ناوهڕۆك
ناساندن
شنۆ (بە ئینگلیزی: Shno)، شارێکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شاری شنۆ ٧٣ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری ورمێوە دوورە. ئەم شارە لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوسنوورە و لە باشوورەوە لەگەڵ پیرانشار و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ نەغەدە و لە باکوورەوە لەگەڵ ورمێ هاوسنوورە. بەرزی شاری شنۆ ٤,٧٠١ مەترە لە ئاستی دەریاوە و بەرزترین خاڵی لە باشووری ڕۆژهەڵاتە و بریتییە لە ٥,٠٠٣ مەترە.
ناوەکەی
ناوی شنۆ لە سەردەمی کۆندا (ئاشنۆ) بووە کە زمانی کۆنی کلدانییە (ئاشنۆ، شێنۆ، ئای شێنۆ) بە واتای قەڵا و تاوەر دێت، هەروەها بە زمانی میخی بە ئەشنۆد هاتووە، مێژوونووسان پێیان وایە شنۆ پێشتر ئاشنە بووە کە بە واتای ڕووەکێکی بۆنخۆش دێت.
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە بە پێی سەرژمێرییەک کە لە ساڵی ٢٠١٣ ئەنجامدراوە یەکسان بووە بە ٧٠,٠٣٠ کەس کە ٣٥,٢٠٠ نێر و ٣٤,٨٣٠ کەسیان مێ بوون. بەپێی سەرژمێرییەکی ساڵی ٢٠٠٨ ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لەگەڵ گوندەکانی یەکسان بووە و بریتی بووە لە ٦٦ هەزار کەس، هەروەها بەپێی ئەنجامی سەرژمێرییەکی ساڵی ٢٠١٥ ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە بۆ ٧٣,٨٨٦ کەس زیادی کردووە، ئەمەش گەشەی ساڵانەی شارۆچکەکە نیشان دەدات لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٥دا ٨٠,١٪ بووە. نزیکەی ٩,٥٧٪ی کۆی دانیشتووانی شارۆچکەکە لە ناوچە شارییەکان و ١,٤٢٪ لە ناوچە گوندنشینەکان دەژین.
مێژووەکەی
ئەو ناوچەیەی کە شاری شنۆی تێدا هەڵکەوتووە مێژووییەکی دوور و درێژی هەیە، جوگرافیناسانی سەدەکانی سەرەتای ئیسلامی شاری شنۆیان وەک شارێکی بچووک لە خاکێکی بەپیتدا ناساندووە.
شنۆ لەسەر ڕێڕەوی مێژوویی حەوزی ورمێ بۆ ڕەواندز بەسەر دەروازەی کێلەشین هەڵکەوتووە. ئەم شارە لە سەدەی دەیەمدا کەوتە ژێر دەسەڵاتی ڕەوەندی و بەردەوام بوو لە گەشەکردن، هەروەها شارەکە چەندین زانای لێ ژیاوە، لەسەردەمی ئیبن حقولدا کورد لەوێ نیشتەجێ بووە و لە سەدەی چوارەمدا ئاژەڵ لە ئەو شارە و دەوروبەرییەوە هەناردەی مووسڵ و بەلەد لە مێزۆپۆتامیا دەکرا، خاکەکەی بە بەپیتی و لەوەڕگەکانی بە زۆری ناسرابوو، لە سەدەی نۆزدەهەمدا ژمارەی دانیشتووانەکەی زۆربەیان کورد بوون لەگەڵ دانیشتووانێکی کەمی ئاشوورییەکان کە لە سەردەمی کوشتاری سەیفۆدا لەناوچوون.
لە ساڵی ١٩٠٩ شاری شنۆ لەلایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکرا و عوسمانییەکان و ڕووسەکان لەم ناوچەیەدا زیانی مرۆیی و داراییان بە خەڵکی شارەکە گەیاند. دوای ڕووسەکان نۆرەی ئاشوورییەکان هات کە هەڵیانکوتایە سەر ئەو شارە. شەڕی نێوان ئاشوورییەکان و عوسمانییەکان برسێتییەکی توندی بەدوای خۆیدا هێنا لە ئەنجامدا خەڵک لە ترسی برسێتی ڕوویان لە مووسڵ و کەرکووک کرد. دوابەدوای ئەم ڕووداوانە لە ١٣ هەزار کەس لە شاری شنۆ تەنیا چەند سەد کەسێک مانەوە.
کاتێک جەنگی جیهانیی یەکەم کۆتایی هات سمکۆ وەک سەرکردەیەکی سیاسی ناوی دەرکرد و لەپێناو دامەزراندنی ئیدارەیەکی کوردیدا لە ساڵی ١٩١٩ شۆڕشی بەرپاکرد و هەندێک ناوچەی گرنگی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، لە ساڵی ١٩٢١ لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکی گەورەی هێزەکانی حکوومەتی ئێراندا، سمکۆ ناچار بوو پاشەکشە بکات و پەنا بباتە بەر وڵاتی تورکیا، لە ساڵی ١٩٢٤ بە بڕیارێکی لێبووردن گەڕایەوە ئێران و لە ساڵی ١٩٢٦ جارێکی تر شۆڕشی بەرپاکردەوە. بەڵام ئەمجارەشیان شۆڕشەکەی تێکشکاو ماوەیەک لە تورکیا بە دەستبەسەری مایەوە. پاش ئازادکردنی گەڕایەوە وڵاتی ئێران و لە ساڵی ١٩٣٠ بە پیلانێکی کاربەدەستانی ئێران لە شاری شنۆ کوژرا، بەمەش شۆڕشەکەی شکاک کۆتایی هات کە یازدە ساڵ درێژەی کێشابوو.