بەکارهێنانی بەبەردبووەکان بۆ لێکدانەوەی ڕابردوو

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-04-23:35:00 - کۆدی بابەت: 4155
بەکارهێنانی بەبەردبووەکان بۆ لێکدانەوەی ڕابردوو
مێژوو

زانیارییەکان لە تۆماری بەبەردبووەکاندا

تۆماری بەبەردبووەکان تەنها هێڵکارییەکی سەرەتایی پێشکەش دەکات دەربارەی مێژووی زیندەوەرانی سەر زەوی هەندێک لە ماوەکانی ئەو مێژووە تەواوکەرترە لەوانی دیکە بۆ نموونە زاناکان زیاتر پێزانینەکانیان پەیوەستە بەو زیندەوەرانەی پەیکەری ڕەقیان هەیە، بەڵام کەمتر شارەزاییان لەو زیندەوەرانە هەیە کە پەیکەریان تەڕونەرمۆڵەیە هەروەها شارەزایی و زانیارییان زیاترە لەو ژینگانەدا هەیە کە هەل و مەرجی بەبەردبوونیان زیاترە واتە تۆماری تەواون. بێگوومان تۆماری بەبەردبووەکان تەواوکاری تەواو نین چونکە زۆربەی زیندەوەران نەگۆڕاون بۆ بەبەردبووەکان و بێگوومان زۆریش لە بەبەردبووەکان هەتا ئێستا نەدۆزراونەتەوە،

مێژووی گۆڕانی زیندەوەران 

زاناکان دەتواننن لێکدانەوە بکەن بۆ چۆنێتی ڕوودانی گۆڕانکارییەکانی زیندەوەران بە درێژایی چاخەکان ئەویش لە ڕێگەی خوێندن و لێکۆڵینەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەبەردبووەکان بۆ نموونە، ئەو بەبەردبووانەی زیندەوەران کە لە چینە کەڤرە کۆنەکاندا دۆزراونەتەوە جیاوازن لەو بەبەردبووانەی کە لە چینە کەڤرە تازەکاندا دەدۆزرێنەوە. تەنها بەشێکی زۆر کەمی ئەو زیندەوەرانەی کە لە مێژووی گۆی زەویدا هەبوون گۆڕاون بۆ بەبەردبووەکان بێ گومان ئەمەش ناتەواویەک لە تۆماری بەبەردبووەکاندا دروست دەکات، واتە بە بەردبووزانەکان تۆمارێکی تەواوی گۆڕانکاریە بەردەوامەکانیان لەبەردەستانییە، بۆیە لە جیاتی ئەوەدا پەنا دەبەنە بەر خاڵەکانی لێکچوون لە نێوان بەبەردبووەکان یان لە نێوان زیندەوەرە بەبەردبووەکان و ئەو زیندەوەرانەی کە لێیان نزیکن و هەوڵ دەدەن بۆشاییەکانی تۆماری بەبەردبووەکان پڕبکەنەوە.

بەکارهێنانی بەبەردبووەکان بۆ زانینی تەمەنی بەردەکان

زاناکان بینیویانە چەند جۆرێکی دیاریکراوی بەبەردبووەکان تەنها لەسەر جۆرێکی کەڤری دیاریکراودا پەیدا دەبن، زاناکان دەتوانن لە میانەی مێژووی چینەکانی کەڤری سەرەوەی یان خوارەوەی بەبەردبووەکەدا ئەو مێژووە دیاریبکەن کە زیندەوەرەکان تیایدا ژیان و بوونەتە بەبەردبوو. ئەگەر جۆرێکی دیاریکراو لە زیندەوەران بۆ ماوەیەکی کورت بژین ئەوا بەبەردبووەکانیان بە شێوەیەکی کەم لە چینە کەڤرەکاندا دەردەکەوێت و بەم جۆرە بەبەردبووە دەگوترێت بەبەردبووی ڕێ پیشاندەر (Index fossils) کە بریتین لە بەبەردبووی ئەو زیندەوەرانەی لە ماوەیەکی کەم ژیاون لە کاتی جیۆلۆجیدا.

ئەمۆنیات 

بۆ ئەوەی بەبەردبوو ڕێ پیشاندەربێت پێویستە لە هەموو چینە کەڤرەکانی سەرتاسەری جیهان دا هەبێت. نموونەش وەک تروپیت کە سەر بە ڕەگەزی ئەمۆنیتە، تروپیت گیانەوەرێکی دەریایی نەرمۆڵەیە و لە مەرەکەب ڕێژ (حەبار) دەچێت کە لە ناو قاوغێکی (سەدەفی) لوول خواردوودا ژیاوە لە ماوەی نێوان ٢٣٠ ملیۆن ساڵ تا ٢٠٨ ملیۆن ساڵ. ئەمەش بەبەردبوویەکی ڕێ پیشاندەرە بۆ زانینی ئەو ماوەیە لەکاتدا.

تریلۆبیت

بەبەردبووی تریلۆبیت فاکۆپس نموونەیەکی دیکەی بەبەردبووی ڕێ پیشاندەرە، تریلۆبیت جۆرێکە لە پێ جومگەییەکان بەڵام قڕی تێکەوتووە و نەماوە، بەڵام یەکێک لەو زیندەوەرانەی ڕۆژگاری ئەمڕۆ کە زۆر لە تریلۆبیت فاکۆپس نزیکایەتی و خزمایەتی هەبووە بریتییە لە سەرەتانی ناڵە ئەسپ، زاناکانی بەبەردبووزانی لە ڕێگەی خوێندنی مێژووی بەردەکان توانیان ئەوە دیاربکەن کە تریلۆبیت فاکۆپس بەر لە ٤٠٠ ملیۆن ساڵ ژیاوە بۆیە هەر کاتێک زاناکان بەبەردبووی تریلۆبیت فاکۆپس لە ناو کەڤرە بەردێک بدۆزنەوە لەهەر شوێنێکی زەویدا ئەوا وای دادەنێن تەمەنی کەڤرەکەش نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن ساڵە.


سەرچاوەکان



508 بینین