ناوهڕۆك
سەرەتا
ژینگەی سیاسی عێراق لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاکوو كەوتنی سیستمی پاشایەتی، لەناو بازنەی ململانێی بەردەوامدا دەخولایەوە، هێزەکانی بەریتانیا لەلایەك و ناسیۆنالیستە عەرەبەكان لەلایەكی ترەوە، لە نێوان ڕزگاری نەتەوەیی و پەسەندکردنی حوكم و دەسەڵاتی بێگانەدا، یان لە نێوان سەربەخۆیی و ئیمپرالیزمدا، گەلانی عێراق لەنێو ئەم ململانێ و دۆخە ئاڵۆزەدا دەژیان، لەگەڵ ئەوەشدا ناكۆكی و ناڕەزایی دژی دەسەڵات هەر بەردەوام بووە. زۆرێک سەردەمی پاشایەتی لە عێراق بە سەردەمی زێڕین ناوزەند دەکەن، کۆتایی هاتن و لەکارلابردنی هاشمییەکان وەکوو نەفرەت بۆ عێراقییەکان وێنا دەکرێت.
دەسەڵاتەکانی دوای پاشایەتی لە عێراق بە کودەتا دەستی پێدەکرد و بە کودەتا کۆتایی پێ دەهات. کودەتای 14ـی تەممووزی ساڵی 1958 بووە خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی لە عێراق و لە دوای ڕاگەیاندنی سیستمی کۆماری وڵاتی عێراق چیتر بە جێگیری نەمایەوە و ساڵ بە ساڵ کودەتا ڕادەگەینرا و دەسەڵاتی فاشی و دیکتاتۆری جێگەی دەسەڵاتی پێش خۆی دەگرتەوە.
وڵاتی عێراق لە ماوەی 37 ساڵی سەردەمی پاشایەتی سێ پاشا و جێگرێک فەرمانڕەواییان کردووە، پاشاکانی عێراق سەر بە هاشمییەکانی حیجاز بوون، لەسەر داوای بەریتانییەکان یەکەمین پادشا کە شا فەیسەڵی کوڕی شەریف حسێنی مەککە بوو بۆ عێراق دەستنیسان کرا.
بنەچە و پێگەی هاشمییەکان
ھاشمییەکان کە باپیرە گەورەیان ناوی "ھاشمی کوڕی عەبدی کوڕی مەناف"ـە بە ڕەچەڵەک سەر بە قوڕەیشن و پێغەمبەری ئیسلام ڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە سەر ئەوان، لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان پلەی شەریفی مەککەیان پێبەخشرا و ھەر وەکوو ویلایەتێکی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ مەککە دەکرا. "شەریف حسێنی کوڕی عەلی" ناودارترین کەسایەتی هاشمییەکانە، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانییەکان لەگەڵ تورکەکان نەدەگونجا و بەرهەڵستی و دژایەتی دەکردن، بۆیە بۆ چەند ساڵێک لە کارەکەی وەکوو فەرمەنڕەوای مەککە خۆی و خێزانەکەی دوورخرانەوە بۆ ئیستەنبووڵ، شەریف حسێن خاوەن سێ کوڕ بوو بە ناوەکانی عەلی، عەبدوڵڵا و فەیسەڵ.
هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی عەرەبی
کاتێک ماوەی دوورکەوتنەوەکەی شەریف حسێن کۆتایی پێهات، گەڕایەوە بۆ شاری مەککە. بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئینگلیزەکانی بەریتانیا توانی شۆڕشێک دژی عوسمانییەکان بەرپابکات کە بە شۆڕشی مەزنی عەرەبی ناسرا. شۆڕشەکەی دابەشکردە سەر چوار بەشی سەرەکییەوە خۆی و هەر سێ کوڕەکەی بوونە فەرماندە و ڕابەری سوپاکان. بە یارمەتی هێزەکانی ئینگلیز لەگەڵ ئەفسەران و فەرماندە پلە بەرزەکانی عەرەبی لە وڵاتانی ناوچەکە کە سەر بە سوپای عوسمانییەکان بوون، شۆڕشەکە سەرکەوتوو بوو. هێزەکانی بەریتانیا لە ئەنجامی سەرکەوتنی شۆڕشەکە، بەڵێنیان بە شەریف حسێن دابوو کە دەکرێتە پاشا و فەرمانڕەوای هەموو ناوچەی نیمچەدوورگەی عەرەبی، بەڵام بەڵێنەکەیان نەبردە سەر و دوای وەدەرنانی عوسمانییەکان و هەرەسهێنانی دەسەڵاتیان، بەپێی ڕێکەوتننامەی "سایکس بیکۆ" ناوچەکانی شام و عێراق لە نێوان هێزەکانی فەڕەنسا و بەریتانیا دابەش کران.
