ناوهڕۆك
ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی
ڤێرجینیا وۆڵف (بە عەرەبی: فيرجينيا وولف، بە ئینگلیزی: Verginia Woolf) خانمە نووسەر و ڕۆماننووسی ناوداری ئینگلیزی لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لە ساڵی 1882 لەدایکبووە، لە خێزانێکی خوێنەوار و ڕۆشنبیر و پەروەردە کراوە، باوکی ڕەخنەگر و نووسەرێکی دیاری سەردەمی خۆی بووە، دایکیشی لە بەر جوانییەکەی وەکوو نمایشی وێنەکێشەکان کاری کردووە و پەیوەندییەکی پتەوی هەبووە لەگەڵ هونەرمەندان و نووسەرانی ئەو سەردەمە، بۆیە ڤێرجینیا لە ژینگەیەکی ئەدەبی و هونەری گەورە بووە و کاریگەر بووە بە دایک و باوکی و خاوەن هەشت خوشک و برا بووە، منداڵێکی ژیر و چالاک بووە لە پێش تەمەنی حەوت ساڵی بە یارمەتی دایکی فێری زمانەکانی لاتینی و فەڕەنسی بووە و شارەزایی لە مێژووی کۆن وەرگرتووە، ڤێرجینیا بە چەند بارودۆخێکی دەروونی ناهەمواردا تێپەڕیوە چوونکە لە تەمەنی منداڵی ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی بووەتەوە لەلایەن کەسە نزیکەکانیەوە، هەروەها لە تەمەنی 13 ساڵی دایکی و خوشکێکی کۆچی دواییان کردووە، پاشان باوکیشی لەگەڵ نزیکترین برای "سووبی" بەهۆی نەخۆشیەوە لەدەستداوە، بەهۆی ئەم ڕووداوانەوە ڤێرجینیا زۆر هەستیار و لاواز بووە چەند جارێک لە نەخۆشخانەی دەروونی زیندانی کراوە و لەوێ پێی وتراوە شاجوانی شێتەکان.
ئەزموون و شێوازی نووسینی
ڤێرجینیا بەهۆی لەدەستدانی کەسە نزیکەکانی خێزانەکەی و گواستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ چەند جارێک، دووچاری خەمۆکی بووە و باری دەروونی تێکچووە کەسایەتییەکی هەستیار و سۆزاوی هەبووە، بۆیە پەنای بۆ نووسین بردووە یەکەمین ڕۆمانی لە ساڵی 1915 بڵاوکردووەتەوە، شێوازی نووسینی قوڵ و ورد و ئاڵۆز بووە، کەسایەتی سەرەکی نێو ڕۆمانەکانی ڕەنگدانەوەی کەسایەتی خۆی بوونە، ڤێرجینیا فێمەنیستێکی ڕەخنەگری بوێر بووە و داکۆکارێکی سەرسەخت بووە لە مافەکانی ژنان و بانگەشەی یەکسانی و دادپەروەری کردووە لەنێوان ژن و پیاودا، لە ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی هەمیشە تیشک دەخاتە سەر بابەتە ناکۆکیی و دژبەیەکەکان، نووسینەکانی کاریگەر و هەستبزوێن و واقعیانەن، کۆمەڵێک چیرۆک و گووتاری هەیە، و نۆ ڕۆمانیشی نووسیوە، کە بەشێک لە ڕۆمانەکانی تاکوو ئێستاش لەبەرگراوەی زۆری هەیە و کراون بە فیلمی سینەمایی.
باری خێزانی
ڤێرجینیا لە ساڵی 1912 لە دوای پەیوەندی خۆشەویستی هاوسەرگیری لەگەڵ دڵداری خۆی کردووە بە ناوی "لیۆنارد وۆڵف" کە ڕەخنەگر و نووسەری ئەدەبی بووە، تاکوو کۆتایی تەمەنی هەر بە یەکەوە بوونە، هەروەها سەر بە بیروباوەڕی ئاینی مەسیحییەت بووە.
کۆچی دوایی
لە ماوەی کۆتایی ژیانیدا، ڤێرجینیا دووچاری خەمۆکییەکی توند ببوو، هاوسەرەکەی لیوناردۆ پاڵپشتێکی تەواوی ڤێرجینیا بووە، بەیەکەوە بڕیاریاندا ئەگەر لە جەنگی جیهانیی دووەم هێزە نازییەکانی ئەڵمانیا وڵاتی بەریتانیا داگیر بکەن، ئەوە بەیەکەوە کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن، لە ساڵی 1940 بەهۆی بۆردۆمانی هێزەکانی ئەڵمانیاوە ماڵەکەی خاپوور بووە، ئەم ڕووداوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەروونی ڤێرجینیا دروستکردووە و دەستی لە نووسین هەڵگرتووە، بەهۆی فشارە دەروونییەکانی و دەرکەوتنی نیشانە توندەکانی خەمۆکی و دوای شکستهێنان لە چەند هەوڵێکی خۆکوشتن، دواجار لە ساڵی 1941 گیرفانی قاپووتە گرانبەهاکەی پڕ کرد لە بەردی قورس و خۆی هاویشتە نێو ڕووباری ئۆوسی نزیک ماڵی خۆیان و کۆچی دوایی کرد، لە دوای سێ هەفتە تەرمەکەیان دۆزییەوە، لە دوای خۆی سێ نامەی ماڵئاوایی کاریگەری بەجێهێشتووە له ئێستادا لە کتێبخانەی گشتی بەریتایا پارێزراون.