می ۱۳۷۱ ک.م. (۱۴/۱۰/۱۹۵۱ز.) له ئاوایی «دووریسان»، سه‌ر به‌شاری «پاوه»، له پارێزگای «کرماشان» له دایک بووه.
له ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵیدا (۱۳۳۷ک.هـ. ــ ۱۹۵۸ز.) له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی تازه‌بنیاتنراوی زێده‌که‌یدا خرایه به‌ر خوێندن، پاش ماوه‌یه‌ک مامۆستاکان زیره‌کی و هه‌ڵکه‌وتوویی ئه‌و مناڵه‌یان بۆ ده‌رکه‌وت و هه‌ر بۆیه خستیانه پۆلی دووه‌م. شایانی باسه که پێش چوونه قوتابخانه، لای خاڵۆی فێری سه‌ره‌تاکانی خوێندن و نوسین ببوو.
زیره‌کی و بلیمه‌تیه‌که‌ی له قۆناغی سه‌ره‌تاییدا جێی سه‌رسوڕمانی مامۆستاکانی بوو؛ هه‌ر بۆیه کاتێ قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی ته‌واو کرد، داوایان له باوکی و خاڵی کرد که بۆ درێژه‌دان به خوێندن بینێرن بۆ شاری کرماشان، به‌ڵام خۆی به‌و پێشنیاره رازی نه‌بوو.
خوێندنی زانسته شه‌رعیه‌کان
ناوبراو به هیوای خوێندنی زانسته ئایینیه‌کان و زمان و وێژه‌ی عه‌ره‌بی، له ۵/۷/۱۳۴۷ک.هـ. (۲۷/۹/۱۹۶۸ز.)دا، رۆیشته گوندی «نۆدشه»ی ناوچه‌ی پاوه و به کتێبگه‌لی «شرح عوامل جرجانی»، «الهدایه فی النحو»، «أنموذج» و «شرح السیوطی علی ألفیه إبن مالک» و … له خزمه‌ت مامۆستا «عه‌بدولفه‌تاحی موحه‌مه‌دی موتڵه‌ق»دا که مامۆستایه‌کی ناوداری ناوچه‌که بوو، فێربوونی زانسته شه‌رعیه‌کان و زمانی عه‌ره‌بی ده‌ست پێ‌کرد.
هه‌ر له‌و کاته‌وه، له ناو فه‌قێ و مامۆستاکاندا به زیره‌کی و بلیمه‌تی ناوبانگی ده‌رکرد. هاوڕی فه‌قێکانی ئه‌وکاته‌ی له باره‌ی ماندوونه‌ناس بوونیه‌وه ده‌ڵێن: «مامۆستا ناسر له حوجره‌دا پێخه‌فی نووستنی نه‌ئه‌کرده‌وه، هه‌میشه دوای ئێمه ئه‌خه‌وت و پێش ئێمه هه‌ڵئه‌ستا.»
پاش دوو ساڵ خوێندن، به پێشنیاری مامۆستا مه‌لا فه‌تاح گه‌ڕایه‌وه بۆ شاری پاوه و له خزمه‌ت حاجی مامۆستا «مه‌لا موحه‌مه‌د زاهیدی زیایی»دا کتێبگه‌لی «مغنی‌اللبیب»، «المطوّل»، «ته‌فسیری بیضاوی» و به‌شێک له «تحفه المحتاج فی شرح منهاج الطالبین» و …ی خوێند.
له کۆتایی ساڵی ۱۳۵۱ک.هـ. (۱۹۷۳ز.)دا به نیازی درێژه‌دان به خوێندن و سوود وه‌رگرتن له حزووری زاناکانی دیکه‌ی کوردستان، سه‌ردانی ناوچه‌ی «پیرانشار» له پارێزگای ئازه‌ربایجانی رۆژئاوای کرد و له حوجره‌ی گوندی «شێلم‌جاڕان»، له خزمه‌ت مامۆستا «مه‌لا موحه‌مه‌دی بو‌داقی»دا ماوه‌ی ساڵێک مایه‌وه و ده‌ستی کرد به خوێندنی «گه‌له‌نبه‌وی بورهان» و «جمع‌الجوامع». پاشان له حوجره‌ی گوندی «کانی سانان»ی سه‌ر به‌شاری «مه‌ریوان»، له خزمه‌ت مامۆستا «مه‌لا موحه‌مه‌د ئه‌مینی عالی کانی سانانی» گیرسایه‌وه و هه‌ر له‌وێ مایه‌وه تا له نیوه‌ی یه‌که‌می ساڵی ۱۳۵۴ک.هـ. (۱۹۷۴ز.)دا خوێندنی ته‌واو کرد.
له ساڵی ۱۳۵۴ک.هـ. (۱۹۷۵ز.) له کۆڕێکدا، به ئاماده‌بوونی مامۆستا «مه‌لا زاهیدی زیایی»، «شێخ عوسمانی نه‌قشبه‌ندی» و مامۆستا «مه‌لا موحه‌مه‌د ئه‌مینی عالی کانی سانانی»، له خانه‌قای شێخ عوسمانی نه‌قشبه‌ندی له «دووڕوه»، ئیجازه‌ی عیلمی پێشنوێژی و فتوادانی وه‌رگرت؛ پاشان گه‌ڕایه‌وه بۆ زێده‌که‌ی خۆی (دووریسان) هه‌تا له رێگه‌ی پێشنوێژی و ته‌دریس و رووناککردنه‌وه‌ی رای گشتیه‌وه، زه‌کاتی زانسته‌که‌ی بدات و دوو ساڵ خه‌ریکی ته‌دریسی زانسته ئایینیه‌کان و ئامۆژگاری و وتاردان بوو.