دەرەنجامی شۆڕش و دروستبوونی دەسەڵاتی هاشمییەکان
دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکە و دابەشکردنی ناوچەی عەرەبی، ئەو کەرتەی کە فەیسەڵی کوڕی حسێن سەرکردایەتی دەکرد، ناوچەکانی دیمەشق و سووریایان بە تەواوی لە عوسمانییەکان ڕزگار کرد بوو.
بۆیە وەکوو یەکەمین پادشای سووریا دامەزرا، بەڵام ماوەی دەسەڵاتی کەمی خایاند و سووریا لەلایەن فەڕەنسییەکانەوە داگیر کرا.
دوای ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆ، بڕیاردرا کە هەر سێ کوڕەکەی شەریف حسێن پۆستی پاشایەتییان پێ بدرێت، فەیسەڵ بکرێتە پاشای سووریا، عەبدوڵڵا بکرێتە پادشای عێراق و عەلیش ناوچەی حیجازی پێ بدرێت.
دوای داگیرکردنی سووریا و دوورخستنەوی فەیسەڵ، ئینگلیزەکان بڕیارەکانیان گۆڕی و فەیسەڵیان وەکوو شای عێراق هەڵبژارد.
بەڵام عەبدوڵڵای برای کە بۆ ئەو پۆستە دانرا بوو تا ڕادەیەک بە بڕیارەکە ناڕازی بوو، بۆیە ناوچەی ئوردن لە شام درایە عەبدوڵڵا، شەریف حسێنی باوکیش فەرمانڕەوایی حیجازی پێبەخشرا، بەڵام دەسەڵاتی زۆری نەخایاند و لەلایەن بنەماڵەی سعوودەکانەوە دەسەڵاتیان لێ سەندەوە.
هەڵبژاردنی فەیسەڵی کوڕی شەریف حسێن وەکوو یەکەمین شای عێراق
پاش کۆتایی هاتنی "شۆڕشی بیست" لە عێراق کە شۆڕشێک بوو دژی هێزەکانی بەریتانیا ئەنجامدرا، بەریتانیا بڕیاری دا کە سیاسەت و شێوازی بەڕێوەبردنی عێراق بگۆڕێت، بۆیە بڕیاری دامەزراندنی دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق درا. دوای دامەزراندنی حكوومەتی كاتی عێراقی و دەست بەكاربوونی كابینەی "عەبدولڕەحمان نەقیب" مەندووبی سامی بەریتانی لە عێراق "سیرپرسی كۆكس" ڕووبەڕووی كارێكی تر بووەوە، ئەویش دەستنیشانكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی پاشایەتی عێراق، به مەرجێک کە پێویستە ئەو پاشایە لە بەرژەوەندی بەریتانییەكاندا بێت و عێراقییەكان پێی ڕازی بن و پەسەندی بکەن، هاوکات دەبێت لە نەتەوەی عەرەب بێت و موسڵمان بێت. ئەو ئەفسەرە عێراقیانەی كە لە سووریا گەڕابوونەوە نموونەی جەعفەر عەسكەری و نووری سەعید پاڵپشتی ئەوە بوون كە فەیسەڵی كوڕی حوسێن شیاوترین كەسە بۆ وەرگرتنی پۆستی پاشایەتی لە عیراق.
