مەدینە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-07-11-23:46:00 - کۆدی بابەت: 9367
مەدینە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەدینە یان مەدینەی پیرۆز (بە عەرەبی: المدينة المنورة، مدینة الرسول، بە ئینگلیزی: Medina) ناسراو بە شاری پێغەمبەر ﷺ و یەکەمین پایتەختی دەسەڵاتی ئیسلامی بوو، لەدوای شاری مەککە دووەم پیرۆزترین شوێنە لەلای موسڵمانەکان چونکە مزگەوتی پێغەمبەر و مزگەوتی قوبا و مزگەوتی قیبلەتەینی لەخۆگرتووە، ئەم شارە تەنها موسڵمانەکان بۆیان هەیە سەردانی بکەن بۆیە لە کاتی حەج و عەمرەدا موسڵمانان سەردانی مزگەوتە گرنگەکان و گۆڕی پێغەمبەر دەکەن.

شوێنی جوگرافی

شاری مەدینە لەسەر خاکی حیجازە و دەکەوێتە ڕۆژئاوای وڵاتی سعودییە، بە دووریی 400 کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی مەککەوە و هاوکات 150 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سوورەوە دوورە. ڕووبەری گشتی شارەکە 589 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
کەشوهەوایەکی بیابانی وشکی هەیە کە بە کەمی باران ناسراوە، لە هاویندا پلەی گەرمی زۆر بەرزە و کەشێکی وشکی گەرمی هەیە، لە زستاندا کەشێکی ساردی وشکی هەیە و ڕێژەی بارانی سنووردارە. 

مێژووی مەدینە

سەردەمی دروستبوونی شارەکه

مێژووی دروستبوونی مەدینە دەگەڕێتەوە بۆ 1600 ساڵ پێش کۆچی پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵانی بۆ شارەکە، کە دەکاتە نزیکەی سەدەی شەشەمی پێش زایین.
لە پێش ئیسلام شارەکە ناوی "يثرب" بوو، کە ڕەچەڵەکی ناوەکەی دەگەڕێتەوە سەر سامی کوڕی پێغەمبەر نوح چونکە نەوەی ئەو کوڕەی پێغەمبەر نوح یەکەم کەس بوون نیشتەجێی شارەکە بوون، ئەم ناوە لە چەند هەڵکۆڵین و شوێنەوارێکی مێژوویی بە زمانی عەرەبی دێرین لە سەردەمی ئاشوورییەکان دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی پێش زایین.

کۆچی دانیشتووان بۆ مەدینە

دوای دروستبوونی شارەکە ناوچەکە تەنها شوێنێکی دوورەدەستی وشک بووە و ژمارەی دانیشتووانی سنووردار بوو، بەڵام هەر یەک لە هۆزەکانی "عەمالیق" و چەند هۆزێکی یەمەنی بەهۆی خاپووربوونی "پردی مەئرەب" و دواتر جوولەکەکان بەهۆی جەنگ و ڕاوەدوونانیان بە پلەبەندی کۆچیان بۆ ناوچەکە کردووە.
لە سەدەی دووەمی زایینی و لەکاتی جەنگی ڕۆمانیی و جوولەکەکان لە فەڵەستین، بەهۆی ئەو جەنگەوە هۆزە ناودارەکانی جوولەکەکان بۆ مەدینە کۆچیان کرد، گرنگترین هۆزە جوولەکەکان بریتی بوون لە "بەنی قەینوقاع" و "بەنی قەریزە" و "بەنی نەزیر" هەتاکوو سەدەی حەوتەمی زایینی هۆزەکانی جوولەکە لە مەدینە بوونیان هەبووە.
لە دوای ڕووخان و خاپووربوونی پردی مەئرەب لە "شانشینی سەبەء" کە لە باکووری وڵاتی یەمەن بوون، زۆرێک لە هۆزەکانی ئەو ناوچەیە کۆچی مەدینەیان کرد، نموونەی هۆزەکانی "ئەوس" و "خەزرەج".

بڵاوبوونەوەی ئیسلام و کۆچی پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵان

لە سەدەی حەوتەمی زایینی و دوای بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە مەککە و بانگەشەکردن بۆ ئایینێکی نوێ، سەرۆک هۆزەکان و قوڕەیشییەکان دژایەتییەکی زۆری ئایینە نوێیەکەیان کرد، بۆیە پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵانی بڕیاری کۆچی مەدینەیان دا، هۆزەکانی مەدینە نموونەی ئەوس و خەزرەج پەیمانی سەرخستنی ئیسلامیان دا، پێغەمبەر ﷺ و ئەبوبەکری سدیقی هاوڕێی لە ڕۆژی 12ـی ڕەبیعی یەکەمی ساڵی یەکی کۆچی بەرامبەر بە 27ـی ئەیلوولی ساڵی 622ـی زایینی چوونە شاری مەدینەوە.

