تەکساس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-15-14:50:00 - کۆدی بابەت: 10671
تەکساس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تەکساس (بە ئینگلیزی: Texas، بە عەرەبی: تکساس)، ویلایەتێکە لە ناوچەی باشووری ناوەڕاستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ڕووبەری ویلایەتەکە ٦٩٥٫٦٦٢ کیلۆمەتر دووجایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا زیاتر لە ٢٩٫١ ملیۆن کەس بوو. تەکساس دووەم گەورەترین ویلایەتی ئەمریکایە لەڕووی ڕووبەرەوە لە دوای ئەلاسکا و لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە لە دوای کالیفۆرنیا. تەکساس لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ویلایەتی لویزیانا، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ویلایەتی ئارکانساس، لە باکوورەوە لەگەڵ ئۆکلاهۆما، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ نیو مەکسیکۆ و لە باشوور و باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ ویلایەتەکانی چیواوا، کواهویلا، نویڤۆ لیۆن و تاماولیپاسی مەکسیکدا هاوسنوورە؛ لەگەڵ ئەوەشدا لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە نزیکی کەناری کەنداوی مەکسیکە.

هاوستۆن قەرەباڵغترین شاری ویلایەتی تەکساس و چوارەم گەورەترین شارە لە ئەمریکا، لە کاتێکدا سان ئانتۆنیۆ دووەم گەورەترین شارە لە ویلایەتەکەدا و حەوتەم گەورەترین شارە لە ئەمریکا داڵاس-فۆرت وۆرس و ناوچەی گەورەشاری هاوستۆن بە دوای یەکدا چوارەم و پێنجەم گەورەترین گەورەشارە ناوچەییەکانن لە وڵاتەکەدا. شارە گەورەکانی دیکە بریتین لە ئۆستن کە دووەم قەرەباڵغترین پایتەختی ویلایەتی ئەمریکایە لەگەڵ ئێل پاسۆ. تەکساس نازناوی ویلایەتی تاقە ئەستێرەی لێنراوە بەهۆی پێگەی پێشووی وەک کۆمارێکی سەربەخۆ و وەک بیرهێنانەوەی خەباتی ئەو ویلایەتە بۆ سەربەخۆبوونی لە مەکسیک. ئەو تاقە ئەستێرەش دەتوانرێت لەسەر ئاڵای ویلایەتی تەکساس و لەسەر مۆری ویلایەتی تەکساس ببینرێت. هەروەها ناوی تەکساس لە وشەی کادۆ (táyshaʼ)ـەوە سەرچاوەی گرتووە کە بە واتای (هاوڕێیان) دێت.

زاراوەی "شەش ئاڵا بەسەر تەکساسەوە" دروشمێکە کە ئاماژە بە چەند نەتەوەیەک دەکات کە فەرمانڕەوایی هەموو یان بەشێک لە خاکی تەکساسیان کردووە. ئیسپانیا یەکەم وڵاتی ئەورووپی بوو کە کۆنتڕۆڵی ناوچەی تەکساسی کرد، پاشان فەڕەنسا و دواتر مەکسیک کۆنتڕۆڵی خاکەکەی کرد تا ساڵی ١٨٣٦ کاتێک تەکساس سەربەخۆیی خۆی بەدەستهێنا و بوو بە کۆماری تەکساس. لە ساڵی ١٨٤٥ـدا تەکساس وەک ٢٨هەمین ویلایەت پەیوەندی بەم یەکییەتییەوە‌ کرد. پاشکۆبوونی ویلایەتەکە بەم یەکییەتییەوە زنجیرەیەک ڕووداوی دەستپێکرد کە بووە هۆی جەنگی مەکسیک و ئەمریکا لە ساڵی ١٨٤٦. تەکساس لە سەرەتای ساڵی ١٨٦١ـدا جیابوونەوەی خۆی لە ئەمریکا ڕاگەیاند، و لە دووی ئازاری هەمان ساڵدا بەفەرمی پەیوەندی بە وڵاتانی کۆنفیدڕاڵی ئەمریکاوە کرد.

