حەسەن بەننا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-23-23:47:00 - کۆدی بابەت: 6955
حەسەن بەننا

ناوه‌ڕۆك

بەننا

حەسەن بەنا یان حەسەن بەننا (بە عەرەبی: حسن البنا) ناوی تەواوی حەسەن ئەحمەد عەبدولڕەحمان محەمەد بەنا ساعاتیـیە، دامەزرێنەر و یەکەمین سەرکردەی ئیخوان موسلمینە لە ساڵی ١٩٢٨ لە وڵاتی میسڕ، سەرنووسەری یەکەمین ڕۆژنامەی ئیخوان بووە لە ساڵی ١٩٣٣، لە خێزانێکی خوێندەوار و گۆشکراو بە ئیسلام لەدایکبووە، باوکی زانا و توێژەرێکی زانستی فەرموودە بووە، حەسەن بەنا لەڕێی شێخ عەبدولوەهاب حەسافییەوە بە سۆفیگەری ئاشنا بووە و پێی سەرسام بووە، ساڵی ١٩٢٧ خوێندنی لە دارولعلوم تەواوکردووە و بووەتە مامۆستا لە شاری ئیسماعیلیە لە هەمان ساڵ، دواتر لە ساڵی ١٩٤١ بە فرمانێکی کارگێڕی دەنێردرێتە شاری قەنا و لە ساڵی ١٩٤٦ واز لە وانەوتنەوە دەهێنێت.

ساڵی ١٩٢٨ کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین دروست دەکات وەک ڕێکخراوێکی سیاسی ئیسلامی کە ئامانجی دامەزراندنی شەریعەتی ئیسلامییە لە ژیانی ڕۆژانە و گەڕاندنەوەی حوکمی ئیسلامی و پێی وایە "ئیسلام باوەڕ و پەرستش و نیشتمان و ڕەگەز و ئایین و دەوڵەت و ڕۆحانیەت و کتێب و شمشێرە"، ئەو لە ساتێکدا ئیخوانی دامەزراند کە وڵاتانی ئیسلامی لەژێر حوکمی بەریتانی و فەڕەنسی و ئیتاڵیدا بوون و لەژێر داگیرکاری فیکری ئەوروپی گەمارۆدراون، بۆیە دەستی کرد بە گەڕان و بانگهێشتکردنی هەموو کەسێک بۆ گەڕانەوە بۆ ئیسلام و بڵاوکردنەوەی بنەماکانی ئیسلام لە هەموو شار و شارۆچکەکان.

چەندین بەرهەمی ئەدەبی و نووسراوی هەیە وەک: "نامەکانی ئیمامی شەهید حەسەن بەننا"، حەسەن بەنا بە مەرجەعی سەرەکی فیکر و پڕۆگرامی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین دادەنرێت بە شێوەیەکی گشتی، زۆر توێژینەوە و وتاری هەیە کە هەموویان لە کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئیخواندا بڵاوکراونەتەوە لە سی و چلەکانی سەدەی بیستەم، یەکەمین بڵاوکراوەی لە ساڵی ١٩٢٨ لە ڕۆژنامەی فەتح بەناوی "الدعوة إلى الله" بڵاوکردۆتەوە، کۆتا دانەشی پێش تیرۆرکردنیەتی بەناوی "بين المنعة والمحنة" لە ساڵی ١٩٤٨ لە ڕۆژنامەی ئیخوان لە هەمان مانگ.

