ناوهڕۆك
مورسی
محەمەد مورسی ناوی تەواوی محەمەد محەمەد مورسی عیسا عەیاتە، پێنجەمین سەرۆک کۆماری میسڕی عەرەبییە، و یەکەمین سەرۆکە لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرابێت، کە بەهۆی شۆڕشی ٢٥ـی کانوونی دووەمەوە ڕوویدا، لە ڕۆژی ٢٠١٢/٦/٢٤ بە ڕێژەی %٥١,٧٣ دەنگ بوو بە سەرۆک کۆماری میسڕ، ساڵێک دواتر و لە ساڵی ٢٠١٣ لەدوای خۆپیشاندانەکانی ٦/٣٠ لەلایەن سەرداری یەکەم (عەبدولفەتاح سیسی) و سوپاوە لە پێگەکەی دوورخرایەوە زیندانی کرا، هەتاوەکوو کۆچی دوایی لە زینداندا مایەوە لە ساڵی ٢٠١٩.
محەمەد مورسی بە پاساوی سیخوڕی بۆ قەتەڕ و بزووتنەوەی حەماس و دەرخستنی نهێنی ئاسایشی نیشتمانی لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا زیندانی کرا، لەدوای دامەزراندنی حیزبی ئازادی و دادگەری لە ساڵی ٢٠١١ دەبێتە سەرۆکی حیزبەکە و یەکێک بووە لە ئەندامانی مەکتەبی ئیرشادی ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین، لە ماوەی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٥ جێگری پێشووی ئەنجوومەنی گەلی میسڕ بووە.
مورسی خاوەنی بڕوانامەی ئەندازیاری میکانیکی و دکتۆرایە لە ئەندازیاری ماددەکان.
ژیانی
محەمەد مورسی لە ١٩٥١/٨/٨ لە گوندی عەدوەی پارێزگای شەرقییەی میسڕ لەدایکبووە، دواتر بۆ خوێندن ڕوودەکاتە قاهیرە و لە ماوەی ١٩٧٥-١٩٧٦ خزمەتی سوپای میسڕ دەکات لە بەشی چەکی کیمیایی لە فیرقەی دووەمی پیادە، ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ نەجلا مەحموود هاوسەرگیری دەکات و پێنج منداڵی هەیە بەناوەکانی: ئەحمەد، شەیما، ئوسامە، عومەر، عەبدوڵا.
مورسی ساڵی ١٩٧٥ لە کۆلێژی قاهیرە دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە ئەندازیاریدا بە پلەی نایاب، دواتر دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی ماجێستێر لە ئەندازیاری کانزاکان لە ساڵی ١٩٧٨، لە ئەمریکا و لە ساڵی ١٩٨٢ لە کۆلێژی کالیفۆرنیا دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا.
دواتر لە زانکۆی قاهیرە دەبێتە وانەبێژ و مامۆستا و و لە نێوان ساڵانی ١٩٨٢ بۆ ١٩٨٥ لە ئەمریکا وانەبێژی یاریدەدەر بووە، لە ماوەی ١٩٨٥ بۆ ٢٠١٠ سەرۆک بەشی ئەندازیاری ماددەکان بووە لە زانکۆی زقازیق، لە هەریەک لە لیبیا و میسڕ و لۆس ئەنجلۆس و کالیفۆرنیا وانەی وتوەتەوە، دەیان توێژینەوەی لە بواری پرۆسەی ئاسنی ڕووکەش هەیە، لەگەڵ هەریەک لە کۆمپانیای ناسا و حکوومەتی ئەمریکا کاری کردووە بەهۆی شارەزاییەوە لە ماددە و کانزاکان، لەوێ چەندین توێژینەوە و داهێنان دەکات لەو ماددانەی کە لە گەرمی زۆر بەرزدا ناتوێنەوە بۆ بۆشایی ئاسمان.
کاری سیاسی
لە ساڵی ١٩٧٧ بە شێوەیەکی فیکری و ساڵی ١٩٧٩ دەبێتە ئەندامی ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین، لە بەشی سیاسی ڕێکخراوەکە لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە دەستی بە کارکردووە، لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٥ و ٢٠٠٠ براوە دەبێت و دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی گەلی میسڕی و وتەبێژی فراکسیۆنی ئیخوان دەبێت، چالاکترین ئەندام پەرلەمانی ئەوکاتە دەبێت و ئەندامی لیژنەی شەرقیە دەبێت بۆ بەگژداچوونەوەی زایۆنیزم و لە لیژنەی دەستپاکی و کۆنگرەی نێودەوڵەتی حیزب و هێزە سیاسییەکان بەشداربووە، ساڵی ٢٠٠٤ بەشدارە لە دروستکردنی بەرەی گەل نیشتمانی بۆ گۆڕان (الجبهة الوطنية للتغيير)، ساڵی ٢٠١١ لەگەڵ ٤٠ حیزبی دیکە بەرەی دیموکراتی لەپێناو میسڕدا (التحالف الديمقراطي من أجل مصر) دروست دەکەن، ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری ئیخوان لە ٢٠١١/٤/٣٠ وەک سەرۆکی حیزبی ئازادی و دادپەروەری (حزب الحرية والعدالة) هەڵیدەبژێرن.