بەریتانیا هەوڵی تەواویان دەدا کە فەیسەڵی کوڕی شەریف حسێن بکرێت بە پاشای عێراق، سەرەڕای ئەوەی فەڕەنسییەکان ئەم بڕیارەیان لەلا پەسەند نەبوو، لە ساڵی 1921 شاندێکی عێراقی لەسەر داوای بەریتانییەکان نێردران بۆ حیجاز، تاکوو لەگەڵ شەریف حسێنی باوکی فەیسەڵ وتووێژ بکەن و پێی ڕابگەیەنن کە عێراقییەکان فەیسەڵیان وەکوو شای خۆیان پەسەند دەکەن، شەریف حسێن داواکارییەکەی لەلا پەسەند نەبوو تا ڕادەیەک لەو بڕیارە ڕاڕا بوو، چونکە ئەو بڕیارە خەونی یەکگرتن و یەکخستنی ناوچەی عەرەبی وەکوو یەک شانشین لەباردەبرد و ئەو پێی وابوو بەو شێوەیە ئامانجی شۆڕشی مەزنی عەرەبی جێبەجێ ناکرێت و ناوچە عەرەبییەکان پارچە پارچە دەکرێت، هاوکات بەهۆی ئەوەی عێراقییەکان ڕابردوو و مێژوویەکی ڕەشیان لەگەڵ باپیرە گەورەی هاشمییەکان کە ئیمام حسێن بوو هەبوو، بۆیە ئەو ترسی ئەوەی هەبوو کە کارێک بەسەر فەیسەڵی کوڕی بێنن و زیانی پێ بگەیەنن و دووچاری خیانەت و کوشتن بێتەوە، شەریف حسێن لە سۆنگەی بارودۆخی ڕابردووەوە تێڕوانینی بۆ داهاتوو هەبوو، لەبەرئەوەی متمانە و بڕوای بە گەلی عێراق نەبوو و ڕەزامەندیی تەواوی نیشان نەدا، بۆیە کاتێک فەیسەڵ وەکوو شا هەڵبژێردرا تاکوو سێ ساڵ لەسەر داوای شەریف حسێن هیچ کەس لە ئەندام و ماڵباتی شا نەهاتنە عێراق.
فەیسەڵی کوڕی شەریف حسێن لە 23ـی ئابی ساڵی 1921 تاجی پاشایەتی لەسەرنرا و بووە یەکەمین پاشا لە عێراق.
دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی هاشمییەکان لە حیجاز، کوڕە گەورەی شەریف حسێن پەنای بردە لای شا فەیسەڵی برای و دوای چەند ساڵێک بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد، لە پاش خۆی کوڕێک بە ناوی "عەبدولئیلاهـ" لەگەڵ شەش کچی لەپاش خۆی بەجێ هێشت، شا فەیسەڵ کچێکی لەوان بە ناوی شازادە عالییە کردە هاوسەری غازی کوڕی.
دەسەڵاتی شا فەیسەڵی یەکەم لە عێراق
كاتێ فەیسەڵ وەك یەكەم پاشای عێراق دانرا، ئەو عێراقییانەی لە ماوەی جەنگدا كاریان لەگەڵ كردبوو كە لە سووریا بڕبڕەی پشتی حكوومەتە كورتخایەنەكەی بوون، گەڕانەوە بۆ عێراق و زۆر دڵسۆزی شا فەیسەڵ بوون بۆیە پلە و پۆستی باڵای حکوومەتیان وەرگرت، ئاڕاستەی سیاسیان تا ڕادەیەکی زۆر نەتەوەخوازی عەرەبی بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئارەزووی ئەوەیان هەبوو كە لە چوارچێوەی ئینتیدابی بەریتانی كار بكەن.
بە هاتنی ئەمانە بۆ ناو كاروباری بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە هەموو ئاستەكاندا، هەنگاوی یەكەم بوو لە پێكهێنان و جێگركردنی سوننەكان لە حكوومەتدا، لەهەمان كاتیشدا كاریگەری بەسەر بە عەرەبكردنی ڕژێمەوە هەبوو.
لەگەڵ ئەوەی ئینگلیزەکان فشاری زۆر و بەردەوامیان لەسەر شا فەیسەڵی یەکەم هەبوو، بەڵام ئەمیش بەردەوام هەوڵی دەدا نەچێتە ژێرباری هەموو داواكارییەكانییەوە، ئەمەش بە باشی لە كارەكانیدا بەدی دەكرا.
کۆتایی دەسەڵاتی شا فەیسەڵی یەکەم
شا فەیسەڵ لە شاری بێرنی وڵاتی سویسرا لە 7ـی ئەیلوولی 1933 كۆچی دوایی كرد، مردنەكەی بە شێوەیەكی كتوپڕ بوو، گومانەكان لەسەر ئەو ژنە هیندییە پەرستارە بوو كە لەگەڵی بووە و چاودێری کردووە، بەپێی چەند بۆچوونێک ئەو ژەهری بۆ كردووەتە ناو پیاڵەی چایە تایبەتییەکەی، هەرچەندە ڕاپۆرت و پشکنینە فەرمییەکان ئاماژەیان بەوە دەكرد کە دوو ڕۆژ بەر لە مردنی هیچ مەترسییەك لە دڵی شا نەبووە و نەخۆشی دڵی نییە و ئەو مردنە بەشێوەیەكی سروشتی نەبووە، بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بووە جێگای قسە و باسی نێو ڕۆژنامەكانی عێراق، كە هەندێكیان ئینگلیزەكانیان بە كوشتنی تۆمەتبار دەکرد، دوای هەشت ڕۆژ تەرمەکەیان بۆ عێراق هێنایەوە و لە گۆڕستانی پاشایەتی لە ناوچەی ئەعزەمییەی بەغداد نێژرا.
شا غازی دووەم پاشای عێراق
بە مردنی شا فەیسەڵی یەکەم تەختی پاشایەتی چۆڵ بوو، پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و غازی كوڕی فەیسەڵ سوێندی یاسایی خوارد و وەکوو دووەم شا تەختی پاشایەتی عێراقی گرتە دەست، بەشێک لە سیاسەتوانانی ئەو کاتەی عێراق نموونەی نووری سەعید و جەعفەر عەسکەری پێیان وابوو کە غازی شیاوی ئەو پۆستە نییە، چونکە کەم ئەزموونە و ناتوانێت هاوسەنگی ڕابگرێت.
شا غازی بەوە ناسراو بوو كاریگەری بیر و هزری زۆر بەلای عەرەب پەرستیی بوو، بەوهۆیەوە سەرنجی بەریتانییەکانی بۆ خۆی ڕاکێشا بوو، لە هەمان کاتدا جەماوەر و گەل پاڵپشتی تەواوی بوون. سەردەمی فەرمانڕەوایی شا غازی تایبەتمەندی خۆی هەیە، لەبەرئەوەی هەوڵیداوە پشتگیری بیروڕای ناسیونالیزمی عەرەبی بكات و لە چەند بۆنەیەكدا بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ بەریتانییەكان دووبارە كردووەتەوە. شا توانی لە کۆشکەکەی خۆیەوە بە یارمەتی وڵاتی ئەڵمانیا ڕادیۆیەک دامەزرێنێت و خودی خۆی سەرپەرشتی بکات، هانی بیری ناسیۆنالیستی عەرەبی داوە و هێرشی كردووەتە سەر بەریتانییەكان، سەرباری ئەوەش لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا داوای گەڕانەوە و لکاندنی دەوڵەتی كوەیتی بۆ سەر عێراق كردووە، كە ئەمەش گرفتی بۆ پەیوەندی نێوان عێراق و بەریتانیا دروستکردبوو، لە ساڵانی دواییدا و بەتایبەت پاش كودەتاكەی "بەكر صدقی"، شا غازی له پێناو بەهێزكردن و خزمەتكردنی بیری نەتەوەخوازی عەرەبی كار و چالاكی زیاتری ئەنجام دەدا، ئەو بۆ سەرکەوتنی ئەم مەبەستە بەستنی هاوپەیمانی و برایەتی لە نێوان وڵاتە عەرەبییەكانی بەکاردەهێنا، تەنانەت چەندین ڕێكخراوی گەنجان و لاوانی فەڵەستینی دروستبوون و هەمیشە ناوی شا غازییان وەكوو سەركردەی هەموو عەرەب ناوزەند دەكرد وێنەكەیان لە بارەگاكانیان هەڵدەواسی، بێگومان ئەم ڕەفتارانەی شا غازی ببووە مایەی نیگەرانی بەریتانیا و بەدوای دەرفەت دەگەڕان کە لە پۆستەکەی دووریبخەنەوە. لەپاش ئەوەی فشارەكانی حكوومەت و چاودێریكردنی جموجۆڵەكانی شا غازی زیادی كردبوو، ترس و هەڕەشە لەسەر ژیانی شا غازی پەیداببوو.
