ناوهڕۆك
ناساندن
ئۆساکا (بە ئینگلیزی: Osaka، بە ژاپۆنی: 大阪市، بە عەرەبی: أوساكا)، شارێکە لە دوورگەی هۆنشو لە ژاپۆن. پایتەخت و قەرەباڵغترین شاری بەڕێوەبەری ئۆساکایە. هەروەها سێیەم قەرەباڵغترین شاری ژاپۆنە و ژمارەی دانیشتووانی ئۆساکا لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٢٫٧ ملیۆن کەس بوو.
مێژوو و گرنگی شارەکە
شاری ئۆساکا بە شێوەیەکی نەریتی بە ناوەندی ئابووری ژاپۆن دادەنرا. لە سەردەمی کۆفون (ساڵی ٣٠٠ بۆ ٥٣٨) بەرەو بەندەرێکی ناوچەیی گرنگ گەشەی کرد و لە سەدەی حەوتەم و هەشتەمدا، وەکوو پایتەختی ئیمپراتۆری خزمەتی کرد. ئۆساکا لە سەردەمی ئیدۆدا (١٦٠٣-١٨٦٧) لە گەشەکردن بەردەوام بوو و بە ناوەندێکی کولتووری ژاپۆن ناسرا. دوای بووژاندنەوەی مێیجی، قەبارەی ئۆساکا فراوان بوو و لەڕووی پیشەسازییەوە زیاتر پەرەی سەند. لە ساڵی ١٨٨٩ـدا ئۆساکا بەفەرمی وەک شارەوانییەک دامەزرا. بووژانەوەی خێرای بیناسازی گەشەی دانیشتووانی خێراتر کرد، لە ساڵانی ١٩٠٠ـدا شارەکە ناوەندی پیشەسازی بوو. ئۆساکا لە سەردەمی دوای جەنگدا بەشداری لە دووبارە گەشەپێدان، پلاندانانی شار و ناوچەسازی ستاندارددا هەبوو، شارەکە بەخێرایی وەکوو یەکێک لە ناوەندە داراییە سەرەکییەکانی ناوچەی گەورەشاری کیهانشین گەشەی سەند.
ئۆساکا ناوەندێکی دارایی سەرەکی ژاپۆنە و وەک یەکێک لە شارە فرە کولتووری و کۆسمۆپۆلیتییەکانی ژاپۆن ناسراوە. شارەکە شوێنی دراو گۆڕینەوەی ئۆساکا و چەند بارەگایەکی کۆمپانیا فرەنەتەوەییە ئەلیکترۆنییەکانە. سەرەڕای ئەوانەش، شارەکە ناوەندێکی نێودەوڵەتی توێژینەوە و پەرەپێدانە و لەلایەن چەندین زانکۆی گەورەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، بەتایبەتی زانکۆی ئۆساکا، زانکۆی گەورەشاری ئۆساکا و زانکۆی کانسای.
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی ئۆساکا لە ساڵی ١٨٧٣ـەوە تۆمارکراوە، بەپێی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠٥، لە ئۆساکا ٢٫٦٢٨٫٨١١ دانیشتوو لە شارەکەدا هەبوون، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٠ کە ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە ڕێژەی ١٫٢٪ زیادی کردووە. چڕی دانیشتووانی ئۆساکا ١١٫٨٣٦ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠ بۆ ١٩٣٠ بوومەلەرزە گەورەکەی کانتۆ بووە هۆی کۆچی بەکۆمەڵ بۆ ئۆساکا، لە ساڵی ١٩٣٠ـدا شارەکە بە ٢٫٤٥٣٫٥٧٣ کەسەوە بووە گەورەترین شاری ژاپۆن، تەنانەت ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ژمارەی دانیشتووانی تۆکیۆ زیاتر بوو کە ٢٫٠٧٠٫٩١٣ کەس بوو. لە ساڵی ١٩٤٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی ئۆساکا گەشتە لووتکە و بە ٣٫٢٥٢٫٣٤٠ کەس تۆمارکرا، پاشان لە ساڵی ١٩٦٥ و دوای جەنگ ژمارەی دانیشتووان ٣١٥٦٫٢٢٢ کەس بوو، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەی دانیشتووانەکەی ڕوویان لە دەرەوەی شارەکان کرد ژمارەی دانیشتووان لە دابەزین بەردەوام بوو.
لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ١٤٤٫١٢٣ دانیشتووی بیانی لە شارەکەدا تۆمارکران، دوو گەورەترین گرووپی ئەم دانیشتووە بیانییانە کۆری و چینییەکان بوون کە یەکەمیان ٦٠٫١١٠ كەس و دووەمیان ٣٩٫٥٥١ کەس بوون. هەروەها زاراوەی باوی ئەم ناوچەیە ئۆساکا-بێنە.
کەشوهەوا
بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، ئۆساکا دەکەوێتە ناوچەیەکەوە کە کەشوهەواکەی نیمچە خوولگەیی شێدارە، لەگەڵ ئەوەشدا چوار وەرزی جیاوازی هەیە. کەشی شارەکە لە مانگەکانی وەرزی زستاندا بەگشتی مامناوەندە، مانگی کانوونی دووەم ساردترین مانگی ساڵە و تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ٩٫٣ پلەی سەدییە. سەرەڕانی ئەوەش، بەدەگمەن لە زستاندا بەفر دەبارێت و ئەم مانگە وشکترین مانگی ساڵە. کەشی شارەکە لە سەرەتای وەرزی بەهاردا مامناوەندە، بەڵام لە کۆتاییدا گەرم و شێدار دەبێت. هەروەها وەرزی بارانبارین لە نێوان سەرەتای مانگی حوزەیران و کۆتایی مانگی تەممووزدایە و بارانێکی زۆر لە شارەکەدا دەبارێت. مانگەکانی وەرزی هاوین زۆر گەرم و شێدارن. لە مانگی ئابدا، کە گەرمترین مانگی ساڵە، تێکڕای پلەی گەرمی بەرزی ڕۆژ دەگاتە ٣٣٫٥ پلەی سەدی، لە کاتێکدا تێکڕای پلەی گەرمی نزم لە شەودا بە شێوەیەکی گشتی لە دەوروبەری ٢٥٫٥ پلەی سەدیدا دەسوڕێتەوە. سەرەتای وەرزی پاییز لە ئۆساکا لە هاوین دەچێت لەکاتێکدا بەشی کۆتایی وەرزەکه لە زستان دەچێت.