ناوهڕۆك
زیانەکانی خواردنەوە کحولییەکان
ماددە کحولییەکان بریتین لەو ماددە بێهۆشکەرانەی کە زۆرترین بەکارهێنانیان هەیە، کە وەک دەرمانێکی خەمۆکی کاردەکەن و ئەو پەیامانە خاودەکەنەوە کە لە نێوان مێشک و جەستەدا دەگوازرێنەوە و دەتوانن بە شێوازی جیاواز کاریگەری لەسەر خەڵکی دروست بکەن، کاریگەرییە تەندروستییەکانی بەکارهێنانی ماددە کحولییەکان دەکرێت بە پێی تەمەن، ڕەگەز و هۆکارە مەترسیدارەکانی دیکە جیاوازبێت، ئاهەنگ و کۆبوونەوەکانی مەیخواردنەوە یەکێکە لە کێشە باوەکان لە نێوان گەنجاندا، بەڵام ئەو کەسەی کە زۆر بە خراپی دەخواتەوە یاخود بڕێکی لە ڕادەبەری ماددە کحولییەکان لە یەک کۆبوونەوەدا دەخواتەوە ئەوا دەکەوێتە ژێر مەترسییە ڕاستەوخۆ و درێژخایەنەکانی وابەستە بە کحولەوە، هەروەها مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشی و برینداربوون لەکاتی بێ ئاگایدا زیاد دەبێت بە زیادبوونی خواردنەوەی ماددە کحولییەکان.
مەترسییەکانی خواردنەوە کحولییەکان
١- مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، ڕیخۆڵە، قورگ و دەم
٢- مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی جگەر
٣- مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار وەک جەڵتەی دڵ.
٤- مەترسی نەخۆشییە دەروونییەکان
٥- زیادبوونی ڕووداو و کەوتنەخوارەوە وەک (پێکدادانی ماتۆر، ژەهراویبوون بە کحول).
ڕێنماییەکانی خواردنەوەی خواردنە کحولییەکان
هەرچەندە هیچ شتێک نییە کە بتوانێت دەستنیشانی ڕێژەی خواردنەوە کحولییەکان بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند ڕێنماییەک هەیە بۆ ئاگاداربوون لە بڕی خواردنەوەی ماددە کحولییەکان:
- بە شێوەیەکی ئاسایی ئەو ژن و پیاوانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ زیاترە نابێت لە ١٠ پێک زیاتر بخۆنەوە لە هەفتەیەکدا و نابێت لە ٤ پێک زیاتر بخۆنەوە لە ڕۆژێکدا.
- ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە نابێت بە هیچ شێوەیەک ماددە کحولییەکان بەکاربێن چونکە ڕیگەپێدراو نییە.
- ئەو ژنانەی کە دووگیانن یان پلانی دووگیانییان هەیە نابێت خواردنەوەی کحولی بەکاربێنن.
- ئەو ئافرەتانەی کە شیردەدەن بە منداڵەکانیان دەبێت بە هەموو شێوەیەک لە خواردنەوە کحولییەکان دووربکەونەوە تاکوو هیچ زیانێک بە خۆیان و منداڵەکەیان نەگات.
خواردنەوەی ماددە کحولییەکان بە شێوەیەک کە لە سەروو ئاستی پێشبینیکراوەوە بێت دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسی زیاتر، هەروەها تێکەڵکردنی ماددە کحولییەکان لەگەڵ ماددە بێهۆشکەرەکانی دیکەدا یاخود لەگەڵ دەرمانە بێهۆشکەرە ڕێگەپێدراوەکاندا، دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە تەندروستییە جدییەکان.
جەستە چۆن خواردنەوە کحولییەکان بەکاردەهێنێت؟
کحول لە ڕێگەی گەدە و پاشان ڕیخۆڵە باریکەوە دەچێتە ناو خوێنی دەمارەکانی لەش، ئەگەر لەو کاتەدا خواردن لە گەدەتدا هەبێت، ئەوا خواردنەکە ڕێژەی هەڵمژینی کحولەکە بۆ ناو خوێن خاودەکاتەوە، بەڵام ئەمە ڕێگە لە سەرخۆشنەبوونی تۆ ناگرێت، هەروەها وردە وردە تەواوی ئەو ماددە کحولەی کە خواردووتەتەوە دەڕواتە ناو خوێنی دەمارەکانی لەشتەوە، هەروەها زۆرینەی ماددە کحولییەکان بە ڕێژەی ٩١% لە جەستەدا بەهۆی جگەرەوە شیدەبنەوە و بەشەکەی دیکەشی لە ڕێگەی ئارەقکردن، میزکردن و پاشان هەناسەدانەوە دەکرێتە دەرەوەی لەش، کاتێک کە جگەر تەنها دەتوانێت ١ پێک لە کاتژمێرێکدا شیبکاتەوە، ئەوا بە ئاگا هاتنەوەش کاتی دەوێت، هەروەها گەرماوکردنێک بە ئاوی سارد، قاوەیەکی تاڵ، ڕاهێنان، هەوای پاک و ڕشانەوە نابنە هۆی خێراترکردنی پڕۆسەکە.
