ناوهڕۆك
سیمۆن بۆلیڤار
زۆرجار سیمۆن بۆلیڤار، ناودەبرێت بە جۆرج واشنتنی ئەمەریکای باشوور، لەبەر ئەو دۆخە کاریگەرەی کە گێڕای لەسەربەخۆیی پێنج وڵاتی ئەمەریکایی لە ژێر دەسەڵاتی ئیسپانیا کە بریتیی بوون لە (کۆڵۆمبیا، ڤەنزوێلا، ئەکوادۆر، پیرۆ، بۆلیڤیا). کەم گوردی سیاسی وەک سیمۆن بۆلیڤار توانیویەتی کارێکی بالای وا بگێڕێت لە سەرانسەری کیشوەرێکدا.
بۆلیڤار لە ساڵی ١٧٨٣ز لە کاراکاس-ڤەنزوێلا... لە بنەماڵەیەکی ئەرستۆکراتی ئەسپان نەژاد لەدایک بووە، لە تەمەنی ٩ ساڵیدا بە هەتیوی مایەوە. لە تەمەنی لاوێتیدا زۆر ووڵاتانی ئەوروپا گەڕا و ئەو بیرە ئارمانانەی کردە ڕێبازی تایبەتی خۆی کە لە بزوتنەوەی ڕۆشنبیری فەلسەفەی فەڕەنسیدا بەدی دەکرا لە سەدەی هەژدەم. ئەو بیرمەند و فەیلەسووفانەیش کە بۆلیڤار کارنامەکانیانی دەخوێندەوە و سەودایان بوو جان لوک، جان جاک ڕۆسۆ، ڤۆڵتێر، مۆنتیسکیۆ... بوون.
لەو گەشتەیدا کاتێک کە لە ڕۆما بوو ساڵی ١٨٠٥ز لەسەر گردی (لاڤتین)دا تەوس ئەیبردەوە... بەڵێنی بەخۆی دا کە لە ژیانیدا هەرگیز نەسرەوێت و خۆشی نەبینێت تاکو سەربەخۆیی وڵاتەکەی لە جەور و ستەمی ئەسپانیا نەسەنێت.
لە ساڵی ١٨٠٨ز دا ناپۆلیۆن هێرشی بردە سەر ئەسپانیا و یەکێ لە براکانی کردە فەرمانڕەوای ئەسپانیا، ئەم کارە هەل و دەرفەتێکی چاکی ڕەخسان بۆ ئەو ووڵاتە ژێردەستانەی ئەمەریکای باشوور تاکو دەستی خۆیان بوەشێنن و سەربەخۆیی وەدەست بێنن.
سەرەتای شۆڕش دژ بە ئەسپانیا ساڵی ١٨١٠ز لە ڤەنزوێلاوە هەڵگیرسا. فەرمانڕەوا هێنرایە خوارەوە و ئاڵای سەربەخۆیی لە ساڵی ١٨١١ز هەڵکرا. هەر لەو ساڵەدا بۆلیڤار بووە ئەفسەرێک لە لەشکری شۆڕشگێڕی ڤەنزوێلا، بەڵام لە ساڵی ئایندە تیپە سەربازییەکانی ئیسپانا هاتنەوە بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتیان، ئەوەبوو توانییان جارێکی دی ڤەنزوێلا داگیر بکەنەوە و سەرکردەی شۆڕشی (فرانسیسکۆ میرانا) بگرن و بیخەنە زیندانەوە و بۆلیڤاریش هەر ئەوەندەی توانی هەڵبێت و دوور کەوێتەوە لە وڵات.
لەو ساڵانەی دواییدا ڕەچە جەنگێکی کاریگەر بەرپا بوو، ئەم جەنگ و ئاژاوەیە تا ساڵی ١٨١٩ز درێژەی کێشا، لەو دەمەدا بۆلیڤار خۆی گورج کردەوە و سەرگوردی سوپایەکی بچووکی کرد، کەوتە چالاکی لە نێو دۆڵ و بێشێکان هەتاکو چیا بڵندەکانی (ئاندس)یشی گرتەوە. ئەم بزوتنەوەیە بەرەبەرە ترسی خستە نێو ثۆردوە ئەسپانییەکان لە کۆڵۆمبیا. بۆ دوا جار ڕیزەکانی خۆی گردکردنەوە و هێرش و شاڵاوی بردە سەر تیپە سەربازییەکان تا بە تەواوی جەنگێکی سەخت لە ئابی ١٨١٩ز دا ڕوویدا و سەرکەوتنی بەدەست هێنا، پاشان ساڵی ١٨٢١ز ڤەنزوێلای ئازاد کرد، ئینجا لە ساڵی ١٨٢٢ز ـیشدا ئەکوادۆر ئازاد کرا.