دواجار شا غازی لە ساڵی 1939 تووشی كارەساتی ئۆتۆمبێل هات و گیانی لەدەستدا، كاتێكیش لە 4ـی نیسانی 1939 دەنگوباسی مردنی بڵاوبووەوە، لە زۆربەی شارەكانی عێراق بە گشتی و بەغداد و مووسڵ بە تایبەتی خۆپیشاندان كرا و بەریتانییەكان بە کوشتنی شا تاوانبار كرا، هەر لەبەرئەوە لە مووسڵ هێرش كرایە سەر ماڵی كونسوڵی بەریتانیا، ڕووداوی مردنی شا غازی گومانلێکراو بوو و بەریتانیا تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکە بوو.
دوای شا غازی و سەردەمی عەبدولئیلاهی کوڕی شەریف حسێن
بە مردنی شا غازی تەختی دەسەڵات درایە شا فەیسەڵی دووەمی کوڕی كە ئەویش لە تەمەندا بچووك بوو، بۆیە عبدولئیلاهـ بەسەریدا كرایە وەصی (واتا وەرگرتنی دەسەڵاتی وڵات وەکوو جێگری جێنشین، تاکوو جێنشینی شا دەگاتە تەمەنی یاسایی پاشایەتی)، بەپێی سیستمی دەسەڵاتی پادشایەتی لە عێراق دوای مردنی شا غازی، كوڕەكەی فەیسەڵی دووەم ڕاستەوخۆ بۆ جێنشینی دەست نیشانكرا و تەمەنی تەنها چوار ساڵان بوو، بۆیە بەهۆی كەمی تەمەنییەوە و نەگەیشتنی بە ئاستی یاسایی، بە ڕاوێژکردن لەگەڵ بنەماڵەی شاهانەی عێراق و بەتایبەتی شاژنە عالیەی دایكی شا فەیسەڵ لەسەر ئەوە كۆكبوون كە عبدولئیلاهی خاڵی كرایە وەصی بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری سیاسەت و جێنشینی ئەو تاکوو دەگاتە تەمەنی یاسایی خۆی.
شا غازی پێشتر ئەو وەسیەتەی كردووە کە عەبدولئیلاهـ ببێتە جێگری کوڕەکەی تاکوو دەگاتە تەمەنی یاسایی، هەریەك لە شاژنە عالیە و ڕاجیحە ئاگاداری ئەم بارودۆخە بوون.
