ناوهڕۆك
ناساندن
تۆرینتۆ (بە ئینگلیزی: Toronto، بە عەرەبی: تورونتو)، پایتەختی هەرێمی ئۆنتاریۆی کەنەدایە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ٢٠٢١ـدا بە ٢٫٧٩٤٫٣٥٦ کەس تۆمارکرا، ئەم شارە قەرەباڵغترین شاری کەنەدا و چوارەم قەرەباڵغترین شارە لە ئەمریکای باکوور.
گرنگی شارەکە
تۆرینتۆ ناوەندێکی نێودەوڵەتی بازرگانی، دارایی، هونەر، وەرزش و کولتوورییە و وەک یەکێک لە شارە فرە کولتووری و کۆسمۆپۆلیتییەکانی جیهان ناسراوە. شارەکە شوێنی بۆرسەی تۆرینتۆیە، کە بارەگای سەرەکی پێنج گەورەترین بانکی کەنەدایە و بارەگای زۆرێک لە کۆمپانیا گەورەکانی کەنەدا و فرە نەتەوەییە. ئابوورییەکەی زۆر هەمەچەشنە بە خاڵە بەهێزەکانی تەکنەلۆجیا، دیزاین، خزمەتگوزارییە داراییەکان، زانستە ژیانییەکان، پەروەردە، هونەر، مۆدە، تەکنەلۆجیای فڕین، داهێنانی ژینگەیی، خزمەتگوزارییەکانی خۆراک و گەشتیاری. تۆرینتۆ لە دوای دۆڵی سلیکۆن و شاری نیویۆرک سێیەم گەورەترین ناوەندی تەکنەلۆجیایە لە ئەمریکای باکوور و لە خێرا گەشەسەندووترین شارەکانی ئەمریکای باکوورە. هەروەها دامەزراوە کولتوورییە جۆراوجۆرەکانی تۆرینتۆ کە بریتین لە چەندین مۆزەخانە و گەلەری، فیستیڤاڵ و بۆنە گشتییەکان، ناوچەکانی کات بەسەربردن، شوێنە مێژووییە نیشتیمانییەکان و چالاکییە وەرزشییەکان، ساڵانە زیاتر لە ٤٣ ملیۆن گەشتیار بۆ خۆیان ڕادەکێشن. تۆرینتۆ بە چەندین باڵەخانەی زۆر بەرز و هەوابڕ ناسراوە، بەتایبەتی تاوەری سی ئێن لە دەرەوەی ئاسیا.
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی شاری تۆرینتۆ لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦ـی کەنەدادا بە ٢٫٧٣١٫٥٧٠ کەس تۆمارکراوە، ئەمە لە کاتێکدا دێت کە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا ژمارەی دانیشتووان ٢٫٦١٥٫٠٦٠ کەس بوو. ئەم گۆڕانکارییەی ژمارەی دانیشتووان کە ١١٦ هەزار و ٥١٠ کەسە و ڕێژەی گەشەی ساڵانەی شارەکە کە بە ڕێژە ٠٫٨٨٪. ژمارەی دانیشتوانی تۆرینتۆ لە ساڵی ٢٠١٦ـدا کەمێک زیاتر لە ٢٫٨ ملیۆن کەس، ئەمەش وایکردووە ببێتە چوارەم قەرەباڵغترین شاری ئەمریکای باکوور و قەرەباڵغترین شاری دەریاچە گەورەکان. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی گەورەشاری تۆرینتۆ لە ساڵی ٢٠١٦ـدا ٥٫٩ کەس بوو. تۆرینتۆ کە دەکەوێتە سەر دەریاچەی ئۆنتاریۆ، قەرەباڵغترین شاری کەنەدا و پایتەختی هەرێمی ئۆنتاریۆیە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ئێستادا (٢٠٢٢) ٢٫٧٥٥٫٤٨١ کەسە. ئینگلیزی زمانی سەرەکی دانیشتووانە و زۆربەی خەڵکی تۆرینتۆ بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە ١٦٠ زمان لە شارەکەدا قسەیان پێ دەکرێت.