شایانی باسه که مامۆستاکانی سه‌رده‌می خویندنی، هه‌موویان موریدی «شێخ عوسمانی نه‌قشبه‌ندی» بوون، هه‌ر بۆیه ئه‌ویش رێبازی سۆفیه‌تی (تصوّف)ی گرته به‌ر و شه‌وو رۆژ خه‌ریکی پاڵفته‌کردنی ده‌روونی خۆی بوو. به‌ڵام پاش ته‌واوکردنی خوێندن، کتێبی «المصطلحات الأربعه فی القرآ‌ن»ی «ئیمام ئه‌بولئه‌علای مه‌ودوودی»، زۆر سه‌رنجی راکێشا و دواتر توێژینه‌وه‌ی وردی قورئان، ئاڵوگۆڕێکی ته‌واوی له بیروبۆچوونیدا به‌دی هێنا و به ته‌واوی ده‌ستی له‌و سۆفێتیه رۆتینی و مه‌شهووره‌ی ناو خه‌ڵک کێشایه‌وه و به شێوازێکی قورئانی، ته‌زکیه و په‌روه‌رده‌کردنی خۆی ده‌ست پێ‌کرد.
به‌هۆی وتاره دڵگیر و وانه قورئانیه‌کانیه‌وه، ناوبانگی خوێنده‌واری و زیره‌کی به ناوچه‌که‌دا بڵاوبوویه‌وه و خه‌ڵکێکی زۆری ــ به‌تایبه‌ت توێژی لاوان ــ له شاری کرماشان و پاوه و شارۆچکه‌کانی ده‌وروبه‌ریه‌وه، به‌ره‌و گوندی دووریسان راکێشا. ناوبراو له وتاره‌کانیدا شێوازی باوی وتاردانی ئایینی وه‌لانا و هه‌ندێ بابه‌تی زیندووی ده‌ورووژاند و ئاماژه‌ی به ره‌هه‌نده قووڵ و حیکمه‌ته شاراوه‌کانی شه‌ریعه‌ت و لایه‌نه‌کانی یه‌کتاپه‌رستی له روانگه‌ی قورئانه‌وه ده‌کرد که هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ش خوێندنه‌وه‌یه‌کی جیاوازیان له بواری فیکری ئیسلامی‌دا له ناو خه‌ڵکیدا ره‌واج‌ده‌دا. ره‌خنه‌گرتن له سیاسه‌تی سته‌مکارانه‌ی حکومه‌تی پاشایه‌تی، یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی وتاره‌کانی بوو.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و رۆشنگه‌ریانه‌ش، حوجره‌ی دوریسانی بۆ زانسته ئایینیه‌کان بنیات نا و ده‌ستی کرد به فێرکاری زمانی عه‌ره‌بی و په‌روه‌رده‌کردنی ئایینی فه‌قێکان. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له زانایان له شاری پاوه «مه‌دره‌سه‌ی قورئان»یان دامه‌زراند. مامۆستا هه‌ر له قۆناغی فه‌قێیه‌تیدا خه‌سارناسی حوجره‌کانی کردبوو و له نزیکه‌وه ئاگای له گیر و گرفته‌کانی بوو، هه‌ر بۆیه بۆ به‌هێزکردن و بردنه‌سه‌ری ئاستی زانستی و په‌روه‌رده‌ی ئایینی فه‌قێکان، ئاڵوگۆڕێکی سه‌ره‌کی له وانه ئایینیه‌کان و په‌یوه‌ندی قوتابیه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌ک و له‌گه‌ڵ مامۆستا‌کانیاندا به‌دی هێنا.
وتاره‌کانی ببوه مایه‌ی ناڕه‌زایی و دڵگرانی لێپرسراوانی ئه‌وکاته‌ی حکوومه‌ت، هه‌ر بۆیه ده‌زگای ئاسایش (ساواک) سیخوڕی نهێنی بۆ تۆمارکردنی وتاره‌کانی دیاری کردبوو. له ئاکامدا به‌رپرسانی ده‌زگای ساواک به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی، داوایان له باوک و که‌سوکاری کرد که نه‌هێڵن له‌و جۆره وتارانه بدات و داوای لێبکه‌ن که وه‌ک وتارده‌رانی‌تر دۆعاکردن بۆ «شا»ی ئێرانی له بیر نه‌چێت؛ دیاره هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه بێسوود بوون، چونکه ئه‌و بڕیاری به خوای خۆی دابوو که ته‌نیا راستیه‌کان بڵێت و دۆعا کردن بۆ «شا» و رژێمه سته‌مکاره‌که‌یی به ره‌وا نه‌ده‌زانی؛ هه‌ر بۆیه له ئاکامدا ده‌سه‌ڵاتداران بڕیاریان دا بینێرنه سه‌ربازی، له کاتێکدا له‌و سه‌رده‌مه‌دا مامۆستا و که‌سێتیه ئایینیه‌کان سه‌ربازییان پێ نه‌ده‌کرا.
قۆناغی سه‌ربازی
له‌ساڵی ۱۳۵۵ک.هـ. (۱۹۷۶ز.)دا، بۆ تێپه‌ڕاندنی خولی مه‌شقکردن برا بۆ ناوچه‌ی «رینه‌ئامول» له نزیکی داوێنی چیای «ده‌ماوه‌ند»دا و پاش ماوه‌یه‌ک گوێزرایه‌وه بۆ «به‌نده‌ری شا» (به‌نده‌ری ئیمام خومه‌ینی ئێستا). پاش حه‌وت، هه‌شت مانگێک له‌وێشه‌وه گوێزرایه‌وه بۆ شاری «سنه» و له‌وێ به ره‌وشتی به‌رز و جوانی خۆی، سه‌رنجی هه‌مووانی راکێشا و هه‌ر بۆیه فه‌رمانده‌ی که‌رته‌که‌ی رێگه‌ی پێدا که نوێژه‌کانی له مزگه‌وتێکی شاردا به جه‌ماعه‌ت بخوێنێت، له‌م رۆژانه‌شدا ساتێک ده‌ستی له خوێندنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه هه‌ڵنه‌گرت و به‌رده‌وام ئاستی زانیاری خۆی ئه‌برده سه‌ره‌وه. ته‌نانه‌ت له رۆژانی مۆڵه‌ت پێدرانیشدا هه‌ر خه‌ریکی موتاڵا و لێکۆڵینه‌وه بوو، به شێوه‌یێک که به پێی گێڕانه‌وه‌ی خه‌ڵکی دووریسان چه‌ندین جار که بۆ نوێژی به‌یانی چوونه‌ته مزگه‌وت، بینیویانه که به دانیشتنه‌وه و به ده‌م خوێندنه‌وه‌ی قورئان یا کتێبێکی‌تره‌وه خه‌و بردوویه‌تیه‌وه.
