ناوهڕۆك
ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی
ئەلبێر کامۆ نووسەری ناوداری فەڕەنسی (بە فەڕەنسی: Albert Camus) ئەو نووسەر و فەیلەسووفەی کە زۆرترین و گرنگترین پرسیاری قووڵی فەلسەفی لە سەدەی بیستەمدا خستەڕوو و هەروەها براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی ساڵی 1957 بووە، لە ساڵی 1913 لە وڵاتی جەزائیر لەدایکبووە خێزانەکەی کامۆ بە ڕەچەڵەك فەڕەنسی بوون دایکی ئیسپانی بووە و باوکی فەڕەنسی بووە دانیشتوی وڵاتی جەزائیر بوونە، لە خێزانکی زۆر هەژار و کەمدەرامەت پەروەردە کراوە، باوکی لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی سەربازی لە جەنگی جیهانیی یەکەم کۆچی دوایی کردووە و کامۆ لەگەڵ نەنکێکی تووندڕەو و دایکی و برایەکی بە ناوی "لووسین" مایەوە، دایکی ناوی "کاترین کامۆ" بووە و تا ڕادەیەک هەستی بیستنی لاواز بووە و خوێندەواری نەبووە، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ئیشی کارەکەری و پاککەرەوە ماڵانی کردووە، کامۆ لە قوتابخانەیەکی ناوخۆیی ناوچەکەی خۆیان دەستی بە خوێندن کردووە و خوێندکارێکی زۆر گۆشەگیر و بێدەنگ بووە بەڵام زیرەک و لێهاتوو بووە، سەرنجی مامۆستایەکی بە ناوی "لویس جێرماینی" ڕاکێشا و ئامۆژگاری کرد کە داوای بەخششی خوێندن بکات بۆ تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، کامۆ زۆر کاریگەر بوو بەم مامۆستایەی، لە ساڵی 1923 چووەتە خوێندنگای ئامادەیی قوتابخانەی "لی سی پۆگۆ" کە خوێندکاری نەتەوە جیاوازەکانی لە خۆدەگرێت، پاشان لە زانکۆی جەزائیر وەرگیرا و بەشی فەلسەفەی تەواوکرد، وەکوو گۆڵپارێز لە تیپی تۆپی پێی زانکۆ یاری کردووە، بەڵام دواتر لە ساڵی 1930 لە دوای شکستی تیپەکەیان، تیپەکەی بەجێهێشت و گرنگی زیاتری بە بواری ئەکادیمی و زانستیدا، لە ساڵی 1936 کامۆ لە بەشی فەلسەفە خوێندنی باڵای تەواو کرد و جگە لە بڕوانەمەی فەلسەفە، دوو بڕوانامەی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان و زانستە دەروونییەکان بەدەست هێناوە، هەروەها بڕوانامەی دبلۆمی بەدەستهێناوە لەسەر تێزێکی فەلسەفی لەژێر ناونیشانی (میتافیزیکی مەسیحی و ئەفلاتۆنی هاوچەرخ: پلاتۆن و ئۆگۆستین) سەرەڕای پلەی زانستی بەرز و بڕوانامەکانی نەیتوانی وەکوو مامۆستا وانە بڵێتەوە بەهۆی ئەوەی هەر لە تەمەنی لاوییەوە بەدەست نەخۆشی "سیلەوە" (دەردەباریکە، تەدەروون) دەیناڵاند.
ژیانی سیاسی ئەلبێر کامۆ
کامۆ لە ماوەی ساڵانی خوێندنی زانکۆدا چووە ناو بواری سیاسەتەوە، بووە ئەندامی حیزبی شیوعی و پاشان چووە نێو حیزبی پارتی گەلی جەزائیری، یەکێک بوو لە دیارترین پارێزەران و داکۆکیکارانی مافە تاکڕەوییەکانی مرۆڤ و هەمیشە دژی داگیرکارییەکانی فەڕەنسی بووە و بەرگری لە مافی جەزائیرییەکان کردووە، لە سەرەتای جەنگی جیهانیی دووەمدا کامۆ چووەتە نێو بەرگریکارانی فەڕەنسا، بۆ ئەوەی یارمەتی ئازادکردنی فەڕەنسا بدات لە دەستی داگیرکاری نازییەکانی ئەڵمانیا، لە ماوەی خزمەتی سەربازی لە جەنگی جیهانیی دووەم کە بە هۆی نەخۆشی سیلەوە دوورخرایەوە و زۆری نەخایاند، ئاشنای "جان پۆل سارتەر" (نووسەر و ڕەخنەگری فەڕەنسی) بوو، هەردووکیان وتار و بابەتی سیاسی ڕەخنەئامێزیان لەبارەی بارودۆخ و سیاسەتی جەنگەوە دەنووسی، لە ساڵی 1945 لەو ڕۆژنامەنووسانەی وڵاتی هاوپەیمانان بوو کە زۆر بوێرانە دژایەتی و ئیدانەی بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی دەکرد لە هێرۆشیما، ڕەخنەی توندی لەسەر تیۆری کۆمۆنیستی دەگرد، هەر بەو هۆیەوە پەیوەندی هاوڕێتییەکەیان لەگەڵ "سارتەر" کۆتایی هات.
باری خێزانی
کامۆ لە خێزانێکی مەسیحی پەروەردەکراوە، دووجار هاوسەرگیری کردووە، جاری یەکەمیان لە ساڵی 1934 لەگەڵ خانمێکی فەڕەنسی بە ناوی "سیمۆنلێیە" هاوسەرگیری کردووە، بەڵام دوای دوو ساڵ لێی جیابووەتەوە، پاشان لە ساڵی 1940 هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێکی پیانۆژەن و زانای بیرکاری کردووە بە ناوی "فڕانسیس فاگ" و بوونەتە خاوەن دوانەیەک بە ناوەکانی "کاسرین" و "جەین".
شێوازی نووسین و تایبەتمەندی بەرهەمەکانی
شێوازی نووسینی بە گشتی لەسەر ڕێباز و فەلسەفەی بوونگەرایی و هەبوونخوازی بووە، هەروەها هونەری پوچێتی و بێمانایی و فینۆمینۆلۆجی (زانستە دیاردەییەکان/ علم الظواهر) لە نووسینەکانی پەیڕەو کردووە و بەرهەمەکانی قوڵ و پڕ واتان، چوونکە کەسایەتییەکی یاخی بووە بۆیە ئەم تایبەتمەندییەی لە نووسینەکانی زۆر ڕوون و دیار بووە.
گرنگترین بەرهەمەکانی
ـ ڕۆمانی نامۆ (لە ساڵی 1957 خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی وەرگرت لەسەر ئەم ڕۆمانە)
ـ کتێبی ئەفسانەی سیزیف
ـ کتێبی مرۆڤی یاخی
ـ مردنێکی شاد
ـ تاعوون
ـ کەوتن
ـ یەکەمین پیاو
ـ پیاوێکی دڵخۆش (یادەوەرییەکانی ژیانی خۆیەتی لە وڵاتی جەزائیر)
کۆچی دوایی
لە ساڵی 1960 لە تەمەنی 46 ساڵیدا بە ڕووداوی هاتوچۆ لە فەڕەنسا کۆچی دوایی کردووە، بەشێك لە هەوادارنی بڕوای تەواویان هەبووە کە ڕووداوەکە بە ئەنقەست بووە و یەکێتی سۆڤیەتیان تۆمەتبار کرد.