ناوهڕۆك
ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی
جوبران خەلیل جوبران شاعیر و نووسەر و فەیلەسوف و نیگارکێشی لوبنانی، ژمارەیەکی زۆر لە نووسین و ڕۆمانی هەیە بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی کاری نووسینی کردووە، لە ساڵی 1883 لە لادێی (بوشرا) لە باکوری لوبنان لە خێزانێکی مەسیحی لەدایکبووە.
سەرەتای ژیانی جوبران پڕ لە نەهامەتی و چەرمەسەری بووە، چونکە باوکی هەمیشە کاتەکانی بە مەی خواردنەوە و قومار کردن بەسەربردووە و گرنگی بە خێزان و منداڵەکانی نەداوە، دایکی جێگرەوەی باوکی بووە و خێزانەکەی بەڕێوەبردووە، جوبران لە سەرەتای ژیانی نەخراوەتە بەر خوێندنی قوتابخانە، بەڵکو لەسەر دەستی ئەو قەشەیەی کە زوو زوو سەردانی ماڵەکەیانی کردووە فێری زمانی عەرەبی و خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بووە.
لە ساڵی 1891 باوکی زیندانی کراوە و خێزانەکەی زیاتر پەرتەوازە بوون، خوشك و برایەکی بەرەو ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کۆچیان کردوە، پاشان لە ساڵی 1894 هەموو خێزانەکەی بەتەواوەتی لوبنان بەجێدەهێڵن و بەرەو ئەمریکا کۆچدەکەن، سەرەتای ژیانکردنیان لەو وڵاتە قورس بووە دایك و خوشك و براکەی پیشەی هەمەجۆریان کردووە تا بژێوی خێزانەکەیان دابین بکەن.
لە ساڵی 1895 خراوەتە بەر خوێندن و لە قوتابخانەی کوینزی لە (بۆستن) بە ناوی خەلیل جوبران تۆمار کراوە، لەوێ لە پۆلی تایبەت بە کۆچەر و ئاوارەکان دانراوە تا فێری زمانی ئینگلیزی ببێت، لە هەمانکاتدا جوبران دەچێتە Denison House Social Center (خوێندنگەیەکی تایبەت بە هونەرە) لەوێ توانا هونەرییەکانی زیاتر درەوشایەوە و بەهرەکانی بەدەرکەوتن، بە سەرپەرشتی فۆتۆگرافەر و پەخشکەری بەتوانا (فرێد هۆلاند دای) زیاتر پەرەی بە هونەر داوە و کاریگەر بووە بە ئەدەبی ڕۆژئاوا، بۆیە دایکی ناردێتییەوە بۆ بەیروت تا زیاتر ئاشنای کولتوور و دابونەریتی عەرەبی بێت پاشان لە ساڵی 1902 گەڕاوەتەوە بۆ ئەمریکا خوشك و برایەکی بە نەخۆشی سیل کۆچی دواییان کردووە، دایکیشی لە دوای ئەوان بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کردوە، لە تەمەنی بیست و یەك ساڵی یەکەمین پێشانگای وێنەکێشانی تایبەت بە خۆی کردەوە، دوای ئەوە دەستی کردووە بە نوسین بە زمانی عەرەبی و پاشان بە ئینگلیزی.
نووسینەکانی بریتیبوو لە پەیوەستکردنی هونەر و کولتووری ڕۆژئاوا و تێکەڵکردنیان لە گەڵ کولتووری ڕۆژهەڵات، ئەم تایبەتمەندییە ناساندی و زیاتر بەناوبانگی کرد، هەرچەندە ئەو وەکوو نووسەر ناسێندراوە بەڵام زیاتر لە 700 وێنەی کێشاوە و دەستێکی باڵای هەبووە لە وێنەکێشان، زۆربەی ژیانی لە دەرەوەی وڵاتی لوبنان بەسەر بردووە، بەڵام هەمیشە نیشتمان پەروەر بووە خۆی بەلوبنانی ناساندووە و ڕەگەزنامەی ئەمەریکی ڕەتکردووەتەوە.
بەرهەم و کارەکانی
- لە ساڵی 1904 یەکەمین پێشانگای وێنەکێشانی تایبەت بە خۆی کردەوە، لەوێوە (ماری ئێلیزابێت) دەناسێت کە خانمێکی ناسراوە و زۆر یارمەتی و پاڵپشتی تواناکانی جوبرانی دا، بووە هاوڕێیەکی نزیکی، هەر لە زستانی ئەو ساڵە پێشانگاکە سوتا و هەموو کارەکانی جوبران لەناوچوون، بۆیە دوای ئەوە دەستی کردووە بە نووسین بە زمانی عەرەبی.
- لە ساڵی 1905 یەکەمین بەرهەمی نووسینی بەناوی (نفثة في فن الموسيقا: فوويەك لە هونەری مۆسیقا) بڵاوکردەوە، دەستی کرد بە خوێندنی ئینگلیزی و زياتر گرنگیدان بەو زمانە.
- لە ساڵی 1906 بەرهەمێ دووەمی بڵاوکردەوە (عرائس المروج) لە سێ چیرۆك پێکهاتبوو، دواتر ئەم بەرهەمە وەرگێڕانی زمانی ئینگلیزی بۆ کرا، و لەهەمان ساڵدا لە ڕۆژنامەکان بەرهەم و نوسینی بڵاوکردووەتەوە.