له ساڵی ۱۳۵۷ک.هـ. (۱۹۷۸ز.)دا، پاش ته‌واو کردنی سه‌ربازی، گه‌ڕایه‌وه زێده‌که‌ی خۆی و ده‌ستی کرده‌وه به وانه‌وتنه‌وه و وتاردان، حوجره‌که‌ی دووریسانی دامه‌زرانده‌وه و ده‌ستی دایه وانه‌وتنه‌وه و ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی لاوانی ناوچه‌که له وانه‌کانیدا به‌شداریان ده‌کرد.
هه‌ر له‌و رۆژانه‌شدا له ئاوایی «خانه‌گا»ی سه‌ر به شاری پاوه، زنجیره وانه‌یه‌کی ئایینی ئه‌وته‌وه که پێشوازی گه‌رمی دانیشتوانی شار و لادێکانی ده‌وروبه‌ری به‌دواوه بوو. وتار و هه‌ڵوێسته ره‌خنه‌ئامێزه‌کانی له به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌کانی «شا»وه بووه هۆی ناره‌زایی و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌زگای «ساواک» و چه‌ندین جار هه‌وڵی گرتنیان دا، به‌ڵام نیگه‌رانی له کاردانه‌وه‌ی خه‌ڵکی، تاکه رێگریان بوو.
ژن هێنان
له ته‌مه‌نی ۲۷ ساڵیدا له‌گه‌ڵ ئافره‌تێکی له خۆ بوردوو، پارێزگار و رهوشتبهرزی دووریسانیدا که ناوی خانمی «جه‌یرانی عه‌لیمورادی» بوو، په‌یمانی هاوسه‌ری به‌ست که به‌رهه‌می ئه‌و ژیانه هاوبه‌شه، چوار کچه به ناوی : نه‌سیره، نوسه‌یبه، ئه‌مینه و نه‌جیبه.
مامۆستا رێزێکی تایبه‌تی له هاوسه‌ره‌ی ئه‌گرت و زۆر گرنگی به په‌روه‌رده‌کردنی منداڵه‌کانی ئه‌دا. هاوڕێیه‌کی مامۆستا له بیره‌وه‌ریه‌کیدا بۆمان ئه‌گێڕێته‌وه: «مامۆستا چه‌مک و داستانه قورئانیه‌کانی به تام و چێژێکی تایبه‌ت و به زمانی عه‌ره‌بی، بۆ کچه گه‌وره‌که‌ی که له‌و کاته‌دا شه‌ش ساڵان بوو، ده‌گێڕایه‌وه، هه‌تا ئه‌و چه‌مکانه به شێوه‌یه‌کی گونجاو بگوێزێته‌وه بۆ زه‌ین و مێشکی منداڵه‌که‌ی و گوێ و هزری منداڵه‌که‌ی به زمانی قورئان رابێنێت بدات.»
بێداری ئیسلامی
تیشکه رووناکه‌کانی خۆری بێداری ئیسلامی، له حه‌فتاکانی زایینی‌دا ئێرانیشی گرته‌وه و کوردستانی ئێرانیش، به تایبه‌ت شار و ناوچه هاوسنووره‌کانی کوردستانی عێراق، به هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک قوتابی ئایینی، که له کوردستانی باشور (عێراق) ده‌یان خوێند، که‌وته ژێر کاریگه‌ری قووڵی شه‌پۆلی بێداری ئیسلامی، به تایبه‌ت بیروبۆچوونی کۆمه‌ڵی «برایانی موسوڵمان»ه‌وه.
مامۆستا هه‌میشه له‌م باره‌وه ده‌یوت: «خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێک به‌رهه‌م و بیروبۆچوونی نوسه‌ره هاوچه‌رخه‌کانی دونیای ئیسلام، ئاڵوگۆڕێکی له بۆچوون و بیرکردنه‌وه‌ی مندا به‌دیهێنا و هه‌ر بۆیه رچه و رێبازێکی تازه‌م گرته به‌ر؛ پاشتریش که چه‌ند که‌سێیه‌تی به‌رچاو و ناوداری ره‌وتی بێداری ئیسلامیم ناسی، دڵنیاییم له راست‌بوونی ئه‌و رێبازه زیاتر بوو.»
له راستیدا مامۆستا پێش چاوپێکه‌وتنی که‌سێتیه‌کانی سه‌ر به ڕه‌وتی «ئیخوان» و ته‌نیا له رێگه‌ی خوێندنه‌وه‌وه، رێبازی «ئیخوان»ی هه‌ڵبژاردبوو. له وه‌ڵامی براده‌ران و هاوه‌ڵانیدا که ده‌یان پرسی: «چ کتێبگه‌لێک زۆرترین کاریگه‌ریان له سه‌ر بیروبۆچونتان داناوه؟» ده‌یوت:
«له بواری تێگه‌یشتنی قورئاندا، کتێبی «مفردات ألفاظ القرآ‌ن»ی راغیبی ئه‌سفه‌هانی و له بواری بانگه‌وازدا کتێبی «أصول الدعوه»ی دوکتۆر عه‌بدولکه‌ریم زه‌یدان و له بواری بیروباوه‌ڕیشدا کتێبی «المصطلحات الأربعه فی القرآ‌ن»ی ئه‌بولئه‌علای مه‌ودوودی زۆر کاریان تێ‌کردم؛ دواتریش ته‌فسیری «فی ظلال القرآ‌ن»ی سه‌یید قوتب و «مجموعه الرسائل»ی ئیمام حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌ننا به‌ته‌واوی دڵنیایان کردم که ئه‌م ره‌وت و رێبازه، له ده‌قی قورئان و چه‌مکه قورئانیه‌کانیه‌وه نزیکه و گه‌یشتمه ئه‌و متمانه‌یه که ئه‌م قوتابخانه فیکریه، توانای گێڕانه‌وه‌ی شانازی و سه‌روه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ستچووی ئوممه‌تی ئیسلامی هه‌یه، هه‌ر بۆیه پێش دیداری که‌سێتیه‌کانی سه‌ر به هزری جیهانی «برایانی موسوڵمان»، په‌یمانم به خۆمدابوو که له‌م رێبازه‌دا هه‌نگاو هه‌ڵگرم.»
