ناوهڕۆك
ناساندن
ویلایەتی وایۆمینگ (بە ئینگلیزی: Wyoming، بە عەرەبی: وايومينغ)، ویلایەتێکە لە پەنجا ویلایەتەکەی ئەمریکا. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، ژمارەی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە ٥٧٦٫٨٥١ کەس بوو. ویلایەتی وایۆمینگ خاوەنی کەمترین ژمارەی دانیشتووانە سەرەڕای ئەوەی لەڕووی ڕووبەرەوە لە پلەی دەیەمی گەورەترین ویلایەتەکانی وڵاتەکەیدایە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دوای ویلایەتی ئالاسکاوە چڕی دانیشتووانەکەی کەمترینی هەر ٥٠ ویلایەتەکەی ئەمریکایە. پایتەخت و قەرەباڵغتری شاری ویلایەتەکە شاری شاین (Cheyenne)ـە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠١٨ـدا بە ٦٣٫٩٥٧ کەس مەزەندە کرا.
لەڕووی جوگرافییەوە
وایۆمینگ ویلایەتێکی گەورەیە لە ناوچەی ناوەڕاستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەشێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە بەرزاییەکانی زنجیرە چیای ڕۆکی. لە باکوور و باکووری ڕۆژاواوە لەگەڵ ویلایەتی مۆنتانا، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ داکۆتای باشوور و ویلایەتی نێبراسکا، لە ڕۆژاواوە لەگەڵ ئایداهۆ، لە باشووری ڕۆژاوا لەگەڵ ویلایەتی یوتا و لە باشوورەوە لەگەڵ کۆلۆرادۆ هاوسنوورە. ڕووبەری وایۆمینگ ٢٥٣٫٦٠٠ کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٢٫٣١ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. نیوەی ڕۆژاوای ویلایەتەکە زیاتر بە زنجیرە و لەوەڕگاکانی زنجیرە چیاکانی ڕۆکی داپۆشراوە، لە کاتێکدا نیوەی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە مێرگێکی بەرزە کە پێی دەوترێت دەشتە بەرزەکان. کەشی ویلایەتەکە لە چاو بەشەکانی تری وڵات وشکتر و فرەباترە، کەشوهەواکەی لە نێوان کەشوهەوای نیمچە وشک و کیشوەریدا دابەش بووە و پلەی گەرمی بەرزترە. درێژی ویلایەتەکە ٤٥١ کیلۆمەتر و پانییەکەی ٥٩٩ کیلۆمەترە.
مێژوو و ئابووری ویلایەتەکە
چەندین گرووپی ڕەسەنی ئەمریکی لە سەرەتادا لەو ناوچەیەی کە ئێستا بە وایۆمینگ ناسراوە نیشتەجێ بوون. لە کاتی گەڕان و پشکنینی ئەورووپیدا کە لە سەدەی چوارەمدا بوو، ئیمپراتۆریەتی ئیسپانیا یەکەم کەس بوو کە باشووری وایۆمینگی بە خاکی خۆی زانی. لەگەڵ سەربەخۆیی مەکسیک وایۆمینگ بوو بە بەشێک لەو کۆمارە و دوای شکستی لە جەنگی مەکسیک و ئەمریکا، مەکسیک دەستبەرداری ناوچەکە بوو و لە ساڵی ١٨٤٨ـدا بە ئەمریکای بەخشی.