هەروەها لەبەرئەوەی عەبدولئیلاهـ خاڵی شا فەیسەڵی دووەمە و نزیكترین كەسی بوو كە بتوانێت سۆز و پەیوەندی تەواوی لەگەڵدا هەبێت، هەربۆیە دواجار بڕیاری كۆتایی لە بارەیەوە درا، لە ڕێوڕەسمێكی یاسایی "عەبدولئیلاهی كوڕی شەریف عەلی" لە 5ـی نیسانی 1939 شوناسنامەی عێراقی پێدرا و بۆ ماوەی 14 ساڵ وەکوو فەرمانڕەوای عێراق دەسبەکار بوو، سەردەمی دەسەڵاتی نەوەك تەنها لە مێژووی عێراقدا بەڵكو بۆ مێژووی بنەماڵەی هاشمییەكانیش ڕۆژگارێكی ڕەش بوو، دەسەڵاتی پاشایەتی دوای شا غازی بە تەواوەتی تێکچوو و بووە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و پشێوی، هاوکات بووە هۆی بڵاوبوونەوەی هەژارییەکی زۆر لە نێو عێراقییەکاندا و زۆرێک لە زەوییە کشتوکاڵی و تایبەتییەکانی گەل بە بیانووی جۆراوجۆر لەلایەن دەسەڵاتی شاوە داگیر کران.
سەردەمی شا فەیسەڵی دووەم
لە دوای ئەوەی فەیسەڵی دووەم تەمەنی گەیشتە 18 ساڵی و تەمەنی یاسایی تێپەڕاند، لە 2ـی ئایاری 1953 بە كردەیی دەسەڵاتی پاشایی عێراقی گرتەدەست و بە فەرمی بووە سێیەمین پاشای عێراق، هاتنە سەرتەختی شا فەیسەڵی دووەم دەستپێكی سەردەمێكی تازە بوو، چونکە فەیسەڵ گەنجێكی هەژدە ساڵان بوو و خاوەن ڕۆشنبیرییەكەی ڕۆژئاوایی و بیروڕای دیموكراتی بوو بۆیە گەلی عێراقی هیوای زۆریان پێی هەبوو، بەهۆی ئەوەی کەسێکی کەم ئەزموون و شەرمن و کەسایەتییەکی تا ڕادەیەک لاوازی هەبوو، عەبدولئیلاهـی خاڵی هەرگیز دەسەڵاتی ڕەهای پێ نەبەخشی و خۆی وەکوو بڕیاردەری سەرەکی وڵات مایەوە، سەرەڕای ئەوەی کە هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی نەبوو بەڵام هەمیشە لە پرسەکانی وڵات بڕیاردەری سەرەکی ئەو بوو.
کۆتایی سەردەمی پاشایەتی و کۆمەڵکوژی
ڕۆژی 14ـی تەممووزی 1958 لەلایەن کۆمارییەکانی سوپا بە سەرکردایەتی عەبدولکەریم قاسم کودەتا دژی دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق هەڵگیرسا.
بڕیار بوو شا فەیسەڵی دووەم لە ڕۆژی هەشتی تەممووز گەشتی وڵاتی تورکیا بکات، دواتر بۆ چاوپێکەوتنی دەسگیرانەکەی بچێتە لەندەن، بەڵام وەزیری دارایی ئەو کاتەی عێراق بە بیانووی واژۆکردنی شا لەسەر چەند یاسایەکی نوێی ئەو کاتە لە عێراق پێداگری کرد کە کاتی گەشتەکەی بۆ چەند ڕۆژێک دوابخات، بۆیە ناچار شا گەشتەکەی دواخست بۆ ڕۆژی نۆی تەممووز. لەو ماوەیەدا شای ئێران پەیامێکی نارد کە پێویستە شا گەشتەکەی دوابخات بۆ ڕۆژی 14ـی تەممووز، چونکە دەیەوێت لە ڕێگەی کۆبوونەوەیەکی گرنگی هاوپەیمان و سەرۆکەکانی هاشمییەکان لە ئیستەنبووڵ زانیاری گرنگ هاوبەش بکات و پێویستە لە هەمان ڕۆژ ئامادە بێت، شا فەیسەڵ ناچار بۆ جاری دووەم کاتی گەشتەکەی