ناوبراو که یه‌کێک له بنیاتنه‌رانی کۆمه‌ڵی ئیخوانی ئێران بوو، که‌سێتیه‌کی زانا و ره‌وشت به‌رز بوو که له ره‌وتی دامه‌زران و به‌رفراوانبوونی ئه‌م کۆمه‌ڵه و هاتنه‌ئارا و ره‌گوریشه داکوتانی روانگه‌ی یه‌کتاپه‌رستانه و خستنه‌به‌رچاوی شێوازی به‌ندایه‌تی خوای گه‌وره‌دا گه‌وره‌ترین رۆڵی گێڕا.
کورته‌یه‌ک له چالاکیه سیاسی و ئایینی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی، له ساڵانی پێش شۆڕشه‌وه تا کاتی گیران و شه‌هیدبوونی
به‌شداری له دامه‌زراندن و دانانی پرۆگرامی «مه‌دره‌سه‌ی قورئانی پاوه» به هاوکاری مامۆستایانی نوێخوازی ناوچه‌که، له ساڵی ۱۳۵۶ک.هـ. ۱۹۷۸ز.)دا.
به‌رپاکردنی یه‌که‌م ئاگری خه‌باتی شۆڕشی ئیسلامی له دژی رژیمی سته‌مکاری «شا»، له ئاهه‌نگێکی مه‌ولوودیدا، که له رۆژی ۲۸/۱۲/۱۳۶۵ک.هـ. (۱۹/۳۱/۱۹۷۸ز.)دا، له لایه‌ن مامۆستایانی «مه‌دره‌سه‌ی قوڕئانی پاوه»وه له ئاوایی دوریسان به‌ڕیوه چوو. ناوبراو له‌م ئاهه‌نگه‌دا وتارێکی خوێنده‌وه. ئه‌م ئاهه‌نگه له «نۆریاو»یش، که سه‌ر به شاری پاوه‌یه، دووباره کرایه‌وه.
لە ڕۆژی ۱۴/۷/۱۳۵۷ک.هـ. (۶/۱۰/۱۹۷۸ز.)دا، به بڕیاری مامۆستا و هاوه‌ڵانی له «مه‌دره‌سه‌ی قورئانی پاوه»، یه‌که‌مین رێپێوانی به‌ربڵاوی سیاسی ــ کۆمه‌ڵایه‌تی دژی رژیمی «شا» به‌ڕێوه چوو که تیایدا دروشمگه‌لێک درا له پێناو ئازادیخوازی، چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی بێ‌کاری، دابینکردنی مافی کرێکاران، پشتگیری له رێپێوانی خه‌ڵکی کرماشان و بنه‌بڕکردنی زوڵم و سته‌م له ناوچه‌که‌دا.
پێشکه‌ش کردنی وتارێک له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌دا که له ۵/۸/۱۳۵۷ک.هـ. (۲۷/۱۰/۱۹۷۸ز.) له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی شاری پاوه به‌ڕێوه چوو که تیایدا داوای له هه‌موو رێکخراو و لایه‌نه‌کان کرد هه‌تا له پێناو پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی پیلانی دژایه‌تی خستنه نێوان «جاف» و «گۆران» له ناوچه‌که‌دا که له رژێمی «شا»وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت، یه‌کێتی و برایه‌تی خۆیان بپارێزن و پابه‌ندبن به چه‌مکه ئیسلامیه‌کانه‌وه. هه‌ر له‌و وتاره‌دا و له‌گه‌ڵ جه‌ختکردن له سه‌ر ناڕه‌زایه‌تی و چاونه‌ترسی و بێپه‌روایی له ده‌ربڕینی حه‌قدا، ره‌خنه‌ی له رۆڵی کاپیتالیسم و سه‌رمایه‌داری و سیستمی ئابووری کۆمۆنیستی له تێکدانی ئابووری جیهان گرت و له به‌رامبه‌ردا پشتیوانی خۆی بۆ سیستمی ئیسلامی له به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری کۆمه‌ڵگا ده‌ربڕی. پاش ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه، رێپێوانێک و دواتر مانگرتنێک له به‌رزاییه‌کانی شاری پاوه‌دا له دژی هه‌ڵوێستی توندی هێزه‌کانی «ساواک» و «ژاندارمری» له به‌رامبه‌ر وتارده‌ران و بێحورمهتی کردنیان به پێشگای قورئان و مزگه‌وت به‌ڕێوه چوو که دانیشتوانی دیکه‌ی شاری پاوه‌ش پشتیوانیان لێکرد.
به هۆی چالاکیه به‌رده‌وام و هه‌مه‌لایه‌نه‌کانی له دژی رژێمی «شا»، له ۱۹/۹/۱۳۵۷ک.هـ. (۱۰/۱۲/۱۹۷۸ز.)دا هێزه‌کانی ساواک له هه‌وڵێکدا بۆ گرتنی هه‌ڵیانکوتایه سه‌ر ماڵه‌که‌ی، به‌ڵام مامۆستایان ده‌ست نه‌که‌وت و پیلانه‌که‌یان پووچه‌ڵ بوویه‌وه.
پاش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له رێبه‌ندانی ساڵی۱۳۵۷ک.هـ. (۱۹۷۹ز.)دا له گه‌ڵ هاوبیره‌کانیدا له «مه‌دره‌سه‌ی قورئانی پاوه»، له ۱۵/۱۲/۱۳۵۷ک.هـ. (۶/۳/۱۹۷۹ز.)دا رێکخراوێکی سیاسیان له ژێر ناوی «کۆمه‌ڵه‌ی لایه‌نگرانی حکوومه‌تی قورئان» بنیات نا و پێڕه‌و و پرۆگرامی خۆیان راگه‌یاند. له ده‌قی ئه‌م پێڕه‌وه‌وه وا ده‌رده‌که‌وێت که جۆرێک دوودڵی و گومان له ناو شۆڕشگێڕانی ناوچه‌که‌دا سه‌باره‌ت به رێبه‌رانی شۆڕش سه‌ری هه‌ڵدابوو. له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا نزیکه‌ی ۸۰۰که‌س بوونه ئه‌ندامی ئه‌م رێکخراوه‌یه.