لەڕووی جوگرافییەوە

بەهۆی قەبارە و تایبەتمەندییە جیۆلۆجیەکانییەوە، تەکساس دیمەنی سروشتیی جۆراوجۆری تێدایە کە هاوبەشن لە نێوان هەردوو ناوچەی باشوور و باشووری ڕۆژئاوای ئەمریکا. هەرچەندە تەکساس بەگشتی سەر بە بیابانەکانی باشووری ڕۆژئاوای ئەمریکایە، بەڵام کەمتر لە ١٠٪ـی ڕووبەری زەوی تەکساس بیابانە. زۆربەی ناوەندەکانی دانیشتووان لە ناوچەکانی مێرگەکان، لەوەڕگا، دارستانەکان و کەناراوەکانن. ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا بڕۆیت، دەتوانرێت تێبینی ئەو زورگانە بکەیت کە لە زۆنگاوی کەناری و دارستانی سنەوبەرەوە بۆ دەشتە پێچ‌خواردوو و گردە سەختەکان دەگۆڕێت و بە بیابان و زنجیرە شاخەکانی بیگ بێند کۆتاییان دێت.

مێژوو و گرنگی ویلایەتەکە

لەڕووی مێژووییەوە، چوار پیشەسازی سەرەکی پێش جەنگی جیهانیی دووەم کاریگەری گرنگیان لەسەر ئابووری تەکساس هەبوو ئەوانیش بریتی بوون لە، ئاژەڵ و بایسوون (گایەکی ئەمریکی ڕەشتاڵ)، پەتاتە، دار و نەوت. لە پێش و دوای شەڕی ناوخۆی ئەمریکا، پیشەسازی ئاژەڵداری فاکتەری ئابووری سەرەکی بوو بۆ ویلایەتەکە، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، پیشەسازی پەتاتە و تەختەی خاو گەشەیان کرد و بوونە پیشەسازی سەرەکی ناوچەکە، لەبەر ئەوەی پیشەسازی ئاژەڵداری کەمتر قازانجی هەبوو. بەڵام لە کۆتاییدا دۆزینەوەی نیشتووەکانی پێترۆڵ بووژانەوەی ئابووری دەستپێکرد و تا سەدەی بیستەم بەردەوام بوو. تەکساس لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا پەرەی بە ئابوورییەکی هەمەچەشن و پیشەسازی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو دا. لە ساڵی ٢٠١٥ـدا دووەم زۆرترین بارەگای سەرەکی کۆمپانیای فۆرچن ٥٠٠ـی هەیە لە ئەمریکا، کە ژمارەیان ٥٤ بارەگایە. بەهۆی‌ گەشەسەندنی بنکەیەکی پیشەسازی، ویلایەتەکە پێشەنگی زۆرێک لە پیشەسازییەکانە، لەوانە گەشتیاری، کشتوکاڵ، وەرگرتە كيمياييەكانی پێتڕۆڵ، وزە، کۆمپیوتەر و ئەلیکترۆنی، تەکنەلۆجیای فڕین و زانستە زیندەپزیشکییەکان. ئەگەر ویلایەتی تەکساس دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوایە، دەیەمین گەورەترین ئابووری لە جیهاندا دەبوو.

دانیشتووان

ویلایەتی تەکساس دووەم قەرەباڵغترین ویلایەتی ئەمریکایە، ژمارەی دانیشتووانەکەی لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکادا ٢٩٫١٤٥٫٥٠٥ کەس بووە و بە بەراورد بە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ بە ڕێژەی ١٥٫٩٪ زیادیکردووە. لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمەوە، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی تەکساس گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. تەکساس خاوەنی چەندین شار، گەورەناوچە، چەندین شارۆچکە و ناوچەی گوندنشینە. زۆربەی دانیشتووانەکەی لە شارە گەورەکانی هاوستۆن، سان ئانتۆنیۆ، داڵاس، فۆرت وۆرس، ئۆستن و ئێل پاسۆ و ناوچە گەورەکان چڕبوونەتەوە.

