ناوهڕۆك
شەریف ئیدریسی ١١٠٠-١١٦٦ ز
ناوی محەمەدی کوڕی محەمەدی کوڕی عەبوڵڵای کوڕی ئیدریسە، ناسناوی (شەریف ئیدریسی)یان لێ ناوە لە نێو شارستانیەتی ئیسلام گەورەترین جوگرافیزانی چاخی خۆی بووە، سەر بە بنەماڵەی ئیدریسییەکانی عەلەویی مەغریب بووە. ئەو بە مەبەستی زانست و زانیاریی گەشتێکی دوور و درێژی بۆ ئەورووپا، ئاسیای بچووک، دەریای نێوەڕاست، کردووە. دواتە لە (بلات)ی پاشا (رۆجار)ی دووەم سەنگراوەتەوە. لەوێ تۆپێکی گەردوونی لە زیو درووست کردووە. هەر لەوێش نەخشەیەکی جیهانیی لەسەر ستوونێکی زیوین کێشاوە. کتێبی (نزهة المشتاق فی إختراق الافاق) لە ساڵی ١١٥٤ز، دەنووسێت و پێشکەش بە پاشا رۆجاری دووەمی دەکات. لەم کتێبەدا بە گوێرەی بینینی تایبەتیی خۆی باسی زەوی دەکات، هەروەها لەگەڵ چەندان وێنەکیش، بۆ شوێنە جۆربەجۆرەکانی دنیا ناردوونی تاکوو زانیاریی لەسەر گۆی زەوی کۆ بکەنەوە.
کتێبی (نزهة المشتاق فی إختراق الافاق)
ئەم کتێبە لە چاخی خۆیدا بە باشترین کتێبی جوگرافیی دادەنرێت، باشترین و ڕاستترین کتێبە کە موسڵمانان لەسەر وڵاتی ئەورووپا و ئیتاڵیا دایان نابێت. ئەم کتێبە بۆ فەڕەسنیی وەرگێدراوە، بەڵام هەڵەی زۆری تێ کەوتووە. هەروەها بۆ زمانی لاتینی ئینگلیزی و ئاڵمانیی وەرگێڕدراوە. ئیدریسی بە یەکەم زانای هەموو جیهانی دادەنرێت کە نەخشەیەکی ورد و بێهەڵەی کێشاوە.
ئەم کتێبە و ئەو نەخشەیەی ئیدریسی بۆ جیهانی کێشاوە، بە باسترین بەرهەم و دەسکەوتەکانی ئەو دادەنرێن.
ئیدریسی زۆر بە وردی و لێهاتووی وەسفی دەریای نێوەڕاست و دەورووبەری کردووە... زۆر بە زانایی باسی کیشوەری ئەورووپا و هەرێمەکانی دەکات. نەخشەی زەوی لەسەر بنەمایەکی وردی زانستی کێشاوە، بەشی باکووری زەویی بۆ حەوت ناوچەی کەشوهەوا (مناخ)ـی دابەش کردووە، هەر بەشێکی بۆ دە بڕگەی یەکسان لە ژمارەی هێڵە درێژەکان، بەش کردووە. بۆ هەر بڕگەیەکیش حەفتا نەخشەی سەربەخۆی کێشاوە.
ئیدریسی لەسەر مەعریفە و زانیاریێکی ورد نەخشەی جیهانی کێشاوە، دیارە ئەو مەعریفەیەشی لە ژێدەرە ئەورووپی و ئیسلامییەکان بە دەست هێناوە، بەدەر لەوانەیش گەشتەکانی بۆ وڵاتانی جیهانی کۆمەکی زۆریان کردووە بۆ بەدەستهێنانی ئەزموون و ڕاستبینکردنی بەرهەمەکانی.
لە چاخی ڕێنیساس نەخشەکانی ئیدریسی وەک بنچینەیەکی سەرەکیی بۆ نەخشەکێشان سوودی لێ وەرگیراوە.
ئیدریسی وەک دەرمانسازێک
نەخشەی زەوی تاکە کاری ئەو نەبووە، بەڵکە ئەو لە دەرمانسازییش شارەزابووە، کتێبێکی بە نێوی: (الجامع لصفات اشتات النبات) نووسیوە. هەبوونی زانیاری جوگرافیی، لە دانانی ئەم کتێبەدا دەستباری بۆ گرتووە. ئەو لەم کتێبەدا پشتی بە دەرمانساز و داودەرمانی پێش خوی بەستووە. دەڵێن: ئیبن بەیتار سوودی لەم کتێبە وەرگرتووە، ئیدریسی لەم کتێبەدا بۆ پێکهاتەی داودەرمان، باسی سوودی ٣٦٠ گیا دەکات.
ئیدریسی کتێبێکی دیکەی هەیە بە ناوی: (روض الأنس و نزهة النفس).
ئاماژەیەک لە ژیانی
- لە مەغریب لە دایک بووە، هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە.
- لە (قوڕپنە) پێ گەیشتووە و فێری زانست و مەعریفە بووە.