ناوهڕۆك
ناساندن
فلۆرێنس نایتنگێڵ (بە ئینگلیزی: Florence Nightingale) ناسراو بە "خانمی چراکە"، خانمە پەرستارێکی بەریتانی، چاکسازی کۆمەڵایەتی و ئامارناس بووە کە زیاتر بە دامەزرێنەری پەرستاری مۆدێرن (هاوچەرخ) ناسراوە. لە ماوەی جەنگی قرمدا وەکوو بەڕێوەبەر و ڕاهێنەری پەرستاران کاری کردووە. لە ساڵی ١٨٦٠ نەخۆشخانەی (St. Thomas’s Hospital) و (قوتابخانەی ڕاهێنانی نایتنگێڵ) بۆ پەرستارانی دامەزراندووە. هەوڵەکانی لە چاکسازیکردنی چاودێری تەندروستیدا کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەر کوالیتی چاودێری لە سەدەکانی ١٩ و ٢٠. ڕۆژی جیهانی پەرستاران لە سەرانسەری جیهان هەموو ١٢ی ئایارێک لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی فلۆرێنس نایتنگێڵدا بەڕێوە دەچێت.
ژیانی
فلۆرێنس نایتنگێڵ لە ١٢ی ئایاری ساڵی ١٨٢٠ لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندی بەریتانی لەدایکبووە، لە شاری فلۆرانسی فەڕەنسا. لە ناوی ئەو شارەوە کە لێی لەدایکبووە ناونراوە. لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە چالاک بوو لە کارە خێرخوازییەکاندا، لە خزمەتکردن بە خەڵکی نەخۆش و هەژاری ناوچەکەی خۆیان. تا لە تەمەنی ١٦ ساڵییدا ئەوەی بۆ ڕوون بووەوە کە پەرستاری پیشەی ئەوە. کاتێک نایتنگێڵ باسی خواستی بوون بە پەرستاری بۆ دایک و باوکی کرد، پێیان خۆش نەبوو. لە ڕاستیدا دایک باوکی قەدەغەیان لێ کردبوو کە بەدوای پەرستاریدا بڕوات. نایتنگێڵ سەرەڕای ناڕەزایی دایک و باوکی بڕیاریدا هەر بەدوای پیشەی ڕاستەقینەی خۆیەوە بێت، لە ساڵی ١٨٤٤ـدا لە نەخۆشخانەی (Lutheran Hospital) لە ئەڵمانیا وەک خوێندکاری پەرستاری ناوی خۆی تۆمار کرد.
لە ماوەی جەنگی قرمدا
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٥٣ جەنگی قرم هەڵگیرسا. ئیمپڕاتۆریەتی بەریتانیا لە دژی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا لە شەڕدا بوو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئیپڕاتۆرییەتی عوسمانی. هەزاران سەربازی بەریتانی ڕەوانەی دەریای ڕەش کران. تا ساڵی ١٨٥٤ کەمتر لە ١٨ هەزار سەرباز لە نەخۆشخانەکان وەرنەگیراون. لەو کاتەدا هیچ پەرستارێکی ژن لە نەخۆشخانەکانی نیمچەدورگەی قرمدا نەبوو، ناوبانگی خراپی پەرستارە ژنەکانی پێشتر وایکردبوو کە نووسینگەی جەنگ خۆی لە دامەزراندنی زیاتری پەرستاری ژن بەدوور بگرێت. بەڵام لە دوای شەڕی ئەڵما، ئینگلتەرا لە گێژاودا بوو سەبارەت بە پشتگوێ خستنی سەربازە نەخۆش و بریندارەکانیان، کە