کاریگەری خواردنەوە کحولییەکان لەسەر تەندروستی
خواردنەوەی ماددە کحولییەکان دەتوانێت کاریگەری لەسەر شێوازی چالاکییەکانی جەستە هەبێت، وەک:
- سیستەمی دڵ و دەمار: دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی پەستانی خوێن بەتایبەتی پاش خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە کاتی ئاهەنگ و کۆبوونەوەکاندا، هەروەها دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ماسولکەکانی دڵ و سەکتەی دڵ.
- سیستەمی شڵەژان: کاردەکاتە سەر پێکەوە گونجان، خۆ کۆنتڕۆڵکردن، بڕیاردان و کاردانەوە، هەروەها لەوانەیە ببێتە هۆی ئازار و زیانەکانی مێشک وەک تێکچوونی مێشک.
- باری دەروونی: دەبێتە هۆی خەمۆکی و زیادبوونی مەترسییەکانی خۆ کوشتن.
- سیستەمی گەدە و ڕیخۆڵە: دەبێتە هۆی هەوکردنی گەدە و خوێنبەربوون.
- جگەر: دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی جگەر و پەنکریاس، هەروەها دەبێتە هۆی هەوکردن، گۆڕانی چەوری جەستە.
- دەبێتە هۆی قەڵەوی کە هۆکارە بۆ تووشبوون بە مەترسییەکانی نەخۆشی شەکرە.
- شێرپەنجەی مەمک: ئەو ژنانەی کە ماددە کحولییەکان بە ڕێژەیەکی زیاتر دەخۆنەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک زیاترە وەک لەوانەی کە ناخۆنەوە
- خواردنەوەی ماددە کحولییەکان دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر چۆنیەتی گەشەکردنی مێشک لە کەسانی خوار تەمەن ٢٥ ساڵدا، بەتایبەتی هەرزەکارانی خوار ١٨ ساڵ کە دەکەونە ناو مەترسییەکی زۆر گەورە.
کاریگەری خواردنەوە کحولییەکان لەسەر منداڵانی لەدایکنەبوو
ئەو ژنانەی کە لە ماوەی دووگیانیدا دەخۆنەوە، مەترسی زیاتر لەسەر ژیانی منداڵەکەیان دروستدەکەن چونکە دەبێتە هۆی:
١- کەمی کێشی منداڵەکە
٢- لەدایکبوونی پێشوەخت
٣- گەشەی سنووردار
٤- کاریگەرییە جەستەیی و ڕەفتارییەکان، لەوانەیە تەنانەت خواردنەوەی بڕێکی کەمی ماددە کحولییەکان، لە هەر قۆناغێکی دووگیانیدا، زیانبەخش بێت بۆ منداڵە لەدایکنەبووەکەت، لەبەرئەمە، ژنانی دووگیان یان ئەو ژنانەی کە لەوانەیە بیانەوێت دووگیان بن ئامۆژگاری دەکرێن کە هیچ ماددەیەکی کحولیی نەخۆنەوە.
کاریگەری خواردنەوە کحولییەکان لەسەر ژنانی شیردەر
ماددە کحولییەکان دەبنە هۆی کەمبوونەوەی شیری مەمک، هەروەها دەکرێت ماددە کحولییەکە لە ڕێگەی شیرەوە بۆ منداڵەکە بگوازرێتەوە، و دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە گەشەی مێشکی منداڵەکە، بەڵام ئەگەر بە هەر هۆیەک بێت دایکەکە نەتوانێت واز لە خواردنەوە کحولییەکان بهێنێت ئەوا دەبێت دوو کاتژمێر پێش شیردان بە منداڵەکەی یەک پێک بخواتەوە واتە ئەگەر بیەوێت ٢ پێک بخواتەوە ئەوا دەبێت پاش ٤ کاتژمێر لە خواردنەوەکە شیر بە منداڵەکەی بدات.