ناوهڕۆك
سەرەتا
پارێزگای قادسییە (بە عەرەبی: القادسية) (بە ئینگلیزی: AL-Qadisiyyah) دەکەوێتە بەشی ناوەڕاستی خوارووی عێراقەوە سەر بە پارێزگاکانی فوڕاتی ناوەندە، شاری دیوانییە ناوەندی پارێزگاکەیە، ڕووبەرەکەی نزیکەی 8,153 کیلۆمەتر دووجایە و ڕێژەی 1.9% ڕووبەری عێراق پێکدەهێنێت، کەشوهەوای ناوچەکە بە هاوین گەرم و وشکە، بە زستانیش کەشێکی ساردی هەیە، لەڕووی کارگێڕییەوە پارێزگای قادسییە بەسەر چوار شارۆچکەدا دابەشکراوە.
شوێنی جوگرافی
پارێزگای قادسییە دەکەوێتە بەشی خوارووی ناوەڕاستی عێراقەوە، لەسەر ڕۆخی ڕووباری فوڕاتە و چەند لقێکی ئەو ڕووبارە لە شارەکەدا بوونی هەیە، لە باکوورەوە هاوسنووری هەردوو پارێزگای بابل و واستە، لە بەشی ڕۆژهەڵات پارێزگای زەی قاڕ دەوری داوە، لە باشوورەوە پارێزگای موسەننا لێوەی نزیکە و لە ڕۆژئاواوە هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای نەجەف.
مێژووی پارێزگای قادسییە
بەپێی کتێب و بەڵگە مێژوویەکان لە سەدەی 12ی کۆچی ناوی ئەم پارێزگایە دەرکەوتووە و باسکراوە و ناسراو بووە، هەروەها لە سەردەمی عوسمانییەکان شاری دیوانییە لە ساڵی 1890 دروستکراوە و وەکوو لیوای دیوانییە دانراو، لە ساڵی 1972 لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعس ناوی پارێزگاکە لە دیوانییەوه گۆڕدرا بۆ قادسییە، ناوەکەی لە "جەنگی قادسییە"ی نێوان موسڵمانان و فارسەکانەوە وەرگیراوە.
دانیشتوان
بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن و بەشی هەرەزۆریان پەیڕەوی ڕێبازی شیعەن، زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە، بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2014ی عێراق ژمارەی دانشتوانکەی نزیکەی 1,390,134 کەسن.
باری ئابووری
شاری دیوانییه کە ناوەندی پارێزگاکەیە، چەند کارگەیەکی ناوخویی گرنگی تێدایە کە بایەخێکی زۆری هەیە لە گەشەسەندنی بواری ئابووری و بازرگانی عێراق و دابینکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسی و جەنگەکانی عێراق ئەم کەرتە زیانی بەرکەوتووە تا ڕادەیەک پشتگوێخراوە، گرنگترین کارگە و کارخانەکان کە لەم پارێزگایە هەن بریتیین لە:
ـ کارگەی شیرەمەنی دیوانییە.
ـ کارگای چنین و ڕستنی دیوانییە.
ـ کارگەی خشتی دیوانییە.
ـ چەندان کێڵگەی پەلەوەڕی و بەخێوکردنی ماسی تێدایە.
شوێنەواری ئاینی و مێژوویی پارێزگای قادسییە
ـ شوێنەوارە ئاینییەکان: پارێزگای قادسییە خاوەن چەندین مەزار و گۆڕی کەسایەتییە ناودارەکانی سەر بە ڕێبازی شیعەن ساڵانە پەیڕوەوانی ئەو ڕێبازە لە بۆنە و یادەکانیاندا سەردانیان دەکەن نموونەی: مەزاری محەمەدی مووسای کازم، مەزاری محەمەدی کوڕی عەباس و مەزاری ئەحمەد غرێفی ناسراو بە ئەلحەمزە و چەندانی تر.
ـ شوێنەوارە مێژووییەکان: ناوچەکە چەندین شوێنەواری کۆن و دێرینی لەخۆگرتووە لەوانە: شوێنەواری "شاری نەفەر" ناسراو بە "نیبۆر" ناوچەیەکی تایبەت بە سۆمەرییەکان بووە، هەروەها بەشێک لە "ناوچەی ئۆرۆک"ی تێدایە کە گرنگترین ناوچەی سەردەمی سۆمەرییەکان بووە.