ناوهڕۆك
ناساندن و سەرەتای گەورەبوونی
نەجیب مەحفوز نوسەر و ڕۆماننوسی میسڕی، بە دەیان ڕۆمان و چیرۆکی نوسیوە، یەکێکە لەو نوسەرە عەرەبییانەی کە زۆرترین کاری فیلمی سینەمایی و درامای تەلەفزیۆنی بۆ شاکارە ئەدەبییەکانی کراوە، نەجیب عەبدولعەزیز ئیبراهیم لە ساڵی 1911 لە شاری قاهیرە لەدایکبووە، لە شارێکی دێرین و پڕ لە مێژووی وەکوو قاهیرە پەروەردە کراوە، یەکەمین نوسەری عەرەبییە کە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی وەرگرتووە لە ساڵی 1988.
خوێندن
خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی تەواو کردووە، هەر لە قۆناغی خوێندنی ئامادەییدا گرنگی زۆرى بە ئەدەبی عەرەبی و نوسین داوە و لەو تەمەنە کاریگەری نوسەر (حافز نەجیب کە نوسەرێکی میسڕی بەناوبانگە) بەسەریەوە هەبووە.
لە ساڵی 1930 چووەتە کۆلێژی ئاداب بەشی فەلسەفە لە زانکۆی قاهیرە، و لە ساڵی 1934 ماجستێرەکەی بە ناونیشانی (جوانی و قەشەنگی فەلسەفەی ئیسلامی) بووە بەڵام تەواوی نەکردوە و دوای ساڵێک وازی لێ هێناوە بە مەبەستی زیاتر گرنگی دان بە ئەدەب و نوسین، دواتر لە چەندان فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەت کاری کردووە و خزمەتی وڵاتی کردووە.
باری خێزانی
لە خێزانێکی ئاست مامناوەندی موسوڵمانی سوننە لە میسڕ ژیاوە و منداڵی بچووکی خێزانەکەی بووە، نەجیب مەحفوز لە تەمەنی 43 ساڵی هاوسەرگیری لەگەڵ (عەتییە ئیبراهیم) کردووە بوونەتە خاوەنی دوو کچ بە ناوەکانی فاتیمە و ئوم کەلسوم، هۆکاری درەنگ بڕیاردانی هاوسەرگیری بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە پێی وابووە هاوسەرگیری ڕێگر دەبێت لە بەرەوپێشچوونی داهاتووی ئەدەبییەوە.
بواری نوسین و کارە ئەدەبییەکانی
نەجیب مەحفوز لە نێوەندی سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە نوسین کردووە، ژینگەی دەوروبەری و ناوچەکەی کاریگەری زۆریان هەبووە لەسەر شێواز و جۆری نوسین و بەرهەمەکانی، ڕێچکە و شێوەیەکی تایبەتی خۆی وەرگرتووە و هەموو جیهان دەیناسنەوە، ڕۆمانەکانی بۆ چەندان زمانی جیهانی وەرگێڕانی بۆ کراوە و هەمیشە زمانحاڵی ئازارەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە بووە دەرخەری لایەنی واقیعی و شێوازی ژیانکردن و سادەیی کۆمەڵگە بووە، لە سەرەتای نوسیندا دەستیکردووە بە نوسینی کورتە چیرۆك، پاشان یەکەمین ڕۆمانی بە ناوی (عبث الأقدار/جەنجاڵی و ناڕێکی قەدەر) لە ساڵی 1939 بڵاوکردەوە دواتر چەند ڕۆمانێکی لەسەر مێژووی فیرعەونەکان نوسیوە، لە ساڵی 1943 ڕۆمانی (ڕادۆبیس)ی بڵاوکردەوەتەوە و لە نوسین بەردەوام بووە تا ساڵانی کۆتایی تەمەنی.
ڕۆمانی (الأولاد حارتنا/ منداڵانی گەڕەکەکەمان) کە لە ساڵێ 1959 بڵاویکردەوە، کێشە و دەنگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ناڕەزایەتی بەشێکی خەڵکی لێکەوتەوە بەهۆی ناوەڕۆك و بابەتی سەرەکی کتێبەکە کە هەندێك لە زانایانی ئایینی بە ئیهانە و سوکایەتی پێکردنی ئیسلام و پیرۆزییەکانی لەقەڵەمیاندا و بەو هۆیەشەوە بۆ چەند ساڵێک ئەو ڕۆمانە لە وڵاتی میسڕ قەدەغەکرا.
شایەنی باسە هەر بە هۆی ئەو ڕۆمانەوە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی وەرگرتووە لە ساڵی 1988، کۆتا ڕۆمانی لە ساڵی 1988 بە ناوی (قەشتمەر) بڵاوکردەوە، دواتر بەردەوامی داوە بە نوسینی چیرۆکی ئەدەبی و هەروەها وتاری ئەدەبی بۆ ڕۆژنامەکان نووسیوە.
ڕەخنەگرانی ئەدەبی وێنای ئەدەب و نوسینەکانی نەجیب مەحفوزیان وەکوو ئاوێنەیەک کردووە کە ڕەنگدانەوەی واقعیەتی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی خەڵکی میسڕە، لە نوسینەکانی بە ڕوونی نیشتیمانپەروەری و کاریگەرییەکانی شۆڕش بەدیدەکرێت.
جگە لە خەڵاتی نۆبڵ چەندان خەڵاتی تری وەرگرتووە لەوانە خەڵاتی نێودەوڵەتی بۆ ئەدەب لە ساڵی 1957 هەروەها میدالیای لێهاتوویی لە ئەدەب و نوسین لە ساڵی 1962، ملوانکەی نیللی مەزن لە ساڵی 1988 بەدەستهێناوە، چەندانی تریش.
بەرهەمی کتێبەکانی
نەجیب مەحفوز زیاتر لە سی ڕۆمان و بیست چیرۆک و کورتە چیرۆکی نوسیوە، کە زۆرینەیان ناوبانگێکی باشی پەیداکردووە و وەرگێڕانی بۆ کراوە بۆ سەر زمانەکانی تر، بەشێکی زۆر لە شاکارە ئەدەبییەکانی کراون بە دراما و فیلمی سینەمایی.
گرنگترین ئەو بەرهەمانەی کە وەرگێڕانی کوردییان بۆ کراوە:
- داستانی ڕەش و ڕووتان
- ڕێگا
- کۆڵانی میدەق
- جەنابى رێزدار
- سواڵکەرەکە
- کۆچی دوایی
لە ساڵی 1994 هەوڵی تیرۆرکردنی نەجیب مەحفوز دراوە، لە ئەنجامی ئەو کارە زیانێکی زۆر بەر دەمارەکانی دەستی ڕاستی کەوتووە، ئەم ڕووداوە کاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر کاری نووسینی بەوهۆیەوە ڕۆژانە بۆ چەند کاتێکی کەم نوسینی کردووە.
لە بەرواری 8/30 ساڵی 2006 لە تەمەنی 95 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و لە دوای خۆی تائێستا بەرهەمەکانی چاپ دەکرێنەوە و ناوبانگ و پێگەی تایبەتی خۆی هەیە لە نێو خۆێنەراندا، لە پاش کۆچى دوایی خانەی بڵاوکردنەوەی زانکۆی قاهیرە، خەڵاتی ساڵانەى (نەجیب مەحفوز) بۆ ئەدەب و نوسین دابینکردووە، هەر ساڵێك خەڵاتەکە دەدرێت بە نوسەرێکی لێهاتوو و بەتوانا لە ئەدەبدا.