سه‌ره‌ڕای دوودڵی زۆر له هه‌ڵسوکه‌وتی رێبه‌رانی شۆڕش، خۆی و هاوبیرانی، له به‌ر هه‌ستکردن به به‌رپرسیاری سه‌باره‌ت به پاشه‌رۆژی ئێران و جۆری حکوومه‌ته‌که‌ی، له راپرسی ۱۲/۱/۱۳۵۸ک.هـ. (۱/۴/۱۹۷۹ز.)دا ده‌نگیان به «کۆماری ئیسلامی»دا و خه‌ڵکیشیان بۆ ئه‌م کاره هان دا.
له ۸/۳/۱۳۵۸ک.هـ. (۲۹/۵/۱۹۷۹ز.)دا بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین سه‌باره‌ت به سته‌مه میللی و مه‌زهه‌بیه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئه‌و کاته‌ی ئێران، مامۆستا له شاری «قوم» چاوی که‌وت به رێبه‌ری شۆڕش و به ناوی وه‌فدی هاوڕێیه‌وه ناڕازیبوونی خۆی له بارودۆخه‌که خسته ڕوو و دیاریکردنی مه‌زهه‌بی فه‌رمی (ره‌سمی) بۆ وڵاتی، به سه‌ره‌تای پێشێلکردنی ئامانجه‌کانی شۆڕش و هۆکاری هاتنه‌ئارای کێشه‌ی مه‌زهه‌بی و پشتگوێخستنی مه‌زهه‌بی ئه‌هلی سوننه‌ت له قه‌ڵه‌م دا. له وه‌ڵامی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌دا، رێبه‌ری شۆڕش له وته‌یه‌کی کورت‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر پشتیوانیکردن له شۆڕش و حکوومه‌تی نوێی ئێران و هۆشیاربوون له به‌رامبه‌ر پیلانه‌کانی دوژمنان کرده‌وه و وه‌فده‌که‌ی دڵنیا کرده‌وه که له‌م باره‌وه هیچ مه‌ترسیه‌کیان نه‌بێت، چونکه هیچ مه‌زهه‌بێک به‌سه‌ر مه‌زهه‌بێکی‌تر‌دا زاڵ نابێت.
له ۲۲/۳/۱۳۵۸ک.هـ. (۱۲/۶/۱۹۷۹ز.)دا کۆنگره‌ی «ئۆتۆنۆمی کوردستان» له ژێر چاودێری کاک «ئه‌حمه‌دی موفتیزاده» و به به‌شداربوونی سه‌دان که‌سێتی سیاسی، زانستی و ئایینی و نوێنه‌رانی هه‌ندێک له حیزبه کوردیه‌کان، له شاری سنه، بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ به‌ڕێوه چوو. مامۆستا ناسری سوبحانیش یه‌کێک له‌و که‌سێتیانه بوو که له‌م کۆنگره‌یه‌دا به‌شدار بوو و له وتاره‌که‌ی خۆیدا بابه‌تی «نه‌ته‌وه‌خوازی» له روانگه‌ی ئیسلامه‌وه له بیست خاڵدا روون کرده‌وه و داوای ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان کرد؛ که ئه‌م هه‌ڵوێسته له لایه‌ن به‌شدارانی کۆنگره‌که‌وه پشتیوانی لێ‌کرا. له کۆتایی کۆنگره‌که‌دا، ئاماده‌بووان له پانزده خاڵدا داخوازیه‌کانی خۆیان خسته به‌رده‌م رێبه‌رانی شۆڕش، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌م داواکاریانه‌ش وه‌ک ده‌یان ئاگاداری و به‌یاننامه‌ی‌تر ئاوڕی لێ نه‌درایه‌وه و بێوه‌ڵام مانه‌وه.
له درێژه‌ی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له به‌رامبه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی رێبه‌رانی شۆڕش و نوێنه‌ره‌کانیان له ناوچه کوردنشین و سوننیه‌کاندا، مامۆستا و هاوه‌ڵانی له «مه‌دره‌سه‌ی قورئانی پاوه» و «کۆمیته‌ی شۆڕش»دا خۆپیشاندانێکی جه‌ماوه‌رییان له شاری پاوه رێخست و له یادداشتێکدا داواکاریه‌کانی خۆیان ئاراسته‌ی به‌رپرسانی ئه‌و کاته‌ی ده‌وڵه‌ت کرد و ئه‌م یادداشته‌ش هه‌ر وه‌ک هه‌ڵوێسته مه‌ده‌نیه‌کانی دیکه‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت و میلله‌تی کورد خرایه پشت گوێ.
ماوه‌یه‌ک پاش ئه‌م دیداره، ئه‌م دوودڵیه له دڵی مامۆستادا ره‌گی داکوتا که رێبه‌رانی شۆرش، هیچ خواست و ویستێکیان بۆ چاره‌سه‌رکردنی گیر و گرفته ده‌ستنیشانکراوه‌کان نیه و هه‌ر بۆیه‌ش به مه‌به‌ستی رووناککردنه‌وه‌ی رای گشتی، چه‌ند چالاکیه‌کی ئه‌نجام دا؛ بۆ نموونه، بابه‌تێکی به ناوی «ره‌خنه‌یه‌ک له ره‌شنووسی یاسای بنه‌ڕه‌تی» له ژماره‌ی ۱۰۷۵۹۵ی رۆژنامه‌ی «که‌یهان»ی رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی ۱۷/۴/۱۳۵۸ک.هـ. (۸/۷/۱۹۷۹ز.)دا نووسی که تیایدا ره‌خنه‌ی له ۳۲ خاڵی یاسای بنه‌ڕه‌تی گرتبوو. هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا، له «حوسه‌ینیه‌ی ئیرشاد»ی تاران و به ئاماده‌بوونی کۆمه‌ڵێک خاوهنبیر، له وتارێکی تێر و ته‌سه‌لدا، بۆچوونه‌کانی خۆی سه‌باره‌ت به چاککردنی بابه‌تگه‌لێک له یاسای بنه‌ڕه‌تی خسته روو.
