سەردەمی سەهۆڵبەندان

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-11-26-17:05:00 - کۆدی بابەت: 10454
سەردەمی سەهۆڵبەندان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چاخی بەستەڵەک، چاخی سەهۆڵبەندان، سەردەمی سەهۆڵبەندان یان سەردەمی بەستەڵەک (بە ئینگلیزی: Ice Age یان Glacial Age، بە عەرەبی: عصر جليدي) بریتییە لە قۆناغێکی درێژخایەنی زەوی، کە تێیدا پلەی گەرمی جیهان سارد و سەهۆڵبەندان بوو، سەهۆڵ ڕووبەرێکی فراوانی گۆی زەوی گرتبوویەوە، ژمارەیەک سەردەمی سەهۆڵی سەرەکی بە درێژایی مێژووی زەوی ڕوویانداوە. سەرەتاییترینیان لە سەردەمی پێش پری کامبریەن ڕوویداوە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ٥٧٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

دوایین قۆناغەکانی سەهۆڵبەندی بەربڵاو لە سەردەمی نۆترینە نزیکەی ٢,٦ ملیۆن بۆ ١١٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر ڕوویداوە. قۆناغێکی سەهۆڵبەندانی کەمتر و نوێتر بە ناوی سەردەمی سەهۆڵی بچووک، لە سەدەی ١٦ـیەمدا دەستی پێکرد و لە ماوەی سێ سەدەدا لە ئەورووپا و زۆر ناوچەی تری بە شێوەیەکی بچڕ پچڕ دەرکەوت و کەم بوویەوە. زۆرترین گەشەسەندنی گەیشتە نزیکەی ساڵی ١٧٥٠، لەو کاتەدا سەهۆڵبەندانەکان زیاتر لەسەر زەوی بڵاوبوونەوە، لەو کاتەوەی دوایین سەردەمی سەهۆڵبەندانی گەورە نزیکەی ١١٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر کۆتایی هات.

لە مێژووی زەویدا لایەنی کەم پێنج سەردەمی سەهۆڵبەندان هەبووە، کە نزیکەی دەیان سەردەمی فراوانبوونی سەهۆڵبەندان لە ماوەی یەک ملیۆن ساڵی ڕابردوودا ڕوویان داوە. مرۆڤەکان لە دوایین قۆناغی سەهۆڵبەنداندا گەشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینی، دوایی ئەوە وەک نیشتەجێیەکی باڵادەستی زەوی دەرکەوتن.

لە سەردەمی سەهۆڵبەنداندا، پلەی گەرمی جیهان ساردترە و بووە هۆی دووبارەبوونەوەی فراوانبوونی سەهۆڵبەندان لە سەرانسەری ڕووی زەویدا. 

سەهۆڵەکان توانای بەردەوامبوونی سەدان ملیۆن ساڵیان هەیە، ئەم قۆناغانە لە نێوان سەهۆڵبەندانەکانی گەرمتر تێکەڵ دەبن کە لایەنی کەم یەک سەهۆڵبەندانی سەرەکی تێیدایە. لە ئێستادا زەوی لە ناوەڕاستی سەردەمی سەهۆڵیندایە، بەو پێیەی جەمسەری باشوور و گرینلاند سەرەڕای پلەی گەرمی مامناوەند هێشتا سەهۆڵبەندانە. 

پێنج سەردەمەکەی سەهۆڵبەندان کامانەن؟

زانایان پێنج سەردەمی سەهۆڵبەندانی بەرچاویان بە درێژایی مێژووی زەوی تۆمارکردووە، هورۆنی ٢،١ بۆ ٢,٤ بۆ ملیار ساڵ لەمەوبەر، کرایۆجینی ٦٣٥ بۆ ٨٥٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، ئاندی سەحرا ٤٣٠ بۆ ٤٦٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، کارو ٢٦٠  بۆ ٣٦٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر و چوارینە یان کواتێرنێری ٢,٦ تا ئێستا. 

