ناوهڕۆك
ناساندن
ئەستۆنیا, ئیستۆنیا یان کۆماری ئیستۆنیا (بە ئیستۆنی: Eesti، بە ئینگلیزی: Estonia، بە عەرەبی: إستونيا) وڵاتيکە لە باکووری ئەورووپا، پایتەختەکەی تالینە. لە باکوورەوە لەگەڵ کەنداوی فینلەندا و وڵاتی فینلەندا هاوسنوورە، لە ڕۆژاواوە لەگەڵ دەریای بەڵتیک و سوید هاوسنوورە، لە باشوورەوە لەگەڵ لاتیڤیا و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ دەریاچەی پێیپوس و ڕووسیا هاوسنوورە.
زانیاری گشتی
وڵات | ئیستۆنیا یان کۆماری ئیستۆنیا |
سەرۆک | ئەلار کاریس |
سەروەزیران | کاجا کاڵاس |
پایتەخت | تالین |
ڕۆژی سەربەخۆیی لە یەکێتیی سۆڤیەت | ٢٠ـی ئابی ١٩٩١ |
حکوومەت | کۆماری فرە حیزبی یەکگرتوو لەگەڵ یەک ئەنجومەنی یاسادانان |
ژمارەی دانیشتووان | ١،٣٢٨،٠٠٠ (٢٠٢٢) |
دراو | یۆرۆ |
زمانی فەرمی | ئیستۆنی |
ئایینی فەرمی | نییە |
ڕێژەی خويندەواری | ٩٩.٨٩٪ |
ڕووبەر | ٤٥،٣٣٩ کیلۆمەتری چوارگۆشە |
چڕی | ٢٩.٣ کەس بۆ هەر کیلۆمەترێک چوارگۆشە |
دابەشبوونی دانیشتووان | شار ٦٨٪، لادێ ٣١.١٪ |
تەمەنی چاوەڕوانکراو | نێر ٧٤ ساڵ، مێ ٨٢ ساڵ |
بەرزترین لوتکە | سوور مونامەگی ٣١٨ مەتر |
نزمترین خاڵ | دەریای بەڵتیک سفر مەتر |
ڕێڕەوی لێخوڕین | ڕاست |
ژمارەی تەلەفۆنی نێودەوڵەتی | ٣٧٢+ |
مێژووی ئیستۆنیا
لە دێر زەمانەوە هەمیشە شەڕ لەسەر ئیستۆنیا کراوە، مێژووناسان وای بۆ دەچن کە خەڵک لە دەوروبەری ٩٠٠٠ ساڵی پێش زایینی گەیشتونەتە خاکی ئیستۆنیا، لەو کاتەوە شەڕی لەسەر کراوە، لەلایەن پروسیا، سوید، دانیمارک، ئەڵمانیا، پۆڵەندا و ڕووسیاوە حوکمڕانی کراوە.
لە ٢٤ـی شوباتی ساڵی ١٩١٨ ئیستۆنیا سەربەخۆیی لە ڕووسەکان وەرگرت، کە لە دەوروبەری ١٧٢١ـەوە فەرمانڕەوایەتییان کردبوو. بەڵام ئاهەنگگێڕانەکەیان کورتخایەن بوو، چونکە سوپای ئەڵمانیا لە پێشڕەویدا بوون و هيرشیان کردە سەر ئیستۆنیا. دوای ئەوەی جەنگ کۆتایی هات ڕووسەکان دووبارە هيرشیان کردە سەر ئیستۆنیا، لە شوباتی ساڵی ١٩١٩ ئیستۆنیا لەلایەن ڕووسەکانەوە وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ ناسێندرا.
پاشان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٠، کاتێک ڕووسیا ناوی گۆڕا بە یەکێتیی سۆڤیەت، ئیستۆنیای گرتەوە و کردیان بە بەشێک لە یەکێتیی سۆڤیەت.
لە ساڵی ١٩٤١ ئیستۆنیا لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیرکرابوو، ساڵی ١٩٤٤ ڕووسەکان گەڕانەوە ئیستۆنیا و خستیانە ژێر دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکانەوە.
دواجار لە ٦ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٩١ وەک وڵاتێکی سەربەخۆ ناسێندرا، لە ساڵی ٢٠٠٥ چووە یەکێتیی ئەورووپاوە.
جوگرافیای ئیستۆنیا
ئیستۆنیا وڵاتێکی باکووری کیشوەری ئەورووپایە، دەکەوێتە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای بەڵتیکەوە، لە باکوورییەوە بەنداوی فینلەندایە. لە هێڵەکانی زەوی لەنێوان ٥٧.٣ بۆ ٥٩.٥ پلەی باکوور، ٢١.٥ بۆ ٢٨.١ پلەی ڕۆژهەڵاتدایە.
