ناوهڕۆك
ناساندن
کویتۆ (بە ئینگلیزی: Quito، بە عەرەبی: کیتو)، بە فەرمی سانفرانسیسکۆ دی کویتۆ، پایتەخت و قەرەباڵغترین شاری کۆماری ئیکوادۆرە. ژمارەی دانیشتووانی ناوچە شارستانییەکانی ئەم شارە بە ٢٫٨ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت. هەروەها پایتەختی پارێزگای پیچینچایە. کیتۆ دەکەوێتە دۆڵێک لە لێژایی ڕۆژهەڵاتی پیچینچا کە چینەگڕکانێکی چالاکە لە زنجیرە چیای ئەندێس، لە بەرزی ٢٫٨٥٠ مەتر، ئەمەش وادەکات ببێت بە دووەم بەرزترین پایتەختی جیهان.
گرنگی و مێژووی شارەکە
لەبەر ئەوەی دامەزراوە سەرەکییە حکوومی و کارگێڕی و کولتوورییەکانی وڵات کەوتۆتە ناو کویتۆوە شارەکە ناوەندی سیاسی و کولتووری کۆماری ئیکوادۆرە. زۆربەی ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی کە لە ئیکوادۆردان بارەگای سەرەکییان لەم شارەیە. هەروەها کویتۆ یەکێکە لە دوو ناوەندە پیشەسازییە سەرەکییەکانی وڵات.
مێژووی یەکەم نشینگە نادیارە، بەڵام بەڵگە شوێنەوارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکەمجار دانیشتووانی ناکۆچەر لە نێوان ساڵانی ٤٤٠٠ بۆ ١٦٠٠ پێش زایین لە ناوچەکە نیشتەجێ بوون. لە کۆتایی سەدەی پازدەهەمدا ئیمپراتۆری ئینکا شکستی بە کویتۆکان هێنا کە دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە بوون و کویتۆی وەک پایتەختی ناوچەی باکووری ئیمپراتۆریەتی ئینکا دیاریکرد. بەرواری داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ئیسپانیا لە ساڵی ١٥٣٤ـدا زۆرترین جار وەک دامەزراندنی فەرمی شارەکە ئاماژەی پێکراوە، ئەمەش وا دەکات کویتۆ ببێتە کۆنترین پایتەختی ئەمریکای باشوور. ناوەندی مێژوویی کویتۆ لە گەورەترین و باش پارێزراوترین ناوچەکانی ئەمریکایە. لە ساڵی ١٩٧٨ـدا کویتۆ و کراکۆڤ یەکەم شوێنەواری کەلەپووری جیهانی بوون کە لەلایەن یونسکۆوە ڕاگەیاندرا. کویتۆ نزیکترین شارە لە هێڵی یەکسانبوونی گۆی زەوییەوە و سنوورەکانی باکووری شارەکە نزیکەی یەک کیلۆمەتر لە باشووری هێڵەکەوە دوورن.
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی کویتۆ زیاتر لە ٢٫٦ ملیۆن کەسە، ڕووبەری شارەکە زیاتر لە ٣٧٢٫٣٩ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و چڕی دانیشتووانەکەی لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا ٧٫٢٠٠ کەسە. دانیشتووانی شارەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بە زمانی ئیسپانی قسە دەکەن کە زمانی فەرمییە. بەڵام زمانە ڕەسەنە سەربارەکانی وەک کێچوا لە سەرانسەری شارەکەدا قسەی پێ دەکرێت. زمانی ئینگلیزی وەک زمانی دووەمی باو لە کویتۆ دەخوێندرێت. هەروەها نزیکەی ٨٠٪ی دانیشتووانەکەی لە نەتەوەی مێستیزۆ پێک دێت و ئایینی زۆرینەی دانیشتووان کاسۆلیکی ڕۆمانییە. لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵگەکانی مۆرمەن و جوولەکەکان لە کویتۆ نیشتەجێن.
گەشەی دانیشتووانی کویتۆ
ئەم شارە بە درێژایی ساڵان گەشەیەکی تەندروست و بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە، هەلی کار، خوێندن، مێژوو، کولتوور و ناوچە سەرنجڕاکێشەکانی کویتۆ بەردەوام دانیشتووی نوێ بۆ شارەکە ڕادەکێشن.
کەشوهەوا
کەشوهەوا شاری کویتۆ کەشوهەوایەکی شاخاوی مامناوەند، یان شاخاوی نیمچە خولگەییە. پلەکانی گەرما بەدرێژایی ساڵ مامناوەندن و کەشی شار هاوشێوەی وەرزی بەهارە. وەرزی وشک لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات و تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول دەخایەنێت. هەروەها دەشێت تەم بە درێژایی ساڵ و لە کاتەکانی شەو و بەیانی زوودا دروست ببێت.
تێکڕای پلەی گەرمی شاری کویتۆ لە ساردترین مانگی ساڵدا کە مانگی کانوونی یەکەمە ١٤٫٤ پلەی سەدییە و تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە لە گەرمترین مانگی ساڵدا کە مانگی ئەیلولە ١٤٫٨ پلەی سەدییە. هەروەها ساڵانە ١٫١۰۰ مللیمەتر باران دەبارێت، ئەم بڕەش بڕێکی زۆرە، لە وشکترین مانگی ساڵدا کە مانگی تەممووزە ٢۰ مللیمەتر باران دەبارێت و لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە مانگی نیسانە ١٧۰ مللیمەتر باران دەبارێت. سەرەڕای ئەوەش ساڵانە بە تێکڕایی نزیکەی ٢٫٠٦٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە.