ناوهڕۆك
ئیبن بەیتار ١١٩٣-١٢٤٨ز
ناوی تەواوی ئەبوو محەمەدی کوڕی عەبدوڵای کوڕی ئەحەدی ئەندەلووسیە. پزیشکێکی میللی ناوداری جیهانییە، بە پێشەوای زانایانی گژوگیای دەرمانی نێوی دەرکردووە.
ئیبن بەیتار هەر لە سەرەتای لاویەتییەوە وانەی زانستی گژوگیای لای زانای فررەزان ئەبوو عەبباسی ڕۆمی دەخوێنێت. سەرەتا توێژینەوە لەسەر گژوگیای ناوچەکان ئەندەلووس دەکات، دواتر بۆ ئەو مەبەستە چەندان وڵاتی دیکە دەگەڕێت.
ئەو جگە لەوەی لە زانستی پزیکیی شارەزابووە، بە هەموو ناو و جۆر و سیفەتێکی گژوگیا ئاشنا بووە.
سوڵتان محەمەد کامل ئەیووبی لەبەر شارەزایی و لێهاتوویی دەیکاتە سەرۆکی نوژدارەی میللیەکانی لادێ و باژێڕەکانی میسر.
گەشتەکانی ئیبن بەیتار
ئیبن بەیتار بە نیازی توێژینەوە لە گیادەرمانە جۆربەجۆرەکان، گەشت بۆ چەند وڵاتێکی جیهانیی دەکات، بە نموونە دەچێتە وڵاتی : مەراکیش، جەزائیر، تونس، ڕۆم... تاد. دواتر دەگەڕێتەوە میسڕ، پاشان دەچێتەوە دیمەشق.
لە دیمەشق ئیبن بەیتار توێژینەوەیەکی ورد لەسەر گژوگیای ئەو وڵاتە دەکات. دوای تەواوبوونی کارەکانی لە سووریا ڕوو دەکاتە ئاسیای بچووک. لەوێش توێژینەوە لەسەر چەندان جۆری گژوگیای ئەو وڵاتە دەکات. دوای تەواوبوونی کارەکانی لە سووریا ڕوودەکاتە ئاسیای بچووک، لەوێش توێژینەوە لەسەر چەندان جۆری گژوگیا دەکات. ئیبن بەیتار بە پزیشکێکی کارامە ناسراوە، گیاناسێکی مەزن بووە، کە دواتر پزیشکەکانی دیکە کەڵکێکی زۆریان لێ وەرگرتووە.
دانراوەکانی ئیبن بەیتار
ئیبن بەیتار کتێبێکی بە ناوی: (الأدویە المفردە)، بە دوو بەرگ داناوە، لە نێو زانایان بە: (مفردات ابن البیطار) نێو دەبرێت. هەروەها کتێبێکی دیکەی بە نێوی (المغنی فی لەأدویە المفردە)، داناوە، هەروە کتێبێکی دیکەی هەیە بە نێوی: (الإبانە والإعلام بما فی المناهج من الخلل والأوهام). ئەمانە و چەند کتێبێکی دیکەی نووسیون، بەڵام دوو کتێبی هەن نێوی ئەویان لە هەموو شوێنێک بە نەمریی هێشتووەتەوە. یەکەم: کتێبی: (الجامع لمفردات الأدویە والأغذیە)، لەم کتێبەدا باسی چەند چارەسەرێکی سادە و ئاسانی دەرمانی گیایی میللی دەکات. ئیبن بەیتار دەرباری ئەم کتێبە دەڵێت: '' هەموو دەرمانێکی گیاییم تێدا باس کردووە، چارەسەری چەندان نەخۆشیم خستووەتە ڕوو ، پشتم بە سەرچاوەکانی گریکی و عەرەبی و ئەزموونی تایبەتیی خۆم بەستووە''.
دووەم: کتێبی: (المغنی فی الأدویە المفردە)، بە کورتی و پوختی باسی چارەسەری ئەندامەکانی جەستەی کردووە. پزیشکان سوودێکی زۆریان لەم کتێبە وەرگرتووە، بۆ زمانی لاتینی و چەند زمانێکی دیکە وەرگێڕدراوە. بیست جار بگرە پتریش بە هەزاران تیراژ چآپ لراوە. لە سەدەی نۆزدەی شێستەکان رۆژهەڵاتناسی نەمساوی (سوتنهایمر) دیسان ئەم کتێبەی بۆ سەر زمانی لاتینی وەرگێڕایەوە. هەروەها رۆژهەڵاتناسی فەڕەنسی (لۆکیر) لە هەشتاکانی هەمان سەدە، ئەم کتێبەی بۆ سەر زمانی فەڕەنسیی وەرگێڕا.
شێوازی زانستی
ئیبن بەیتار بۆ توێژینەوەکانی شێوازێکی زانستیی زۆر باڵای دەکار هێناوە، پشتی بە بینین و ئەزموون و پشکنین و وەردبینی بەستووە. لە گواستنەوەی زانیاری زۆر دەستپاک بووە. هەمان ئەو پڕۆ پڕؤگرامەی ئیبن سینا کاری لەسەر کردووە، ئەویش بەکاری هێناوە.
شێوازی هیجائی بۆ ڕیزبەندی و ڕێکسازیی لە نووسینەکانی دەکار هێناوە. لە نووسینەکانی چەندان جار بەڵگە بە نووسین و وتەکانی ئیبن سینا، گالینۆس، ئەبقرات، دەهێنێتەوە، پێداگیریی لەسەر ئەمانەتپارێزیی زانستیی دەکات.
دەسکەوتەکانی
وەک باسمان کرد ئیبن بەیتار ڕووەکناسێکی زۆر مەزن، چەندان دەرمانی گرنگی لە گژوگیای دەشت و کێو دۆزیوەتەوە. لە بواری بەکارهێنانی چارەسەری ڕووناکیی کیمیایی، پێشەنگ بووە. دەنکۆڵەی ڕووەکی بۆ نەخۆشیی بازەڵە دەکار هێناوە. دەنکۆڵەکانی تێکەڵ بە هەنگوین کردووە، دواتر بە نەخۆشەکەی داوە، ئینجا سەعاتێک تا دوو سەعات نەخۆشەکەی لەبەر تیشکی خۆر ڕاگرتووە، تاکوو ئارەقەی کردووە، بەمەیش پێستی نەخۆشەکە بەرەبەرە دەهاتەوە سەر شێوەی سروشتیی خۆی. ئیبن بیتار زۆر بە وردیی سۆراخی نەخۆشەکانی کردووە و تێبینیەکانی نووسیون.
تیشکێک لە ژیانی
- لە دەڤەری (مالیقە)ـی باشووری ئەندەلووس لە دایک بووە، بۆیە ناسناوی ئیبن بەیتاریان پێ داوە، چونکە باوکی بەیتار بووە.
- لە تەمەنی پەنجا و نۆ ساڵیدا لە دیمەشق کۆچیدوایی کردووە.