تێکڕای بەرزییەکەی دەگاتە ٥٠ مەتر، بەرزترین خاڵی وڵاتەکە لوتکەی سوور مونامەگییە لە باشووری ڕۆژهەڵات بە بەرزی ٣١٨ مەتر. ٣،٧٩٤ کیلۆمەتر کەنار دەریای هەیە، کە بە چەندین کەنداو و گەروو کەنداوی بچووک دیاریکراوە.
ژمارەی دوورگە و دوورگە بچووکەکانی ئیستۆنیا بە زیاتر لە ٢،٢٢٢ دوورگە مەزەندە دەکرێت، دوو لە گەورەترین ئەم دوورگانە سارێما و هیومایە کە دەکەونە کەنارەکانی ڕۆژاوای ئیستۆنیاوە.
کەشوهەوا
ئیستۆنیا دەکەوێتە باکووری ناوچەی کەشوهەوای مامناوەند و لە ناوچەی کەشوهەوای دەریایی و کیشوەریدایە، کەشوهەوا لە بەشی ڕۆژهەڵاتی وڵات زیاتر کیشوەرییە و لە بەشی ڕۆژاوا زیاتر دەریاییە، بە تایبەت لە دوورگەکان.
ئیستۆنیا چوار وەرزەکەی ساڵی بە یەکسانی تێدا دەردەکەوێت، تێکڕای پلەی گەرما لە دوورگەکاندا لە نێوان ١٧.٨ پلەی سیلیزیدایە، لە ناوچەکانی تردا لە نێوان ١٨.٤ پلەی سیلیزیدایە لە مانگی تەممووزدا کە گەرمترین مانگی ساڵە.
نزمترین پلەی گەرما لە دوورگەکاندا -٥.٣ پلەی سیلیزییە، لە ناوچەکانی تردا -١.٤ پلەی سیلیزییە، لە ناوخۆی وڵاتدا مانگی شوبات ساردترین مانگی ساڵە.
تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە لە ئیستۆنیا ٦.٤ پلەی سیلیزییە، تێکڕای باران بارینی ساڵانە ٦٦٢ میلیمەترە، تێکڕای بەرکەوتنی تیشکی خۆری ساڵانە ١٨٢٩.٦ کاتژمێرە، ماوەی بەرکەوتنی تیشکی خۆر لە ناوچە کەنارییەکان زۆرترە، باکووری ئیستۆنیا کەمترین بەرکەوتنی تیشکی خۆری هەیە.
دانیشتووان
بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری ئەورووپا، ئیستۆنیا ژمارەیەکی زۆر لەدایکبووانی بیانی هەیە، تەنها دوو لەسەر سێی دانیشتووانەکەی خەڵکی ئیستۆنین.
لە نێوان ئیستۆنییەکاندا هەندێک جیاوازی زمان و کولتووری ناوچەیی هەیە، بەتایبەتی خەڵکی سێتۆ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئیستۆنیا بە زاراوەیەکی جیاوازی ئیستۆنی قسە دەکەن، بەشێکن لە نەریتی ئایینی ئۆرتۆدۆسکی ڕۆژهەڵات، دوورگەنشینەکانی دوورگەی موهو لە ڕۆژاوا زاراوەی تایبەت بە خۆیان هەیە و کۆمەڵێک نزیکایەتی کولتوورییان لەگەڵ سکەندیناڤییەکان هەیە.
ئیستۆنی زمانی فەرمی وڵاتەکەیە، زیاتر لە دوو لەسەر سێی دانیشتووانەکەی بە زمانی ئیستۆنی وەک زمانی یەکەم قسە دەکەن، نزیکەی یەک بەش لە چوار بەشی تر بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن کە زۆربەیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتن.
دیمۆگرافیای دانیشتووان
لە ماوەی نیوەی کۆتایی سەدەی ٢٠ـەمدا ئیستۆنیا هیچ کۆچێکی ناوخۆیی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینی، تا لکاندنی بە یەکێتیی سۆڤیەتەوە لە ساڵی ١٩٤٠، پاشان کۆچکردنێکی بەرفراوانی لە ناوچەکانی تری یەکێتیی سۆڤیەتەوە بەخۆوە بینی.
پاش سەربەخۆیی ئیستۆنیا کۆچکردن کەم بوویەوە و ژمارەیەکی زۆر لە ڕووسییەکان وڵاتەکەیان بەجێ هێشت.
ڕووسەکان بەرچاوترین کەمینەن کە نزیکەی یەک لەسەر چواری هاوڵاتییان پێکدەهێنن، لە نێو کەمینە نەتەوەکانی تردا ئۆکرانییەکان، بێلاڕووسییەکان و فینلەندییەکان دیارترینیانن.
