دۆستۆیڤسکی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-08-01:49:00 - کۆدی بابەت: 7128
دۆستۆیڤسکی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

فیۆدۆر میخائیلۆڤیچ دۆستۆیڤسکی (بە ئینگلیزی: Fyodor Dostoyevsky، بە عەرەبی: فيودور دوستويفسكي) نووسەر و ڕۆماننووسی ناوداری ڕووسی لە ساڵی 1821 لە مۆسکۆ لەدایکبووە، لە خێزانێکێ پەیوەست بە ئاین و ڕێبازی مەسیحییەت و چینی ناوەند پەروەردە کراوە، باوکی کە ناوی "میخائێل" بووە سەربازێکی خانەنشین بووە و وەکوو پزیشکی سووپا کاری کردووە، زۆر توند بووە لەگەڵ منداڵەکانی، دایکی ناوی "ماریا" بووە و خانمێکی خوێندەوار بووە، كاریگەری لەسەر کەسایەتی دۆستۆیڤسکی دروستکردووە، لە تەمەنی لاوییەوە خولیا و ئارەزووی بۆ ئەدەب و نووسین هەبووە، گەنجێکی زیرەک و لێهاتوو بووە، چووەتە کۆلێجی ئەندازیاریی و سێیەمی سەر بەشەکەی بووە، لەو سەردەمەدا بارودۆخی سیاسی وڵاتی ڕووسیا ناجێگیر و ئاڵۆز بووە و بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕییوە، بۆیە خزمەتی سەربازی بۆ گەنجان زۆرەملێ بووە دۆستۆیڤسکی زۆر ڕقی لە سەربازی بووە بە ناچاری ئەنجامی داوە، لە تەمەنی گەنجیدا دووچاری چەندین كێشەوبەرە و ململانێ بووەتەوە بەهۆی بەشداریکردن لە چالاکییە شۆڕشگێڕییەکانی دژی ئیمپڕاتۆری ڕووسیا و مەسیحییەت لە ساڵی 1849 زیندانی کراوە و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەڵام دواتر لە دواساتەکانی بڕیاڕەکە جێبەجێ نەکراوە و بەر لێخۆشبوونی گشتی کەوتووە، سزاکەی دەگۆڕدرێت بۆ چوار ساڵ زیندانیکردن بە کاری سەخت لە گرتوخانەیەکی سیبریا و چوار ساڵی تر سەربازی لە سووپادا ئەم ڕووداوە خاڵی وەرچەرخانی ژیانی بووە، هەروەها لە دوای کۆچی دوایی باوکی باری تەندروستی زۆر خراپ بووە و بەدەست نەخۆشی پەرکەمەوە دەیناڵاند، سەرباری هەموو ئەمانە قۆناغەکانی خوێندنی بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە و بووەتە نووسەرێکی ناوداری ڕووسیا.

شێوازی نووسین و بەرهەمەکانی

شێوازی نووسینی دۆستۆیڤسکی ناوازە و قوڵە بەرهەمەکانی نووسینی لە ڕۆمان و کورتەچیرۆک و چیرۆکی درێژ پێکهاتون، ناوەڕۆکی بابەتەکان تایبەتمەندن بە فەلسەفە و سایکۆلۆجی و بوونگەرایی و ئایینزانی و ڕەخنە و تێڕوانینی ئەدەبی، بابەتی نووسینەکانی هەمەجۆرن لەبارەی هەژاریی و خۆکوشتن و فێڵ و تەڵەکەبازیی و ستەم و زۆرداریی و ڕەوشت و بەها کۆمەڵایتییەکانەوەن، بابەتە دەروونییەکانی فەلسەفی و قوڵن دۆستۆیڤسکی وەکوو فەیلەسوفێکی مێژوویی ناودار ناسراوە، لە زۆرێک لە کارەکانیدا زۆر بە ڕوونی پێکهاتەی ئاڵۆزی کۆمەڵگای ڕووسی ئەو سەردەمەی خستووتەڕوو، نووسینەکانی پێش چوونە زیندانی بە شێوازێکی واقعیی و ڕەخنەگرانە بووە، لە پاش زیندان شێوازێکی تایبەت بەخۆی هەڵبژارد و نووسینەکانی تا ڕادەیەک مۆرکی بابەتە ئاینیەکانی پێوە دیار بووە بە تایبەتی بابەتەکانی پەیوەست بە ئۆرتۆدۆکسی ڕووسیاوە (ڕێبازێکی ئاینی مەسیحییەتە)، یەکەمین بەرهەمی لە تەمەنی 25 ساڵی بڵاوکردووەتەوە بە ناوی "گەلی هەژاران"، دواتر ژمارەیەک چیرۆکی درێژ بڵاو دەکاتەوە کە دیارترینیان "شەوە ڕووناکەکان" بووە، ڕێچکەی ئەدەبی تایبەت بە خۆی هەبووە و شاکارە ئەدەبییەکانی تاکوو ئێستا پڕخوێنەرترین بەرهەمی ئەدەبین لە جیهاندا.

گرنگترین بەرهەمەکانی کە وەرگێڕانی زمانی کوردیان بۆ کراوە

  • تاوان و سزا
  • برایانی کارامازۆڤ
  • قومارچی
  • سوک و ڕسواکراوەکان
  • هاوزا
  • هەژاران
  • مێردی هەمیشەیی
  • شەوە ڕۆشنەکان
  • بێگانە

باری خێرانی

لە ساڵی 1857 هاوسەرگیری لەگەڵ "ماریا دیمیترییڤنا" کردووە پەیوەندی نێوانیان ئاڵۆز بووە، بەڵام ئەوینێکی سەیر لە نێوانیاندا هەبووە و هاوسەرگیرییەکەیان لە ساڵی 1864 بە کۆچی دوایی ماریا کۆتایی هاتووە، لە پاش کۆچی دوایی ژنی یەکەمی، دۆستۆیڤسکی هاوسەرگیری لەگەڵ "ئانا گریگۆریڤنا" کردووەتەوە تا کۆچی دوایی دۆستۆیڤسکی هەر بە یەکەوە بوونە و لە پاش کۆچی دوایی ئانا ئەرکی فرۆشتنی بەرهەمەکانی لەئەستۆ گرتووە.

کۆچی دوایی

چوونکە دووچاری نەخۆشی فێ ببوو، بەهۆی دووبارە بوونەوەی زۆر دووبارەبوونەوەی نۆرە فێیەکان کە لەم نەخۆشییەدا ڕوودەدات تووشی ئاوسانی سییەکان بوو، هەر ئەوەش بووە هۆی تووشبوونی بە خوێنبەربوونی سییەکان کە هۆکاری سەرەکی کۆچی دوایی بوو لە ساڵی 1889، خانوەکەی کرایە مۆزەخانە و لە ڕووسیا و ئەڵمانیا پەیکەری بۆ درووستکراوه، ڕۆمانەکانی بوونە پڕخوێنەرترین کتێبەکانی جیهان، تاکوو ئێستاش گرنگی بە بەرهەمکانی ئەدرێت و وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی تەماشایان دەکرێت. 


سەرچاوەکان



714 بینین