ناوهڕۆك
مامۆستا جەعفەر
جەعفەر موستەفا محەمەد مەحموود لە ساڵی ١٩٣٧ لە گوندی عەبابەیلێی پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە، یەکێکە لە کەسایەتییە ئیسلامییەکانی ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە، خاوەنی نۆ برا و خوشکێکە و منداڵی لە گوندەکەیان بەسەر بردووە، لە سەردەمی منداڵی ئەودا خەڵکی لەسەر ئاژەڵ بەخێوکردن ژیاون و کەمتر بە کشتوکاڵەوە سەرقاڵ بوون، ساڵی ١٩٤٥ دەڕواتە قوتابخانە و قۆناغی سەرەتایی لە گوندەکەی خۆی تەواو دەکات، قۆناغی ناوەندیش لە شاری هەڵەبجە تەواو دەکات، ساڵی ١٩٥٦ دەڕواتە خانەی مامۆستایانی سلێمانی و لە یەکەمین قوتابییەکان دەبێت، ئەوکات سەرەتای خانەی مامۆستایان دەبێت و تەنیا ١٠٥ قوتابی لێدەبێت، چەند مانگێک لەدوای شۆڕشی تەمووزی ١٩٥٨ ئەو قۆناغەش کۆتایی پێدەهێنێت.
دوای خوێندن لەگەڵ چەند مامۆستایەکدا لە گوندی سەرگەتی هەورامان لەسەر ویستی خۆی دادەمەزرێت و دەبێت بە مامۆستا، ساڵی دواتریش دەبێتە بەڕێوبەری قوتابخانەکە.
ساڵی ١٩٦١ هاوسەرگیری دەکات و دواتریش دوانزە ساڵ لە قوتابخانەی حەمدون لە شاری هەڵەبجە وانەی ئینگلیزی و وانەی ئیسلامی و عەرەبی دەڵێتەوە، و ساڵی ١٩٧٦ دەگوازرێتەوە بۆ قوتابخانەی بورهان و ١٢ ساڵیش لەوێ وانەبێژ دەبێت تاوەکوو ساڵی ١٩٨٨ و کیمیابارانکردنی شارەکە و مامۆستا ئاوارەی ئێران دەبێت.
ساڵی ١٩٩١ دەگەڕێتەوە و لە قوتابخانەی مەرزەبۆتۆ دەگیرسێتەوە و دەبێتە بەڕێوبەری قوتابخانەکە، لە ٢٠/٨/١٩٩٨ لەسەر خواستی خۆی خانەنشین دەکرێت.
ژیانی ئایینی و بانگەواز
لە دووەم ساڵی مامۆستایەتی لە گوندی سەرگەت، لە بەرواری ٢٦/١١/١٩٦٠ مامۆستایەکی نوێ دێتە قوتابخانەکە کە بانگخواز عومەر ڕێشاوییە، لەگەڵ تێکەڵبوونی لەگەڵ عومەر ڕێشاوی زیاتر بە ئایینی ئیسلام ئاشنا دەبێت و سوودێکی زۆری لێوەردەگرێت و پێی سەرسام دەبێت، دواتریش پێکەوە لە یەک کات هاوسەرگیری دەکەن و بە یەک ئۆتۆمبێلیش کەلوپەلەکانی گواستنەوە دەگوێزنەوە و دەبنە دراوسێ، دواتر لەگەڵ چەند مامۆستایەکی دیکە وەک ئەندامی نهێنی ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری ئیسلامی و پێگەیاندنی نەوەیەکی موسوڵمان و پەرەپێدانی ئاکارە ئیسلامییەکان لە سەردەمێکی بوژانەوەی شیوعیەتدا، وەک خۆی دەڵێت مامۆستای زۆرێک لە کەسایەتییە دیارە سیاسی و ئیسلامییەکانی ئەمڕۆ بووە.
لە ساڵی ١٩٩٤ و لە ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەبێتە ئەندامی ئەو حیزبە، بەڵام پۆستی سیاسی وەرناگرێت و تەنیا وەک ئەندامێک دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆرینەی دەرکەوتنەکانیدا بەهۆی بەڕێزی و گەورەیی پێگەی لە کۆمەڵگادا پێشدەخرێت و ڕێزێکی زۆری لێ دەگیرێت.