ناوهڕۆك
ناساندن
جەنگی لوبنانی ساڵی ١٩٨٢، کە بە داگیرکردنی لوبنانیش ناودەبرێت (بە ئینگلیزی: ١٩٨٢ Lebanon War، بە عەرەبی: حرب لبنان ١٩٨٢)، یان ئەوەی ئیسرائیل ناوی لێنابوو ئۆپەراسیۆنی ئاشتی بۆ جەلیل و ئۆپەراسیۆنی سنەوبەر. شەڕێکە کە تێیدا لوبنان بووە مەیدانی جەنگی نێوان ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین و سووریا و ئیسرائیل. هۆکارەکانی ئەم شەڕە کۆمەڵێک ڕووداو بوون کە لە ماوەی ساڵانی پێشوودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویاندابوو، هەر لە ڕێککەوتنی قاهیرە کە بوونی فراکسیۆنە چەکدارەکانی فەلەستین لە لوبنان ڕێکدەخات، تا دەگاتە شەڕی ناوخۆی لوبنان.
هۆکارەکان
ڕێککەوتنی قاهیرە ١٩٦٩
ئەم ڕێککەوتنە لە ٣ی تشرینی دووەمی ١٩٦٩ لە قاهیرە بە مەبەستی ڕێکخستنی ئامادەبوونی چەکدارانی فەلەستین لە لوبنان واژۆ کرا و شەرعیەتی بە ئامادەبوون و کاری بەرخۆدانی فەلەستین لە لوبنان بەخشی. بوونی سیاسی و سەربازیی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین لەلایەن لوبنانەوە دانی پێدا نرا، هەروەها جەخت لەسەر ئازادی کردەوەی سەربازی لە خاکی لوبنانەوە کرایەوە. ئەم ڕێککەوتنە فەلەستینییەکانی لە چەندین هەوڵی داماڵینی چەکدا پاراست. بەڵام هەندێکیان بە ناتەبایی لەگەڵ بنەماکانی سەروەری دەوڵەتی لوبنان زانی، هەروەها بڕگەگەلێکی لەخۆگرتبوو کە پێچەوانەی بڕگەکانی یاساکانی لوبنانن، ئەم ڕێککەوتنە ڕۆڵێکی بەرجەستەی لە گۆڕەپانی پراکتیکیدا نەبوو بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سەرکردایەتی لوبنان و فەلەستین. لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل ڕێککەوتنی قاهیرەی بە پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستە زانی کە لە ساڵی ١٩٤٩ لە نێوان خۆی و لوبنان واژۆ کرابوو.
ئەیلوولی ڕەش لە ئوردن
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧٠دا، سوپای ئوردن لەسەر رێنمایی شا حسێن و راوێژکارە سەربازییەکانی هەنگاوی نا بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی رێکخراوە فەلەستینییەکان لە ئوردن و لە هەمان کاتدا سەرکردایەتی لە ئیسرائیل پلانی نەهێشتنی زیادبوونی کردەوەی سەربازی دابوو لە دەرەوەی وڵات بە دروستکردنی درز لە نێوان ڕێکخراوە فەلەستینییەکان بۆ یەکتر یان لەگەڵ ڕژێمە عەرەبییەکان. لە نێوان ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٨ تا کۆتایی ساڵی ١٩٦٩ زیاتر لە ٥٠٠ پێکدادانی توندوتیژ ڕوویدا کە لە نێوان فراکسیۆنەکانی فەلەستین و هێزە ئاساییشییەکانی ئوردن ڕوویدا. کردەوەی توندوتیژی و ڕفاندن و کوشتن ئەوەندە زۆر بوو تا وایلێهات شاری عەممانی پایتەخت لە میدیا عەرەبییەکاندا بە هانۆی عەرەبەکان ناسرا. دوای چەندین شەڕ و پێکدادان ڕێکخراوە فەلەستینییەکان تەواوی شارەکانی ئوردنیان بەجێهێشت و بەرەو دارستانەکانی جرش و عەجلون ڕۆیشتن و دواتر هێزەکانی سوپای ئوردن گەڕانەوە و ئەو ناوچانەیان داگیر کرد و دوا مۆڵگەکانی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین و ڕێکخراوەکانی تریشیان لە ڕەگەوە هەڵکێشا و دەریان کرد بۆ لوبنان.