دەست بەسەرکردن
لە بەرواری ٢٠٠٦/٥/١٨ لەبەردەم دادگای قاهیرەدا لەگەڵ ٥٠٠ ئەندامی دیکەی ئیخوان دەستگیردەکرێت بەهۆی بەشداری لە خۆپیشانداندا دژی ساختەکارییەکانی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥، و بۆ ماوەی ٧ مانگ لە گرتووخانە مایەوە، لە ڕۆژی هەینی لە ٢٠١١/١/٢٨ لە ماوەی شۆڕشی یەنایەر لەگەڵ ٣٤ سەرکردەی دیکەی ئیخوان دەستگیردەکرێت بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێبکەن لە بەشداریکردن لە چوارەم ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی میسڕ، دوو ڕۆژ دواتر لەلایەن خەڵکی شوێنەکەوە ئازاد دەکرێن، بەڵام ڕەتی دەکاتەوە بێتە دەرەوە و پەیوەندی بە ڕاگەیاندنەکانەوە دەکات بۆ ئەوەی لیژنەی دادوەری بنێرن بۆ ئەوەی بزانێت بە چ تاوانێک دەستگیرکراون چونکە دادگایی نەکرابوون.
جیا لە خۆیشی سێ لە کوڕەکانی بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە تووشی گرتن و لێدان بوونەتەوە و عەبدوڵای کوڕی بۆ ماوەی ٣٥ کاتژمێر بە درەختێکەوە دەبەسترێتەوە و ئێسکەکانی دەشکێنرێن.
بوون بە سەرۆک کۆمار
لە ڕۆژی ٢٣ و ٢٤ـی ٥ـی ٢٠١٢ خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار لە میسڕ بەڕێوەچوو، پێشتر حیزبی ئازادی و دادپەروەری بە ڕاوێژکاری لەگەڵ ئیخوان موسلمین لەو هەڵبژاردنەدا خەیرەت شاتریان هەڵبژاردبوو، بەڵام بە یەدەگ محەمەد مورسی دادەنێن نەوەک مەرجەکانی خەیرەت شاتر نەگونجێت، دوای ڕەتکردنەوەی شاتر لەلایەن لیژنەی هەڵبژاردنەوە محەمەد مورسی مەرجەکانی قبووڵی دەکەن و وەردەگیرێت، لە ڕۆژی ٢٣ و ٢٤ـی مانگ هەڵبژاردن دەکرێت و کاندیدەکان ناگەنە ڕێژەی %٥٠، بۆیە لە ١٦ و ١٧ـی حوزەیرانی هەمان ساڵ خولی دووەمی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێتەوە، لە ڕۆژی ٢٠١٢/٦/٢٤ ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێن و محەمەد مورسی بە ڕێژەی %٥١,٧ سەرکەوتوو دەبێت، بەوەش دەبێتە یەکەمین سەرۆک کۆماری میسڕ کە بە شێوەیەکی دیموکراسی هەڵبژێردرێت، دوای چەند کاتژمێرێک لە بردنەوەی محەمەد مورسی وازهێنانی خۆی لە سەرۆکایەتی حیزبی ئازادی و دادپەروەری و مەکتەبی ئیرشادی ئیخوان ڕاگەیاند.
ماوەی سەرۆکایەتی
لە ماوەی سەرۆکایەتیدا سەردانی زۆرێک لە وڵاتان دەکات و بۆ یەکەمین جار لە دوای ساڵی ١٩٧٩ـەوە سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات وەک سەرۆکی کۆماری میسڕ، دواتر لە ڕۆژی شەشەمی مانگی شوباتی ٢٠١٣ پێشوازی لە لوتکەی دوانزەیەمی ئیسلامی دەکات لە قاهیرە، پێشووتریش لە ساڵی ٢٠١٢ بە سەردانی لوتکەی وڵاتانی بێ لایەنی کردبوو لە ئێران.
