ناوهڕۆك
ژیاننامەی نێلسۆن ماندێلا
ناوی تەواو | ڕۆلیهلاهلە ماندێلا |
لەدایكبوون | 18/7/1918 |
كۆچی دوایی | 5/12/2013 |
هۆكاری كۆچی دوایی | نەخۆشی هەناسە |
پیشە | سیاسی، سەرۆكی وڵات، نووسەری كتێب، پارێزەر، چالاكوان |
ئایین | مەسیحی |
خێزان | سێ هاوسەر و شەش منداڵ |
حیزب | كۆنگرەی نەتەوەی ئەفریقی |
ڕۆلیهلاهلە ماندێلا (بە ئینگلیزی: Rolihlahla Mandela) لە خێڵی مەدیبا لە گوندی مینزۆ، کە دەکەوێتە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقای باشور، لە ١٨/٧/١٩١٨ لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٣٠ بەهۆی گوێگرتن لە چیرۆکە نەبەردییەکانی باپیری لە ماوەی جەنگی بەرگری، دەستی کردووە بە خەونبینین بەوەی ببێتە هۆکارێک بۆ چارەسەری کێشەی ئازادی خەڵکەکەی.
لە کاتێکدا خەریکی خوێندنی سەرەتایی دەبێ لە (قونو)، مامۆستاکەی (خاتون مدینگەین) نازناوی (نێڵسۆن)ـی پێدەبەخشێت، بەهۆی یاسای پێدانی ناوە مەسیحییەکان بۆ هەموو خوێندکاران. ماندێلا دەستیکرد بە خوێندنی بەکالۆریۆس لە هونەر زانکۆی (فۆرت هایر) بەڵام نەیتوانی تەواوی بکات، چونکە بەشداری ناڕەزایەتی خوێندکارانی کردبوو دەرکرا. چەندین جار لە دەرەوەی وڵات دەستیکردووەتەوە بە خوێندن بەڵام نەیتوانیوە تەواوی بکات، تا لە ساڵی ١٩٨٩ لە شارەکەی خۆی خوێندنی تەواو کرد.
تێکەڵبوون بە سیاسەت
ماندێلا دەستیکرد بە خوێندنی یاسا لە زانکۆی (Witwatersrand)، کە یەکەم خوێندکاری ئەفریقی ڕەشپێست بوو بۆیە ڕووبەڕووی ڕەگەزپەرستی بوویەوە. لەوێ بوو بە هاوڕێی ئازادیخواز و شیوعییە ئەوروپی و جولەکەكان، و خوێندکارە هیندییەکان. بەوەش زیاتر بوو بە کەسێکی سیاسی، لە مانگی ٨ی ١٩٤٣ ماندێلا پشتگیری بایکۆتێکی سەرکەوتووی کرد لە دژی گرانبوونی نرخی پاس. لە ساڵی ١٩٤٤ بوو بە ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا، کاتێک هاوکاری دەکرد بۆ دامەزرادنی یەکێتی گەنجان. لە هەمان ساڵدا هاوسەرگیری کرد پەرستارێک بە ناوی (ئیڤلین مەیس)، پێکەوە خاوەنی ٢ کوڕ و ٢ و کچ بوون بەڵام دواتر لە ساڵی ١٩٥٨ جیابوونەوە.
خۆبەخشی نەتەوەیی- وەک سەرۆک
لە ساڵی ١٩٥٢ وەک سەرۆکی بەرەنگاربوونەوەی نەتەوەیی دیاریکرا لەگەڵ جێگرەکەی، ئەم هەڵمەتە یاخیبوونی خەڵکی مەدەنی بوو دژی ٦ یاسای نادادپەروەر کە یەکێتی گەنجانی دەبەست بە کۆنگرەی هیندییەکانی ئەفریقای باشور، ماندێلا لەگەڵ ١٩ کەسی دیکە سزا دران بە تۆمەتی سەرکردایەتی کردەوەی شوعیگەرایی، بۆیە دادگایی کران بە ئەنجامدانی ئەرکی قورس بۆ ماوەی ٩ مانگ، کە دواتر درێژكرایەوە بۆ ٢ ساڵ.
