ناوهڕۆك
سەرەتا
لە ڕۆژی سێی ئۆکتۆبەری ساڵی 1932 وڵاتی عێراق بە فەرمی سەربەخۆیی بەدەستهێنا لەژێر دەسەڵاتی داگیرکاری بەریتانیا، ئەو ڕێکەوتە بە ڕۆژی نیشتمانی وڵات دادەنرا تاکوو کودەتای 14ی تەممووزی 1958، لە ڕۆژی سەربەخۆییەوە تاکوو ئێستا عێراق بە چەندین ڕووداو و جووڵانەوە و كودەتای مەزندا تێپەڕیوە، بە شێک لە مێژوونووسان بە کودەتا و بەشێکی تریان بە شۆڕش ناوزەندەی ڕووداوەکان دەکەن، و بەهەمانشێوە بەشێکیان ڕابەر و پلانداڕێژەری کودەتاکان بە سەرکردە و پێشەوا دادەنێن بەشێکی تریشیان بە دیکتاتۆر و قۆڕخکاری دەسەڵات دایاندەنێن، کاریگەریی و دەرئەنجامەکانی ئەو ڕووداوانە تاکوو ئێستا بە سیاسەتی عێراقەوە دیارە و خاڵی وەرچەرخان بوونە لە مێژووی عێراقدا.
کودەتای بەکر سدقی ساڵی لە 1936
- هەڵگیرسانی کودەتا: لە 29ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1936 یەکەمین کودەتای سەربازی لە عێراق بە پێشەوایی فەرماندەی سوپا "بەکر سدقی" ئەنجامدرا، ئەم کودەتایە بووە یەکەم کودەتای سەربازیی لەنێو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیدا، هەروەها بووە ڕێگەخۆشکەر و بنەما بۆ کودەتاکانی دواتر لە ناوچەکه، لەو ڕۆژەدا ژمارەیەک تەقینەوە لە چەند ناوچەیەکی شاری بەغداد ڕوویاندا و لە ڕێگەی فڕۆکەوە چەندین نووسراو و بڵاوکراوە بەسەر خەڵکەکەدا دابارین تێیدا هەواڵی کودەتا و شۆڕشیان بەسەر حکوومەتەکەی یاسین هاشمی ڕاگەیاند، بەکر سدقی وەکوو فەرماندەی نیشتیمانی و فەرماندەی هێزی چاکسازیی نیشتمانی خۆی ناساندبوو.
- هۆکاری هەڵگیرسانی کودەتا: لە پاش کۆچی دوایی مەلیک فەیسەڵی یەکەم، دەسەڵات و حوکومڕانی عێراق ناجێگیر بوو، هەروەها بۆشاییەک لە ڕابەرایەتی و بەڕێوەبردنی وڵات دروستببوو، مەلیک غازی کە لە دوای ئەو دەسەڵاتی گرتەدەست بە جۆرێک لاواز و بێهێز بوو کە لە نێوان ساڵانی 1933 بۆ 1936 شەش وەزارەت لە عێراق پێکهێنران، کۆتا دانەیان پێکهێنانی حکومەتەکەی یاسین هاشمی بوو کە 18 مانگی خایاند و لەلایەن بەکر سدقیەوە کۆتایی پێهێنرا.
- دەرئەنجامی کودەتا: لە پاش هەڕەشەکانی بەکر سدقی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە بەغداد، و لەسێدارەدانی "جەعفەر عەسکەری" لەلایەن بەکر سدقییەوە کە دامەزرێنەری سووپای عێراقی و وەزیری بەرگری ئەو کاتە بوو، هەروەها بە یارمەتی نەیاران و خیانەتکارانی حکومەت، یاسین هاشمی بە ناچاری دەستی لەکارکێشایەوە، "حیکمەت سلێمان" وەکوو سەرۆکی حکومەت دیاریکرا و بەکر سدقی بووە سەرۆک ئەرکانی سووپا و دەسەڵاتی فراوان بوو، "مەلیک غازی" کە ئەوکاتە پاشای عێراق بوو بە هەموو بڕیاڕەکان ڕازی بوو، ماوەی دەسەڵاتی حکومەتەکەی حیکمەت سلێمان کە لە ئەنجامی کودەتاکە دروستبوو ساڵێکی خایاند، لە ساڵی 1937 بەکر سدقی لە شاری مووسڵ تیرۆر کرا و حیکمەت سلێمان دەستی لەکارکێشایەوە و بۆ ماوەی پێنج ساڵ زیندانی کرا.
کودەتای 14ی تەمموزی ساڵی 1958
- هەڵگیرسانی کودەتا: عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف داڕێژەر و جێبەجێکاری پلانی سەربازی کودەتای 14ی تەمموزی ساڵی 1958 بوون، ئەم کودەتایە بوو خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی لە عێراق.