لەڕووی مێژووییەوە، ئەمریکییە ئەوروپییەکان لێرە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریان کردووە و لەسەر زەوییەکان ململانێ لە نێوان شوان و ئاژەڵدارەکاندا دروستبووە. ئەمڕۆ ئابووری ویلایەتی وایۆمینگ بەشێوەیەکی بەرچاو پشت بە گەشتیاری و دەرهێنانی کانزاکانی وەک خەڵووز، گازی سروشتی، نەوت و ترۆنا دەبەستێت. بەروبومە کشتوکاڵییەکان بریتین لە جۆ، کا، ئاژەڵ، چەوەندەری شەکر، گەنم و خووری. وایۆمینگ یەکەم ویلایەت بوو کە ڕێگەی بە ژنان دا مافی دەنگدان و مافی وەرگرتنی پۆستی هەڵبژێردراویان هەبێت، هەروەها یەکەم ویلایەت بوو کە پارێزگارێکی ژنی تێدا هەڵبژێردرا. بەهۆی ئەم بەشەی مێژووەکەیەوە، نازناوی "ویلایەتی یەکسانی"ـی بەدەستهێناوە و دروشمی فەرمی ویلایەتەکە "مافە یەکسانەکان"ـە. بەپێی ڕاپۆرتێکی فەرمانگەی شیکاری ئابووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٢، کۆی بەرهەمی ویلایەتی وایۆمینگ ٣٨٫٤ ملیار دۆلار بوو.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
بەپێی فەرمانگەی سەرژمێریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی وایۆمینگ ٥٧٨٫٧٥٩ کەس بوو. لە ساڵی ٢٠١٤، فەرمانگەی سەرژمێریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێکهاتە ڕەگەزییەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکەی بەمشێوەیە خەمڵاند، ٩٢٫٧٪ سپی پێست (٨٢٫٩٪ـیان سپی پێستی ناهیسپانی بوون)، ٢٫٧٪ هیندی ئەمریکی و هاوڵاتی ڕەسەنی ئالاسکا، ١٫٦٪ ڕەش پێست یان ئەفریقی ئەمریکی، ١٫٠٪ ئاسیایی ئەمریکی و ٠٫١٪ هاوایی ڕەسەن یان دوورگە نشینەکانی زەریای هێمن بوون. لە ساڵی ٢٠١١ـدا، ٢٤٫٩٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی وایۆمینگ تەمەنیان لە یەک ساڵ کەمتر بوو. بەپێی زانیارییەکانی ڕاپرسی کۆمەڵگەی ئەمریکی، لە ساڵی ٢٠١٨، وایۆمینگ تاکە ویلایەتی ئەمریکا بوو کە کرێکاره ئەفریقییە ئەمریکییەکان داهاتێکی مامناوەندی زیاتر بە بەراورد بە سپی پێستەکان پەیدا دەکەن.
لە ساڵی ٢٠١٥ـدا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی وایۆمینگ ٥٨٦٫١٠٧ کەس بوو، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی پێشوو ١٫٩٥٤ کەس زیادی کردووە، واتە بەڕێژەی ٠٫٢٩٪ و لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـەوە ٢٢٫٤٨١ کەس یان ٣٫٩٩٪ زیادی کردووە. ئەمەش بەهۆی زیادبوونی سروشتی و زیادبوونی کۆچکردنەوە بوو. لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا ژمارەی دانیشتووانی لەدایکبووی بیانی ١١٫٠٠٠ کەس بووە (٢٫٢٪ـی دانیشتووان). لە ساڵی ٢٠٠٥، کۆی گشتی لەدایکبوون لە ویلایەتی وایۆمینگ ٧٫٢٣١ کەس بوو. دانیشتووانی ویلایەتی وایۆمینگ جیاجیان و دوورن لەیەکەوە، کەم قەرەباڵغترین ویلایەتی ئەمریکایە و لەدوای ئالاسکاوە کەمچڕتین ویلایەتی نێو ٥٠ ویلایەتەکەی ئەمریکایە. یەکێکە لەو تەنها دوو ویلایەتەی (ڤێرمۆنت) کە ژمارەی دانیشتووانەکەی کەمترە لە پایتەختی وڵاتەکە.
زمانەکان
لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، ٩٣٫٣٩٪ (٤٧٤٫٣٤٣ کەس)ـی دانیشتووانی سەروو پینج ساڵی وایۆمینگ زمانی ئینگلیزییان وەک زمانی سەرەکی خۆیان بەکار دەهێنا، ٤٫٤٧٪ (٢٢٫٧٢٢ كەس) بە زمانی ئیسپانی، ٠٫٣٥٪ (١٫٧٧١ كەس) بە زمانی ئەڵمانی و ٠٫٢٨٪ (١٫٤٣٤ كەس) بە زمانی فەڕەنسی قسەیان دەکرد. زمانە باوە نائینگلیزییەکانی تر بریتیبوون لە ئەلگۆنکی کە لەلایەن ٠٫١٨٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەوە بەکاردەهێنرا لەگەڵ زمانی ڕووسی کە ٠٫١٠٪ـی دانیشتووان قسەیان پێدەکرد، هەردوو زمانی تاگالۆگ و یۆنانییش پێکەوە لەلایەن ٠٫٠٩٪ـی دانیشتووانەوە بەکارهات.
لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا، ڕاپرسی کۆمەڵگەی ئەمریکی ڕایگەیاند کە ٦٫٢٪ (٣٠٫٤١٩ کەس)ـی دانیشتووانی سەروو پێنج ساڵی ویلایەت لە ماڵەوە جگە لە ئینگلیزی بە زمانێکی تر قسە دەکەن. لەوانە ٦٨٫١٪ـیان توانیویانە زۆر بەباشی بە زمانی ئینگلیزی قسە بکەن، ١٦٫٠٪ بە باشی بە ئینگلیزی قسەیان کرد، ١٠٫٩٪ بە باشی بە ئینگلیزی قسەیان نەکرد و ٥٫٠٪ بە هیچ شێوەیەک بە ئینگلیزی قسەیان نەکرد.
ئایین
لە ساڵی ٢٠٢٠، دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتی ڕایگەیاند کە نزیکەی ٥٥٪ـی دانیشتووانی پێگەیشتووی ویلایەتی وایۆمینگ مەسیحین، بە پلەی یەکەم پرۆتستانتی ئینجیلی و کۆنەپارێز، کاسۆلیکی ڕۆمانی و مۆرمۆنین. بەپێی دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتی، ڕێژەی بێ ئایینەکانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٤٠٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەی پێکهێنا، بەپێی پرسنامەیەکی گالۆپ لە ساڵی ٢٠١٣، گرووپە ئایینییەکانی وایۆمینگ بەم شێوەیە بوو، ٤٩٪ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی پرۆتستانتن، ٢٣٪ بێ ئایین یان سەر بە ئایینەکانی ترن، ١٨٪ کاسۆلیکی، ٩٪ قەشە هاوچەرخەکان (مۆرمۆنەکان) و کەمتر لە ١٪ـی دانیشتووان جوولەکە بوون.
ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٠ـی ARDA گەورەترین گرووپە ئایینییەکانی دانیشتووانی وایۆمینگی بەم شێوەیە ناساند، قەشەی هاوچەرخی کڵێسای عیسا مەسیح (مۆرمۆنەکان) ٦٢٫٨٠٤ شوێنکەوتەیان هەبوو کە دەکاتە ١١٪ـی دانیشتووان، کڵێسای کاسۆلیکی ٦١٫٢٢٢ شوێنکەوتە کە کردییە ١٠٫٨٪ـی دانیشتووان و کۆنفڕانسی باپتیستی باشوور کە ١٥٫٨١٢ ئەندامیان هەبوو و دەکاتە ٢٫٨٪ـی دانیشتووان. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ٥٩٫٢٤٧ شوێنکەوتەی پرۆتستانتی ئینجیلی (١٠٫٥٪ـی دانیشتووان)، ٣٦٫٥٣٩ لایەنگری پرۆتستانتی کۆنەپارێز (٦٫٥٪ـی دانیشتووان)، ٧٨٥ شوێنکەوتەی مەسیحی ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات، ٢٨١ لایەنگری بلاک پرۆتستانت، ٦٥ هەزار کەس پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی تر بوون و ٣٤٠٫٥٥٢ کەس سەر بە هیچ ئایینێک نەبوون.
