ناوهڕۆك
ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی
نووسەری ناوداری ئەمریکی دێل کارنگی (بە ئینگلیزی Dale Carnegie، بە عەرەبی: دیل کارنیجی)، لە ساڵی 1888 لە شاری "ماڕیڤاڵ" لە ویلایەتی "میزوری" ئەمریکا لەدایکبووە، لە خێزانێکی جوتیاری هەژار پەروەردە کراوە، هەر لە مناڵییەوە بەهۆی هەژارییەوە لە قوتابخانە لەگەڵ هاوڕێکانی هەستی بە کەمی و جیاوازی خوی کردووە، ئەو هەستەی ڕێگر بووە کە بەشداری چالاکییە جیاوازەکانی خوێندنگە بکات نموونەی چالاکییە وەرزشییەکان، بۆیە بە ناچاری چووەتە تیمێکی بچووکی تاوتوێ کردن و گفتوگۆکردنی بابەتە هەمەجۆرەکان لە قوتابخانەکەیان، لەو تیمەدا زۆر بە توانا و لێهاتوو بوو، هەر لەو تەمەنەوە تایبەتمەندی وتاربێژی و ڕەوانبێژی تێدا بەدی کراوە قسەکەر و قایلکەرێکی زۆر باش بووە، لە ساڵەکانی خوێندنی قوتابخانە هەمیشە تیمەکەی براوەی خوێندنگەکان بووە، پاشان لە "کۆلێژی وارینسبرێج" تایبەت بە مامۆستایی و وانەوتنەوە وەرگیراوە، لە دوای تەواوکردنی خوێندنی کاری هەمەجۆری کردووە بۆ دابینکردنی پژێوی ژیانی، چووەتە "ویلایەتی نبراسکا" وەکوو دەڵاڵ و بانگەشەکارێک بۆ قوتابخانەیەک کاری کرد بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، پاشان لە تەمەنی 20 ساڵیدا کاری فرۆشتنی کردووە بۆ یەکێک لە کۆمپانیاکانی گۆشتی لەقوتوکراو، لەم کارەیدا زۆر سەرکەوتوو بووە و کراوەتە بەڕێوبەری یەکێک لە لقەکانی کۆمپانیاکە، بەڵام دوای دوو ساڵ وازی لە کارەکەی هێنا و چووە نیویۆرک بۆ خوێندنی "ئەکادیمی ئەمریکا بۆ هونەری نواندن"، بەڵام دوای نۆ مانگ بەجێی هێشتووە و تەواوی نەکردووە، بۆ ماوەیەک لە بواری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل کاری کردووە بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، دوای ئەو ژمارە زۆرە لە ئەزموونی کارکردن لە ساڵی 1912 هەنگاوێکی گرنگی لە ژیانی ناوە و بووە خاڵی وەرچەرخانی ژیانی، وەکوو مامۆستای ڕەوانبێژی و وتاربێژی لە "کۆمەڵەی گەنجانی کریستیان لە نیویۆرک" دەستیکرد بە وانە وتنەوە، لەم کارەی زۆر سەرکەوتوو بووە و بە خۆشەویستییەوە كارەکەی ئەنجام داوە، پاشان قۆناغێکی نوێ لە ژیانی دەستیپێکرد، بۆیە پەیمانگایەکی تایبەتی لە نیویۆرک دامەزراند بە ناوی "پەیمانگای کارنگی بۆ هونەری وتاربێژی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان"، لەم پەیمانگایەیدا چەند پڕۆگرامێکی تایبەتی بە بابەتەکانی گەشەپێدانی مرۆییەوە داڕشت و زۆر بە لێهاتوویی بابەتەکانی پێشکەش دەکرد و کاریگەری لە بەژداربووان دەکرد، بەهۆی سەرکەوتوویی و بەتوانایی لە کارەکەیدا توانی نزیکەی 300 لقی هاوشێوە لە شار و ویلایەتەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنەدا و نەرویج بکاتەوە، ساڵانە ژماری خوێندکاران و بەشداربووانی خولەکەی دەگەیشتە پانزە هەزار خوێندکار.