ویلایەتی تەکساس لە ساڵانی نەوەدەکاندا پێش نیویۆرک کەوت و لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە بوو بە دووەم گەورەترین ویلایەتی ئەمریکا لە دوای کالیفۆرنیا. هەروەها ئەم ویلایەتە قەرەباڵغترین ویلایەتە لە باشووری ناوەڕاستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و قەرەباڵغترین ویلایەتە لە باشوور. گەشەی دانیشتووانی تەکساس لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٠ نوێنەرایەتی بەرزترین زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی هەر ویلایەتێکی ئەمریکا دەکات.

ڕەگەز و نەتەوە

لە ساڵی ٢٠١٩ـدا، سپی پێستە ناهیسپانییەکان ٤١٫٢٪ـی دانیشتووانی تەکساسیان پێکهێنا، لە کاتێکدا ڕەش پێستەکان یان ئەمریکییە ئەفریقییەکان ١٢٫٩٪، هیندییە ئەمریکییەکان ١٫٠٪، ئەمریکییە ئاسیاییەکان ٥٫٢٪، هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن ٠٫١٪، هەندێک ڕەگەزی دیکە ٠٫٢٪ و ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەبوو ١٫٨٪ـی دانیشتووانیان پێکهێنا. هەروەها هیسپانییەکان یان ئەمریکای لاتین ٣٩٫٧٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠دا گۆڕانکارییەکی بچووک لە پێکهاتەی ڕەگەزی و نەتەوەیی ویلایەتەکە ڕوویدا، ٤٢٫٥٪ سپی پێست (٣٩٫٧٪ سپی پێستی ناهیسپانی)، ١١٫٨٪ ڕەش پێست، ٥٫٤٪ ئاسیایی، ٠٫٣٪ هیندی ئەمریکی، هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن ٠٫١٪، هەندێک ڕەگەزی تر ١٣٫٦٪ ، ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەبوو ١٧٫٦٪، و هیسپانی و ئەمریکای لاتین ٣٩٫٣٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن.

ئایین

بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٤، ئایینی مەسیحی گەورەترین ئایینی دانیشتووانی ویلایەتی تەکساس بوو کە بە ڕێژە لەلایەن ٧٧٪ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت. ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووان بریتی بوون لە بێ ئایین ١٨٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن، جوولەکە ١٪، ئیسلام ١٪، بوودی ١٪ و هیندۆسی و ئایینەکانی تر کە هەریەکەیان کەمتر لە سەدا یەکی دانیشتووان پێک دەهێنن. لە توێژینەوەیەکی جیادا لەلایەن دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ئەوە دەرکەوت کە ئایینی مەسیحی وەک گەورەترین ئایین ماوەتەوە و لەلایەن ٧٥٫٥٪ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت، ڕێژەی بێ ئایینەکانی بەرزبووەتەوە و ٢٠٪ـی دانیشتووانی تەکساس پێک دەهێنن.

زمان

باوترین شێوەزاری ئینگلیزیی ئەمریکی کە قسەی پێدەکرا ئینگلیزی تەکسانی بوو کە تێکەڵەیەکە لە زاراوەی ئینگلیزیی ئەمریکای باشوور و ئینگلیزیی ڕۆژئاوای ئەمریکا. زمانی کریۆلی لویزیانا زیاتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تەکساس قسەی پێ دەکرێت. هەروەها ئینگلیزیی چیکانۆ، ئینگلیزیی ئەفریقی ئەمریکی و ئینگلیزیی ئەمریکیی گشتی بە شێوەیەکی بەرفراوان قسەی پێ دەکرێت.