قەبارەی شار و چڕی دانیشتووان
چڕی دانیشتووانی تۆرینتۆ ٤٫١٤٩٫٥ کەسە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا و ڕووبەری گشتی شارەکە ٥٫٩٠٥٫٧١ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
ڕەگەز
بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦ پێکهاتە ڕەگەزییەکانی تۆرینتۆ بریتی بوون لە:
- سپی پێست: ٥٠٫٢٪
- ڕۆژهەڵاتی ئاسیا: ١٢٫٧٪ (١٠٫٨٪ چینی، ١٫٤٪ کۆری، ٠٫٥٪ ژاپۆنی)
- باشووری ئاسیا: ١٢٫٣٪
- ڕەش پێست: ٨٫٥٪
- باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا: ٧٫٠٪ (٥٫١٪ فلیپینی)
- ئەمریکای لاتین: ٢٫٨٪
- ڕۆژئاوای ئاسیا: ٢٫٠٪
- عەرەب: ١٫١٪
- دانیشتووی ڕەسەن: ٠٫٧٪ (٠٫٥٪ سەرەتانشینەکان، ٠٫٢٪ ڕەگەزی تێکەڵ یان دووڕەگ)
- ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە: ١٫٥٪
- ڕەگەزەکانی تر: ١٫٣٪
باوترین گرووپی ڕەگەزی بریتی بوون لە: ئینگلیز کە بە ڕێژە ١٢٫٩٪ـی دانیشتووانی شارەکەیان پێکهێناوە، بەدوایدا چینی و کەنەدی دێن کە یەکەمیان ١٢٫٠٪ و دووەمیان ١١٫٣٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. هەروەها ٩٫٧٪ـی دانیشتووانی تۆرینتۆ ئێرلەندی، ٩٫٥٪ سکۆتلەندی، ٧٫٩٪ ڕۆژهەڵاتی هیندی، ٦٫٩٪ ئیتاڵی، ٥٫٥٪ فلیپینی، ٤٫٦٪ ئەڵمانی، ٤٫٥٪ فەڕەنسی و ٣٫٨٪ پۆڵەندین. گرووپە باوەکانی دیکە بریتین لە پورتوگالی، جامائیکا، جوولەکە، ئۆکرانی و ڕووسی. سەرەڕای ئەوەش، ژمارەی ژنان لەم شارەدا بە شێوەیەکی بەرچاو لە پیاوان زیاترە، نێرەکان ٤٨٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن و لە بەرامبەردا مێیەکان ٥٢٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن.
لەدایکبوون
ئەو کەسانەی کە لە وڵاتانی دەرەوە لەدایکبوون نزیکەی نیوەی دانیشتووانی شاری تۆرینتۆ پێک دەهێنن، تۆرینتۆ لە دوای شاری میامییەوە بە پلەی دووەم دێت لەڕووی بەرزترین ڕێژەی دانیشتووانی لەدایکبووی بیانی لە هەموو شارەکانی جیهان. بە پێچەوانەی میامییەوە، تۆرینتۆ هیچ کولتوور و نەتەوەیەکی باڵادەستی نییە، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە شارە هەمەچەشنەکانی جیهان. ٤٩٪ـی دانیشتووانی شارەکە سەر بە گرووپێکن کە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە نین.
ئایین
ئایینی مەسیحی ئایینی زۆرینەی دانیشتووانی شارەکەیە و لەلایەن ٥٤٫١٪ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت، ٢٨٪ـی دانیشتووان سەر بە ئایینی کاسۆلیکین، ١٢٪ پرۆتستانتن، پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحی ئۆرتۆدۆکس ٤٫٣٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن و ١٠٪ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی دیکەن. ئایینە باوەکانی تری دانیشتووان بریتین لە ئیسلام ٨٪، هیندۆسی ٥٫٦٪، جوولەکە ٤٪ و بوودی ٣٪. هەروەها نزیکەی چارەکێکی دانیشتووانی شارەکە سەر بە هیچ ئایینێک نین.
گەشەی دانیشتووانی تۆرینتۆ
لە ساڵی ٢٠١٣ـدا ژمارەی دانیشتووانی شاری تۆرینتۆ پێش ژمارەی دانیشتووانی شیکاگۆ کەوت و بوو بە چوارەم گەورەترین شاری ئەمریکای باکوور چونکە ژمارەی دانیشتووانی شارەکە ٢٫٧٩ ملیۆن کەس بوو لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی شیکاگۆ ٢٫٧ ملیۆن کەس بوو. لە ساڵی ٢٠١٣ـدا ٣٨ هەزار کەس لە تۆرینتۆ زیادکردووە، لەکاتێکدا لە شیکاگۆ تەنها ١١ هەزار کەسی زیادکردووە. هەروەها گەشەی دانیشتووان و ئابووری تۆرینتۆ هۆکاری مانەوەی خەڵکێکی زیاتر لە شارەکەدا.
