ویلیام شکسپیر

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-02-14:22:00 - کۆدی بابەت: 6469
ویلیام شکسپیر

ناوه‌ڕۆك

ویلیام شکسپیر کێیە؟

ویلیام شکسپیر نووسەر و‌ شاعیر و شانۆنووسێکی ئینگلیزی سەدەی ١٦ یە‌، لە ٢٦ ی نیسانی ١٥٦٤ لەدایکبووە و به‌ گرنگترین و گەورەترین شانۆنووسى جیهان ده‌ناسرێت، ئەم شاعیرە بە (شاعیری نیشتیمانی ئینگلتەرا) ناسراوە زۆر کاتیش بە (شاعیری ئافۆنی داستانی) ناودەبرێت، بەرهەمەکانی بۆ زۆرترین زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدراوە، خوێنەر و بینەرێکی زۆریان په‌یدا كردووە ئه‌و گرنگیدانە پەیداکردنە‌ش له‌به‌ر ژماره‌یه‌ك هۆكار بوو له‌وانه‌ شكسپیر به‌ باشى له‌ سروشتى ئاده‌میزاد گه‌یشتووە زانیویەتی کە مرۆڤ چی پێخۆشە‌ و چین ئه‌و شتانه‌ى ده‌یهه‌ژێنن، ئه‌مه‌ وایكرد كه‌سایه‌تی شانۆكانى به‌و سیفه‌تانه‌وه‌ بخاته‌ به‌رچاو، كه‌ سنووره‌كانى شوێن و كات ده‌به‌زێنن و كارێک ده‌كه‌ن بینه‌ر چێژیان لێ وه‌ربگرێت.

ژیانی منداڵی

شكسپیر كوڕی دایک و باوكێکە‌ کە لە خێزانێکی مامناوەند بوون‌، له‌ شارۆچكه‌یه‌كى بازرگانى بچووک به‌ ناوى (ستراتفۆرد) له‌دایك بوو، سێیە‌م منداڵە لە هه‌شت منداڵی خێزانه‌كه‌ى، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بوون، كه‌چى خێزانە‌كه‌یان له‌و شارۆچكه‌یه‌دا پێگه‌یه‌كى به‌رچاویان هه‌بوو، باوكى وه‌كو ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى یاسادانانى شارۆچكه‌كه‌یان هه‌ڵبژێردرا، پاش سێ ساڵ كراوەتە‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانی شارۆچكه‌كه‌، كه‌ ئه‌مه‌ى دووه‌م به‌رزترین پۆست بووە كه‌ که‌سێک له‌ شارۆچكه‌یه‌كى وه‌هادا ده‌ستى بكه‌وێت، دواى ئه‌وه‌ش باوكى له‌ ستراتفۆرددا ژماره‌یه‌ک پۆستى مه‌ده‌نیى وه‌رگرت، له‌ كۆتایی ژیانیدا به‌ كێشەی‌ مادییه‌وه‌ سه‌رى نایه‌وه‌.

شكسپیر له‌ ستراتفۆرددا له‌گه‌ڵ ئەو مناڵانەی کە وەک خۆی له‌یەک چینى كۆمه‌ڵایه‌تیدا بوون چووەتە‌ قوتابخانه‌، بۆ ئه‌و ڕۆژگارە‌ له‌ ئه‌وروپا به‌ گشتى و بەریتانیاش به‌ تایبه‌تى، ئه‌وه‌ى زمانى لاتینی بزانیایە‌ ئه‌وه‌ به‌ خوێندە‌وار و ڕۆشنبیر داده‌نرا، جا ده‌شێت شكسپیر به‌ لاتینى به‌رهه‌مى نووسه‌ره‌ ناوداره‌كانى ڕۆمای خوێندبێتە‌وه‌ و هەر ئەمانەش بووبنە سەرچاوەی ئیلهامی نووسینەکانی.