- هۆکاری هەڵگیرسانی کودەتا: بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتەکانی نوری سەعید سەروەزیرانی ئەو سەردەمەی عێراق، شکستهێنانی جووڵانەوەکەی ڕەشید عالی گەیلانی و پەیڕەوکردنی دەسەڵاتی دەرەبەگی و پاشایەتی لە هەموو بوارکانی حکومەت و سەرهەڵدانی کودەتای میسڕ لە ساڵی 1952 و خراپی ئاستی ژیانی هاوڵاتیان و دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەکی بە تایبەتی بەریتانیا لە کاروباری ئابووری و سیاسی عێراق، هەموو ئەمانە هۆکار بوون بۆ سەرهەڵدانی کودەتا.
- دەرئەنجامی کودەتا: ئەم کودەتایە بووە هۆی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی پاشایەتی و ڕاگەیاندنی سیستمی کۆماری لە عێراق، ماڵباتی پاشایەتی کە لە مەلیک فەیسەڵی دووەم و شازادە عەبدولئیلاە پێکهاتبوون لەگەڵ سەروەزیرانی ئەو سەردەمە نوری سەعید بە دڕندانەترین شێوە کوژران، عەبدولکەریم قاسم بووە یەکەم سەرکۆماری عێراقی فیدڕاڵ، عەبدولسەلام عارفیش وەکوو وزیری ناوخۆ هەڵبژێردرا، ماوەی دەسەڵاتی عەبدوولکەریم قاسم پێنج ساڵی خایاند.
کودەتای 8ی شوباتی ساڵی 1963
- هەڵگیرسانی کودەتا: کاتێک عەبدولسەلام عارف لەژێر چاودێری حکومەتدا بووە، بە نهێنی لەگەڵ حیزبی بەعس پلانی دژی حکومەت داڕشتووە، لە ڕۆژی 8ی شوباتی ساڵی 1963 عەبدولسەلام عارف بە یارمەتی بەعسییەکان و حەرەس قەومییەکان توانیان کودەتا دژی دەسەڵاتەکی عەبدولکەریم قاسم بەرپا بکەن.
- هۆکاری هەڵگیرسانی کودەتا: بەهۆی قۆڕخکردنی دەسەڵات لەلایەن عەبدولکەریم قاسمەوە و بەرهەڵستکردن و سەرکوتکردن و قبوڵنەکردنی نەیارانی و دەستبەسەراگرتنی هەموو پۆست و دەسەڵاتەکانی دەوڵەت و دژایەتی کرنی کەمینەکانی عێراق نموونەی کورد، و خیانەتی هاوڕێی نزیکی عەبدولسەلام عارف کودەتا دژی دەسەڵاتەکەی عەبدولکەریم قاسم بەرپاکرا.
- دەرئەنجامی کودەتا: لە ئەنجامدا بە مەرجی دادگاییکردنی دادپەروەرانە عەبدولکەریم قاسم خۆی ڕادەستی کودەتاچییەکان کرد، بەڵام لە بارەگای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی دیجلە خۆی و ئەفسەرەکانی هاوەڵی گولەبارانکران، لە دوای ئەو عەبدولسەلام عارف کرا بە دووەمین سەرکۆماری عێراق بۆ ماوەی سێ ساڵ لە دەسەڵات مایەوە و لە 13ی نیسانی ساڵی 1966 لە ڕووداوێکی گوماناوی لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە تایبەتییەکەی کۆچی دوایی کرد، لە پاش ئەو براکەی عەبدولڕەحمان عارف کرا بە سێیەمین سەرکۆماری عێراق.
کودەتای 17ی تەمموزی ساڵی 1968
- هەڵگیرسانی کودەتا: کۆمەڵێک لە سیاسەتمەداران و کەسایەتییە باڵاکانی حیزبی بەعس لە ڕۆژی 17ی تەمموزی ساڵی 1968 کۆتاییان بە دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان عارف هێنا، لەم کودەتایە هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی ڕووینەداوە بۆیە پێی دەوترێت "کودەتای سپی"، عەبدولڕەحان عارف ناچار کرا کە لە بەرامبەر فەراهەمکردنی سەلامەتی خۆی و خێزانەکەی واز لە دەسەڵات بهێنێت.
- هۆکاری هەڵگیرسانی کودەتا: کەسایەتی عەبدولڕەحمان عارف لە ڕادەبەدەر لێبووردە و ئاشتیخواز بووە تەنانەت لەگەڵ نەیارانیشی، ئەو تایبەتمەندییە بووە خاڵی لاوازی و بەهەل وەرگرتنی لەلایەن نەیارنییەوە بە تایبەتی حیزبی بەعس، و کۆتاییان بە دەسەڵاتەکەی هێنا.
- دەرئەنجامی کودەتا: لە ئەنجامدا حیزبی بەعس بووە حیزبی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوای عێراق و ئەحمەد حەسەن بەکر بە چوارەم سەرکۆماری عێراق هەڵبژێردرا، سەدام حسێن وەکوو جێگری سەرۆک دەستنیشان کرا، دەسەڵاتی تاکوو ساڵی 1979 بەردەوام بوو، حزبی بەعس بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەحمەد حەسەن بەکر دووچاری نەخۆشی بارکنسۆن بووە، سەدام حسێن خۆی دەسەڵاتی گرتە دەست و بووە پێنجەمین سەرۆکی عێراق.