دادگایی ناپاکی
ماندێلا لە هێرشێکی فراوانی پۆلیسدا لە ٥/١٢/١٩٥٦ دەستگیرکرا کە ئەنجامەکەی دادگایی ناپاکی بوو لە ١٩٥٦، هەموو ڕەگەزەکان بە پیاو و ئافرەتەوە خۆیان لەبەردەم زنجیرە دادگاییەک بینییەوە تا کۆتا کەس سزا درا، لە ناویاندا ماندێلا، کە دواتر لە ١٩/٣/١٩٦١ ئازادکرا.
نهێنی
لە ساڵی ١٩٦٢ بە بەکارهێنانی ناوێکی خوازراو (دەیڤید مۆتسامای)، ماندێلا بە نهێنی ئەفریقای باشووری بەجێهێشت، ئەو بە ناو ئەفریقادا گەشتی دەکرد هەروەها سەردانی بەریتانیای کرد بۆ دۆزینەوەی پاڵپشتی لە کێشە چەکدارییەکاندا، مەشقی سەربازی وەرگرت لە مەغریب و ئەسیوبیا، وە گەڕایەوە بۆ باشووری ئەفریقا لە مانگی ٧ی ١٩٦٢، بە تۆمەتی جێهێشتنی وڵات بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی و هاندانی کرێکاران بۆ کودەتا بۆ ماوەی ٥ ساڵ زیندانی کرا.
ژیانی زیندان
لە ماوەی زیندانییەکەی ماندێلادا، دایکی کۆچی دوایی کرد لە ١٩٦٨ وە دواتر کوڕە گەورەکەی گیانی لەدەستدا لە ١٩٦٩ بەڵام بە هیچ شێوەیەک ڕێگەیان بە ماندێلا نەدا بەشداربێت لە پرسەکەیاندا.
دەربازبوون لە زیندان
دوای زنجیرەیەک لە گرتن و زیندانی کردن، لە ١٢/٨/١٩٨٨ کاتێک بە توشبووی نەخۆشی سیل دەستنیشانکرا گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە. دوای ٣ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانە گوازرایەوە بۆ ماڵێک لە نزیک زیندانەکەی وە کۆتا ١٤ مانگی زیندانییەکەی لەوێ بەسەربرد. دواجار لە ١١/٢/١٩٩٠ لە دەرگاکانی زیندانەوە هاتە دەرەوە. ئەوەی بوو بە جێی سەرنج ئەوەیە کە ماندێلا لە ماوەی زیندانییەکەیدا بە لایەنی کەم ٣ پێشنیاری مەرجداری بۆ ئازادبوونی ڕەتکردووەتەوە.
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی
لە دوای کۆتایی هاتنی یاسای بە یەکەم دانانی سپی پێستەکان، لە ساڵی ١٩٩٣ ماندێلا توانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بباتەوە و بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا لە ساڵی ١٩٩٤ بەشداری دەنگدانی کرد.
سەرۆک کۆمار
لە ڕۆژی ١٠/٥./١٩٩٤ ماندێلا وەک یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی دیموکراتی لە ئەفریقای باشور دەستبەکاربوو.
خانەنشینبوون
بە پێی ئەو بەڵێنەی کە بە خەڵکیدا، دوای تەواوبوونی یەک خول لە سەرۆکایەتی، ماندێلا وازهێنانی ڕاگەیاند لە ساڵی ١٩٩٩. دواتر بەردەوامی بە کارکردندا لەگەڵ منداڵەکانی و بۆ ئەو مەبەستەش ڕێکخراوی نێڵسۆن ماندێلای دامەزراند.
كۆچی دوایی
نێڵسۆن ماندێلا لە ماڵەکەی خۆیدا لە جۆهانسبێرگ لە ٥/١٢/٢٠١٣ کۆچی دوایی کرد.