هەر لەو دەمەیشدا (جۆس دی سان مارتین) کە مەردێکی نیشتمان پەروەر بوو توانی ئەرجەنتین و چیلی لە جەور و ستەمی ئیسپانی ڕزگار بکات، داینابوو کە پیرۆش ڕزگار بکات، بۆ ئەم مەبەستە هەردوو ئازادیخواز لە شاری (جوایاکیل)ی ئەکوادۆر لە هەینی ١٨٢٢ز دا بە یەک گەیشتن، بەڵام نەیانتوانی ڕێک بکەون لەسەر چۆنیەتی هاریکاری و گەلەکۆمەکردن و ڕێکخستنی شیرازەی بڕست و توانایا لە دژی ئەسپانیا. ئەنجامی ناکۆکییان گەیشتە ڕک و کینە و هەڵگیرساندنی جەنگ لە نێوانیاندا، بەڵام ئەوەندەی نەخایاند هەستی بەوە کرد کە ئەو ناکۆکییە لە بەرژەوەندی ئەسپاندایە، لەبەر ئەوە خۆی کشانەوە و وازی لە سەرکردایەتی هێنا و بە تەواویش دەسبەرداری ئەمەریکای باشوور بوو.
لە ساڵی ١٨٢٤ز دا سوپاکانی بۆلیڤار ووڵاتی پیرۆی ئێستایان ڕزگار کرد، ساڵی ١٨٢٥ز هێزەکانی ئەسپانیای ڕاشکاند و توانییان پیرۆی سەرویش (پۆلیڤیای ئێستا) ڕزگار بکەن. هەرچەندە ساڵانی دوا ژیانی بۆلیڤار بەرەو ئاوابوون دەچوو، بەڵام هەر بە ئومێدی یەکگرتنی ووڵاتەکانی باشوورەوە بوو هەر وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
لە ڕاستیدا ڤەنزوێلا، کۆڵۆمبیا و ئەکوادۆر کۆمارێکی یەکگرتوویان پێکەوە نا وبۆلیڤاریش بووە سەرۆک کۆمار، بەڵام لە بەدبەختی، ئەو هێزە چەواشانەی کە لە ئەمەریکای باشووردا جموجۆڵیان هەبوو بەهێز تر بوون لەو ناوچە داگیرکراوانەی باکوور کە لە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیزەکاندا بوون. لە ساڵی ١٨٢٦ز دا کاتێک بانگەوازی کۆنگرە بەستنی بڵاوکردەوە لە نێوان ووڵاتەکانی ئەمەریکای لاتینی، تەنها چوار وڵات ئامادەبوون، لە باتی ئەوەی یەکانگیری و چونییەکی ساز بێت و ووڵاتە نوێکان بێنە ژێر ئاڵای کۆماری کۆڵۆمبیای گەورەوە. کەچی ئەو کۆمارە بەرە بەرە پووکایەوە و گەیشتە ئەو ڕادەیەی جەنگی میللی بەرپا بێت. لە ساڵی ١٨٣٠ز دا ڤەنزوێلا و ئەکوادۆر لە کۆماری گەورە کشانەوە، لەو گێرمە و کێشەیەیشدا جەند جار هەوڵی کوشتنی بۆلیڤار درا. ئەمیش کە زانی بۆتە کۆسپ و تەگەرە لەڕێی ئاشتیدا، وازی لە هەموو کارێکی هێنا. هەر لە ساڵی ١٨٣٠ز دا بە تەواوی لە باری سیاسی خۆی دوورخستەوە، هەر لە کانوونی یەکەمی هەمان ساڵیشدا بە ژیانێکی هەژاری و زۆر نائومێد و دوور لە ووڵات (ڤەنزوێلا) ئەسپەردەی خاک کرا.
بۆلیڤار مەردێکی زۆر پێشین و چوست و پێشکەوتوو خواز بوو. لەبەر پێویستی ئەو سەردەمەی ناچار بوو دیکتاتۆرانە ڕەفتار بکات بەڵام کاتێک کار و باری گەیشتە ڕادەی تاقیکردنەوە و هێنانە دی ئامانجی بزوتنەوەکەی وازی لەو ڕێڕەوە هێنا و ئارەزووەکانی خۆی دامرکاندەوە بۆ بەرژەوەندی گشتی و دیموکراسی نموونەیی، هەر لە دواییشدا بە یەکجاری وازی لە هەموو دەسەلاتە دیکتاتۆرییەکانی هێنا هەتاوەکو جارێکیش پێسنیاری پاشایەتییان لێ کرد، بەڵام پەسەندی نەکرد، هەستی بەوە دەکرد کە نیشانی (ئازادیخواز) زۆر مەزنتر و شایستەترە لە تەختی پآشایەتی.