ژیان

حەسەن بەنا لە ١٩٠٦/١٠/١٤ لە دەوروبەری ڕووباری نیل لە مەحموودییەی پارێزگای بوحەیرە لەدایکبووە، خێزانەکەی لە یەکێک لە گوندەکان بە کشتوکاڵەوە سەرقاڵ بوون بەڵام باوکی نەیکردووە و دەستی کردووە بە خوێندنی شەرعی، لەوێ دەست بە کاری کاتژمێر دەکات و بۆیە نازناوی ساعاتی پێدەبەخشن، چەندین نووسراوی ئایینی هەیە وەک: ترتيب مسند الإمام أحمد، هەروەها خاوەنی کتێبی " بدائع المنن في جمع وترتيب مسند الشافعي "ـە، حەسەن بەنا لەژێر دەستی باوکی زانستی شەرعی دەخوێنێت، بەهۆی ئەوەی باوکی گرنگی هەموو ناکۆکی فیقهی مەزهەبەکان دەزانی، بۆیە بە هەر یەکێک لە منداڵەکانی یەکێک لە مەزهەبەکانی وتەوە، مەزهەبی حەنەفیش دەکەوێتە لای حەسەن بەنا و باوکی زۆر هانی دەدا لە فێربوون و خوێندنەوە، لەگەڵ گەورەبوونی بەشداری لە چەندین کۆمەڵەی ئایینی دەکات و تاوەکوو دەبێتە سکرتێری کۆمەڵەی حەسافی بۆ چاکە لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا، کەسایەتییەکی زیرەک و ئاڵۆز بووە و مێشکێکی بەهێزی هەبووە، لە تەمەنی ١٦ ساڵی و لە ساڵی ١٩٢٣ دەڕواتە دارولعلوم لە قاهیرە و لەوێ پلەی یەکەمی خوێندنگاکە و پێنجەمی میسڕ بەدەست دەهێنێت، هەر لەوێ زانستی زیندەناسی و ڕێکخستنی حکومەت و ئابووری سیاسی و مێژوو و جوگرافیا دەخوێنێت، ساڵی ١٩٢٧ بڕوانامەی کۆتاییهێنانی بەدەست دەهێنێت، لە ماوەی ساڵانی خوێندن هەریەک لە موحیبەدین خەتیب و ڕەشید ڕەزا دەناسێ و هەزاران کتێب کۆدەکاتەوە و بەردەوام ئاگاداری ١٤ گۆڤار بووە.

کارکردن

حەسەن بەنا لەگەڵ دەستپێکردن بە وانەوتنەوە وەک مامۆستا دەست دەکات بە بانگەشە بۆ ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین و لە ساڵی ١٩٣٢ دەگەڕێتەوە بۆ قاهیرە بۆ فراوانکردنی توانا و جوگرافیا و بواری ڕێکخراوەکەی، دوای وانەوتنەوە بۆ ماوەی ١٦ ساڵ لە ساڵی ١٩٤٦ واز لە کارەکەی دێنێت و لە ڕۆژنامەی ئیخوان موسلمین کاردەکات، دواتر لە ساڵی ١٩٤٧ گۆڤاری شەهاب دەردەکات، بەڵام لەدوای هەڵوەشاندنەوەی ئیخوان لە ١٩٤٨ گۆڤارەکە ڕادەگیرێت.

دەعوە

پێش دامەزراندنی ئیخوان لە چەندین ڕێکخراوی وەک: "جمعية الأخلاق الأدبية" و "جمعية منع المحرمات" بەشدار دەبێت، دواتر فیکرەکە لە سەریدا پەرە دەسێنێت و "الجمعية الحصافية الخيرية" دادەمەزرێنێت، کە دوو کاری سەرەکی دەکاتە بنەمای ڕێکخراوەکە: بڵاوکردنەوەی فیکری ئیسلامی و ڕەوشتی بەرز و خۆپارێزی لە خراپە و حەرامی بڵاو، دووەمیشیان: خۆپارێزی لە بڵاوکردنەوەی مەسیحیەت، دوای تەواوکردنی خوێندن بەشداری لە کۆمەڵەی "مكارم الأخلاق الإسلامية" دەکات، وادیاریشە کە لە سەرەتای خوێندنەوە فیکرەی ئیخوان لەسەریدا هەبووە، چونکە لە چاوپێکەوتنێکی ئەوکات دەڵێت: "دوو خەونم هەیە دوای تەواوکردنی خوێندن، تایبەتێک و گشتییەک، تایبەتەکە بریتییە لە دڵخۆشکردنی خێزانەکەم، گشتییەکەیان ئەوەیە ببمە ڕێبەر و مامۆستایەک بۆ ئەوەی بەیانیان منداڵان فێربکەم و شەوانیش باوکان و دایکان فێربکەن کە ئامانجەکانی ئایینیان چییە و چۆن دڵخۆش بن".

