فەرید ئەتڕەش 

له‌لایه‌ن: - مەحەمەد پاڵانی - به‌روار: 2021-09-06-13:50:00 - کۆدی بابەت: 6514
فەرید ئەتڕەش 

ناوه‌ڕۆك

فەرید ئەتڕەش

ناوی تەواوی فەرید فەهد فەرحان ئیسماعیل ئەتڕەشە، لە هۆزی ئەتڕەشە، کە یەکێکن لە هۆزە ناسراوەکانی جەبەل عەرەبی باشوری سوریا باوکی "فەهد فەرحان ئیسماعیل ئەتڕەش" خەڵکی جەبەل عەرەب بوو لە سوریا، ٣ جار هاوسەرگیری کردووە یەکەمیان لەگەڵ ئافرەتێکی ناوچەکەیان بوو لە ساڵی ۱۸۹۹، کوڕێکی لێی بوو بە ناوی تەلال، دووەمیان عەلیا مونزیر بوو کە ئافرەتێکی لوبنانی بوو، لە ساڵی ۱۹٠۹ هاوسەرگیری لەگەڵدا کرد و ٥ منداڵی لێی بوو بە ناوەکانی (فوئاد - فەرید - ئەنوەر - ویداد - ئەمال)، سێیەمیان لەگەڵ مەیسیرە ئەتڕەش بوو لە ساڵی ۱۹۲۱، ٤ منداڵی لەویش هەبوو، لە ساڵی ١٩٢٥ کۆچی دوایی کرد و لە شاری سوەیدا لە سوریا نێژرا. 

دایکی شازادە عەلیا مونزیر گۆرانیبێژ و دەنگ خۆشێکی ناسراوی ناوچەکەی بووە، توانایەکی باشی هەبووە لە چڕینی میجانا و عیتابە، لە ساڵی ١٩٦٨ کۆچی دوایی کرد و لە ناوچەکەی خۆی لە لوبنان نێژرا.

ژیانی

هەرچەندە بە تەواوی نازانرێ بەرواری لەدایکبوونی چەندە، بەڵام بۆچونی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ۱۹/۱٠/۱۹۱۷بەهۆی ئەوەی لەو سەردەمەدا خێزانەکەی لە جەنگدابوون لە دژی فەڕەنسییەکان، بە ناچاری لەگەڵ دایکی و خوشک و براکانی کۆچ دەکەن بۆ میسڕ، لە شوقەیەکی دوو ژووریدا لەگەڵ دایکی و ئەمال (ئەسمەهان) و فوئادی برایدا دەژی لە قاهیرە، فەرید لە قوتابخانەیەکی فەڕەنسییەکان ناوی تۆمار دەکات، بەڵام لە ترسی ئەوان ناچار دەبێت ناوی خۆی بگۆڕێت و لەبری "فەرید ئەترەش" بە "فەرید کوسا" ناوی خۆی تۆمار دەکات. 

دوای ماوەیەکی کەم مانەوەیان لە قاهیرە دەنگوباسی باوکیان پێناگات، کێشەیەکی زۆری داراییان بۆ دروست دەبێت، بە ناچاری دایکیان دەست دەکات بە گۆرانی گوتن لە ئاهەنگەکاندا بۆ بژێوی ژیانیان، فەرید لە پەیمانگای مۆسیقا وەردەگیرێت و لەگەڵ ئەوەشدا لە دوکانێکی قوماشدا کاردەکات، بەهۆی لێهاتووی لە ژەنینی عوددا تەنها دوای ساڵێک لە وەرگیرانی "ئیبراهیم حەمودە" داوای لێدەکات بێتە ناو تیپە مۆسیقیەکەیەوە. 