هاوسەرگیری

شكسپیر له‌ ساڵى ١٥٨٢ دا له‌ ته‌مه‌نى هه‌ژده‌ ساڵیدا كچى جوتیارێکی گوندى (شۆتێری) ى کە نزیكه‌ى كیلۆمه‌تر و نیوێک دووربووە له‌ ستراتفۆردەوە مارەکرد، كه‌ ناوى (ئانا هاسوەی) بوو و له‌ ته‌مه‌نى بیست و شه‌ش ساڵیدا بوو، واته‌ هه‌شت ساڵ له‌ شكسپیر گه‌وره‌تر بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ش كێشه‌ى بۆ دروست نه‌كردن، به‌ڵكو به‌ ئاسووده‌یی ژیان و له‌ ساڵى ١٨٥٣ دا یه‌كه‌م كچیان بوو، ناویان نا سوزانا، دوای دووساڵیش لەوە دوو منداڵی دووانەیان بوو کچێک و کوڕێک، کوڕەکەیان ناونا هامنێت و کچەکەش جودیس.

دەستپێکی کارکردن

تا به‌ر له‌ ساڵى ١٥٩٠ مێژوونووسان هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان به‌ ده‌سته‌وه‌ نییه‌ ئه‌وه‌ ده‌ربخات كه‌ ئایا شكسپیر تا ئه‌و مێژووه‌ له‌گه‌ڵ چ تیپێک كارى كردووه‌ یاخود چ بەرهەمێکی نووسیوە و بڵاوکراوەتەوە، ئەوەی کە ماوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٩٠ کە لەو ساڵەدا شكسپیر له‌ تیپیى (پیاوانى لۆرد چامبەرلین) كارى كردووه‌، ئەم مێژووەش بە جۆرێک لەڕێی تەنها پارچە کاغەزێکەوە ماوەتەوە و تۆمارکراوە،‌ کاغەزێكى پاره‌ خەرجکردن ماوه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات، كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌قانه‌ى ده‌ربارى شاژنە ئه‌لیزابێسی یەکەمدا نمایشیان كردووه‌ کە لە سەدەی ١٦ دا ژیاوە، پاره‌ به‌ شكسپیر و هاوڕێکانی ترى له‌ تیپى ناوبراو دراوه‌ لەو ڕێگەیەوە، ئیدى تا كۆتایی ژیانى خۆى شكسپیر وه‌كو دیارترین ئه‌ندامى ئه‌و تیپه‌ مایه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ به‌ناوبانگترین تیپى له‌نده‌ن بوو.

به‌ هاتنه‌ پێشی نه‌وه‌ته‌كانى سه‌ده‌ى شانزه‌ى زایینی، شكسپیر ناوبانگى ده‌ركرد، ئه‌مه‌ له‌ كاتێکدا كه‌ هێشتا شانۆگه‌رییه‌ تراژیدییه‌ گرنگه‌كانى وه‌كو (هاملێت، عوته‌یل، ماکبێس)ـى نه‌نووسیبوو، شكسپیر‌ شاعیریش بووه‌، له‌ ساڵى ١٥٩٣ دا یه‌كه‌م شیعری درێژی به‌ ناونیشانى (ڤینۆس و ئه‌دۆنیس) نووسیوه‌، هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ ڕیچارد فیڵد بۆى چاپ كردووه‌، بۆ ساڵى دووه‌میش (ڕیچارد فیڵد) هه‌ستا بەرهەمێکی دیكه‌شى بۆ شكسپیر چاپ كرد، ئه‌ویش به‌ ناونیشانى (دەسترێژیکردنە سەر لۆکرێس) بوو، كه‌ بەرهەمەکانی پێشکە‌شى شازادەی ئەوکاتی ئینگلتەرا كردبوو. هه‌ردوو ئه‌م پارچە شیعریانە‌ هه‌ر له‌ سه‌رده‌مى شكسپیردا چه‌ندین جار چاپ كرانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ى به‌ده‌ستیان هێنا، نەبووە هۆی ئەوەی‌ شكسپیر واز له‌ شانۆ بهێنێت، به‌ڵكو دواى ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى ١٥٩٤ دا ده‌رگاى شانۆكان كرانه‌وه‌، دیسانه‌وه‌ شكسپیر ده‌ستى كرده‌وه‌ به‌ نووسینى شانۆنامه‌كانى، كه‌ له‌ ڕاستیدا له‌ سه‌رده‌مى ئه‌لیزابێس، له‌ ئینگلته‌را هیچ شانۆنووسێکی دیكه‌ نه‌بوو بگاته‌ ئاستى شكسپیر له‌ هه‌موو ڕوویە‌كى داهێناندا.