لەدوای شەڕی غەزە و ئیسرائیل بە وتارێک بەرگری لە فەڵەستینییەکان دەکات و دەڵێت: "غەزە بە تەنیا جێناهێڵین، میسڕی ئەمڕۆ جیاوازە لە دوێنێ"، چەند جارێک لەگەڵ هەریەک لە ئیسماعیل هەنیە و خالید مەشعەل دەردەکەوێت و پەیوەندییەکانیان گەرمتر دەکەنەوە، دواتریش سەرۆک وەزیرانی پێشوو دەنێردرێت بۆ هەموو هاوکارییەک بە غەزە و بەوەش زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژاوا و لایەنگرانی ئیسرائیل تووڕەدەکات، دواتریش بە شێوەیەکی دیبلۆماسی توانی جەنگی نێوان هەردوولا ڕابگرێت بە ئاگربەستێک کە لەلایەن میسڕەوە پێشکەش کرابوو.
کودەتا
لە کۆتایی نیسانی ٢٠١٣ جوڵانەوەیەک داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی میسڕی کرد کە گوایە واژووی ٢٢ ملیۆن میسڕی کۆکردوەتەوە دژی مورسی، کە دواتر دەرکەوت بە پلانی ئیماڕات بووە، بەهۆی ئەمەشەوە لە ڕۆژی ٣٠/٦ خۆپیشاندان دژی دەسەڵات دەستی پێکرد.
سوپای میسڕ لە ڕۆژی ٢٠١٣/٧/١ لە بڵاوکراوەیەکیدا ڕایگەیاند کە ئەگەر لە ماوەی ٤٨ کاتژمێر ویستی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەکرێت متمانە لە سەرۆکایەتی وەردەگرنەوە، لە ڕۆژی ٢٠١٣/٧/٣ سوپای میسڕ دەستی بەسەر وڵاتدا گرت و محەمەد مورسی دەستگیرکرا.
هەریەک لە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و فەڕەنسا و سعودیە و ئیماڕات و ئوردن و سوریا و سودان پشتگیری خۆیان بۆ بەرەی گەلی میسڕ دووپات کردەوە دژی سەرۆکایەتی میسڕ.
داواکردن بۆ گەڕانەوەی مورسی
لە ڕۆژی ٢٠١٣/٦/٢٨ سەدان هەزار پاڵپشتیکاری مورسی ڕژانە شەقامەکان و مەیدانی ڕابیعەی عەدەوی بۆ ئەوەی داوا بکەن محەمەد مورسی لەسەر حوکم بمێنێتەوە و هەڵمەتەکەی سوپایان بە کودەتا ناوبرد و خۆپیشاندانەکانیش ماوەی ٤٨ ڕۆژی خایاند، خۆپیشاندانێکی هێمن و بەبێ توندوتیژی لەلایەن پاڵپشتیکارانی مورسییەوە ئەنجامدرا و محەمەد بەدیعی سەرۆکی ئیخوان وتی: "هێمنییەکەمان لە فیشەک بەهێزترە"، لە ڕۆژی ١٤ـی ئاب سوپای میسڕ ڕژایە نێو خۆپیشاندەران و سەدان کەسی لێ کوشتن، کە ژمارەیان بەپێی زانیارییەکانی میسڕ ٦٢٨ کەسن، بەڵام بەپێی ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی وڵات ژمارەیان لە ٥ هەزار کەس زیاترە.
دەستگیرکردنی مورسی
لە سەرەتای مانگی ٩ـی ٢٠١٣ دادگای تاوانەکانی میسڕ فرمانی دەستگیرکردنی مورسی دەرکرد بە تاوانی هاندان بۆ کوشتن و کاری توندوتیژی دژی خۆپیشاندەرانی بەردەم کۆشکی فیدراڵی لە ٢٠١٢، کە تێیدا حەوت کەس کوژران.
بەڵام محەمەد مورسی ڕەتی دەکاتەوە وەڵام بداتەوە و داوا دەکات بە یاسا و دەستوور دادگایی بکرێت، لە ڕۆژی ٢٠١٥/٢/١٧ دادگای باڵای میسڕ مورسی دەسپێرێت بە دادگای سەربازی، لە ڕۆژی ٢٠١٥/٤/٢١ دادگا سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنێت، لە ڕۆژی شەممەی ٢٠١٦/٦/١٨ دادگا بۆ جارێکی دیکە بە تاوانی سیخوڕی بۆ وڵاتی قەتەڕ سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنێت.
کۆچی دوایی
لە رۆژی ٢٠١٩/٦/١٧ لە دانیشتنی دادگا بۆ کەیسی سیخوڕی بۆ قەتەڕ محەمەد مورسی بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لەهۆش خۆی دەچێت، و لەکاتی گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات، هەرچەند نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوایان کرد لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنە لەناکاوەکەی بکرێت، خێزانەکەی مورسی سەرانی دادگا و حکومەتیان تۆمەتبار کرد بەوەی مورسی نەخۆشی شەکرە و فشاری خوێنی هەبووە و گوێیان پێنەداوە و دەرمانەکانی وەرنەگرتووە، لەدوای ئەوەشی لەهۆش خۆی دەچێت بۆ ماوەی سێ کاتژمێر دەیهڵێنەوە.