شەڕی ناوخۆی لوبنان
لە ساڵی ١٩٦٩ سوپای لوبنان لەگەڵ چەكدارانی فەلەستین شەڕی كرد، دواتر لە ڕێگەی ڕێككەوتنی قاهیرە، مافی فەلەستینییەكان بۆ خاوەندارێتی چەك لەسەر خاكی لوبنان دەستەبەر کرا. لە ساڵی ١٩٧٥دا لە لوبنان ئاژاوەی جۆراوجۆر سەریهەڵدا، مەترسیدارترینیان خۆپیشاندانی ماسیگرەکان بوو لە سەیدا کە بووە هۆی مردنی سەرکردەیەک بەناوی مەعرووف سەعد. هەروەها چەندین شەڕ و پێکدادان لە نێوان مەسیحییەکان و فەلەستینییەکان لە ناوچەکانی کەمپی تل زەعتەر و کەحالە دروست بوو. هەروەها فەلەستینییەکان چەندین کردەوەی سەربازییان لە دژی ئیسرائیل ئەنجامدا، ئەمەش وایکرد ڕۆژاوا لوبنان بە شوێنی گەرمی جیهادییەکان بزانێت. پریشکی ڕاستەقینەی دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی لوبنان لە ١٣ی نیسانی ١٩٧٥ بوو، کاتێک کەسانێکی نەناسراو هەوڵی تیرۆرکردنی پیێر جەمیل، سەرۆکی پارتی کەتائیبیان دا. جەمیل لە مردن ڕزگاری بوو و چوار کەس کوژران کە دووانیان پاسەوانەکانی ئەو بوون. میلیشیاکانی حیزبی کەتائیب وەڵامی هەوڵی تیرۆریان دایەوە و هێرشیان کردە سەر پاسێک کە ئەندامانی (بەرەی گەل بۆ رزگاری فەلەستین - فەرماندەییی گشتی) بۆ کەمپی تەل زەعتەر دەگواستەوە و بە ناوچەی عەین ڕومانەدا تێدەپەڕین. لە بۆسەی چەكدارانی پارتی كەتائیب ٢٧ فەلەستینی كوژران. ئەو ڕووداوە ناوی لێ نرا بوستە، کە پریشکێک بووە بۆ دەستپێکردنی شەڕ لە سەرتاسەری وڵاتدا.
هاتنە ناوەوەی هێزەکانی سووریا
ئەمەریکا بە ڕەزامەندی خۆی لەسەر دەستێوەردانی سووریا لە خاکی لوبنان، چەندین ئاماژەی بۆ سووریا ناردبوو، لە ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٧٦ وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمەی ڕایگەیاند. ئامانج لە هاتنە ناوەوەی هێزەکانی سووریا کارکردن بوو بۆ دامرکاندنەوەی شەڕی ناوخۆ و داماڵینی چەک لە میلیشیا شەڕکەرەکان و پاراستنی لوبنان. هێزە عەرەبییەکان چوونە ناو لوبنان و گەیشتنە ناوچەی عەکار لە باکووری لوبنان، لە یەکی حوزەیران هێزەکانی سووریا دەستیان کرد بە کۆنترۆڵکردنی شوێنە ستراتیژییەکان لە دۆڵی بقاع و لە زۆر شوێن جێگیر بوون.
ئۆپەراسیۆنی لیتانی
ئیسرائیل لە ١٤ی ئازاری ١٩٧٨ پشتێنەیەکی ئەمنی بە درێژایی دە کیلۆمەتر دامەزراند بۆ ئەوەی باکووری خۆی لە هێرشەکانی فەلەستین بپارێزێت. ئەنجوومەنی ئاسایش ئیدانەی ئەم ئۆپەراسیۆنەی کرد و بڕیارنامەی ٤٢٥ی دەرکرد کە داوا لە ئیسرائیل دەکات دەستبەجێ و بێ مەرج لە لوبنان بکشێتەوە. ئیسرائیل ئەم بڕیارەی پشتگوێ خست، بە تایبەت کە هیچ فشارێکی نێودەوڵەتی و ئەمریکی و تەنانەت عەرەبی لەسەر نەکرا.
هۆکارە ڕاستەوخۆکان
دۆخی لوبنان لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٢ درێژکراوەی مەرجەکانی شەڕی ناوخۆی لوبنان بوو کە لە ساڵی ١٩٧٥ دەستی پێکرد، ململانێیەکی بەردەوامی نێوان بلۆکی چەپی لوبنان و چەکدارانی فەلەستین و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین و پارتی سۆسیالیستی پێشکەوتنخواز لە لایەکەوە، و مەسیحییە ڕاستڕەوەکانی لوبنانی و پارتی کەتائیبی لوبنانی و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە، و بۆ ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ١٩٨٢ لە شێوەی ململانێی توندوتیژ لە نێوان ئەم لایەنانەدا بەردەوام بوو.
لە تەممووزی ١٩٨١ لە ژێر چاودێری فیلیپ حەبیب ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و هێزەکانی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین ئەنجامدرا. بەڵام ئیسرائیلییەکان نیگەران بوون لە کۆکردنەوەی هێزەکانی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین لە باشووری لوبنان لە دوای ئاگربەستەکەوە، کە بە هەڕەشەیان زانی بۆ سەر ئاسایشی سنووری باکووری ئیسرائیل. لە ٢١ی نیسانی ١٩٨٢دا هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بۆردومانی شوێنێکی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی لە باشووری لوبنان کرد و لە ٩ی ئایاری ١٩٨٢دا رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین بە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر باکووری ئیسرائیل وەڵامی دایەوە، دوای ئەم بۆردومانانەش هەوڵی تیرۆرکردنی باڵیۆزی ئیسرائیل درا لە بەریتانیا. لە وەڵامی ئەم تیرۆرەدا ئیسرائیل دامەزراوە و رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی لە دڵی بەیرووت بۆردومان کرد. ڕۆژێک دوای هەوڵی تیرۆرکردن و بۆردومانکردنی بەیرووت لەلایەن ئیسرائیلەوە جارێکی دیکە رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین بۆردومانی باکووری ئیسرائیلی کردەوە و لەم بۆردومانەدا ئیسرائیلییەک کوژرا.