مێژووی سەهۆڵ لەسەر زەوی

زۆر لە پێش مێژووی مرۆڤایەتی چەندین سەردەمی سەهۆڵین هەبووە، کە هەسارەکە بەسەر سێ قۆناغی سەرەکیدا دابەشکراوە، بریتین لە گەرمخانە؛ کاتێک پلەی گەرمی تا جەمسەرەکان درێژ دەبێتەوە و بە هیچ جۆرێک سەهۆڵبەندان نییە، سەهۆڵخانە؛ کاتێک هەندێک بەشی زەوی سەهۆڵی هەمیشەیی بیت، ئەمەش بەپێی فراوانییەکەی جیاوازە، تۆپی بەفر؛ کە تێیدا تەواوی هەسارەکە بەستوویەتی. 

زەوی تۆپی بەفر: بۆ ٢,١ بۆ ٢,٦ ملیار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، سەهۆڵبەندانی هورۆنی کۆنترین سەردەمی سەهۆڵبەندانە، لە قۆناغە سەرەتاییەکانی هورۆنی تەواوی هەسارەکە لە شێوەی تۆپێکی بەفر بووە.

بەستوو: بۆ ٦٣٥ بۆ ٨٥٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لە ماوەی سەردەمی کرایۆجینی زەوی لە سەرمایەکی قوڵدا بوو، دوو سەردەمی کرایۆجینی هەبوو کە سەهۆڵبەندانی ستورتی لە نێوان ٧٠٠ بۆ ٧٥٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، پاشان سەردەمی ڤەرەنگەر لە ٦٣٥ بۆ ٦٦٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دێت.

لەناوچوونی بەکۆمەڵ: بۆ ٤٣٠ بۆ ٤٦٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، سەردەمی سەهۆڵبەندانی ئاندی سەحرا دەگرێتەوە، بە سەردەمی لەناوچوونی بەکۆمەڵ دانراوە. 

بەستەڵەکی ئەنتارکتیکا: بۆ ١٤ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەنتارکتیکا هەمیشە بەستەڵەک نەبووە، نزیکەی ٣٤ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر یەکەم سەهۆڵبەندانی بچووک لەسەر لوتکەی شاخەکانی ئەنتارکتیکا دروست بوو، وە دوای ٢٠ ملیۆن ساڵ بوو کاتێک پلەکانی گەرمی لە سەرانسەری جیهان بۆ ٨ پلەی سیلیزی دابەزی و وردە وردە سەهۆڵبەندانی جەمسەری باشوور دروست بوو. نیوەگۆی باکوور بۆ ماوەیەکی زۆرتر بەبێ سەهۆڵبەندان مایەوە، گرینلاند و جەمسەری باکوور نزیکەی ٣,٢ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر بە شێوەیەکی زۆرتر بووە سەهۆڵبەندان. 

نوێترین پێشکەوتنی سەهۆڵەکە: بۆ ٢,٥٨ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، سەهۆڵبەندانی چوارینە یان کواتێرنێری تەنها چەند ملیۆن ساڵێک لەمەوبەر دەستی پێکردووە و تا ئێستەش بەردەوامە، مێژووەکەی نوێترە و دەتوانرێت بە وردتر لەچاو سەردەمەکانی تر لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، لەم قۆناغەدا چەندین بەرەوپێشچوون و پاشەکشە تێیدا ڕووی داوە. 

هۆکاری سەرەکی سەهۆڵبەندانی چوارینە بەردەوام دابەزینی ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بوو لە بەرگەهەوا بەهۆی کەشوهەوای هیمالایا. بەڵام کاتی سەهۆڵبەندان و نێوان سەهۆڵبەندانەکان بەهۆی گۆڕانکارییە وەرزییەکانی خولگەی زەویەوە بووە کە بڕی تیشکی خۆر دەگۆڕێت کە دەگاتە بەشە جیاوازەکانی هەسارەکە.

سەردەمی سەهۆڵبەندانی ئێستا: بۆ ١٢ بۆ ١١٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ڕەنگە پلەی گەرمی فێنکی کواتێرنێری ڕێگەی بە فراوانبوونی مێشکی مرۆڤەکان دابێت لە چاو مرۆڤەکانی پێشتر، دوایین قۆناغی سەهۆڵبەندان شوێنەواری تەواوی لەسەر مرۆڤەکان بەجێ هێشتووە. 

