گلاسگۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-31-23:37:00 - کۆدی بابەت: 9639
گلاسگۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گلاسگۆ (بە ئینگلیزی: glasgow، بە عەرەبی: غلاسكو یان غلازغو)، قەرەباڵغترین شاری سکۆتلەندا و چوارەم قەرەباڵغترین شاری شانشینی یەکگرتووە، هەروەها لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە 27 یەم گەورەترین شاری ئەورووپایە. لە ساڵی 2020ـدا ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە 635,640 کەس بوو. گلاسگۆ دەکەوێتە سەر ڕۆخی ڕووباری کلاید لە خۆرئاوای ناوەندی سکۆتلەندا و ڕووبەری ڕووی شارەکە 175 کیلۆمەتر دووجایە.

مێژووی شارەکە

گلاسگۆ لە گوندێکی سەر ڕووباری کلاید (Clyde)ـەوە گەشەی کرد بۆ گەورەترین بەندەری وڵاتی سکۆتلەندا. مێژووی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست و بە ناوچەیەکی ژێردەستەی سەرۆک قەشەکان دەست پێ دەکات، کە لە سەدەکانی 10 و 11ـدا گەشەی سەندووە و بوو بە دەوڵەمەندترین و گەورەترین شوێنی قەشەنشینەکان لە شانشینی سکۆتلەندا. گلاسگۆ بۆ ماوەی چەندین سەدە بە جێگیری گەشەی سەند، هەروەها بژێوی ژیانی دانیشتووانی ناوچەکە لەسەر بازرگانیکردن، دروستکردنی بیرە، ڕاوەماسی و کشتوکاڵ بوو. لە ساڵی 1611ـدا هاوڵاتیان بازرگانیان بە شەکر، تووتن، لۆکە و کەتانەوە دەکرد. لە سەدەی 18 بەدواوە، شارەکە‌ وەکوو یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بازرگانی ئەتڵەسیبڕی بەریتانیا لەگەڵ ئەمریکای باکوور و دوورگەکانی هیندی خۆرئاوا گەشەی کرد کە بە زەریای ئەتڵەسیدا تێدەپەڕین و بازرگانیان دەکرد. لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی پیشەسازیدا، دانیشتووان و ئابووری گلاسگۆ و ناوچەی دەوروبەری بەخێرایی فراوانتر بوون و بوونە یەکێک لە ناوەندە نایابەکانی‌ جیهان لە ماددە کیمیاییەکان و تەون و ئەندازیاری؛ لە هەمووی گرنگتر لە پیشەسازی کەشتیسازی و ئەندازیاری دەریایی، کە چەندین کەشتی داهێنەرانە و بەناوبانگی بەرهەمهێنا. لە سەردەمی ڤیکتۆریا و ئێدوارددا گلاسگۆ (شاری دووەمی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا) بوو. لە کۆتایی سەدەی19 و سەرەتای سەدەی 20ـدا، دانیشتووانی شارەکە لەناکاو زیادی کرد و لەساڵی 1938ـدا گەشتە 1,127,825 کەس. پاشان لە ساڵانی 1960ـکاندا و بەهۆی پڕۆژە گشتگیرەکانی نوێکردنەوەی شارەکان کە لە ئەنجامدا خەڵکێکی زۆر گوازرانەوە بۆ شارۆچکە نوێیەکان ژمارەی دانیشتووانی گلاسگۆ زۆر کەم بووەوە.

گرنگی شارەکە

گلاسگۆ خاوەنی گەورەترین ئابووری سکۆتلەندا و سێیەم بەرزترین بەرهەمی ناوخۆییە لە شانشینی یەکگرتوو. ئەم شارە پایتەختی ڕۆشنبیری ئەورووپی بووە لە ساڵی 1990 و بە تەلارسازی، ڕۆشنبیری، میدیا و مۆسیقای ناوچەیی و یانە وەرزشییەکان و پەیوەندییەکانی گواستنەوە ناسراوە. هەروەها پێنجەمین شارە لە بەریتانیا کە زۆرترین گەشتیار سەردانی دەکات. ئەم شارە میوانداری کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی 2021ـی کرد. گلاسگۆ میوانداری یارییەکانی کۆمۆنوێڵسی 2014 و یەکەم پاڵەوانێتی ئەورووپای لە ساڵی 2018 کرد، و یەکێک بوو لەو شارانەی کە میوانداری یەکێتی تۆپی پێی ئەورووپای 2020ـیان کرد. هەروەها شارەکە لە جیهانی وەرزشیدا ناسراوە بۆ تۆپی پێ.

دانیشتووان

لە ساڵی 2014ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە 596,000 کەس خەمڵێندرا. چڕی دانیشتووانی شارەکە 3,400 کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا، ئەمەش وایکردووە شارەکە ببێتە چڕترین شار لە سکۆتلەندا. بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی 2011 پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحی 54.5% و ئایینی ئیسلام 5.4%ـی دانیشتووانی شارەکەیان پێکهێنا.