له ۱۸/۵/۱۳۵۸ک.هـ. (۹/۸/۱۹۷۹ز.)دا بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین دژی که‌مته‌رخه‌می لێپرسراوان له دابینکردنی ئاسایشی شاری پاوه و ده‌وروبه‌ریدا، له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌س له که‌سێتیه‌کان و هاوبیره‌کانیدا، له فه‌رمانداری ئه‌و شاره‌دا مانیان گرت؛ به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌م جاره‌ش هه‌ر وه‌کو جاران، ناڕه‌زاییه‌کان گوێی بۆ شل نه‌کرا و له به‌رواری بیست و شه‌شه‌می هه‌مان مانگدا، شاری پاوه که‌وته به‌ر په‌لاماری خوێناوی رێکخراوه چه‌کداره‌کان و چه‌ندین کوژراوی لێکه‌وته‌وه.
سێ مانگ پاش کاره‌ساته‌که‌ی شاری پاوه، له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌س له هاوبیرانی، بۆ دوایین جار، له کرماشان و قوم و تاران چاویان که‌وت به رێبه‌رانی شۆڕش و ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له بارودۆخه‌که ده‌ربڕی، به‌ڵام هه‌ر وه‌ک جارهکانیتر، وه‌ڵامێکی شیاویان نه‌درایه‌وه و هیوابڕاو بوون؛ هه‌ر بۆیه ئه‌م جاره ئیتر به شێوه‌یه‌کی ئاشکرا، هیوابڕاوبوونی خۆی له رێبه‌رانی شۆڕش ئاشکرا کرد، چونکه له‌و راستییه دڵنیا بوو که خواستێکی راسته‌قینه بۆ ده‌سه‌به‌رکردنی داخوازیه میللی و ئایینیه‌کانی هاوڵاتیان له ئارادا نیه.
له ۲۳/۹/۱۳۵۸ک.هـ. (۱۴/۱۲/۱۹۷۹ز.)دا له به‌ر پێداگری چه‌ند که‌سێتیه‌کی ناوداری ناوچه‌که، له‌گه‌ڵ «وه‌فدی نیاز پاکی» (هیأت حسن نیت)دا دیدارێکی کرد و جارێکی‌تر ناڕه‌زایه‌تی خۆی له پێشێل‌کرانی مافگه‌لی ئه‌هلی سوننه‌ت و میلله‌تی کورد له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌و کاته‌وه ده‌ربڕی.
هه‌رچه‌نده کۆمه‌ڵێکی زۆر له ڕێبه‌رانی ئه‌هلی سوننه‌ت له هه‌موو ئێران‌دا ناڕازی بوون له خاڵی ژماره دوانزه‌ی ره‌شنووسی یاسای بنه‌ڕه‌تی که تیایدا ئاماژه کرابوو به فه‌رمی (ره‌سمی) بوونی مه‌زهه‌بی جه‌عفه‌ری دوانزه ئیمامی و نه‌گۆڕبوونی ئه‌و خاڵه بۆ هه‌میشه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌م خاڵه ده‌سکاری نه‌کرا؛ هه‌ر بۆیه مامۆستا و ژماره‌یه‌کی زۆر له هاوه‌ڵانی، بۆ هه‌میشه ماڵئاواییان له گۆڕه‌پانی شۆڕش کرد و ده‌ستیان له هاوکاری و وتووێژ له‌گه‌ڵ رێبه‌رانی ده‌وڵه‌تی ئه‌و کاته‌ی ئێران کێشایه‌وه و ئیتر به ته‌واوی، کاتی خۆی بۆ لێکۆڵینه‌وه قورئانیهکان، بانگه‌واز و په‌روه‌رده‌کردنی لاوان، راستکردنه‌وه‌ی بۆچوونه هه‌ڵه‌کان و روونکردنه‌وه‌ی راستیه‌کان ته‌رخان کرد.
له ۱۲/۱۰/۱۳۶۰ک.هـ. (۱/۴/۱۹۸۱ز.)دا، یه‌که‌مین کۆنگره‌ی شوورای ناوه‌ندی سوننه‌ت ناسراو به «شهمس» به سه‌رپه‌رستی زانای به ناو بانگ کاک ئه‌حمه‌دی موفتیزاده ــ خوای لێ رازی بێت ــ و به ئاماده‌بوونی زانایان و که‌سێتیه ناوداره‌کانی ئه‌هلی سوننه‌تی سه‌رتاسه‌ری ئێران له تاران به‌ڕێوه چوو. ناوبراو له وتارێکدا بنه‌ماکانی یه‌کتاپه‌رستی و لێپرسراوێتی به‌ندایه‌تی روونکرده‌وه و ئه‌رکی زانایان و بیرمه‌ندانی خسته به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه. ئه‌م کۆنگره ده‌رفه‌تێک بوو بۆ ئاشنابوون و راگۆڕینه‌وه‌ی مامۆستا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆر که‌سێتی و زانای ناوداری ئه‌هلی سوننه‌تی ناوچه جیاوازه‌کانی ئێران. له دوایین رۆژی کۆنگره‌که‌دا، هه‌ڵبژاردنێک بۆ دیاریکردنی نوێنه‌رانی شار و ناوچه‌کان به‌ڕێوه‌چوو که ناوبراو به نوێنه‌ری شاری کرماشان و هه‌روه‌ها جێگری سه‌رۆکی کۆنگره‌ی «شهمس» هه‌ڵبژێردرا. هه‌روه‌ها بڕیار درا که نوێنه‌ره هه‌ڵبژێردراوه‌کان، ئه‌رکی هۆشیارکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر بگرنه ئه‌ستۆ و به نووسین و به‌یاننامه و شێوازه یاساییهکانیتر، لێپرسراوانی حکوومه‌ت له کێشه و ناته‌واوی و ناره‌زایه‌تییه‌کان ئاگادار بکه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها داواکردنی مۆڵه‌تی بنیاتنانی مزگه‌وتی ئه‌هلی سوننه‌ت له تاران، یه‌کێک له خاڵه په‌سه‌ندکراوه‌کانی ئه‌و کۆنگره بوو که دواتر له لایه‌ن داموده‌زگا به‌رپرسه‌کانه‌وه په‌سه‌ند نه‌کرا.