گۆڕی بۆ 14ـی تەممووز، بەڵام لە بەرەبەیانی ڕۆژی 14ـی تەممووز ماڵباتی شا بە دەنگی تۆپ و فڕۆکە لە خەو ڕابوون، ئەوان بێ ئاگابوون لەوەی کە سوپا بە نوێنەرایەتی عەبدولکەریم قاسم کودەتایان دژی حکوومەتی شا ڕاگەیاندووە، کۆشکی ماڵباتی شا لەلایەن کوودەتاچییەکانەوە گەمارۆ درابوو، هیچ فەرمانێکی فەرمی بە کوژران یان گولـلەبارانکردنی شا نەبوو، ئەو سەربازانەی کە گەمارۆی کۆشکیان دابوو گوتیان کە پێویستە شا و ماڵباتەکەی خۆیان ڕادەستی سوپا بکەن و پاشان دادگایی دەکرێن، شا فەیسەڵ بە بڕیارەکە ڕازی بوو و بڕیاری خۆڕادەستکردنی دا، بەڵام بەو مەرجەی زیان بە خێزان و ماڵباتی شا نەگەیەنن، خێزان و ماڵباتی شا لە باخچەی کۆشک کۆکرانەوە، هەندێک لە گێڕانەوەکان دەڵێن کە شا فەیسەڵ بە دەستێکی قورئانی بەرز کردووەتەوە و بە دەستێکیشی ئاڵای سپی هەڵکردووە تکای لە سەربازەکان کردووە کە زیان بە کەسوکاری نەگەیەنن، بەڵام لە ناکاو لەلایەن سەربازێک بە ناوی "عەبدولستار عەبووسی" درانە بەر دەستڕێژی گولـلە و سەربازەکانی تریش لەپاش ئەوەوە ماڵباتی شایان گولـلەباران کرد.
دەستبەجێ شا فەیسەڵ کۆچی دوایی کردووە، پاشان عەبدولئیلاهـی خاڵی و خوشک و دایکی خاڵی کوژران، تەنانەت تەرمی عەبدولئیلاهـی خاڵی هەڵواسراو، سوتێنرا، پارچە پارچە کرا و کرایە ڕووباری دیجلەوە. تەرمی شا فەیسەڵیش ڕەوانە کرا بۆ نەخۆشخانەیەکی بەغداد و لە ناوچەیەکی دوورەدەست نێژرا، دوای چەندان ساڵ لەسەر داوای شای ئوردن تەرمەکەی شا فەیسەڵی دووەم گوێزرایەوە بۆ گۆڕستانی شاهانەی ناوچەی ئەعزەمییەی بەغداد.
کودەتا بووە هۆی هەرەسهێنانی دەسەڵاتی 37 ساڵەی پاشایەتی لە عێراق، ماڵباتی شا بە خراپترین شێوە کوژران و کەسیان بە زیندوویی نەهێشتەوە، تەنانەت خزمەتکارەکانی کۆشکیش بەر لێشاوی کوشتنەکە کەوتن، سوکایەتی بە تەرم و لاشەکانیان کرا و سوتێنران و هەڵواسران.
ڕووداوی کوشتنی ماڵباتی شا و شا فەیسەڵ بە کارەسات و توندوتیژی خوێناوی لە عێراق ناوزەند دەکرێت، لەدوای ئەو ڕووداوە تەنانەت لە مووسڵ و كەركووك توندوتیژی خوێناوی بە جۆریك بوو كە مایەی شەرمەزاری بوو، خەڵكانێكی زۆر كوژران و ڕاكێشانی لاشەی مرۆڤ لەلایەن خەڵكەوە ببووە نەریتێكی باو هەڵواسینی لاشەی مردووەكان ببووە كارێكی ڕۆژانە و دیاردەی کوشتن و توندوتیژی بووە کولتووری گەلانی عێراق، تەنانەت بەناو شۆڕشگێڕەكانیش ئاشی مردن یەك یەك ئەوانیشی هاڕی، بۆیە هەمان چارەنووس و سیناریۆ بەسەر ڕابەری کودەتای 14ـی تەممووز عەبدولکەریم قاسم دووبارە کرایەوە و بەهۆی نزیکترین هاوڕێی کە عەبدولسەلام عارف بوو خیانەتی لێکرا و لە ئەنجامدا دوای ماوەیەکی کەم لە کودەتا ئەویش کوژرا.