چۆن سەردەمێکی سەهۆڵبەندان زەوی دەگۆڕێت

سەردەمی سەهۆڵبەندان دەبێتە هۆی گۆڕانکاری گەورە لە ڕووی زەویدا. ڕووبارە سەهۆڵینەکان بەهۆی هەڵگرتنی بەرد و خاک و داڕمانی گردەکان لە کاتی جوڵانی بەردەوامیاندا، پەستان لەسەر توێکڵی زەوی دەکەن و کاریگەری دروست دەکەن. 

هەروەها دابەزینی بەرچاوی ئاستی دەریاکان وادەکات دۆڵی قوڵتر دەربکەون، دەریاچەی گەورەی ناوخۆیی بەرهەمبهێنن و پردە وشکانییە ژێرئاوکەوتووەکان لە نێوان کیشوەرەکاندا دەردەکەون. 

نزیکەی دەیان سەهۆڵبەندانی گەورە لە ماوەی یەک ملیۆن ساڵی ڕابردوودا ڕوویان داوە، گەورەترینیان ٦٥٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر گەیشتووەتە لوتکە و بۆ ماوەی ٥٠ هەزار ساڵ بەردەوام بوو.

دوایین سەردەمی سەهۆڵبەندان کە زۆرجار بە سادەیی بە "سەردەمی سەهۆڵبەندان" ناسراوە، نزیکەی ١٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر گەیشتە لوتکە پێش ئەوەی سەردەمی هۆلۆسین لە نێوان سەهۆڵبەندانەکانی ١١,٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر جێگەی بگرێتەوە. 

لە لوتکەی سەهۆڵبەندانەکانی ئەم دواییانەدا، سەهۆڵەکە گەشەی کرد و ئەستوورییەکەی ٣,٦٥٧ مەتر بوو، بەسەر کەنەدا، سکاندیناڤیا، ڕووسیا و ئەمریکای باشووردا بڵاوبوونەوە. 

ئاستی ئاوی دەریا بۆ نزیکەی ١٢١ مەتر گۆڕانکاری بە خۆوە بینیوە، پلەی گەرمی جیهان بە تێکڕا لە -١٢ و لە هەندێک ناوچەدا تا ٤ پلەی سیلیزی گۆڕاوە. 

لە ئەمریکای باکوور لە ناوچەی ویلایەتی کەناری کەنداو دارستانە سنەوبەرییەکان و سەوزەوانی دەرکەوتن، کە ئەمڕۆ پەیوەستن بە ویلایەتەکانی باکوور و کەنەدا. 

چۆن مرۆڤەکان خۆیان لەگەڵ کەشوهەوای سەختی سەردەمی سەهۆڵبەندان گونجاندووە؟

یەکێک لە دەرەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی سەردەمی سەهۆڵبەندانی ئەم دواییانە گەشەکردنی مرۆڤی هۆمۆ بوو. مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە کاتێک نزیکەی ٤٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر کۆچیان بۆ باکوور کرد، جلوبەرگی سەرەتاییان دروستکرد تا خۆیان لە کەشوهەوای سەختی سەهۆڵبەندان بە پەرەپێدان و داهێنان لە کەرەستەکاندا بپارێزن.

بەڵام هەموو شتێک لە دەوروبەری ٣٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر گۆڕا، دەرزی لە ئێسک دروستکراویان بۆ دوورینی جلوبەرگی گەرم و دوورینی جلوبەرگ بەپێی جەستەی تاکەکان بەکارهێناوە، هەروەها پردەکانیان بۆ بڵاوبوونەوە بۆ ناوچە نوێیەکان بەکارهێناوە. 

لە سەرەتای سەردەمی گەرمتری هۆلۆسین، مرۆڤەکان لە دۆخێکدا بوون کە بتوانن سوود لە بارودۆخە لەبارەکان وەربگرن بە پەرەپێدانی تەکنیکەکانی کوشتوکاڵ و ماڵیکردن. 

دوایین سەردەمی سەهۆڵبەندان هاوتایە لەگەڵ سەردەمی بەردین لە ١٠ بۆ ٤٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر، کە مرۆڤەکان داهێنانی گەورەیان لە دروستکردنی ئامێر و چەکدا کردووە.

هەروەها بۆ پەناگە لە ساردترین مانگەکاندا ماڵیان لە تەنیشت تاشەبەردە سروشتییەکاندا دروست دەکرد، لە مانگە کورتەکانی هاویندا ڕاوچییەکان بۆ ڕاوکردن دەچوونە دەشتەکان، لە کاتی دابەزینی پلەکانی گەرمی لە شەودا پەناگەیان دروست دەکرد، پاشان وردە وردە زیاتر پێشکەوتن. 

