ناوهڕۆك
جۆن گریگۆر مەندڵ ١٨٢٢ - ١٨٤٤ ز
مەندڵی ڕاهیب کاریگەریێکی بەرفراوانی خستە سەر ئاسۆی ئایندەی زانستی زیندەوەرزانی، ئەو لقێکی نوێی لەو زانستەدا داهێنا. ئەوەی مایەی پێکەنینە، ئەو لە وەختی خوێندنی ئاساییدا لە تاقیکردنەوەی وانەی زیندەوەرزانی دەکەوت و بەم هۆیەوە نەیتوانی ببێتە مامۆستا.
وەختێک لە ژیاندا بوو، کار و بەرهەمەکانی بە تەواوی پشتگوێ دەخرێن، تەنانەت ماوەیەکی زۆریش دوای مردنی، کەس گرنگیی بە کارەکانی نادات.
لە ساڵی ١٨٥٦ز، سەرەتا تاقیکردنەوە لەسەر چەند ڕووەکێک دەکات. لە ساڵی ١٨٦٥ز، قانوونێکی گرنگی دەربارەی زانستی بۆماوەزانی (علم الوراثة)، داهێنا. قانوونەکەیش ئەمە بوو: هەموو ژیان لەبەرێک یەکە سەرەکییەکانی تێدایە کە پێی دەگوترێت: (جینەکان genes)، بە هۆی ئەم جینانەوە، خەسڵەتە بۆماوەییەکان بۆ نەوەکان دەگوازرێنەوە.
دوای ئەوەی مەندڵ لە ساڵی ١٨٥٦ز، دەکرێتە سەرۆکی دێر، لەبەر سەرقاڵی کاروباری دێر، واز لە هەموو توێژینەوە زانستییەکانی دێنێت، ئەمەیش پێمان دەڵیت ئەو تەنیا پانزە ساڵ لە کێڵگەی زانستیدا کاری کردووە.
مەندڵ زۆر حەزی دەکرد لە تۆو و ڕەگی گوڵ و ڕووەکەکان بکۆڵێتەوە، دیقەتی جوداوازیی نێوان ڕووەک و گەڵاکان دەدا و توێژینەوەی لەسەر دەکردن. بۆی دەرکەوت کە هەریەک لەوانە جینێک مێ و جینێک نێری هەیە. دواتر بڕیاری دا کە توێژینەوەیەک خەسڵەتی ڕووەکەکان للەسەر چەند قۆناغێک بکات، بە وردیی چاودێریی ڕووەکەکانی دەکرد و تێبینیەکای تۆمار دەکردن.
بۆماوەیی
پێشتر باوەڕێکی باو لە نێو خەڵکدا هەبوو، گوایە هەر کاتێک دوو خەسڵەتی دژ بە یەک کۆبوونەوە، حاڵەتێکی مامناوەند بەرهەم دێنن، بە نموونە: ڕووەکێکی درێژ و ڕووەکێکی کورت، ڕووەکێکی مامناوەند بەرهەم دێنن.
ئەوەی مەندڵ پێی گەیشت شتێکی تەواو جیاواز بوو، ئەو گوتی: مامناوەندی لە دوو خەسڵەتی دژ بە یەک بەرهەم نایەت، بەڵکە لە نموونەی سەرەوە کورت یان درێژ دروست دەبێت، واتا: لە باوان یەک خەسڵەت دەگوازرێتەوە، نەک دوو. مەندڵ تێبینی ئەوەشی کردبوو، لە ڕووەکی پاقلەدا، خەسڵەتە دژ بە یەکەکان لە سیفەتە جۆربەجۆرەکاندا، دەشێ بە شێوەی لێک جیایش دەربکەون.
دانپێداهینانێکی درەنگ
کاتێک مەندڵ توێژینەوەکانی لە ساڵی ١٨٦٦ز، بە چاپ گەیاند و بڵاوی کردنەوە، تووشی بێئومێدیی بوو، وەختێک زانی کەس حسابیان بۆ ناکات، هەستی کرد ڕەنج بە خەسار بووە. بەڵام دوای مردنی، ساڵی ١٩٠٠ز، سێ زانای دیکەش گەشتنە هەمان ئەنجام، ئەوسا قەدری مەندڵ و توێژینەوەکەی زانرا و زانستێک بە ناوی (بۆماوەزانی-علم الوراثة)، دانرا. لە هەقیقەتدا ڕیشەی ئەو زانستە بۆ ئەو دەگەڕێتەوە.
کورتەیەک لە ژیانی
- لە نەمسا لە دایک بووە.
- هەتا لە ژیاندا هیچ ڕێزێکیان لێ نەناوە.
- لای هاوپیشە و هاوکارانی خۆشەویست بووە.
- ئێستە بە (باوکی جینەکان) نێوزەند دەکرێت، چونکە بۆ یەکەمجار بناغەی زانستی بۆماوەیی ڕۆناوە.