پاش یه‌که‌مین کۆنگره‌ی شوورای «شهمس»، بارودۆخی ئه‌منی مامۆستا و زۆربه‌ی که‌سێتیه ناوداره‌کانی ئه‌هلی سوننه‌ت ئاڵۆز بوو و پیلانی بردنه ژێر پرسیاری ئه‌و که‌سێتیانه و به‌کارهێنانی تۆمه‌ت و ناووناتۆره‌ی جۆراوجۆر له دژیان، وه‌ک ناوبردنی کۆنگره‌ی شوورای «شهمس» به کۆنفرانسی «تائیف» و تۆمه‌تی دووبه‌ره‌کی دروس‌کردن و ته‌نانه‌ت تۆمه‌تی هه‌وڵدان بۆ رووخاندنی شۆڕش، کرایه پاساوێک بۆ گرتن و خستنه زیندان و دوورخستنه‌وه‌ی که‌سێتیه ناوداره‌کانی ئه‌هلی سوننه‌ت؛ هه‌ر بۆیه مامۆستا پاش به‌شداریکردن له کۆنگره‌ی دووه‌می شوورای «شهمس» ناچار بوو شاری پاوه به جێ بێڵێ و له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌یدا روو بکاته شاری مه‌ریوان.
چالاکی ئایینی و بانگه‌وازکردنی مامۆستا له شاری مه‌ریوانیشدا به‌رده‌وام بوو و له هه‌مان کاتدا، په‌یوه‌ندیه‌کی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ شاره‌کانی تردا هه‌بوو، به‌تایبه‌ت شارگه‌لی پاوه و سنه و کرماشان. پاش چه‌ند مانگ نیشته‌جێبوون له مه‌ریوان، له به‌ر مه‌ترسی ئاشکرابوونی په‌ناگه‌که‌ی و به داخوازی ئه‌ندامێکی پایه‌به‌رزی «مه‌کته‌بی قورئان»، ماڵی گواسته‌وه بۆ شاری سنه. ئه‌و داخوازیه که به ئامانجی دانانی چه‌ند وانه‌یه‌کی په‌روه‌رده‌یی بۆ قوتابیان و هاوه‌ڵانی کاک ئه‌حمه‌دی موفتیزاده له رۆژانی گیرانیدا ئه‌نجام درابوو، له شوورای ئه‌وکاته‌ی جه‌ماعه‌تدا باسی له سه‌ر کرا و پاش بیروڕاگۆڕینه‌وه په‌سه‌ند کرا و به‌م شێوه‌یه مامۆستایان راسپارد هه‌تا له ده‌فته‌ری «مه‌کته‌بی قورئان»دا بمێنێته‌وه.
له ماوه‌ی نیشته‌جێبوونی هه‌شت مانگه‌یدا له شاری سنه، له رێگه‌ی وانه په‌روه‌رده‌ییه‌کانیه‌وه، درێژه‌ی به چالاکی ئایینی خۆی دا که به‌رهه‌مه‌که‌ی، تۆمارکردنی ده‌یان کاسێت له بواری راڤه‌کردنی قورئانی پیرۆز و بابه‌تگه‌لی دیکه‌ی ئایینی بوو له لایه‌نی قوتابیهکانیهوه.
له ڕێکه‌وتی ۳۰/۳/۱۳۶۲ک.هـ. (۲۰/۶/۱۹۸۳ز.)دا بۆ سازکردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ زانایانی موسوڵمانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و ئاشکراکردنی بارودۆخی ئه‌هلی سوننه‌ت و میلله‌تی کورد و روونکردنه‌وه‌ی بارودۆخی کاک «ئه‌حمه‌دی موفتیزاده» و قوتابیه‌کانی له زینداندا و هه‌روه‌ها خۆ په‌نادانی باشتر له به‌دواداگه‌ڕان و ئه‌گه‌ری ده‌ستبه‌سه‌رکران له لایه‌ن لێپرسراوانی تایبه‌ته‌وه، سه‌فه‌رێکی به‌ره‌و وڵاتی «پاکستان» کرد که یه‌ک ساڵی خایاند و له‌م ماوه‌یه‌دا، سه‌ره‌ڕای دیدار له‌گه‌ڵ که‌سێتیه ناوداره‌کانی جیهانی ئیسلام، له کۆنفرانسی رێبه‌رانی حیزب و لایه‌نه ئیسلامیه‌کاندا به‌شداری کرد.
پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له پاکستان و نیشته‌جێبوونی له سنه‌دا بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ و نیو، له به‌ر چه‌ند هۆیه‌ک وه‌ک بارودۆخی ئه‌منی، به‌ره‌و شاری کرماشان که‌وته ڕێ و له گه‌ڕه‌کی «حیکمه‌ت‌ئاوا»دا نیشته‌جێ بوو. له‌وێش سه‌ره‌ڕای وتنه‌وه‌ی وانه په‌روه‌رده‌ییه‌کان، به‌شێک له کاتی خۆی بۆ نووسین و لێکۆڵینه‌وه ته‌رخان کرد. زۆربه‌ی به‌رهه‌مه نوسراوه‌کانی، بۆ ئه‌م ماوه‌یه ۱۳۶۶ تا ۱۳۶۸ک.هـ. به‌رامبه‌ر به ۱۹۸۷تا ۱۹۸۹ز.) ده‌گه‌ڕێته‌وه؛ وه‌ک به‌رهه‌مگه‌لی:
۱) «الإمامه و الولایه» به دوو زمانی عه‌ره‌بی و فارسی؛
۲) «مجموعه فتاوی»؛
۳) راڤه‌کردنی هه‌ندێک سووره‌تی قورئان به زمانی فارسی که ئه‌م بابه‌تانه‌ی له خۆ ده‌گرت: هۆی هاتنه‌خواره‌وه، ته‌وه‌ری سووره‌ته‌کان، دیاریکردنی بڕگه‌گه‌لی ئایه‌ته‌کان و په‌یوه‌ندیان به سووره‌تی پێشتر و دواتر و هه‌روه‌ها به سووره‌تی «فاتیحه»وه؛ که به هۆی شه‌هیدبوونه‌وه، هه‌مو سووره‌ته‌کانی قورئانی ته‌واو نه‌کرد؛
۴) «مذکّره فی علوم الحدیث» که بریتیه له نامیلکه‌یه‌کی زانستی که ناردی بۆ «مجمع السنه النبویه» به سه‌رۆکایه‌تی دوکتۆر یوسف قه‌ره‌زاوی؛
۵) «تلخیص التهذیب» که کورتکراوه‌ی «تهذیب مدارج السالکین»ه؛
۶) کورتکردنه‌وه‌ی کتێبی «الإعتصام»ی ئیمام شاطبی.