بەرهەمەکانی دێل کارنگی
هەموو بەرهەمەکانی بە شێوازێکی سادە و ئاسان نووسیوەتەوە، بابەتەکانی بە گشتی لە ژانەری گەشەپێدانی مرۆییە و بە زمانێکی کاریگەر و ڕەوان مەبەستەکەی دەگەیەنێت، کارنگی بە دانەر و پێشەوای زانستەکانی گەشەپێدانی مرۆیی دادەنرێت، کتێبەکانی لە هەموو جیهاندا ناوبانگی هەیە و پڕفرۆشترینن لە مێژوودا، بۆ چەندان زمان وەرگێڕانیان بۆ کراوە، گرنگترین بەرهەمەکانی ئەمانەن:
ـ واز لە دوودڵی بهێنە و دەستبکە بە ژیان: ئەم کتێبە کۆمەڵە چیرۆکێکی سادە و کاریگەر لەخۆدەگرێت و لە سی بەش پێکهاتووە، بە دەربڕینی سادە و ئاسان یاساکانی دڵخۆشی و ئارامی ژیان لە ڕێگای چیرۆکەکانی نێو کتێبەکە دەخاتە ڕوو، هەر بۆیە ئەم کتێبەی پڕ فرۆشترین کتێبەکانی جیهانە و لە ساڵی 1948 بڵاوکراوەتەوە و بۆ چەندین زمانی دوونیا وەڕگێڕانی بۆ کراوە، دێل کارنگی نزیکەی شەش ساڵی خایاندووە لە نووسینەوەی کتێبەکە.
ـ هونەری هاوڕێگرتن و چۆن کاریگەری لە خەڵکی دەکەیت: ئەم بەرهەمە لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی جیهانە و نزیکەی 16 ملیۆن لەبەرگیراوەی لێ فرۆشراوە و بۆ چەندان زمان وەرگێڕانی بۆ کراوە، بابەتی سەرەکی بریتییە لە چۆنێتی هاوڕێگرتن، لە پێنج بەش پێکهاتووە، لە ساڵی 1936 بڵاوکراوەتەوە.
ـ هونەری وتاربێژی: ئەم کتێبە بیرۆکەی بەنرخی تێدایە بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن و ڕەفتار کردن لەگەڵ خەڵک، گفتوگۆ لەسەر شێوازەکان و بەدەستهێنانی ئەنجامە مەزنەکان دەکات لەکاتی پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵکانی تردا.
ـ چۆن سەرکەوتن بەدەست بهێنین: لەم کتێبەدا دێل کارنگی کۆمەڵێک پێشنیاری گرنگ دەکات بۆ یارمەتیدان و باشترکردنی کار و پیشە هەمەجۆرەکان.
ـ هونەری مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکیدا: لەم کتێبەدا دێل کارنگی چەند ڕێگا و شێوازێکی گونجاو و هەمەجۆر دەخاتە ڕوو بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ خەڵکی و چەند بنەمایەکی داناوە بۆ چۆنیەتی ژیانکرن بە شێوەیەکی سەرکەوتوو.
ـ ئەو 25 کەسایەتییەی جیهان کە مێژووان گۆڕی: ئەم کتێبە باس لە ژیاننامەی زۆرێک لە کەسایەتییە ناودارەکانی مێژوو دەکات کە جیهانیان گۆڕیوە و کاریگەرییان هەبووە لە مێژوودا.
باری خێزانی
هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ خوێندکارێکی خۆی بە ناوی "دۆرۆسی" تاکوو کۆتایی تەمەنی هەر بەیەکەوە ژیاون.
کۆچی دوایی
لە ساڵی 1955 بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی لیمفۆمای هۆدگن (گرێی شێرپەنجەیی نێو لیمفەگرێکان، جۆرێکە لە شێرپەنجەی خوێن) لە نیویۆرک کۆچی دوایی کردووە، دەنگۆیەک هەیە کە هۆکاری کۆچی دوایی دێل کارنگی دەگێڕنەوە بۆ خۆکووشتن کە گوایە تووشی خەمۆکی توند بووە و خۆی کووشتووە، بەڵام ڕاستترین هۆکار کە تۆمارکراوە ئەوەیە کە لە ساڵانی کۆتایی تەمەنی دێل کارنگی دووچاری نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بووەتەوە و هەر بەو هۆیەشەوە کۆچی دوایی کردووە.