دروستکردنی ئیخوان

دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆتا خەلافەتی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٢٤ لەلای هەندێک لە خەڵکی ئایین بووە شتێکی کۆن و کۆنەپەرستی و دوور لە شارستانی، زۆرێک لە ژنانی میسڕیش حیجابیان فڕێدا، بۆیە بەنا هەوڵیدا ڕێکخراوێک لە کەسە چالاکەکانی ئەزهەر و دارولعلوم پێکبهێنێت، پێکەوە بەرەو مزگەوت و چایخانەکان دەڕۆشتن و بە شێوازێکی سادە خەڵکیان بانگهێشت دەکرد بۆ دەستگرتن بە ئایینەکەیانەوە، دوای تەواوکردنی خوێندنەکەشی لە قوتابخانە و چایخانەکان بەردەوام بوو و مێژووی ئیسلامی و بنەماکانی ڕووندەکردەوە کە خۆیان لە حکومەت و میلـلەت و خێزان و تاکدا دەبیننەوە، دواتر لە ئیسماعیلییە لە مانگی سێی ساڵی ١٩٢٨ ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین دادەمەزرێنێت، پێشتر کە چەندین کەس دەهاتنە ماڵەکەی و وانەی پێدەوتنەوە داوایان دەکرد کە دەستوبرد بکەن و گەل ڕزگار بکەن لە نەزانی و دواکەوتوویی، بۆیە "مدرسة التهذيب" بۆ لەبەرکردنی قورئان دادەمەزرێنن و ئەوێ دەبێتە بنکەی ئیخوان، لەوێ یەکەمین کەسەکانی ئیخوان دەرچوون کە ژمارەیان زیاتر لە ٧٠ کەس بوو، ئیخوانەکان بە سەرۆکایەتی بەنا دەستیان کرد بە دروستکردنی مزگەوت و بڵاوکردنەوەی خوێندەواری و یارمەتی کەمدەستان، زۆر لە نەیارانی ئایینەکە و حەسەن بەنا ئەوکات بە تۆمەتی جیاجیا تۆمەتباریان دەکرد، کە دەیانوت قوتابخانەیەکی شیوعییە و پەیوەندی بە مۆسکۆوە هەیە، هەندێکیش دەیانوت حیزبی وەفدە و دەیەوێت حکومەت بڕوخێنێت، یاخود دەیانوت دژی پادشایە و پارە بە نایاسایی کۆدەکاتەوە.

ئیخوان لە هەموو شوێنەکانی وڵات بڵاوبوونەوە و لە چلەکاندا بوونە بەهێزترین ڕێکخراوی سیاسی میسڕ، لە چەند وڵاتێکی دیکەشدا لقیان کردەوە، هەرچەند بەننا هەمیشە جەختی دەکردەوە کە دامەزراوەکەی حیزبێکی سیاسی نییە بەڵکوو فیکرەیەکە هەموو بیرۆکە چاکسازیخوازەکان کۆدەکاتەوە، و دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئیسلام و وەک پڕۆگرامێکی گەورە جێبەجێی بکات، ئەم پڕۆگرامەش دەبێت لە تاکەوە بۆ خێزان و دواتر کۆمەڵگا و حکوومەت و جیهان پەرەبسێنێت.

دوای داگیرکردنی میسڕ لەلایەن بەریتانیاوە خەڵکی لە حکوومەتی میسڕ بێزاربوون و داوای دوورخستنەوەی بەریتانیایان دەکرد لە وڵاتەکە، بەننا چەندین خۆپیشاندانی ڕێکخست و تیایدا وتاری دەدا و لە یەکێکیان برینداربوو، لە خۆپیشاندانەکانی دژی دابەشکردنی فەڵەستینیشدا بەشداری دەکات و لەگەڵ زۆرێک لە سەرۆکی وڵاتانی عەرەبیدا دژی دابەشکارییەکە دەوەستێتەوە.

ساڵی ١٩٤٨ و لە دەستپێکی جەنگی عەرەب-ئیسرائیل بە توندی دژی ئیسرائیل دەوەستێتەوە و لە جەنگەکەدا ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین بە ١٠ هەزار چەکدار بە چەکی تەواوەوە بەشدار دەبن،

هەڵوەشاندنەوەی ئیخوان

بەهۆی جەنگی فەڵەستینەوە توانا و هێزی ڕێکخراوەکە دەرکەوت کە چەندە بەرانبەر وڵاتانی دژەئیسلامی بەتایبەت، ئیخوان ئەوکات فشارێکی زۆر گەورەی مەیدانی و ڕێکخراوەیی دژی حکومەتی داگیرکراوی میسڕ هەبوو و داوای دەکرد کە خۆبەخش بنێرێتە جەنگی فەڵەستین نەک سەربازانی دەوڵەت کە بە فرمانی شانشینی بەریتانیا دەجوڵێنەوە، بەهۆی چالاکی و کردارەکانیان دژی حکوومەت، بڕیاردرا بە ڕێگری لە ڕێکخراوەکە لە میسڕدا، لە شەوێکی کۆتا مانگی ١٩٤٨ بە بڕیارێکی حکوومەت هەموو لق و بنکەکانی ئیخوان دادەخرێن و ئەندامە پێشکەوتووەکانیان دەستگیردەکرێن، لەوکاتەدا لە بنکەی سەرەکی کە حەسەن بەننا لەوێ دەبێت هەموو کەسەکانی بنکەکە دەستگیردەکرێن جگە لە بەننا، ئەویش زۆر هەوڵدەدات بڕواتە نێو ئۆتۆمبێلەکانەوە بەڵام دوور دەخرێتەوە بەهۆی ئەوەی بڕیاری دەستگیرکردنی ئەویان پێ نییە، بۆیە دەڵێت "من لە هەمووان لەپێشترم بۆ ئەوەی دەستگیرم بکەن، ئەو پیاوانە مەبەن".