کەشوهەوا
بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای ویلایەتی وایۆمینگ بەگشتی نیمچە وشک و کیشوەرییە. بە بەراورد بە زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمریکا وشکتر و فرەباترە و پلەی گەرمی ناوچەکەش بەرزترە. بەشێکی زۆری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تۆپۆگرافیای ویلایەتەکە. کەشی وایۆمینگ لە مانگەکانی وەرزی هاویندا گەرمە و پلەی گەرمی لە مانگی تەممووز و لە زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتەکەدا بە تێکڕای لە نێوان ٢٧ بۆ ٣٢ پلەی سەدیدایە. بەڵام لەگەڵ زیادبوونی بەرزیی ناوچەکەدا، ئەم تێکڕایە بەخێرایی دادەبەزێت، ئەو شوێنانەی کە لە سەرووی ٢٫٧٠٠ مەترەوەن تێکڕای پلەی گەرمییان لە دەوروبەری ٢١ پلەی سەدیدایە. شەوانی هاوین لە سەرانسەری ویلایەتەکە و تەنانەت لە گەرمترین شوێنەکانیش فێنکترە و پلەی گەرمی بە تێکڕای لە نێوان ١٠ بۆ ١٦ پلەی سەدیدایە. لە زۆربەی ویلایەتەکەدا و لە کۆتایی وەرزی بەهار و سەرەتای وەرزی هاویندا زۆرترین ڕێژەی دابارین تۆمار دەکرێت. مانگەکانی وەرزی زستان ساردن، بەڵام بەپێی شوێن کەش دەگۆڕێت، بای چینوک کە لە ڕۆژاوای ئەمریکای باکوورەوە هەڵدەکات دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی.
ویلایەتی وایۆمینگ ویلایەتێکی وشکە و لە زۆربەی ناوچەکاندا ساڵانە کەمتر لە ٢٥٠ مللیمەتر باران دەبارێت. بارانبارین بەپێی بەرز و نزمی ناوچە جیاوازەکان دەگۆڕێت، لە ناوچە نزمەکانی حەوزی بیگ هۆرن بە تێکڕای ١٣٠ بۆ ٢٠٠ مللیمەتر باران دەبارێت، ئەمەش وا دەکات ناوچەکە بەنزیکەیی لە بیابانێکی ڕاستەقینە بچێت. ناوچە نزمترەکانی باکوور و دەشتەکانی ڕۆژهەڵات بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ مللیمەتر بارانیان لێ دەبارێت، ئەمەش وا دەکات کەشوهەوای ئەوێ نیمچە وشک بێت. لە هەندێک ناوچەی شاخاویدا ڕێژەی دابارین زۆر بەرزە و ساڵانە ٥١٠ مللیمەتر یان زیاتر باران دەبارێت، زۆربەی ئەم دابارینەش لە شێوەی بەفردایە، هەندێکجار ساڵانە ٥١٠ سانتیمەتر یان زیاتر بەفر دەبارێت. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراوی ویلایەتەکە ٤٦ پلەی سەدییە کە لە ١٢ـی تەممووزی ١٩٠٠ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٥٤- پلەی سەدی بوو کە لە ٩ـی شوباتی ساڵی ١٩٣٣ـدا تۆمارکرا.
ژمارەی ئەو ڕۆژانەی کە تێیدا ڕەشەبای بروسکاوی لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا هەڵدەکات جیاوازە و دەشتەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە زۆرترین پشکیان بەر دەکەوێت، کە بەتایبەتی لە کۆتایی بەهار و سەرەتای هاویندا هەڵدەکات.
گەشتیاری
کەرتی گەشتیاری بزوێنەری سەرەکی ئابووری ویلایەتی وایۆمینگە و داهاتی پیشەسازی گەشتیاری زیاتر لە دوو ملیار دۆلارە. لە ساڵی ٢٠٠٢ـدا، زیاتر لە شەش ملیۆن کەس سەردانی پارک و مۆنۆمێنتە نیشتیمانییەکانی ویلایەتی وایۆمینگیان کردووە. شوێنە گەشتیارییە سەرەکییەکانی ویلایەتی وایۆمینگ بریتین لە پارکی نەتەوەیی گراند تێتۆن، پارکی نەتەوەیی یەلۆستۆن، مۆنۆمێنتی نیشتیمانی دیڤڵس تاوەر، بەردی ئیندیپێندنس و مۆنۆمێنتی نیشتمانی فۆسیل بوت. یەلۆستۆن یەکەم پارکی نەتەوەییە لە جیهاندا کە ساڵانە سێ ملیۆن سەردانیکەر ڕووی تێدەکەن.