نەک تەنها چاودێری پزیشکی پێویستیان نەبوو بەهۆی کەمی کارمەندی نەخۆشخانەکان بەڵکو لە دۆخێکی ناتەندروستی زۆر خراپ و نامرۆڤانەدا بوون. لە کۆتایی ساڵی ١٨٥٤، نایتنگێڵ نامەیەکی لە سیدنی هێربێرتی وەزیری جەنگەوە پێگەیشت، کە داوای لێ دەکرد کۆمەڵەیەک لە پەرستاران ڕێکبخات بۆ چاودێریکردنی سەربازە نەخۆش و کەوتووەکانی قرم. نایتنگێڵ بەدەم داواکەیەوە چوو. بە خێرایی تیمێکی ٣٤ پەرستاری لە چەندین ڕێکخراوی ئایینی کۆکردەوە و دوای چەند ڕۆژێک لەگەڵیان بە کەشتی بەرەو قرم ڕۆشتن، سەرەڕای ئەوەی لە بارودۆخی ترسناکی ئەوێ ئاگادار کرابوونەوە. کاتێک گەیشتنە سکوتاری، نەخۆشخانەی بنکەی بەریتانی لە قوستەنتینییە بینیان دەرمانەکان کەم بوون، پاکوخاوێنی پشتگوێ خرابوو، هەوکردنی بە کۆمەڵ هەبوو، نەخۆشەکان لەناو پیسایی خۆیاندا لەسەر دەستەبەرەکان لە ڕێڕەوەکاندا کەوتبوون. سەرەتاییترین پێداویستییەکانی وەک برینپێچ و سابوون، تا دەهات کەمیان دەکرد لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی نەخۆش و بریندارەکاندا. تەنانەت ئاویش وەک بەشەخۆراکی دابەش دەکرا. نەخۆشەکان زیاتر بەهۆی نەخۆشییە درمییەکانی وەک گرانەتا و کۆلێراوە دەمردن نەک بەهۆی برینەکانی شەڕەوە. نایتنگێڵ سەدان فڵچەی خاوێنکردنەوەی دابین کرد و ناوەوەی نەخۆشخانەکەیان لە زەوییەکەوە تا سەقف شۆرد و دڵنیا دەبۆوە لەوەی کە سەربازەکان بە باشی خۆراک و جلوبەرگیان پێدەدرێت. چێشتخانەیەکی لە نەخۆشخانەکەدا دامەزراند بۆ ئامادەکردنی خواردن بۆ ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە ماددەی خۆراکی تایبەت هەبوو. هەروەها شوێنی تایبەت بە جلشۆردنی دانا بۆ ئەوەی نەخۆشەکان جلوبەرگی ژێرەوەی خاوێنیان هەبێت. هەروەها پۆلێک و کتێبخانەیەکی بۆ هاندانی هزری و کات بەسەربردنی نەخۆشەکان دامەزراند. سەربازە ئاساییەکان بۆ یەکەمجار بوو بە ڕەوشت و ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. بەهۆی کارەکانییەوە ڕێژەی مردن لە نەخۆشخانەکە بە دوو لەسەر سێ کەمی کرد.
ناوی خانمی چراکە
نایتینگێڵ لە ماوەی جەنگی قرمدا هەموو خوولەکێکی بە چاودێریکردنی سەربازەکان بەڕێ دەکرد. شەوان چرایەکی هەڵدەگرت و بە نێو ڕێڕەوە تاریکەکاندا دەڕۆیشت و سەری لە نەخۆشەکان دەدا، نەخۆش لەدوای نەخۆش خزمەتی دەکردن و یارمەتی دەدان نامە بۆ خانەوادەکانیان بنووسن. نەخۆشەکان بەهۆی بەزەییە لە ڕادەبەدەریەکەی هەم دڵنەوا دەبوون و هەمیش دەکەوتنەوە جووڵە، ئەوانیش بە "خانمی چراکە" بانگیان دەکرد هەندێکی تریش پێیان دەگوت "فریشتەی قرم".