ئایین
ئیستۆنیا یەکێکە لە وڵاتانی خاوەنی کەمترین بیروباوەڕی ئایینی، تەنها ١٤٪ـی دانیشتووانەکەی ئایین بە بەشێکی گرنگ لە ژیانی ڕۆژانەیان دادەنێن. زۆرینەی خەڵکی ئیستۆنیا بێباوەڕن، کەمینەیان لەسەر ئایینی ئۆرتۆدۆسکی ڕۆژهەڵات، ئایینی لوتێرگەری و مەسیحین.
پەروەردە و زانست
مێژووی پەروەردەی فەرمی لە ئیستۆنیا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ١٤ و ١٥ کە تێیدا یەکەم خوێندنگە لە کڵيسا و ڕەبەنی دامەزران، یەکەم پەرتووکی ئەلفوبێ بە زمانی ئیستۆنی لە ساڵی ١٥٧٥ بڵاوکرایەوە.
کۆنترین زانکۆ زانکۆی تارتۆیە لەلایەن پاشای سوید لە ساڵی ١٦٣٢ دامەزراوە، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩١٩ وانەکانی زانکۆ بە زمانی ئیستۆنی خوێندرا.
خوێندنی ئێستای ئیستۆنیا بەسەر خوێندنی گشتی، پیشەیی و خولیادا دابەشکراوە، سیستمەکانی پەروەردە لە چوار ئاست پێکهاتوون کە بریتین لە باخچەی ساوایان، بنەڕەتی، ناوەندی و باڵا.
گەورەترین زانکۆ حکوومییەکان لە ئیستۆنیا بریتین لە زانکۆی تارتۆ، زانکۆی تەکنەلۆجیای تالین، زانکۆی تالین، زانکۆی ئیستۆنی زانستەکانی ژیان، ئەکادیمیای هونەری ئیستۆنی، ئەکادیمیای مۆسیقا و شانۆی ئیستۆنیا هەروەها گەورەترین زانکۆی تایبەت زانکۆی نێونەتەوەیی ئاودێنتسە.
مێژووی ئابووری ئیستۆنیا
پێش جەنگی جیهانیی دووەم ئابووری ئیستۆنیا لەسەر بنەمای کشتوکاڵ بوو، بەڵام کەرتێکی بەرچاوی زانیاری هەبوو لە زانکۆی تارتۆ، هەروەها کەرتی پیشەسازی لە گەشەکردندا بوو هاوشێوەی فینلەندا.
بەرهەمەکانی کەرێ، شیر و پەنیر لە بازاڕەکانی ڕۆژاوای ئەورووپا بە شێوەیەکی بەرفراوان ناسرابوو، بازاڕی سەرەکی بەرهەمەکانیان ئەڵمانیا و بەریتانیا بوو، لە ٣٪ـی بازرگانییەکانیان لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەتدا بوو، ئیستۆنیا و فینلەندا ئاستی ژیانیان تا ڕاددەیەک هاوشێوەبوو.
داگیرکردن و لکاندنی ئیستۆنیا بە یەکێتیی سۆڤیەتەوە، وێرانکارییەکانی نازییەکان و سۆڤیەت ئابووری ئیستۆنیای پەکخست، دوای ئەوەی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە کۆمۆنیزم دوور کەوتەوە لە ساڵی ١٩٩١ـدا سەربەخۆیی گەڕاندەوە و بوو خاوەنی ئابووری بازاڕ، وەک پيشەنگێک لە ئابووری جیهاندا دەرکەوت.
ئابووری ئێستا
ئیستۆنیا خاوەنی ئابوورییەکی گەشەسەندووە، ئەندامی یەکێتی ئەورووپا و خاوەنی دراوی یۆرۆیە. ئابووری ئیستۆنیا لە ژێر کاریگەرییەکانی ئابووری سوید و فینلەندایە.
ئیستۆنیا لە سەربەخۆیی وزە نزیکە، زیاتر لە ٩٠٪ـی وزەی کارەبای خۆی لە بەردی کیرۆجینی (جۆرێک بەردی نیشتوو)ـی ناوخۆدا بەدەست دەهێنێت، لە ٩٪ـی سەرچاوەی وزەی جێگرەوە لە دار و ئەتەم (ڕووەکی نیوەسووتاو) و زیندەبارستە بەرهەمدەهێنێت.
ئەمڕۆ ئیستۆنیا بە شێوەیەکی سەرەکی لە ژێر کاریگەری پێشهاتەکانی فینلەندا، ڕووسیا، سوید و ئەڵمانیادایە کە چوار هاوبەشی سەرەکی بازرگانین.