ڕاپرسی کۆمەڵگەی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ئەوەی مەزەندە کرد کە ٦٤٫٤٪ـی دانیشتووانی تەکساس تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، و ٣٥٫٦٪ بە زمانەکانی تر قسە دەکەن. لەو ڕێژەیەش نزیکەی ٣٠٪ـی کۆی دانیشتووان بە ئیسپانی قسەیان دەکرد. نزیکەی ٥٠٫٧٤٢ کەس بە فەڕەنسی یان زمانێکی فەڕەنسی-کریۆل قسەیان دەکرد. زمانەکانی ئەڵمانی و زمانەکانی تری جەرمانی ڕۆژئاوا لەلایەن ٤٧٫٠٩٨ دانیشتووەوە قسەیان پێدەکرا؛ هەروەها ٢٧٫٩٥٦ کەس بە زمانەکانی ڕووسی و پۆڵەندی و زمانەکانی دیکەی سلاڤی دەدوان؛ ٣١٫٥٨١ کەس بە کۆری؛ ٢٢٫٦١٦ کەس بە چینی؛ ٨١٫٢٢ کەس بە ڤیاتنامی؛ ٤٣٫٣٦٠ کەس بە تاگالۆگ و ٢٦٫٢٨١ کەس بە زمانی عەرەبی قسەیان دەکرد.

كەشوهەوا

کەشوهەوای ویلایەتی تەکساس لە باکووری ڕۆژئاوا کیشوەرییە و لە تەواوی شوێنەکانی تری ویلایەتەکەدا نیمچە خولگەییە. ئەگەر باسی کەشوهەوای باکووری ڕۆژئاوا نەکەین، ئەوا لە وەرزی زستاندا کەشی ویلایەتەکە مامناوەندە، بەڵام ئەگەری هەڵکردنی هەوای سارد بۆ ماوەیەکی کەم هەیە. هەروەها لە دەشتەکانی بەشی باکوور بارینی بەفر دەگمەنە و لە بەشی ناوەڕاستی باشووردا زۆر دەگمەنە.

وەرزی هاوین لە ناوچە نزمەکاندا زۆر گەرمە و کەشی ویلایتەکە بەتایبەتی لە بەشی ڕۆژهەڵات و بەدرێژایی کەناراوەکانی کەنداوی مەکسیک گەرم و شێدارە، لە کاتێکدا لە ڕۆژئاوا وشکترە و لە بەرزاییە بەرزەکاندا کەمتر گەرمە. تەکساس ویلایەتێکی خۆرگیرە. بەدرێژایی ساڵ خۆر بەسەر ویلایتەکەوە دەدرەوشێتەوە بەتایبەتی لە ناوچە بیابانییەکانی ڕۆژئاوا، کە ساڵانە ٣٫٧٥٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر ویلایەتەکەوە دەدرەوشێتەوە. ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵات کەمترین کاتژمێر تیشکی خۆری لێ دەدرەوشێتەوە کە ٢٫٦٠٠ کاتژمێرە. لە بەشەکانی ناوەند و باکووری تەکساسدا، لە بەهار و سەرەتای هاویندا، بەگشتی لە مانگی نیسانەوە تا مانگی حوزەیران و بە دەگمەنتر لە وەرزی پاییزدا، بەهۆی پێکدادانی بارستە هەواییەکانەوە ڕەنگە گەردەلوول دروست ببێت. لە هاویندا دەشێت پلەی گەرمی بگاتە ٤٠ پلەی سەدی یان زیاتر.

هەروەها تەکساس مەترسی هاتنی زریانەکانی لە کەنداوی مەکسیکەوە لەسەرە، ئەو ناوچانەشی کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە ناوچە کەنار دەریاییەکانن، چونکە زریانەکان کاتێک ناوچە کەنارییەکان دەبڕن لاواز دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەتوانن بارانێکی زۆر لەگەڵ خۆیان بهێنن. وەرزی زریانەکان لە مانگی حوزەیرانەوە تا مانگی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.