- لە ساڵی 1908 کتێبی سێیەمی بڵاوکردەوە بە ناوی (الأرواح المتمردة/ ڕووحە لادەرەکان) باسی لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ئازادی ژنان کردووە، بە هۆی ناوەڕۆکی کتێبەکە لەلایەن پیاوانی ئاینی کڵێساو حکومەت ڕووبەڕووی ڕەخنە و کێشەی زۆر بووەتەوە، لە هەمان ساڵدا بڕیاری سەفەری پاریسی داوە، و لەوێ دەستی بە خوێندنی وێنەکێشان کردووە، هەروەها وێنەی چەندان کەسایەتی گرنگی کێشاوە وەکوو هونەرمەند (ئۆگۆستۆس ڕۆدێن)، چاوی بە چەند هونەرمەندێکی جیهانی کەوتووە، خوێندنی وێنەکێشانی تەواو نەکردووە و سەفەری کردووە بۆ بەریتانیا، پاشان لە کۆتایی ساڵی 1910 گەڕاوەتەوە بۆ نیویۆرک تا کۆتایی تەمەنی هەر لەوێ ژیاوە.
- لە ساڵی 1911 کاری لەسەر کتێبێکی نوێ کردووە بە ناوی (الأجنحة المتكسرة/ باڵە شکاوەکان) کە باس لە ئازادی ژنان دەکات، ئەم کتێبە نێوبانگی زۆر دەرکرد و جوبرانی زۆر ناساند، بە کەسێکی نوێخواز ناودەهێنرا.
- لە ساڵی 1913 پێشانگایەکی گەورەی وێنەکێشانی کردەوە، ئیتر جوبران ناسرا وەکوو نوسەر و ئەدیب، پاشان وەکوو وێنەکێش.
- گرنگترین کارەکانی لە ساڵەکانی دواتر: (العواصف، المواكب، بدائع و طرائف، النبي، رمل زبد، مملكة خيال).
- کتێبی (النبي/ پەیامبەر) تا ئێستا ناوبانگی زۆرە و بۆ چەندان زمان وەرگێڕانی بۆ کراوە، بە هۆی ئەم کتێبە جوبران بووە سێیەم پڕفرۆشترین شاعیر لە دوای شکسپیر و شاعیری چینی لاوتزە، ئەم کتێبە پوختەی ڕاوبۆچوونی جوبرانە لە بارەی دۆزە سەرەکییەکانی ژیان وەکوو خۆشەویستی و هاوسەرگیری و ئاین و باشە و خراپە و خۆشی و مردن و سزا و ئازادی و چێژ و جوانی.
- بەیاوەری چەند شاعیر و نوسەرێکی تری عەرەبی وەکوو میخائێل نەعێمە ڕابیتەی قەڵەمی عەرەبییان دامەزراند کە بە شاعیرانی ئەدەبی و نوێخوازی دادەنرێن.
باری سۆزداری جوبران خەلیل جوبران
سەرەڕای چەند پەیوەندییەکی سۆزداریی جوبران ژیانی هاوسەرگیری پێک نەهێناوە و بە درێژایی ژیانی سەڵت بووە، بهڵام لە پەیوەندییەکی ڕۆحی قوڵدا بووە لەگەڵ ژنە ڕۆماننووس و شاعیر و نووسهرى فەڵەستینى لوبنانى "مهی زیاده" کە زۆر سهرسامى نووسینهكانى بووه، تا وایلێهاتووه زۆرى خۆشویستوه و بۆ نزیكهی بیست ساڵ نامەیان بۆ یهكترى ناردووه بەبێ ئەوەی یەکتر ببینن سهرسام و عاشقی یهكتر بوونه، دوور لە بەیەکگەیشتنی جەستەیی تەنیا بە خۆشەویستی ڕۆحی تێکەڵی یەکتر بوون، تهنانهت دوای كۆچی دوایی جوبران، مهی دووچاری باری دهروونییهكی قورس بووهتهوه و بۆ ماوهیهك دهستی له نووسین ههڵگرتووه .
کۆچی دوایی
لە 10/ 4 ساڵی 1931 لو تەمەنی 48 ساڵی بەهۆی نەخۆشی جگەر و سیل لە نیویۆرک کۆچی دوایی کردووە لە وەسێتنامەکەی بڕێك لە سەرەوەتەکەی بەخشیە وڵاتی لوبنان بۆ ئەو گەنجانەی کە ئەیانەوێت سەفەر بکەن.
لە دوای کۆچی دوایی دوو کتێبی بڵاوکرایەوە بە ناوەکانی ( حديقة النبي/باخچەی پێغەمبەر) كە باس لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سروشت دەکات، هەروەه اکتێبی (التائه/ ونبوو) کە ڕەخنە لە دابونەریتی ڕۆژهەڵات و کۆت و بەندەکانی سەر کۆمەڵگە دەکات.
ئەو بەرهەمانەی کە وەرگێڕانی کوردییان بۆ کراوە
- پەیامبەر
- وتەکان
- کێکی بەهەشتی داپیرە