ناوهڕۆك
جەنگی ناوخۆی عێراق
دووەمین جەنگی ناوخۆی عێراق یان جەنگی دژی داعش (بە عەرەبی: الحرب الأهلية العراقية الثانية، بە ئینگلیزی: War in Iraq)، جەنگێکی چەکدارییە کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە عێراق لە شێوەی یاخیبوون دەستی پێکرد. دوای ئەوەی شارەکانی مووسڵ و فەلووجە و کۆمەڵێکی زۆر ناوچەی سەرەکی عێراق داگیرکران و ئەبووبەکر بەغدادی خەلافەتی ئیسلامی ڕاگەیاند، بەخێرایی ڕووداوەکان بەرەو جەنگێکی سەربازی ماوەدرێژ درێژەیان کێشا.
ئەم جەنگە بووە هۆی دروستبوونی حەشدی شەعبی لەلایەن سەروەزیرانی عێراق نووری مالیکی، دوای ئەوەش دەسەڵاتەکانی درا بە حەیدەر عەبادی سەروەزیرانی نوێ، دوای هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان پێشمەرگە و سوپای عێراق و وڵاتانی نێودەوڵەتی چوونە نێو جەنگ دژی تیرۆر و چەندین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی نێودەوڵەتی دژی ڕێکخراوەکە ئەنجام دران، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ جەنگەکە بە گرتنەوەدەستی تەواوی خاکی عێراق لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە کۆتایی هات.
بابەتی سەرەکی: جەنگی دژی داعش
کەوتنی فەلووجە
لە ٢٠١٤/١/١ چەکدارانی یاخیبووی هۆزەکان بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ بەرگرییەک ببنەوە هێرشیان کردە سەر بنکەکانی پۆلیسی ناوخۆ لە فەلووجە، پاشان داعش لە شاری فەلووجەی سەر بە پارێزگای ئەنبار بە بڵندگۆ ڕایگەیاند کۆنترۆڵی تەواوی شارەکەی کردووە و داوای لە هۆزە سووننەکان کرد بچنە پاڵیان دژی سوپای عێراق، لە ماوەی جەنگی یەکەمی عێراقدا فەلووجە قەڵای سەرەکی هەموو ڕێکخراوە توندڕەوە سوزننەکانی وەک ئەلقاعیدە بوو، کەوتنی فەلووجە بۆ جاری دووەم کێشەیەکی سەرەکی بوو بۆ حکوومەتی عێراق چونکە شارەکە پێگەیەکی ستراتیجی هەیە و نزیکە لە بەغداد و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی.
لە ڕۆژی ٢٠١٣/١٢/٣٠ کۆمەڵێک چەکداری سوپای عێراق هەستان بە ڕاوەدوونانی کەمپێکی خۆپێشاندەرانی سووننە، ئەوەش بووە هۆی تووڕەبوونی خەڵکی و چەکدارە عەشایەرییەکان و گرووپی قاعیدە هەستان بە دژایەتی سوپا و پۆلیسی ناوخۆ. لە ڕۆژی ٢٠١٤/١/٢ ڕێکخراوی قاعیدەی عێراق دەستی بەسەر بەشێکی شارەکەدا گرت و لە زۆر گرتەدا دەرکەوت کە ئۆتۆمبێل و کەرەستەکانی پۆلیسی عێراق دەستی بەسەردا گیراوە. زیاتر لە ١٠٠ زیندانییش ئازادکران. هەرچەند سوپا لە دوورەوە بە هاوەن و موشەک هێرشی کردە سەر شارەکە بەڵام کاریگەری نەبوو و شارەکە تاوەکوو هێرشی ئازادکردنی فەلووجە داگیرکراوبوو.
ڕێکەوت | ٢٠١٣/١٢/٣٠ بۆ ٢٠١٤/١/٤ |
ناوچە | فەلووجە، عێراق |
ئەنجام | سەرکەوتنی داعش لە داگیرکردنی شوێنەکە |
گۆڕانکاری جوگرافی | داعش دەستی بەسەر فەلووجەدا گرت و خستیە ژێر ڕکێفی خەلافەتی خۆیەوە |
دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام | کۆماری عێراق |
هێزی ئازادی عێراق | پۆلیسی فیدراڵی |
ویلایەتی فەلووجە | هێزە چەکدارەکانی عێراق |
داعش | عێراق |
زیاتر لە ٧٥٠ چەکدار | زیاتر لە ١,٠٠٠ چەکدار |
زیاتر لە ٥٠ کوژراو | زیاتر لە ٤٥٨ سەربازی کوژراو |