لە زستاندا گۆڕانکاری بەهێز لە پلەی گەرمی نێوان شەو و ڕۆژدا هەیە، لە شەودا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی ئاسایی بۆ خوار پلەی بەستن دادەبەزن، لە کاتێکدا لە کاتەکانی ڕۆژدا هەوا مامناوەند دەبێت. بەڵام هەندێک جار دەکرێت شەپۆلی سەرما هەڵ بکات، بەفر ببارێت و شەختە دروست ببێت. پلەی گەرمی دەتوانێت بۆ ٢٠- پلەی سەدی یان تەنانەت نزمتیش دابەزێت. وەرزی زستان وشکترین وەرزی ساڵە و خۆر بەدرێژایی ساڵ دەدرەوشێتەوە. کەشوهەوای دەریا لە تەکساس لە وەرزی زستاندا کەمێک ساردە، بەڵام لە هاویندا زۆر گەرم دەکات، بە ڕادەیەک کە پلەکانی گەرما دەگەنە ٢٩/٣٠ پلەی سەدی.

لە هاویندا گەرمترین ناوچەی ویلایەتی تەکساس ناوچەی نزمەکانی باشووری ڕۆژئاوایە، کە بەرزترین پلەی گەرما لە مانگی حوزەیران تا ئاب ٣٧/٣٨ پلەی سەدییە. ئەم ناوچەیە بەدرێژایی ساڵ گەرمە، هەندێک جار پلەی گەرمی تەنانەت لە زستانیشدا دەتوانێت ٣٠ پلەی سەدی تێپەڕێنێت. بەڵام لەم ناوچەیەش لە ساردی کورتخایەی زستان و بارینی بەفر و پلەی گەرمی ژێر بەستن بەدوور نییە.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی

باشترین کات بۆ سەردانکردنی تەکساس وەرزەکانی بەهار و پاییزە، بۆ ئەوەی هەم لە سەرمای زستان، کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر سەرووی هەموو باکووری ڕۆژئاوا و ناوچە شاخاوییەکان هەندێک جار تەواوی ویلایەتەکە هەبێت، هەم لە گەرمای هاوین دوور بکەویتەوە. بەڵام پێویستە ئەوەش لەبیر نەکرێت کە لە وەرزی بەهاردا، دەکرێت گەردەلوول لە ناوەڕاستی باکوور دروست ببێت و لە پایزدا مەترسی زریان هەیە بەتایبەتی بەدرێژایی کەناراوەکان.

شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی

ویلایەتی تەکساس وەکوو دووەم گەورەترین ویلایەتی ئەمریکا لەڕووی جوگرافی و کولتوورییەوە هەمەچەشنە. لە شارەکانەوە تا کەنار دەریاکان، شاخەکان و بیابانەکان خاوەنی چەندین شوێنی سەرنجڕاکێش و ناوازەیە. کۆمەڵێک شوێنی سەرنجڕاکێشی گەشتیاری بەناوبانگی ویلایەتەکە بریتین لە:

  1. ڕووباری سان ئانتۆنیۆ
  2. ناوەندی واڵایی هاوستۆن
  3. پارکی نەتەوەیی بیگ بێند
  4. کەناری نیشتیمانی دوورگەی پادرێ
  5. مۆزەخانە شەش نهۆمییەکەی شاری داڵاس
  6. پارکە نەتەوەییەکەی زنجیرە چیای گوادلوپ
  7. گۆڕەپانەکانی ماڵات بەخێوکردنی فۆرت وۆرس
  8. پێشەنگای زیندەوەرانی ئاوی ویلایەتی تەکساس
  9. ناوچەی مۆزەخانەی هاوستۆن
  10. دارستانی داڵاس
  11. باخچەی ئاژەڵانی فۆرت وۆرس
  12. مۆزەخانەی نیشتیمانی جەنگی زەریای هێمن


سەرچاوەکان



238 بینین