زانایان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە بەڵگەکانی ئەم قۆناغە گرنگانە، هەم بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی زیاتر لە مێژووی زەوی و هەم بۆ یارمەتیدان لە دیاریکردنی پێشبینییەکانی کەشوهەوای داهاتووی زەوی. 

بەشێک لە گیانەوەرە لەناوچووەکانی سەردەمی سەهۆڵبەندان چین؟

مەستۆدۆنەکان (جۆرێک گیانەوەری فیل ئاسا)، گیانەوەری ڕاوکەری ددان شمشێری (جۆرێک گیانەوەری هاوشێوەی پڵنگ)، مێگاتیریەم (ڕەگەزێکی تەمبەڵی زەوییە), ئەسپەکانی ئەمریکای باکوور، گلیپتۆدۆن (گیانەوەرێکی زرێپۆشە)، ماموس، ورچی دەموچاو کورت، گورگی ترسناک (یەکێک بوو لە بەناوبانگترین ئاژەڵە گۆشتخۆرەکانی ئەمریکای باکوور)، چیتای ئەمریکی و گیانەوەرە زەبەلاحەکانی تر لە سەردەمی سەهۆڵبەندان لە گیانەوەرە باڵادەستەکانی زەوی بوون و لە کۆتاییدا لەناوچوون. 

هۆکاری نەمانی گیانەوەرەکان بۆ نەخۆشی و ڕاوکردن لەلایەن مرۆڤەکانەوە و چەندان هۆکاری تر دەگەڕێتەوە، لە ناو نهێنییەکانی سەردەمی سەهۆڵبەنداندان و هێشتا هۆکارەکەی بەتەواوی ڕوون نەکراوەتەوە. 

بەڵگە بۆ سەردەمی سەهۆڵبەندان

سێ جۆری سەرەکی بەڵگە بۆ سەردەمی سەهۆڵبەندان هەیە، کە زەویزانییانە، کیمیاییانە و پەلیئینتۆلۆجییانە (کۆن ناسییانە) بوو. بەڵگە زەویزانییەکان بۆ سەردەمی سەهۆڵبەندان بە شێوەی جۆراوجۆر دێن، لەوانە داشتنەوە و داخورانی بەردەکان، دیاردەی درەملین (دیاردەیەکی سروشتییە لە ئەنجامی سەهۆڵبەندان دروست دەبێت و لە شێوەی کەوچکێکی هەڵگەڕاودایە)، بڕینی دۆڵ، نیشتنی تیلایت و ناڕێکی سەهۆڵبەندان. سەهۆڵبەندانە یەک لە دوای یەکەکان ڕەنگە ببنە هۆی شێواندنی بەڵگە زەویزانییەکان، ئەمەش وا دەکات لێکدانەوەی سەخت بێت. بەڵگە کیمیاییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە گۆڕانکاری لە ئیزۆتۆپەکان لە بەبەردبووەکاندا لە نیشتوو و بەردی نیشتوو و نیشتووی ناو زەریاکان پێکدێت. بەڵگە پەلیئینتۆلۆجییەکان لە گۆڕانکاری لە دابەشبوونی جوگرافیای بەبەردبووەکان پێکدێت. سەرەڕای سەختییەکانی بەڵام لێکۆڵینەوەکانی سەهۆڵەکان و سەهۆڵەکانی نیشتووی زەریاکان ماوەی سەهۆڵبەندان و نێوان سەهۆڵبەندانەکانیان لە چەند ملیۆن ساڵی ڕابردوودا دەرخستووە. 