گرنگترین کارەکانی پێغەمبەر ﷺ لە مەدینە

- بنیاتنانی مزگەوتی پێغەمبەر، کە یەکەم مزگەوت بوو لە ئیسلامدا و بووە شوێنێکی گرنگ بۆ ڕاپرسیکردن و بڕیارە گرنگەکانی سەردەمی پێغەمبەر ﷺ.
- مەدینە کرا بە یەکەمین ناوەند و پایتەختی موسڵمانان.
- برایەتی نێوان کۆچەرییەکانی مەککە و پاڵپشتیکارانی مەدینە ڕاگەیەنرا، لە دوای پێنج مانگ لە کۆچ لە ماڵی "ئەنەسی کوڕی مالیک" موسڵمانان ژمارەیان 90 پیاو بوون و نیوەیان خەڵکی مەدینە و نیوەیان خەڵکی مەککە بوون، برایەتی لەنێوان خەڵکی هەردوو شارەکە ڕاگەیەنرا، ئەنسارییەکانی مەدینە هاوبەشی سامان و ماڵیان لەگەڵ کۆچەرییەکانی مەککە کرد.
- دەستووری مەدینە دانرا کە لە ڕێگەی چەند نووسراوێکەوە پەیوەندی نێوان هۆزەکانی مەککە و جوولەکەکان و موسڵمانان ڕێکخران و ماف و ئەرکی هەمووان دیاریکران، ئەو دەستوورە لە 52 بەند پێکهاتبوو، 25 خاڵیان لەسەر کاروباری موسڵمانەکان بوو، 27 خاڵیش لەسەر پەیوەندیی موسڵمانان و خاوەن ئایینەکانی تری نێو مەدینە بوو.
- ناوی شارەکە لە "يثرب"ـەوە گۆڕا بۆ "مەدینە".
هاوکات لە مەدینە جەنگه ئیسلامییەکانی سەردەمی پێغەمبەر ﷺ دروستبوو، نموونەی جەنگی بەدر، جەنگی ئوحود، جەنگی خەیبەر و جەنگ لەگەڵ هۆزەکانی جوولەکە.

سەردەمی دەسەڵاتە ئیسلامییەکان

لە ساڵی 11ـی کۆچی، پێغەمبەر ﷺ لە مەدینە کۆچی دوایی کرد و هەر لەو شارەش نێژراوە.
بارودۆخی شاری مەدینە لە سەردەمی دەسەڵاتی خەلیفەکانی ڕاشیدەین تا ڕادەیەک جێگیربوو، بە تایبەتی لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەبوبەکری سدیق و عومەری کوڕی خەتتاب، هاوکات دوای شەهیدکردنی عوسمانی کوڕی عەففان و دروستبوونی فیتنە لە نێوان موسڵمانان، بارودۆخی شارەکە ئاڵۆزی تێکەوت تاکوو سەردەمی دەسەڵاتی عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب و شەهیدکردنیشی ئەم ناجێگیرییە زیاتر بوو، تاکوو هەڵگیرسانی  دەسەڵاتی ئومەوییەکان بەردەوام بوو.

لە سەردەمی ئومەوییەکان پایتەختی موسڵمانان لە مەدینەوە گوێزرایەوە بۆ شاری دیمەشق، بەڵام هەر گرنگی بە شارەکە درا و لەلایەن خەلیفە "وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک" مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ گەورە کرایەوە و گۆڕی پێغەمبەر ﷺ بووە بەشێک لە مزگەوتەکە.
پاشان هەریەک لە عەباسییەکان، فاتمییەکان، مەمالیکەکان، ئەیوبییەکان و عوسمانییەکان دەسەڵاتی شارەکەیان گرتە دەست. لە ساڵی 850ـی زایینی بەشێک لە مزگەوتی قوبا بەهۆی هەورەبرووسکەوە ڕووخا و لە ساڵی 892 دروستکرایەوە.
لە ساڵی 1257 بەهۆی ئاگرەوە دووبارە مزگەوتەکە ڕووخا، لە سەردەمی مەملووکییەکان مزگەوتەکە لەلایەن "سوڵتان قایتبای" بە تەواوی نۆژەن کرایەوە.

