ناوهڕۆك
سەرەتا
پارێزگای واست (بە عەرەبی: واسط، بە ئینگلیزی: Wasit) دەکەوێتە بەشی ناوەڕاستی عێراق، شاری کووت ناوەندی پارێزگاکەیە، ڕووبەرەکەی نزیکەی 17,153 کیلۆمەتر دووجایە و ڕێژی 3.9%ی ڕووبەری عێراق پێکدەهێنێت، کەشوهەوای ناوچەکە بە هاوین گەرم و وشکە، تەنانەت بە زستانیش کەشێکی گەرمی هەیە و ڕێژەی باران بارینی کەمە بەهۆی وشکەساڵییەوە چەند ناوچەیەکی شارەکە چۆڵکراوە، ناوچەکە بەهۆی نزیکی لە ڕووباری دیجلەوە بە سامانی ماسی و قامیشی شەکر دەوڵەمەندە، لەڕووی کارگێڕییەوە واست بەسەر نۆ شارۆچکەدا دابەشکراوە.
شوێنی جوگرافی
شارێکی دێرینی عێراقە و دەکەوێتە ناوەڕاستی عێراقەوە، سنووری هاوبەشی هەیە لە باشووری ڕۆژئاوا لەگەڵ پارێزگای زەی قاڕ و لە ڕۆژئاواوە پارێزگای قادسییە دەوری داوە، لە ڕۆژئاواوە پارێزگای بابل و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە سنوری هاوبەشی هەیە لەگەڵ شاری میهرانی وڵاتی ئێران، نزیکەی 180 کیلۆمەتر لە باکوورەوە لە بەغدادی پایتەختەوە دوورە، وەکوو نێوەند و بەستەرێک وایە لەنێوان شاری بەغداد و ناوچە سەرەکییەکانی باشووری عێراق، ناوەندەکەی شاری کووتە و ڕووباری دیجلەی تێیدا تێپەڕ دەبێت و لە سێ لاوە دەوری داوە، چەند لقێکی ئەو ڕووبارە لە ناوچەکە بوونی هەیە.
واتای ناوی واست
واتای ناوەکەی لە گرنکی شوێنی جوگرافییەکەی سەرچاوەی گرتووە، شارەکە دەکەوێتە ناوەڕاستی عێراقەوە و چەند شارێکی گرنگی عێراق دەوریان داوە، وشەی "واسط" لە زمانی عەرەبیدا بە واتای ناوەند یاخو ناوەڕاست دێت، چونکە ناوچەیەکی ناوەندە لەنێوان بەسڕە و کوفە و ئەهوازەکان، لە کۆندا وەکوو نێوەندێکی بازرگانی و وشکایی بەکارهێنراوە.
مێژووی پارێزگای واست
شارەکە لە سەردەمی دەسەڵاتی جێنشینی ئومەوییەکان "عەبدولمەلیکی کوڕی مڕوان" لەلایەن "حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفییەوە لە ساڵی 83ی کۆچی بەرامبەربە 702ی زایینی بنیاتنراوە، شارەکەی کردووەتە بنکەیەکی سەرەکی بۆ سوپاکەی و کۆشکی تایبەتی خۆی تێدا بنیاتناوە، تەنانەت دراوی زیوی تایبەت بە شارەکە دەرکراوە، بەهۆی گرنگی شوێنی جوگرافییەکەی کە لە ناوەندی عێراقە و بەشێک لە پارێزگا گرنگەکانی عێراق دەوریان داوە و بایەخێکی زۆری پێدراوە.
ـ لە ساڵی 1920 ئەم پارێزگایە بەشداری کردووە لە شۆڕشی دژ بە داگیرکاری بەریتانیا، جەنگی کووت ناوبانگترین جەنگەکانە کە لەم ناوچەیە لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا ڕوویداوە، لەنێوان بەریتانییەکان و عوسمانییەکان هەڵگیرسا، تێیدا بەریتانییەکان لەپاش گەمارۆدانیان لەلایەن عوسمانییەکانەوە بۆ ماوەی 147ڕۆژ خۆیان ڕادەستی هێزی عوسمانییەکان کرد، تاکوو ئێستاش گۆڕستانی تایبەت بە قوربانییانی ئەو جەنگە لە شاری کووت بوونی هەیە.
ـ پارێزگاکە بەهۆی سنوری هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی ئێران لەکاتی جەنگی ئێران و عێراق زیانی بەرکەوتووە و لەلایەن فڕۆکە سەربازییەکانی ئێرانەوە بۆردمان کراوە.
ـ لە جەنگی عێراق و کوێت (جەنگی کەنداو)، پارێزگاکە دووچاری بۆردمانی ئاسمانی بووەتەوە و زیان بە چەند ناوچەیەکی کەوتووە.
ـ ساڵی 2003 ئەم پارێزگایە لەگەڵ هەموو وڵاتەکەدا لەلایەن ئەمریکاوە داگیرکرا و لە سەردەمی مانەوەی ئەمریکا شارەکە بارودۆخی ئەمنی ناجێگیر بوو و چەندان کردەوەی تیرۆرستی تێدا ئەنجام دراوە.
ـ لە ساڵی 2011 هێزەکانی ئەمریکا لەو پارێزگایە کشانەوە.
دانیشتوان
بەشێکی زۆری دانشتوانەکەی پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن و بەشی هەرەزۆریان پەیڕەوی ڕێبازی شیعەن، لەو شارە زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە، بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2014ی عێراق ژمارەی دانیشتوانکەی نزیکەی 1,457,000 کەسن.
شوێنەوارە گرنگەکانی پارێزگای واست
ـ شاری واست گرنگییەکی مێژوویی هەیە و شارێکی دێرینە، چەندان شوێنەوار و شتوومەکی مێژوویی تێدا دۆزراوەتەوە کە مێژووییەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئومەوی و عەباسییەکان، شوێنەوارەکانی تایبەتمەندن بەوەی کە شێوەیەکی تەلارسازی و ئەندازیاری ناوازەیان هەیە، شتومەکەکانیش بە گڵی سوور و نەرم دروستکراون و وێنەی نەخشێنراویان لەسەر هەڵکۆڵراوە.
ـ لە ساڵی 1936 چەند ناوچەیەکی بایەخدار دۆزرانەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵات و شارستانییەتی ئیسلامی، نموونەی مزگەوتی گەورە و گۆڕستانی کۆن.
ـ شوێنەواری واستی مێژوویی، ئەم ناوچەیە بە دووری 25 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری پارێزگاکە، نزیک ڕووباری دووجەیلەیە، لەلایەن حجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی بنیاتنراوە، بە یەکێک لە شوێنەوارە دێرینەکانی عێراق دادەنرێت.
بەنداوی کووت، لە گەورەترین و کۆنترین بەنداوەکانی عێراقە، لە ساڵی 1939 لەسەردەمی پاشایەتی لەسەر ڕووباری دیجلە بنیاتنراوە، کارەبا و ئاو بۆ ناوچەکە دابین دەکات و شوێنێکی گەشتیارییە.