ناوهڕۆك
سەرەتای گەورەبوونی
ئەحمەدی کوڕی عەلی کوڕی ئەحمەدی شەوقی لە ساڵی 1868 لە دایکبووە لە قاهیرەی وڵاتی میسڕ، ڕەچەڵەکی باوکی بۆ کورد ئەگەڕێتەوە، و دایکیشی لە تورکی شەرکەس بووە، داپیرەی لە کۆشکی (خدێوی ئیسماعیل) پلەیەکی باشی هەبووە و بەوهۆیەوە زۆر دەوڵەمەند بووە، هەر لە لای ئەویش لە کۆشك مناڵی بەسەر بردووە و لەسەر دەستی ئەو پەروەردە بووە.
هەر لە تەمەنی چوار ساڵیدا خرایە بەر خوێندنی ئاینی فێری قورئان و بنەماکانی نوسین و خوێندنەوە بووە دواتر لە قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی زۆر زۆر بەتوانا و زیرەك بووە، بەهۆی زیرەکییەوە لە تێچوو و نرخی خوێندنی بووراون.
خوێندن و پێگەیشتن
هەر لە تەمەنی هەرزەکاری و لاویدا گرنگییەکی زۆری بە شیعر و خوێندنی شیعر داوە و زۆرترین دیوانی شیعری لەبەر کردووە، لە تەمەنی پازدە ساڵیدا چوەتە کۆلێژی ماف و وەرگێڕان، و ئەو چووەتە بەشی وەرگێڕان، لە دوای دەرچوون، لە ساڵی 1887 سەفەری کردووە بۆ فەڕەنسا لەسەر خەرجی دەوڵەت، لەوێ بەردەوامی بە خوێندنی مافداوە لە (مۆنبێلێیە) بە ئەدەبی فەڕەنسی ئاشنا بووە، و لە ساڵی 1891 گەڕاوەتەوە بۆ میسڕ.
کار و پیشەی
لە دوای گەڕانەوەی لە فەڕەنسا، وەکوو سەرۆکی دەستەی (قەڵەمی ئەفرەنجی) لە دیوانی کۆشکی (خدێوی عەباس حیلمی) دەست بەکار بووە و زۆر نزیك بووە لە پاشاوە، لە ساڵی 1896 نوێنەری حکومەتی میسڕ بووە لە کۆنگرەی ڕۆژهەڵاتناسەکان کە لە شاری جنێفی سویسرا بەڕێوەچووه.
ئەزموونی ئەدەبی
کارامەیی و لێهاتوویی لە ئەدەب و شیعر بە تایبەتی، هەر لە سەرەتای لاویدا سەرەنجی هەموانی ڕاکێشا بوو، لەو کاتەوەی کە لە خوێندنگە بوو تا ئەوکاتەی لە فەڕەنسا دەیخوێند هەر دەستی نوسینی شیعری هەبووە، کە گەڕایەوە بۆ میسڕ وەکوو شاعیری کۆشك دەستنیشانکراوە، لە پاشای ئەو سەردەمە (خدێوی عەباس حیلمی) زۆر نزیك بووە.
لە کاتی داگیرکارییەکانی بەریتانیا بۆ سەر وڵاتی میسڕ ئەحمەد شەوقی زۆر دژایەتی و بەرهەڵستی کردوون، هەر بەو هۆیەوە لە ساڵی 1914 دوورخراوەتەوە بۆ ئیسپانیا، لەوێ لە تاراوگە و دوورە وڵات، زیاتر ئاشنای ئەدەبی عەرەبی و ئیسلامی بوو لە ڕێگای شارستانیەتی ئەندەلوس لە ئیسپانیا، لە دوای چوار ساڵ لە دوورەوڵاتی و تاراوگەیی، گەڕاوەتەوە بۆ میسڕ.
زۆرینەی ڕەخنەگرانی ئەدەبی باس لەوەدەکەن کە ئەحمەد شەوقی خاوەنی خەیاڵێکی فراوانی شیعری بووە، لە دەربڕینی هەست و سۆزەکانی زۆر ڕاستگۆ بووە، هەروەها خاوەن بەهرەیەکی شیعری ناوازە بووە و ئامانجی زیندووکردنەوە و پەرەپێدانی شیعر و ئەدەبی عەرەبی بووە.
بێگومان ئەحمەد شەوقی ڕووبەڕووی ڕەخنەش بووەتەوە لە لایەن سەید قوتب و عەقادەوە، ئەحمەد شەوقی لەو شاعیرانە بووە کە زۆرترین بەرهەمی ئەدەبی هەبووە، زیاتر لە 23 هەزار و 500 بەیتی شیعری نوسیوە، لە ساڵی 1927 لە ئاهەنگێکی مەزنی شاری قاهیرە هەموو شاعیرانی ئەو سەردەمە لەسەر ئەوە کۆک بوونە کە نازناوی امیر شعراء (پاشای شاعیران) پێبدەن و تا ئێستاش ئەو نازناوە تایبەتە بە ئەحمەد شەوقی.
بەرهەمەکانی
ئەحمەد شەوقی هەموو بەرهەمە شیعرییەکانی لە کۆی چوار دیوان بە ناوی (شوقیات) بڵاوکراوەتەوە، دواتر لە دوو بەرهەمی تر شیعرە کۆن و بڵاونەکراوەکانی لە لایەن دکتۆر موحەممەد سوربوونی بڵاوکراوەتەوە بە ناوی (شوقیات المجهولة)، شیعرەکانی زیاتر لە بواری شیعری کۆمەڵایەتی و شادی و نیشتیمانی و ئاینی بوونە.
کۆچی دوایی
ئەحمەد شەوقی لە 14 ی مانگی 10 ی 1932 کۆچی دوایی کردوو لە دوای تەواوکردنی لە نوسینەوەی شیعرێکی درێژ کە باسی لە(پڕۆژەی قڕش) کردووە، کە ئەو سەردەمە لە میسڕ ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بوژاندنەوەی گەنجان