ناوهڕۆك
نەجەف
نەجەف کە پێشی دەڵێن مەشهەد عەلی، یەکێکە لە شارەکانی عێراق، دەکەوێتە دووریی نزیکەی 160 کیلۆمەتر لە شاری بەغدادەوە، لەسەر زنجیرە گردێکە لە خۆراوای ڕووباری فوڕات، شاری نەجەف یەکێکە لە گرنگترین شارە شیعییە پیرۆزەکان لە عێراقدا، لەبەر ئەوەی قەبری هاوەڵی پیرۆزی پێغەمبەر (د.خ) عەلی کوڕی ئەبوتاڵیبی لێیە، کە قەبرەکەی لە نزیک ناوەندی شارە، لە پێشوودا ئەم شارە ناوەندی دەرچوونی حاجیانی ئێران بووە بەرەو مەککە، شارەکە چەندین مزگەوت و مەزارگە و قوتابخانەی ئاینی تێدایە.
گرنگیی ئاینیی شاری نەجەف
شاری نەجەف لای پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە بە پیرۆز دادەنرێت، لەبەر ئەوەی ناوچەی بەخاکسپاردنی ئیمام ''عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب''ـە، لە ئێستادا شاری نەجەف بووەتە ناوەندێکی حەج کردنی شیعەکانی جیهان، پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە مزگەوتی ئیمامی عەلی بە سێهەم پیرۆزترین شوێنی ئیسلامی دادەنێن لە جیهانی ئیسلامیدا، گۆڕی ئەم هاوەڵە بەڕێزە دەکەوێتە مزگەوتێکی گەورەوە کە خاوەنی گومبەتێکی گەورەی ئاڵتونییە و چەندین شتی گرانبەهای دیکەی تێدا هەیە، ئەم گۆڕە دەکەوێتە شوێنێکی نزیک لە گۆڕستانی ''وادی السلام - دۆڵی ئاشتی'' کە یەکێکە لە گەورەترین گۆڕستانەکانی جیهان، هەروەها ئەم گۆڕستانە چەندین گۆڕی پێغەمبەران و پیاوچاکانی تێدایە، وە لە ناو شاریشدا قوتابخانەیەک هەیە ناوی قوتابخانەی نەجەفە، یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی فێربوون لە جیهانی ئیسلامیدا، نەجەف لە ڕووی جوگرافییەوە لە تەنیشت کەربەلایە و هەروەها ڕووگەیەکی حەج کردنە لە لای شیعەکان.
مێژووی نەجەف
شاری نەجەف یەکێکە لە گرنگترین شارە پیرۆزەکان لە لای مەزهەبی شیعە، دەکەوێتە سەر ڕێگای بازرگانی نێوان بەغداد و بەسڕە، ئەم شارە لە سەردەمی خەلیفە ''هارونە ڕەشید''ـەوە هەیە، شارەکە مەزارگەی ئیمام ''عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب''ـی تێدایە و بینایەکی گەورە لە چواردەوری گۆڕەکە لە ساڵی 979ـدا دروستکراوە.
نەجەف وەک ناوەندێکی فێربوون لە ساڵی 1056ـی زاینییەوە هڵکەوتووە، کاتێک شێخی زانا ''تائیفی توێسی'' چووە شارەکە دوای ئەوەی سەلجوقییەکان دەستیان بەسەر بەغداد گرت، ئەو دەستی کرد بە پەرەپێدانی ئەوەی لە پێشووتر کرابوو لە قوتابخانەی بیری شیعیدا لە ماوەی هەردوو سەدەی سیانزە و پانزەدا، بەم شێوەیە ناوی هەردوو شاری حلە و حەلەب وەک ناوەندێکی فێربوونی شیعەکان کەمبوویەوە، لە سەدەی شانزە و حەڤدەدا نەجەف و ئەسفەهان لە کێبڕکێدابوون لە ڕابەڕایەتیکردن وەک شارێکی پیرۆزی شیعە، لەو ماوەیەدا لە سەدەی شانزە دەرکەوتنی سەفەوییەکان دەستیپێکرد کە لە ململانێدا بوو بۆ پەیداکردنی دەسەڵات و باڵکێشان بەسەر ئەو شارانەی مەزارە شیعییەکانیان تێدایە، بەم شێوەیە سەفەوییەکان ئەو شارانەیان کۆنترۆڵ کرد کە مەزاریان تێدایە لە نێوان ساڵەکانی 1058-1533 و 1622-1638، بەڵام بەهۆی هۆکارە سیاسییەکانەوە ئەسفەهان بوو بە گرنگترین شاری پیرۆز لە لای شیعە.
سەدەی هەژدە خاڵی گۆڕانکاری بوو، گۆڕانکاری بەسەر مێژووی ئەو شارانەدا هات کە مەزارگەیان تێدایە، کەوتنی سەفەوییەکانی ئێران زۆر زانای ئاوارە کرد بەرەو نەجەف، ئەو شارانەی مەزارگەی شیعەیان تێدابوو کەمێک سەربەخۆتر بوون بە بەراورد بە حوکمی عوسمانی یان سەفەوییەکان، شاری نەجەف بە شێوەیەکی پۆزەتیف کەوتە ژێر کاریگەریی ئەم ڕووداو و حاڵەتانە، هەروەها زانا ئاوارەکانی نەجەف ناوبانگێکی دیاریان پەیداکرد.
بە هاتنی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، شاری نەجەف گەورەبوو تا ژمارەی دانیشتوانەکەی گەیشتە نزیکەی 30،000 کەس، هەروەها چەندین فێرخواز لە شارەکەدا هەبوون کە لە سەرانسەری جیهانی ئیسلامییەوە هاتبوون بۆ فێربوونی زانستە ئاینییەکان.