ناوهڕۆك
ناساندن
ڕەمزی نافیع ڕەشیدئاغا (بە ئینگلیزی: `Ramzy Nafi) کەسایەتیەکی ڕۆشنبیر و کوردپەروەر و ناوداری کوردایەتی، ڕەمزی نافیع لەساڵی ۱۹۱۷ لە شاری هەولێر لە بنەماڵەیەکی دەستڕۆیشتوو و دەوڵەمەند لەدایک بووە، بنەماڵەکەی لە ئاغاکانی دەوری هەولێر بوون.
ژیاننامە
خوێندنی سەرەتای و ناوەندی لە شاری هەولێر و بۆ خوێندنی ئامادەیی ڕوودەکاتە شاری کەرکووک و شاری بەغداد، قۆناغی پێنجی ئامادەیی بەسەرکەوتووی دەبڕێت، هەر لە سەردەمی ئامادەیدا بەهۆی ئەو خۆشەویستییەی بۆ کوردایەتی هەیبوو پەیوەندی دەکات بە حیزبی هیواوە.
لەبەرئەوەی کە لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند دەبێت بۆ خوێندن ساڵی ١٩٣٩ ڕوودەکاتە بەیرووت، زانکۆی ئەمریکی تەواو دەکات و پاشان دەچێتە ئیستەنبووڵ زانکۆی ڕۆبێرت کۆڵێژ دەخوێنێت. لەساڵی ١٩٤٢ بەهۆی ئەوەی کە ڕەمزی هاوڕێیەتی هەیە لەگەڵ میوللەر، میولەر پەیوەندی پێوەدەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ماموت بەهیوای ئەوەی دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێنن بەیارمەتی ئەڵمانیای نازی، لەو ساڵەدا ڕەمزی دەچێتە ئەڵمانیا بۆ بینینی خولی تایبەت و دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت.
پاش ئەوەی بەشداری لە کردەوەی ماموتدا دەکات، لەگەڵ مۆللەر و هۆفمان و کانێچین بەهەڵە لە ئاسمانەوە بە پەڕەشوت خۆیان دەخەنە خوارەوە، دواتر کردەوەکەیان شکست دەهێنێت دەیانەوێ لەڕێی تورکیاوە بگەڕێنەوە بۆ ئەڵمانیا، بەڵام لەلایەن قاچاخچیەکەیانەوە ئاشکرا دەکرێن و ڕادەستی ئینگلیزیان دەکات.
دادگایی کردن
پاش ئەوەی ئاشکرایان دەکەن، سەرەتا هاوڕێکانی ڕەمزی دەگیرێن و ڕەمزیش لەسەر داوای کەسوکاری خۆی ڕادەست دەکات، دەبرێنە هەولێر و پاشان موسڵ و دواتر بەغداد بەڵام لەبەر هەستیاری کێشەکەیان لە عێراق دادگای ناکرێن دەیان بەنە قاهیرە، لەوێ دادگا حکومی لەسێدارەدانیان بۆ دەردەکات بەڵام پاش سالێک حکومەکەیان دەگۆڕێت بۆ ٢٠ ساڵ زیندانی. پاش تەواوبوونی جەنگی جیهانی دووەم لەساڵی ١٩٤٥ دا هاورێکانی ئازاد دەکرێن و دەچنەوە ئەڵمانیا و ڕەمزیش بە بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتی پزیشکی ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە شاری هەولێر.
کۆچی دوایی
هەر لەسەرەتای گرتنیەوە کە ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆری دەدرێت لەبەندیخانە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەمزی تووشی نەخۆشی دەروونی توندبێت و هەر ئەم بارە دەروونییە نالەبارە وەهای لێدەکات لەزیندان ئازادبکرێت، دوو ساڵ پاش ئازادکردنی لەساڵی ١٩٤٧ لە هەولێر کۆچی دوای کرد و هەر لەوێش نێژرا.