لە سەرژمێری شانشینی یەکگرتووی ساڵی 2011ـدا، پێکهاتە نەتەوەییەکانی گلاسگۆ بریتی بوو لە:

سپی پێست: 88.3%

ئاسیایی: 8.1%

ڕەش پێست: 2.4%

زیاتر لە 15%ـی دانیشتووان سەر بە نەتەوە کەمینەکانن، لە ساڵی 1881ـدا 83%ـی دانیشتووانی شارەکە لە سکۆتلەندا لەدایکبوون، پاشان ئەم ڕێژەیە لە ساڵی 1951ـدا بەرزبوویەوە بۆ 93%. هەروەها بەدرێژایی ئەم کاتە ڕێژەی دانیشتووانی ئێرلەندی لە 13%ـەوە دابەزی بۆ 3%.

گەشەی دانیشتووان

لە ساڵی 2011ـدا ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی گلاسگۆ 2.5% بوو، بەڵام لەم دواییانەدا، گەشەی دانیشتووانی شارەکە زۆر خێراتر لەوەی پێشبینی کرا بەرزبوویەوە. لە ساڵی 2001ـدا پێشبینی ئەوە دەکرا کە ژمارەی دانیشتووانی شارەکە تا ساڵی 2018 لە 578 هەزار کەسەوە بگاتە 600 هەزار کەس، بەڵام لە ساڵی 2014ـدا ژمارەی دانیشتووان گەشتە نزیکەی 600 هەزار کەس. بەڵام هێشتاش شارەکە چەندین کێشەی هەیە کە دەبێت چارەی بکات، لەوانه، نیوەی دانیشتووان سەڵتن و ژمارەی منداڵانی 15 ساڵ و خوار 15 ساڵ بە ڕێژەی 10% دابەزیووە.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای شاری گلاسگۆ ئۆقیانووسییە.

مانگەکانی وەرزی زستان ساردە و ئاسمانی شار هەوراوییە، لە مانگی کانوونی دووەمدا تێکڕای پلەی گەرمی 5.0 پلەی سەدییە، هەندێک جار  پلەکانی گەرما نزمتریش دەبنەوە بۆ خوار پلەی بەستن. ئەم شارە بە باراناویترین شاری شانشینی یەکگرتوو ناسراوە و ساڵانە بەتێکڕایی 170 ڕۆژ باران دەبارێت. هەروەها نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە شارەکەدا 19.9- پلەی سەدی بوو کە لە کانوونی یەکەمی ساڵی 1995ـدا تۆمارکرا.

وەرزی بەهار لە مانگی ئازارەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئایار دەخایەنێت، کەشی شارەکە لەم وەرزەدا مامناوەند و زۆر خۆشە، لەم وەرزەدا درەخت و ڕووەکەکان دەست بە گوڵکردن دەکەن و پارک و باخچەکانی شار پڕدەبن لە گوڵی بەهارە.

هەروەها هاوینی ئەم شارە لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئاب بەردەوام دەبێت، لەم وەرزەدا کەشی شارەکە لە ڕۆژێکەوە بۆ ڕۆژێکی تر جیاوازە، لە کەشێکی فێنک و باراناوییەوە دەگۆڕێت بۆ کەشێکی زۆر گەرم و خۆرەتاو. گەرمترین مانگ لەم وەرزەدا مانگی تەممووزە و پلەکانی گەرما لە سەرووی 20 پلەی سەدییەوەن. جاروبار پلەی گەرمی لە کاتەکانی ڕۆژدا دەگاتە 27 پلەی سەدی و بەدەگمەن دەگاتە 30 پلەی سەدی. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە حوزەیرانی 2018 بوو کە پلەی گەرمی گەشتە 31.9 پلەی سەدی.

لە وەرزی پاییزدا کەشی شارەکە بە شێوەیەکی گشتی فێنک تا مامناوەندە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی دابارین بەرزدەبێتەوە. لە سەرەتای پاییزدا پلەکانی گەرما خۆش و مامناوەندن و چەند ڕۆژێک خۆرەتاوە.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە

  1. کڵێسای گلاسگۆ
  2. قوتابخانەی هونەری گلاسگۆ
  3. مۆزەخانە و پێشەنگای نیگارکێشی كێڵڤينگرۆڤ
  4. ناوچەی بازرگانی و گۆڕەپانی جۆرج
  5. شاری مردووان
  6. زانکۆی گلاسگۆ
  7. کەشتی درێژ و مۆزەخانەی کەناری ڕووبار
  8. سەنتەری زانستی گلاسگۆ و تاوەری گلاسگۆ
  9. گەلەری هونەری مۆدێرن
  10. وێستگەی ناوەندی گلاسگۆ
  11. منارە یان کەلووی ڕووناک


سەرچاوەکان



149 بینین