کەشوهەوا
کەشوهەوا شاری تۆرینتۆ کیشوەرییە، مانگەکانی وەرزی زستان زۆر ساردە و مانگەکانی وەرزی هاوین گەرمە. کەشی شارەکە لە کاتەکانی شەو و بەیانی زوودا تەمومژاوییە بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکانی دەوروبەری شاردا. هەروەها ساڵانە نزیکەی ٨٣٠ مللیمەتر باران دەبارێت و بەباشی بەسەر وەرزەکاندا دابەشکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە ٢٫٠٦٥ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە.
وەرزی زستان لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئازار بەردەوام دەبێت و کەشی شارەکە لەم وەرزەدا ساردە، تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە لە مانگی کانوونی دووەمدا نزیکەی ٥٫٥- پلەی سەدییە و هاوشێوەی پلەی گەرمی شارەکانی باکووری ئەورووپایە. بەڵام لێرەدا ڕۆژەکان وەک وڵاتانی باکوور کورت نین. لەگەڵ ئەوەشدا، بەفرێکی زۆر لە شارەکەدا دەبارێت، بەجۆرێک کە مانگانە چەند ڕۆژێک بەفر دەبارێت؛ ناوبەناو، ڕەنگە بەفرە گەردەلوولی تووند هەڵ بکات. هەندێک جار، لەوانەیە ئەو دیاردەیەی کە پێی دەوترێت ڕەشەبای تەرزاوی ڕووبدات.
بەهار، لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئایار بەردەوام دەبێت، ئەم وەرزە وەرزێکی ناجێگیرە و بە گۆڕانی پلەی گەرمی تایبەتمەندە. سەرەتا لە مانگی ئازاردا ساردە بەڕادەیەک دەشێت بەفر ببارێت، پاشان وردەوردە کەشی شارەکە گەرم دەکات و لە مانگی ئایاردا کەشی شارەکە مامناوەند دەبێت.
وەرزی هاوین لە مانگی حوزەیران تا مانگی ئاب دەخایەنێت و کەشی شارەکە لەم وەرزەدا گەرمە، پلەی گەرمی بەزۆری نزیکەی ٢٦/٢٧ پلەی سەدییە. لە ڕۆژە گەرمەکاندا کە پلەی گەرمی دەتوانێت بگاتە ٣٠ پلەی سەدی یان زیاتر، دەشێت دەریاچەی ئۆنتاریۆ کەشی شارەکە گەرم و شێدار بکات. سەرەڕای ئەوەش، لە هاویندا ڕۆژانی فێنک و هەوراویش هەن هۆکاری ئەمەش هەڵکردنی کزەبایە کە لە دەریاچەکەوە دێت، لە پاشنیوەڕوانیشدا ڕەشەبای بروسکاوی هەڵ دەکات. هەندێک جار، لەوانەیه شەپۆلی گەرماش هەڵ بکات کە پلەی گەرمی شارەکە دەگاتە دەوروبەری ٣٧/٣٨ پلەی سەدی.
پاییز، لە مانگی ئەیلوولەوە تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم دەخایەنێت، کەشی شار لە سەرەتادا خۆشە، چونکە ڕۆژانی خۆر زۆرن و پلەی گەرمی ٢٥ پلەی سەدی تێ دەپەڕێنێت. بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی هەفتەکان پلەی گەرمی بە خێرایی دادەبەزێت و ڕۆژانی سارد دەست پێ دەکات.
باشترین کات سەردانکردنی
باشترین کات بۆ سەردانکردنی تۆرینتۆ لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا کۆتایی مانگی ئەیلوولە. لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا، ڕەنگە ڕۆژانی گەرم و شێدار هەبن، بۆیە دەتوانرێت ئەم ماوەیە بەدەر بکرێت ئەگەر دەزانیت بەرگەی گەرماکەی ناگریت، لە مانگی ئایار و هەندێکجاریش لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا، دەشێت کەش کەمێک سارد بێت. بەڵام هەمیشە دەبێت ئەگەری بارانبارین و گۆڕانی پلەی گەرمی لەبەرچاو بگیرێت.