ساڵانى نێوان ١٥٩٤ بۆ ١٦٠٨ به‌ ساڵانى ناوبانگ ده‌ركردنى شكسپیر داده‌نرێت، كه‌ له‌م ساڵانه‌دا هه‌موو ساڵێک دوو ده‌قى شانۆیی بۆ تیپه‌كه‌ى ده‌نووسى، جگه‌ له‌وه‌ش وه‌كو ئه‌كته‌ر و به‌شداریكه‌رێکی باشى تیپه‌كه‌ش خزمه‌تى تیپه‌كه‌ى و لەگەڵیدا‌ خزمەتی وڵاته‌كه‌شی ده‌كرد، جا له‌به‌ر هه‌موو ئه‌و چالاكییانه‌ى كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا شكسپیر له‌سه‌ر شانۆكانى له‌نده‌ن پێشكه‌ش كران، یان چاپ كران و خرانه‌ كتێبخانە‌كان، وه‌كو شانۆنووسێکی میللى جه‌ماوه‌رى ناسرا، زیاتر له‌وه‌ى وه‌كو شانۆنووسێکی بلیمه‌ت بناسرێت. 

‌شكسپیر به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر نووسینى شانۆنامه‌كانى خۆى و به‌رده‌وام ناوبانگیشى به‌ره‌و پێش ده‌چوو، ته‌نانه‌ت له‌ كۆتا هه‌شت ساڵه‌ى ته‌مه‌نى خۆیدا چوار شانۆنامه‌ى نووسى، ئه‌وانیش بریتین له‌ (سیمپڵین، هێنری هه‌شته‌م، گه‌رده‌لوول، چیرۆکی زستان) ڕه‌خنه‌گران له‌ ڕابردوودا له‌و باوه‌ڕەدا بوون شانۆنامه‌ى (گه‌رده‌لوولی)ـى كه‌ له‌ ساڵى ١٦١٠ دا نووسى، ئه‌مه‌ دووایین به‌رهه‌مى شكسپیر بووه‌، بەپێی بەڵگەکان دەگوترا ئیتر دواى ئه‌وه‌ ئه‌و به‌ شێوە‌یه‌كى نیمچه‌ فەرمی خۆى خانه‌نشین كردووه‌ و له‌ (ستراتفۆرد) دانیشتووه‌، به‌ڵام دواتر ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ شانۆنامه‌ى هێنری هه‌شته‌مى له‌ ساڵى ١٦١٣ دا نووسیوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ هه‌مان ساڵدا شكسپیر خانوویه‌كى له‌ ناوچه‌ى (بلاک فرایەرز) كڕیووە‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات شكسپیر به‌یه‌كجار له‌نده‌نى جێنەهێشتووە‌، به‌ڵكو به‌ قۆناغ جێی هێشتووە‌ و گه‌ڕاوە‌ته‌وه‌ ستراتفۆرد.

بەرهەمە گرنگەکانی

شكسپیر له‌ ژیانى خۆیدا به‌ لانى كه‌م (٣٧) شانۆنامه‌ى نووسیوه‌، ڕه‌خنه‌گره‌كان تا ڕاده‌یه‌كى باش كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى، ئه‌م شانۆنامانه‌ی شكسپیر دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر سێ جۆردا، ئه‌وانیش (كۆمیدیا، تراژیدیا، شانۆنامه‌ى مێژوویی).