کارەکانی تری
نایتنگێڵ بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لە سکوتاری مایەوە. لە هاوینی ساڵی ١٨٥٦، کاتێک ملمانێی قرم کۆتایی هات، گەڕایەوە بۆ خانووی منداڵی. لە گەڕانەوەیدا بەخێرهاتنەوەیەکی پاڵەوانانەی لێ کرا. شاژن بە یەخەبەندێکی نەخشێندراو پاداشتی نایتنگێڵی کرد کە بە "گەوهەری نایتنگێڵ" ناسرا و خەڵاتێکی ٢٥٠ هەزار دۆلاریشی لە حکوومەتی بەریتانیا پێبەخشی. بە پشتیوانی شاژن ڤیکتۆریا، نایتنگێڵ یارمەتی دروستکردنی کۆمسیۆنێکی شاهانەی دا بۆ تەندروستی سوپا. بووە یەکەم ئەندامی ژن لە کۆمەڵەی ئاماری شاهانە و وەک ئەندامی شانازییانە (فەخری)ی کۆمەڵەی ئاماری ئەمریکی دەستنیشان کرا. نایتنگێڵ بڕیاریدا ئەو پارەیەی وەریگرتووە بۆ ئامانجەکەی خۆی بەکاریبهێنێت. لە ساڵی ١٨٦٠دا، پارەی بۆ دامەزراندنی نەخۆشخانەی (St.Thomas’s Hospital) دابین کرد، لەگەڵیشیدا قوتابخانەی ڕاهێنانی نایتنگێڵ بۆ پەرستاران. نایتنگێڵ بووە کەسایەتییەکی دیار و جێ پیاهەڵدان. شیعر و گۆرانی و شانۆگەری بۆ ڕێزلێنان لێی دەنووسران و تەرخاندەکران. ئەو کاتەی لە سکوتاری بوو، تووشی "تای قرم" بووبوو و هەرگیزیش بەتەواوی چاک نەبووبووەوە. لە تەمەنی ٣٨ ساڵیدا، لە ماڵەوە لە جێگادا کەوتبوو و تا کۆتاییەکانی ژیانیشی بەو شێوەیە بوو. نایتنگێڵ بە ویستێکی بەهێزەوە وەک هەمیشە لەناو جێگاشدا بەردەوام بوو لە کارەکانی و باشترکردنی چاودێری تەندروستی و کەمکردنەوەی ئازاری نەخۆشەکان. لەنێو جێگاکەیەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ سیاسەتمەنداران دەکرد وەک دەسەڵاتدار و داکۆکیکاری چاکسازی چاودێری تەندروستی. لە ساڵی ١٨٥٩دا کتێبێکی تێبینی لەسەر نەخۆشخانەکان بە ناوی (تێبینییەکان لەسەر پەرستاری چییە و چی نییە) بڵاوکردەوە، کە تیایدا تیشکی خستبووە سەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی نەخۆشخانە ناسەربازییەکان بەشێوەیەکی دروست.
لە ساڵی ١٩٠٨ لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا لەلایەن شا ئێدواردەوە خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا. لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩١٠ پەیامێکی پیرۆزبایی لە شا جۆرجەوە پێگەیشت بە بۆنەی یادی ٩٠ ساڵەی لەدایکبوونییەوە.
مردنەکەی
لە دوانیوەڕۆی ١٣ی ئابی ساڵی ١٩١٠ لە ماڵەکەی خۆیدا لە لەندەن بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و لە هامپشێر لە ئینگلتەرا بەخاک سپێردرا.
مۆزەخانەی فلۆرێنس نایتنگێڵ کە لەنێو نەخۆشخانەی (St. Thomas’s Hospital)دایە، زیاتر لە ٢٠٠٠ شوێنەواری تێدایە بۆ یادکردنەوەی ژیان و پیشەی "فریشتەی قرم". کە تا ئەمڕۆش فلۆرێنس نایتنگێڵ وەک پێشەنگی پەرستاری مۆدێرن دانی پێدادەنرێت و ڕێزی لێ دەگیرێت.
ڕۆژی جیهانیی پەرستاران
ڕۆژی جیهانیی پەرستاران هەڵبژێردرا بۆ یادکردنەوەی ساڵیادی لەدایکبوونی فلۆرێنس نایتنگێڵ و هەروەها یادکردنەوەی ئەو کارە پێشەنگانەی لە بواری پەرستاری و چاکسازی کۆمەڵایەتیدا ئەنجامی دابوون. هەموو ساڵێک لە ١٢ی ئایاردا وەک ڕۆژی جیهانیی پەرستاران دەستنیشان کراوە وەک پێزانینێک بۆ ماندوونەناسی و یارمەتیدانی پەرستاران لە چاودێری تەندروستی و ئاسایشی تەندروستی جیهاندا.