تیرۆرکردن

دوای ئەوەی لە ئێوارەی ١٩٤٨/١٢/٨ بڕیاردرا بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین و داراییەکان و دەستگیرکردنی ئەندامەکانی دەوروبەری بەننا و ئۆتۆمبێل و براکانی، هەرچەند داوا دەکات کە چەکەکەی بۆ بگەڕێننەوە یان پاسەوانەکەی بۆ بگەڕێننەوە و ئەو مووچەکەی پێدەدات، بەڵام وەڵام نادرێتەوە، لە کاتژمێر هەشتی ١٩٤٩/٢/١٢ لە بەردەم بنکەی کۆمەڵەی گەنجانی موسوڵمان لە شەقامی ڕەمسیس لە ئۆتۆمبێلێکەوە تەقەی لێدەکرێت و دوای چەند کاتژمێرێک لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدەدات.

پێش ئەوەی لەهۆش خۆی بچێت ژمارەی ئۆتۆمبێلەکە دەنووسێت کە "٩٩٧٩"ـیە و دواتر دەردەکەوێت ئۆتۆمبێلی بەڕێوبەری گشتی بەگژداچوونەوەی تاوانە لە وەزارەتی ناوخۆ.

دوای شۆڕشی ١٩٥٢ تاوانباران دەدرێنە دادگا و سزای زیندانیان بەسەردا دەسەپێنرێت، بەڵام دواتر بە هۆکاری تەندروستی و هۆکاری دیکە ئازاد دەکرێن و ماوەی تەواوی سزای خۆیان بەسەرنابەن.

وتەکانی

  • بیخوێنەرەوە، بیری لێبکەرەوە، بڵاوی بکەرەوە، کاری پێبکە
  • هەستە بۆ نوێژەکەت هەرکاتێک گوێ بیستی بانگ بوویت لەهەر بار و دۆخێکدا بوویت
  • قورئان بخوێنە یان کتێب بخوێنە یان گوێ بگرە یان زیکر و یادی خوا بکە و ڕێگە مەدە هیچ کاتێکت تێپەڕێت بەبێ ئەوەی سودی لێوەرگریت.
  • هەوڵبدە خۆت فێری عەرەبی پاراو و فوصحە بکەیت "ئەم قسانەی بۆ عەرەب کردووە چونکە زۆرینەی عەرەب بە لەهجەی جڵفە و ناوخۆیی قسە دەکەن نەوەک بەو عەرەبیەی کە قورئانی پێدابەزیوە واتە نەک گەلە ناعەرەبەکان بەڵکو زۆرینەی عەرەبەکانیش ئەوزمانی عەرەبیە نازانن کە قورئانی پێنوسراوە"
  • زۆر چەلەحانێ مەکە لەسەر هیچ باسێک هەرچیبێت ئەو باسە چونکە چەلەحانی خێری تێدا نیە.
  • زۆر کاتت بە پێکەنین بەسەر مەبە چونکە دڵی پەیوەست بەخوا ئارام و بەویقارە.
  • زۆر گاڵتەوگەپ مەکە چونکە گەلی تێکۆشەر تەنها کاری جدی دەزانن
  • دەنگت بەرز مەکەرەوە لە ئاستی پێویست
  • دوور کەوەرەوە لە غەیبەتی کەسەکان و شکاندنی تاقم و گروپەکان وە قسەی خێر نەبێت مەیکە
  • هەرکەسێکت پێگەیشت لە هاوکاروانیانت یەکتر ناسین ئەنجام بدەن ئەگەر لێشی داوا نەکردیت چونکە بنچینەی بانگەوازەکەمان لەسەر خۆشەویستی و یەکتر ناسینە
  • کارە پێویستەکان زیاترن لە کاتەکان هاوکاری کەسانیتر بکە لەکارەکاندا بۆ ئەوەی کەمترین کاتی تێبچێت.


سەرچاوەکان



751 بینین