١- هاملێت: هاملێت یەکێکە لە شانۆییە تراژیدی و کلاسیکیەکانی ئەدەبی ئینگلیزی، ڕەخنەگران ئەم شانۆییە بە جوانترین شانۆیی شکسپیر دادەنێن، لوتکەی هونەری شکسپیر دەنوێنێت، زۆرترین گفتوگۆی لەبارەوە کراوە بەتایبەت مۆنۆلۆگە بەناوبانگەکەی کە دەڵێت "من هەم یان نیم"، ئەم شانۆییە لە ساڵی ١٦٠٢ دا نمایش کراوە و یەکێکە لە درێژترین و بەناوبانگترین شانۆییەکان، شانۆییەکە باس لە شازادەی دانیمارك (هاملێت) دەکات، کە لە خەونیدا باوکی ڕایدەسپێرێت تۆڵە لە بکوژەکانی بکاتەوە لەوێوە ڕووداوەکان دەستپێدەکەن تا لەکۆتایدا هاملێت، هەموو ئەندامانی ئەو خێزانە دەکوژێت کە هۆکاری مردنی باوکی بوون.

٢- ڕۆمیۆ و جۆلێت: ئەم شانۆییە تا ئێستا بە هێمای خۆشەویستی و وەفا و عەشق دادەندرێت، یەکێکە لەو شانۆنامەنای تەختەی شانۆکای جیهانی داگیر کردووە، شانۆییەکە باس لە دوو خێزانی ئاست بەرز دەکات لە فیرۆنتینای ئیتاڵیا درووستبوونی پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوان دوو ئەندامی ئەو خێزانەدا، شانۆییەکە تراژیدیا و لەهەمان کاتدا ڕۆمانسیە.

٣- بازرگانی ڤینیسیا: ئەم شانۆییە لە ساڵی ١٥٩٦ بۆ ١٥٩٨ نوسراوە، باس لە بازرگانێکی ئیتاڵی دەکات بەناوی ئەنتۆنیۆ، ناوەڕۆکی شانۆییەکە باس کردنە لە خۆشەویستی پارە و سامان و تۆڵەکردنەوە.

٤- خەونی شەوی هاوین: ئەم شانۆییە کۆمیدی-خەیاڵییە و باس لەباوکێک دەکات کە داوا لە دادوەر دەکات کوڕەکەی لە سێدارە بدات بەو هۆیەی بە ویستی ئەو هاوسەرگیری نەکردووە ، دادوەر بە شێوەیەکی زیرەکانە ماوەی چوار ڕۆژ دادەنێت بۆ کوشتنی ، بەڵام کۆتای چیرۆکەکە بە هاوسەرگیری کۆتای دێت، لەگەڵ ئەمانەشدا شانۆییەکانی (یۆلیۆسی قەیسەر، شەوی دوازدەهەم، زریان) دیارترین بەرهەمەکانی نووسەرن.

مردن

سه‌ره‌نجام له‌ ساڵى ١٦١٦ دا شكسپیر له‌ ته‌مه‌نى په‌نجا و دوو ساڵیدا کۆچی دواییکرد، سەرەتا هۆکاری مردنەکەی نادیاربوو و ڕاپۆرتە پزیشیکییەکان ئاماژەیان دەدا بەوەی کە تەندرووستی باش بووە، دواتر یەکێک لە ئەو کەسانەی لە ژیانی شکسپیری کۆڵیوەتەوە بۆی دەرکەوتووە کە ڕۆژی مردنەکەی لەگەڵ دوو هاوڕێی تریدا لە ئاهەنگێک خواردنەوە کحوولییەکانیان بە ڕێژەیەکی زۆر خواردۆتەوە و بووەتە هۆی تایەکی بەرز و بەهۆیەوە مردووە، بە مردنی شکسپیر شانۆى ئینگلیزى ناودارترین و گرنگترین نووسه‌ر و بلیمه‌تى خۆى له‌ده‌ستدا.


سەرچاوەکان



2751 بینین