ناوهڕۆك
سابیتی کوڕی قوڕە 836- 901
ناوی تەواوی ئەبوو حەسەنی کوڕی مەڕوانی کوڕی قوڕەی حەڕانییە. لە بەغدای پایتەختی زانست و مەعریفە، منارەی ڕووناکی خۆرهەڵاتی ئەوکات نیشتەجێ بووە. زانستی گەردوونی و فەلسەفە و نوژداریی خوێندوون. لە زۆربەی زانستەکانی ئەوسا گەشتوەتە ترۆپک، زانایەکی مەزنی زانستی ماتماتیک بووە، هەروەها پزیشکێکی ناوازەی كاتی خۆی بووە. لە وەرگێڕان پێشەنگ بووە، لە سەردەمی زێڕینی وەرگێڕاندا چەندان کتێبی لە زمانی بیانییوە کردوونەتە عەرەبی.
دەسکەوتە مەزنەکانی
هەرچەندە سابیت وەک پزیشکێکی دەستڕەنگین نێوی دەرکردبوو، بەڵام زۆربەی دانراوەکانی لە بواری ماتماتیک و گەردونناسیی بوون. گاهێک خەلیفە موعتەزەد شۆرەتی ئەو زانا و بلیمەتە دەبیستێت، بانگهێشتی کۆشکی دەکات و بۆ نێو گەردونناسانی بلاتەی دەنێرێت، دواتر خەلیدە بۆی دەردەکەوێت کە لە هەموویان سەرکەوتووترە، هەربۆیە بۆ بەرزترین پایە بەرزی دەکاتەوە. چەندان جار بە تەنیا لەگەڵیدا دادەنیشێت و گاڵتە و گەپی لەگەڵدا دەکات. دوای خەلیفە موعتەزەدیش لەگەڵ مەئموون کار دەکات.
سابیت لە سەردەمی بلیمەتاندا
سابیت هاوچاخی خوارزمی و کیندیی بووە، لەگەڵیاندا دانیشتووە و گفتوگۆی لۆژیکی و زانستیانەیان کردووە.
سابیت یەکەم زانای ڕشتەی هەڵکەوتووانی بنەماڵەکەی بووە، دوواتر کوڕەکەی سنانی کوڕی سابت. وەک زانایێکی مەزن دەردەکەوێت و دەبێتە پزیشکی تایبەتی و موقتەدیر و بەڕێوەبەری پزیشکانی بەغدا. پاشان نەوەکی سابیتی کوڕی سنان وەک زانا و پزیشکێکی لێهاتوو، نێو دەردەکات. هەروەها نەوەیەکی دیکەیشی بە ناوی ئیبراهیمی کوڕی سنان، وەک پزیشکێکی درەوشاوە زانست دەردەکەوێت و چەندان کتێب لە بواری نوژداری و فەلسەفە و ماتماتیک دادەنێت.
سابیت وەک وەرگێڕێکی کارامە
سابیت زمانی: عیبری، یۆنانی، سریانی زانیوە. بە زمانی عەرەبی و سریانی کتێبی نووسیون. وەرگێڕێکی بەتوانا بووە، چەندان کتێبی ماتماتیک و فەلەکیی لە زمانی بیانی بۆ سەر زمانی عەرەبی وەرگێڕاون. ئەو یەکەم کەس بووە، کە کتێبەکانی پەتلیمۆسی بۆ سەر زمانی عەرەبی وەرگێڕاون.
بەرهەمەکانی
سابیت لە چەندان بواری زانستیی کتێبی داناون. گوتراوە: سەد و پەنجا کتێبی لە زانستە جۆربەجۆرەکان نووسیون، لە زانستی گەردوونناسیدا چەند تایبەتمەندییەکی نێوان خۆر و ڕژێمی خولانەوەی دیاریی کردووە. ئەوەی سابیت لەو بوارە نووسیویەتی، ئەمڕۆ لە ژێر ناوی فیزیای خۆردا دەخوێندرێت.
سابیت بە زیرەکی خۆی توانی درێژی ساڵی هەیڤی(القمری) دیاریی بکات، بۆ ئەوسای ئەو، کە پتر لە هەزار ساڵ پێش ئێسە دەکات، داهێنانێکی یەکجار گەورە بووە.
لە زانستی بیرکاریدا سابیت بایەخێکی زۆری بە پێکەوە بەستنەوەی زانستی جەبر و هەندەسە داوە. چەند کتێبێکی یۆنانی ڕاستبینی کردوون، کە لە زانستی ئەندازیاریی وەرگێڕدرابوون. ئەو یەکەم کەس بووە یاسای ژمارە یەکتر و ویستەکانی (الآعداد المتحابة)ـی دۆزیوەتەوە. لە بواری ماتماتیک و ئەندازیاریش چەند کتێبێکی هەن، لەوانە: (المدخل الی الآعداد)، (الآعداد المتحابة)، (رسالة فی الدوائر المتماسة)، (مساحة الاشکال) ... تاد .
سابیت وەک پزیشکێک
سابیت بەدەر لەوەی لە زۆرینەی زانستەکان دەستێکی باڵای هەبووە، پزیشکێکی لێهاتوویش بووە. دەربارەی نۆژداریی ئەو، چیرۆکێکی دڵگیر و خۆشکەڵە هەیە، دەڵێن " جارێک سابیت سەرنجی گۆشتفرۆشێکی دا، بینی لەتە جگەرێكی بە دەستەوەیە، خوێی پێدا دەکات و بە کاڵی دەیخوات. دڵنیابوو تووشی نەخۆشی دەبێت، بۆیە پێشوەختە دەرمانێکی بۆ دروست کرد و خستیە گیرفانی خۆی. ڕۆژێک گۆشتفرۆشەکە بەربووەوە و لە هۆش خۆی چوو، کەسوکاری وایانزانی مردووە، بەڵام سابیت بلەز خۆی گەیاندە لای و دەرمانەکەی پێ دا، کابرا هەستایەوە، لە نێو خەڵک بڵاوبووەوە کە سابیت کەسێکی زیندوو کردووەتەوە. هەواڵ گەیشتە خەلیفە، بەپەلە بانگهێشتی لای خۆی کرد، پێی گوت: ئەرێ سابیت ڕاستە تۆ خەڵک زیندوو دەکەیتەوە؟ ئەویش مەسەلەکەی بۆ گێڕایەوە ".
بە کورتی
- سابیت لە (حیران(، لە نێوان دیجلە و فوڕاتدا لەدایک بووە.
-چەند ڕەخنەیەکی لە نەریتیە (سابیئی)ـیەکان گرتووە، ئەوانیش ئەزیەتیانداوە و بەرەو (کفر توما)، دەریان پەڕاندووە.