- پاش بۆمبارانی کیمیایی شاری «هه‌ڵه‌بجه»، بابه‌تێکی درێژی به زمانی عه‌ره‌بی، له ژێر ناونیشانی «رساله آلام من أرض بلایا» (ده‌ردنامه‌یه‌ک له وڵاتی به‌ڵاکانه‌وه)، ئاراسته‌ی پێشگای پێغه‌مبه‌ران کرد و تیایدا ده‌رد و سته‌م لێکراوی میلله‌تی کوردی خسته ڕوو.
- پاش چه‌ند مانگ، به هیوای په‌ره‌پێدانی بانگه‌وازی ئایینی و هه‌روه‌ها له‌به‌ر بارودۆخی ئه‌منی، له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌یدا رووی له باشووری ئێران کرد و پێنج مانگ له شاری «به‌نده‌رعه‌باس» و شاره‌کانی ده‌وروبه‌ریدا مایه‌وه.
- پاش سه‌فه‌ری باشووری ئێران، دووباره گه‌ڕایه‌وه بۆ کرماشان و تا رێکه‌وتی ۱۲/۳/۱۳۶۸ک.هـ. (۲/۶/۱۹۸۹ز.) له‌و شاره مایه‌وه. هه‌ر له‌و قۆناخه‌دا، له دانیشتنێکدا به‌شداری کرد که له وڵاتی تورکیا به سه‌رپه‌رستی مامۆستا «محمد احمد را‌شد» و به ئاماده‌بوونی که‌سێتیگه‌لێکی وه‌ک دوکتۆر «عه‌لی قه‌ره‌داخی»، دوکتور «اسامه تکریتی»، مامۆستا «عه‌لی بابان» و چه‌ند بیرمه‌ندی دیکه، سه‌باره‌ت به سته‌ملێکراوی و داخوازیه‌کانی میلله‌تی کورد به‌ڕێوه چوو. مامۆستا له وتاره‌که‌ی خۆیدا، بۆ یه‌که‌م جار بابه‌تی «فیدڕالیزم»ی بۆ کوردستان خسته به‌ر باس و هه‌ر له هه‌مان کۆڕدا به‌شداری له دامه‌زراندنی «موئه‌سیسه‌ی رابیته‌ی ئیسلامی کورد»دا کرد.
- مامۆستای شه‌هید سه‌ره‌ڕای ته‌مه‌نی تا راده‌یه‌ک کورتخایه‌نی، به‌رهه‌مگه‌لێکی نوسراو و هه‌روه‌ها به‌رهه‌مگه‌لێگی ئێجگار زۆری تۆمارکراو به شێوه‌ی کاسێت (نزیکه‌ی هه‌زار کاسێت)ی به هه‌ر سێ زمانی کوردی و فارسی و عه‌ره‌بی له بوارگه‌لی جۆراوجۆری وه‌ک: راڤه‌ی قورئان، خواناسین، به‌ندایه‌تی، پاڵفته‌کردنی ده‌روون (ته‌زکیه)، بانگه‌واز، سیستمگه‌لی ئیسلامی، زانسته ئیسلامیه‌کان و … بۆ به جێ هێشتووین.
له گیرانه‌وه تا شه‌هیدکران
له رێکه‌وتی ۱۲/۳/۱۳۶۸ک.هـ. (۲/۶/۱۹۸۹ز.)دا به نیازی دیدار له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵان و هاوبیران و خۆپه‌نادانی دووباره، له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌یدا رووی له شاری سنه کرده‌وه، وا بڕیار بوو که پاش چه‌ند رۆژێک، سه‌فه‌رێکیش بۆ شاری مه‌ریوان بکات؛ به‌ڵام به‌داخه‌وه له شه‌وی ۱۸/۳/۱۳۶۸ک.هـ. (۸/۶/۱۹۸۹ز.)، کاتێک که له ماڵی کاک «فارووقی فه‌رساد» میوان بوو، له لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایشه‌وه ده‌سگیرکرا.
هه‌موو هه‌وڵه‌کانی بنه‌ماڵه و خزمان و زانایان و هاوه‌ڵانی بۆ ئازادکردنی بێسوود بوو و له سه‌ره‌تای گیرانیه‌وه تا کاتی شه‌هیدکرانی ــ واته زیاتر له نۆ مانگ ــ ته‌نانه‌ت یه‌کجار رێگه‌ی پێنه‌درا چاوی به بنه‌ماڵه‌که‌ی بکه‌وێت.
له ئاکامدا له ئێواره‌ی رۆژی ۲۸/۱۲/۱۳۶۸ک.هـ. (۱۹/۳/۱۹۹۰ز)، ده‌یبه‌نه ناو «دادسه‌رای ئینقیلابی سنه» و پێی راده‌گه‌یێنن که فه‌رمانی له سێداره‌دانی ده‌رچووه.
به پێی قسه‌کانی «که‌دخودایی» ناوێک که گوایه له شوێنی جێبه‌جێکردنی فه‌رمانه‌که‌دا ئاماده بووه، داوا له مامۆستای شه‌هید ده‌که‌ن که دوایین داواکاری خۆی ده‌رببڕێت؛ مامۆستا داوای یه‌ک سه‌عات و نیو ده‌رفه‌ت ده‌کات بۆ به‌جێهێنانی نوێژ؛ به‌ڵام به‌رپرسان داواکاریه‌که‌ی په‌سه‌ند ناکه‌ن و ته‌نیا رێگه‌ی به‌جێهێنانی نوێژی خه‌وتنان (عیشا)ی پێ ده‌ده‌ن.
پاشان فه‌رمانه‌که جێبه‌جێ ده‌کرێت و به‌م شێوه، مامۆستا «ناسری سوبحانی»، له ته‌مه‌نی ۳۸ ساڵیدا شه‌هید ده‌کرێت و هێزه‌کانی حکوومه‌ت، به نهێنی ته‌رمه‌که‌ی له گۆڕستانێکی شاری «قوروه» به خاک ده‌سپێرن و پاش به‌دواداچوونێکی زۆر، بنه‌ماڵه‌که‌ی له شوێنی ناشتنه‌که‌ی ئاگادار ده‌که‌ن.