ئابووری ئیستۆنیا هەمەچەشنە، پیشەسازی، گواستنەوە، بازرگانی و هەروەها لقە جیاوازەکانی خزمەتگوزارییەکان بە یەکسانی گرنگن.
بەهۆی سەرچاوە سروشتییەکانی بەردەست ئابووری ئیستۆنیا تا ڕاددەیەکی زۆر پشت بەو لقانە دەبەستێت کە پەیوەندییان بە دارستانەکانەوە هەیە.
کەرتی وزەی ئیستۆنیا لەسەر بنەمای بەردی کیرۆجینی دامەزراوە، سەرچاوەیەکە کە لە شوێنەکانی تری جیهاندا زۆر دەگمەنە.
هەروەها لە ڕووی گەشتیاریشەوە قازانجێکی بەرچاو لە گەشتیاران دەکەن، ساڵانە نزیکەی چوار ملیۆن گەشتیار ڕوو لە ئیستۆنیا دەکەن، کە زۆربەیان لە فینلاندەوە دێن.
گەشتیاری
ساڵانە نزیکەی چوار ملیۆن گەشتیار سەردانی ئیستۆنیا دەکەن، زۆرینەیان لە فینلەنداوە دێن و بۆ ماوەیەکی کورت دەمێننەوە، هەروەها ژمارەی گەشتیاران لە سوید و ئەڵمانیاوە بەردەوام لە زیادبووندایە. تالینی پایتەخت شوێنێکی گرنگی گەشتیارییە بۆ سەردانکەران. بە چوونە ناو یەکێتیی ئەورووپا سەردانکەران ڕێژەیان زیادی کرد.
داهاتی ڕاستەوخۆ لە گەشتیارییەوە دەچێتە نووسینگە گەشتیارییەکان و هۆتێلەکان، ژمارەیەکی زۆر لە نووسینگەی گەشتیاری و خواردنگەکان. بەشێکی بەرچاو لە گەشتیاران بە پلەی یەکەم بۆ مەبەستی بازاڕکردن سەردانی ئیستۆنیا دەکەن، ئەمەش داهاتێکی بەرچاو بۆ بازاڕەکان دابین دەکەن. بە لایەنی کەمەوە ١٠٪ـی ئابووری ئیستۆنیا بە پەیوەندی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆوە بە گەشتیارییەوە بەندە.
بەناوبانگترین شوێنە گەشتیارییەکان
تالین: پایتەخت و گەورەترین شاری ئیستۆنیایە، کە بەشدارییەکی گەورە لە گەشتیاری ئیستۆنیادا دەکات. یەکێک لەو شوێنانەی سەردانکەرێکی زۆری هەیە شارۆچکەی کۆنی تالینە کە بە قەڵایەکی دێرینی سەدەکانی ناوەڕاست دەورەدراوە، لە شوێنەواری جیهانی یۆنسکۆدایە،
تارتۆ: یەکيکە لە گەورەترین شارەکان و باشترین شوێنەکانی ئیستۆنیا، شارێکی بەناوبانگە بە خوێندکاران، شوێنی یەکێکە لە کۆنترین زانکۆکانی ئەورووپا، کە زانکۆی تارتۆیە.
هەروەها مۆزەخانەی سەرنجڕاکێشی لێیە بە ناوی کەی جی بی، لە ناو شوێنە سەرنجڕاکێشەکان و هەروەها شارەکە هێمای زانستی و کولتووری داهێنەرانە لە ئیستۆنیا.
پارنو: یەکێکی ترە لە باشترین شوێنەکانی ئیستۆنیا، شارێکی جوانی سەدەکانی ناوەڕاستە، بە حەمامە مێژووییەکانی دەوڵەمەندە.
ڤیلجاندی: شارۆچکەی ڤیڵجاندی یەکێکە لە شوينە مێژووییەکان، پارێزگای ڤیلجاندییە. قەڵای سەرنجڕاکێشی ڕووخاوی لێیە کە ڕۆژانێک لە گەورەترین قەڵاکانی ناوچەی بەڵتیک بوون، هەروەها زۆربەی باڵەخانە و خانووەکانی لە دار دروستکراون، ئەمەش دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بە شارەکە دەبەخشێت، شوێنێکی گونجاوە بۆ خۆشەویستانی کولتوور و سروشت.
دوورگەی کینهو: یەکێکە لە شوێنە ناوازەکانی ئیستۆنیا، بەهۆی کولتوورە ڕەنگاوڕەنگەکەیەوە لەلایەن زۆرێک لە گەشتیارانەوە پەسەندە. کولتووری ناوازەی کینهو لەنێو لیستی کولتووری یۆنسکۆدا هاتووە.