سەردەمی نوێ

لە سەرەتای سەدەی بیستەم و لەکاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، مەدینە لە سەردەمی عوسمانییەکان بە دیاریکراوی لە ساڵی 1916 بەهۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی عەرەبی دژی عوسمانییەکان، شاری مەدینە دووچاری برسێتی و وشکەساڵییەکی سەخت بووەوە، تاکوو لە ساڵی 1919 شەریف حسێن ڕابەری شۆڕشەکە سەرکەوتوو بوو و لە ئەنجامدا بووە پاشای حیجاز. ئال سعوودەکان کودەتایان دژی شەریف حسێن ڕاگەیاند و بوونە دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوای ناوچەکە، لە سەردەمی ئال سعوودەکان گرنگییەکی بەرچاو بە شارەکە درا، مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ چەندان جار نۆژەن و فراوان کراوەتەوە. 

دانیشتووان

ڕێژەی دانیشتووانی مەدینە نزیکەی 1,152,991 ملیۆن کەسە، بەشێکی سەرەکی لە دانیشتووان ڕەچەڵەکیان بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە، بەشێکیش لە ناوچەی تری سعودییە و وڵاتانی ئیسلامی تر کۆچیان بۆ ناوچەکە کردووە، هەروەها بەشێکی تری دانیشتووان بە مەبەستی کارکردن و دابینکردنی بژێوییان نیشتەجێی شارەکەن.
ساڵانە لە کاتی ئەنجامدانی حەج و عەمرە ژمارەی سەردانیکەرانی شارەکە زۆر دەبێت و بۆ ماوەیەکی کەم لەو شارە دەمێننەوە.

شوێنە گرنگەکانی شارەکە

  1. مزگەوتی پێغەمبەر: لە دوای مزگەوتی حەڕام دووەم پیرۆزترین مزگەوت و شوێنی پەرستشە لە ئیسلامدا، موسڵمانان لە کاتی جێبەجێکردنی حەج و عەمرە سەردانی مزگەوتەکە دەکەن و نوێژکردن تێیدا خێر و چاکەی زۆری هەیە. ئەم مزگەوتە دەکەوێتە ناوەندی شارەکە و گۆڕی پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ ئەبوبەکری سدیق و عومەری کوڕی خەتتابی تێدایە.
  2. مزگەوتی قوبا: یەکەم مزگەوتە کە لە ئیسلام بنیاتنراوە و دەکەوێتە باشووری شارەکەوە، بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە مزگەوتی پێغەمبەرەوە دوورە.
  3. مزگەوتی قیبلەتەین: واتا مزگەوتی خاوەن دوو قیبلە، لەم مزگەوتەدا کاتێک موسڵمانان نوێژیان کردووە هەواڵی گۆڕینی ڕووگەی موسڵمانان لە مزگەوتی ئەقساوە بۆ کەعبەی پیرۆزیان پێگەیشتووە، بۆیە هەر لەکاتی نوێژکردندا ڕووگەی قیبلەکەیان گۆڕیوە و بەو ناوەوە ناونراوە.
  4. گۆڕستانی بەقیع: گۆڕستانی سەرەکی شارەکەیە و نزیکی مزگەوتی پێغەمبەرە و لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی پەرژینی مزگەوتەکەیە و ڕووبەرەکەی 180 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، ئەم گۆڕستانە نزیکەی گۆڕی دە هەزار هاوەڵی تێدایە، هەروەها هەر کەسێک لە زیارەتکارانی مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ کۆچی دوایی بکات لەو گۆڕستانە دەنێژرێت.
  5. گۆڕستانی شەهیدانی ئوحود: بە دووریی پێنج کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری مزگەوتی پێغەمبەرەوە و نزیک کێوی ئوحودە، بە هەمان ناوی جەنگی ئوحود ناونراوە چونکە شەهیدانی ئەو جەنگە هەر لە نزیک کێوەکە نێژراون.
  6. کۆمەڵگەی مەلیک فەهد بۆ چاپکردنی قورئانی پیرۆز: لە جیهانی ئیسلامیدا گەورەترین چاپخانەی چاپکردنی قورئانی پیرۆزە، ساڵانە زیاتر لە دە ملیۆن قورئان چاپ دەکرێت و لە ساڵی 1984ـەوە دامەزراوە.
  7. مۆزەخانەی داری مەدینە: مۆزەخانەیەکی سەردەمیانەیە و وردەکاری چیرۆکی ژیاننامەی پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵان، هەروەها چۆنییەتی بەرەوپێشچوون و فراوان بوون و گۆڕانکارییەکانی مزگەوتی پێغەمبەر و شاری مەدینە دەخاتەڕوو.


سەرچاوەکان



1418 بینین