هۆکارەکانی سەردەمی سەهۆڵبەندان

هۆکارەکانی سەردەمی سەهۆڵبەندان، لە هەردوو قۆناغی سەهۆڵبەندانی گەورە و سەهۆڵبەندانی بچووکتر مشتومڕیان لەسەرە. کۆدەنگییەکە ئەوەیە کە چەند هۆکارێک گرنگن لەوانە، پێکهاتەی بەرگەهەوا (چڕیی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و میسان)، گۆڕانکاری لە خولگەی زەوی بە دەوری خۆردا، کە بە خولگەی میلانکۆڤیج ناسراوە، هەروەها خولگەی خۆر بە دەوری گەلەئەستێرەکەدا، جوڵەی تەکتۆنی زەوی؛ لە ئەنجامدا گۆڕانکاری لە شوێن، بڕی کیشوەری، ڕووی زەریاکان لەسەر زەوی، کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕەوتی با و زەریاکان هەبێت، هاوکات گۆڕانکاری لە سیستمی خۆردا و گۆڕانکاری لە خولگەی سیستمی مانگ و زەوی، کاریگەری نەیزەکە تا ڕادەیەک گەورەکان و چالاکییە گڕکانییەکان؛ لەوانەش گڕکانە گەورە نائاساییەکان کە دەتوانن کاریگەری گەورەیان لەسەر کەشوهەوای زەوی هەبێت. 

هەندێک لە هۆکارەکان کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە، بۆ نموونە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی بەرگەهەوای زەوی (بەتایبەتی چڕی گازە سەوزخانەیییەکان)، لەوانەیە کەشوهەوا بگۆڕێت، گۆڕانی کەشوهەواش دەتوانێت پێکهاتەی بەرگەهەوا بگۆڕێت. 

کاریگەرییەکانی سەهۆڵبەندان

هەرچەندە دوایین قۆناغی سەهۆڵبەندان زیاتر لە هەشت هەزار ساڵ لەمەوبەر کۆتایی هات، بەڵام کاریگەرییەکانی تا ئێستاش هەست پێدەکرێت. کاریگەری دیاری لەسەر تەواوی گۆی زەوی لە هەموو ڕوویەکەوە هەبووە، بۆ نموونە سەهۆڵی جوڵاوی نەخشێندراو لە کەنەدا، گرینلاند، باکووری ئۆراسیا و ئەنتارکتیکا دەردەکەون. بەردە ناڕێک و نائاساییەکانی وەکوو، تیل یان تیلایت، درەملین، ئێسکێر یان ئێسکەر (ڕیزێکی درێژ و پێچاوپێچە لە نیشتنی زیخ و وردە بەردە)، دەریاکۆڵان یان شیواو، کتری یان کونە کتری (چاڵێکی شێوە بازنەیی قوڵە کاتێک پڕ دەبن لە ئاو پێی دەڵێن دەریاچەی کتری)، کەڵەکە سەهۆڵ، سیرک (دۆڵێکی شێوە خڕی هاوشێوەی تەختاییەکی دەورەدراو بە لێژاییە) و هۆرن یان قۆچ (لوتکەی نووکدارن، بە شێوەیەکی گشتی شێوەیەکی هەڕەمییان هەیە، لێوارەکانیان تیژ و لێژ و ناڕێکن) و چەندین دیاردە و گۆڕانکاری تری زەوی لە کاریگەرییەکانی سەهۆڵبەندانن. 

کێشی سەهۆڵبەندانەکان ئەوەندە زۆر بووە کە توێکڵ و چەق پۆشی زەوی شێواندووە، دوای ئەوەی سەهۆڵبەندانەکان توانەوە زەوییە سەهۆڵییەکان سەر لەنوێ سەریان هەڵدایەوە.

لە کاتی سەهۆڵبەندانەکاندا ئاوی زەریاکان لە بەستەڵەکەکاندا بوون بە سەهۆڵ، بەم شێوەیە ئاستی ئاوی دەریای جیهانی بۆ نزیکەی ١١٠ مەتر دابەزی و ڕەفە وشکانییەکان دەرکەوتن، پردیان لەنێوان وشکانییەکاندا بۆ کۆچ کردن دروستکرد.

لە کاتی سەهۆڵبەندانەکاندا ئاوی سەهۆڵە تواوەکان دەگەڕایەوە بۆ زەریاکان ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان. ئەم پرۆسەیە دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لەناکاو لە کەناراوەکان و سیستمی ئاو، لە ئەنجامدا زەوییە تازە ژێر ئاو کەوتووەکان، زەوییە تازە دەرکەوتووەکان، داڕمانی بەنداوە سەهۆڵییەکان و چەندین گۆڕانکاری تر دەتوانن گۆڕان لە کەشوهەوای ناوچەیی کاتی دروست بکەن.


سەرچاوەکان



208 بینین