ناوهڕۆك
ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی
زەین ئەلعابدین بن عەلی (بە عەرەبی: زين العابدین بن علي) سەرۆکی پێشووی وڵاتی تونس لە ساڵی 1936 لە تونس لەدایکبووە، لە قۆناغی خوێندنی ئامادەیی بووەتە ئەندامی بەرگری نیشتمانی دژی دەسەڵاتی داگیرکاری فەڕەنسا لە تونس، بەهۆی هەڵوێستەکانی دژی داگیرکاری فەڕەنسی زیندانی کراوە و لە خوێندن دابڕاوە، پاشان خوێندنی ئامادەیی تەواوکردووە و چووەتە کۆلێجی سەربازی "سا سێیر" لە فەڕەنسا، دواتر نێردراوە بۆ ئەمریکا بۆ خوێندنی باڵای سەربازی لە بواری هەواڵگری و ئاسایشی نێودەوڵەتی، دوای گەڕانەوەی بۆ تونس بۆ ماوەی 10 ساڵ سەرۆکی ئاسایشی سەربازی وڵاتەکەی بووە، پاشان لە وڵاتی مەغریب و ئیسپانیا خزمەتی سەربازی کردووە و لە ساڵی 1977 بووەتە بەرپرسی گشتی ئاسایشی نیشتمانی تونس.
ئەزموونی سیاسی
ـ پلەو پۆستەکانی پێش سەرۆکایەتی: بۆ ماوەی چوار ساڵ وەکوو نێردراو و باڵوێزی تونس لە وارسۆی پایتەختی پۆڵەندا دیارییکراوە، لە ساڵی 1986 وەکوو وەزیری ناوخۆی وڵات هەڵبژێردراوە، هەروەها لە ساڵی 1987 وەکوو سەرۆک وەزیرانی تونس هەڵبژێردراوە.
ـ وەرگرتنی دەسەڵات و سەرۆکایەتی: لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 1987 بە پلانێک بن عەلی کودەتایەکی دژی سەرۆکی ئەو کاتەی تونس "حەبیب بورقییە" ئەنجام دا، زەین ئەلعابدین خۆی وەکوو دووەمین سەرۆکی وڵاتی تونس دەستبەکار بوو، سەرۆکی پێشوشی لە ماڵەکەی دەستبەسەر کرد تا ئەو کاتەی لە ساڵی 2000 کۆچی دوایی کرد، بن عەلی بۆ ماوەی 23 ساڵ سەرۆکایەتی وڵاتی تونسی کردووە.
ـ کەسایەتی بن عەلی: کەسایتییەکی کراوە بوو بەڕووی بیروهزری ڕۆژئاوا و ئەوروپا، دژی دابوونەریت و ئاین بووە، لە سەردەمی دەسەڵاتیدا حیجاب و باڵاپۆشی لە بەشێک لە دامودەزگاکان قەدەغە کردووە، هەروەها دیکتاتۆرێکی قۆڕخکاری دەسەڵات و سامانی وڵات بووە.
ـ بارودۆخی گەل لە سەردەمی دەسەڵاتی: زۆرێک لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و بەرهەڵستکارانی دەسەڵات زیندانی کرابوون، چوونکە ئازادی ڕادەربڕین سنوردار بوو لەو وڵاتە، ڕێژەی بێکاری گەنجان لە ئاستێکی باڵادا بووە، هەروەها زەین ئەلعابدین و خێزانەکەی سەروەت و دەسەڵاتەکانی وڵاتیان لە هەموو لایەکەوە بۆ بەڕژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان بەکاردەهێنا.
هەڵگیرسانی شۆڕش دژی دەسەڵاتی بن عەلی
ڕووداوێکی سادە بووە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی تونس و بووە دەستپێک و پاڵنەرێک بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و لەناوچوونی چەند دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر لە وڵاتانی عەرەبی، لە 17ی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2010 گەنجێک بە ناوی "محەمەد بوعەزیزی" لە ناوچەی سەیدی بوزید ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا وەک ناڕەزایی دەربڕینێک لە بەرامبەر دەستەبەسەرداگرتنی ئەو عەرەبانەیەی کە سەوزە و میوەی لەسەر دەفرۆشت، لەلایەن پۆلیس و شارەوانی شارەکەی دەستی بەسەردا گیرا، هەروەها دەسەڵاتدارانی ناوچەکەی سکاڵاکەیان ڕەتکردەوە کە لەبەرامبەر کچە پۆلیسێک بە ناوی " فادیە حەمدی" تۆماری کردبوو بەهۆی ئەوەی لە نێو خەڵکیدا سوکایەتی پێکردبوو، لێیدابوو و قسەی نەشیاوی پێ گوتبوو، ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی لە ناوچە جیاجیاکانی تونس خۆپیشاندان و ڕێپێوانی ئاشتیانە ئەنجام بدەن، بەڵام ڕژێمی دەسەڵات بە توندووتیژی و کوشتن بەرپەرچی دانەوە، سەرۆکی وڵات زەین ئەلعابدین لە چەند گوتارێکی بەپەلە دەرکەوت و بەڵێنی چاکسازیی و گۆڕانکاری دا، بەڵام گەلی تونس ڕازی نەبوون خۆپیشاندان گۆڕدرا بۆ شۆڕش و ڕاپەڕینی گەل سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە، لە 14ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2011 زەین ئەلعابدین بن عەلی لە دوای 23 ساڵ حوکومڕانی لە پۆستەکەی لادرا و هەڵهات بۆ وڵاتی سعودیە و هەر لەوێ مایەوە تاکوو کۆچی دوایی، لە دوای هەڵهاتنی چەند بڕیارێکی دادگایی لە دژی دەرچوون، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی خۆپیشاندەران و کەسانی بێتاوان، قۆرخکردنی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆی و بەهەدەردانی سامانی وڵات، بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەرچوو، ڕووداوی لەکارلابردنی زەین ئەلعابدین و شۆڕشی تونس، بوونە هۆی دروستبوونی بڵێسەی بەهاری عەرەبی و شۆڕش و ڕاپەڕینەکان لە وڵاتانی عەرەبی هاوشێوەی میسڕ و سوریا و لیبیا و یەمەن، هەروەها بوونە هۆی ڕووخاندنی چەند دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری عەرەبی نموونەی حوسنی موبارەک و موعەممەر قەزافی.
باری خێزانی
بن عەلی دوو جار هاوسەرگیری ئەنجامداوە، هاوسەرگیری یەکەمی لەگەڵ کچی جەنەڕاڵ محەمەد کافی کردووە بەناوی "نەعیمە کافی" و بوونەتە خاوەنی سێ کچ بە ناوەکانی غەزوە و درساف و سیرین، بەڵام لە ساڵی 1987 بن عەلی لێی جیابووەتەوە و هاوسەرگیری لەگەڵ "لەیلا تەرابلووسی" کردووە لە دوای ئەوەی پەیوەندییەکی خۆشەویستی نهێنی لەنێوانیاندا هەبووە سەرباری ئەوەی بن عەلی خێزانداریش بووە، لە هاوسەری دووەمی بوونەتە خاوەنی دوو منداڵ بە ناوەکانی حەلیمە و محەمەد.
كۆچی دوایی
زەین ئەلعابدین لە 19ی ئەیلولی ساڵی 2019 لە تەمەنی 83 ساڵی لە نەخۆشخانەیەکی شاری جدەی سعودیە کە بەدەست نەخۆشییەوە دەیناڵاند کۆچی دوایی کردووە، تەرمەکەشی لە گۆڕستانی بەقیعی شاری مەدینە نێژراوە.