دواتر فەرید دەچێتە یانەیەکی شەوانە و لای "بەدیعە مەسابنی" دەست بەکار دەبێت، لەوێ لەگەڵ کۆمەڵێک سەماکەر و گۆرانیبێژی بەتوانا ئاشنا دەبێت و بەهرەکانی زیاتر بەرەو پێش دەچێت، بەڵام دەستمایەکی باشی لەو کارەیدا دەست نەدەکەوت بۆیە دوای ماوەیەک بە ناچاری واز دەهێنێت، دواتر لە شوێنێکی تر دەست بە کاردەکات و بەهۆیەوە لە پەیمانگای مۆسیقادا دەردەکرێت، دوای دەرکرانی توشی ناڕەحەتیێکی زۆر دەبێت، بەڵام هەندێک لە هاوڕێکانی پێشنیاری بۆ دەکەن کە بچێت بۆ ئێستگەی قاهیرە و دەنگ و ژەنینی عود تاقی بکاتەوە، ئەویش دەچێت و لە لیژنەی ئێستگە دەردەچێت، لە ساڵی ١٩٣٥ دا بۆ یەکەم جار گۆرانیێک بە دەنگی خۆی لە ئێستگە تۆمار دەکات، گۆرانییەکە بە ناوی "یاریتنی طیر" بوو و ئاوازەکەشی ئی خۆی بوو، هەر لە ئێستگە بە کۆمەڵێک ژەنیار و کەسایەتی بەناوبانگی هونەری ئەو سەردەمە شاد دەبێت، لەوانە (ئەحمەد حیفناوی و یەعقوب تاتیوس و بەیرەم تونسی و بەدیع خەیری و محەمەد عەبدولوەهاب و هتد). 
 
فەرید کۆمەڵێ خوی باش و خراپی هەبوو، هەمیشە لە ناو خەڵکدا بوو و مرۆڤێکی پاک و سادە بوو، ئەوەی لەناو دڵیدا بوو هەمیشە لەسەر زاری بوو، بەڵام قومار یەکێک بوو لە خوە خراپەکانی، کە وەک خۆی لە بەرنامەیەکدا لەگەڵ "لەیلا ڕۆستەم" گوتی بەهۆی مەرگی ئەسمەهانی خوشکم دەستم کرد بە قومار کردن، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو کاریگەرییە زۆرەی کە مەرگی خوشکەکەی خستبویە سەری. 

ففەرید لە ٢٠ ساڵی کۆتایی تەمەنیدا بەدەست نەخۆشی دڵەوە دەیناڵان، لەو ماوەیەیدا ٣ جار توشی جەڵدەی دڵ بوو، دکتۆرەکان ئامۆژگارییان کرد کە بەیەکجاری لە هونەر دووربکەوێتەوە، بەڵام ئەو نەیدەتوانی، هەرچەندە بە ناچاری لە دوای جەڵدەی سێیەم بۆ ماوەی ٤ ساڵ دوورکەوتەوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٠ گەڕایەوە بۆ کارکردن و تا مردنی بەردەوام بوو. 

فەرید لە ٢٦/١٢/١٩٧٤ دا توشی جەڵدەیەکی کتوپڕ دەبێت، هەمان شەو لە نەخۆشخانەی "حایک" لە لوبنان کۆچی دوایی دەکات و لەسەر وەسیەتی خۆی لە میسڕ لە پاڵ ئەسمەهانی خوشکی بەخاک دەسپێردرێت، نازناوی "مۆسیقاری سەردەمەکان" و "پادشای عود"ـی لێنراوە. 

فیلمەکانی

فەرید لەماوەی تەمەنیدا بەشداری ۳۱ فیلمی کردووە و لە گشتیاندا ئەستێرەی فیلمەکە بووە، لە ساڵی ١٩٤١ بۆ یەکەم جار لە فیلمێکدا بەشدار دەبێت بەناوی "انتصار الشباب"، دوا فیلمیشی "نغم فی حیاتي" بوو کە ١٠ مانگ دوای مردنی نمایش کرا.

کتێبەکان دەربارەی ژیان و کارەکانی

بە دەیان کتێب دەربارەی ژیانی فەرید نوسراوە، لە نێویاندا: 
 
 • فريد الأطرش قصة حياته ومختارات من أغانيه - لسعيد الهيري. 
 • فريد الأطرش بين الفن والحياة - لسعيد الجزائري. 
 • فريد الأطرش لعبد الكريم عبد العزيز الجوادي - الشركة العالمية للكتاب ، بيروت. 
 • أول همسه (آلام وأنغام فريد الأطرش) تأليف سعود بن عبد العزيز القويعي 
 • أسمهان (ملهاة الحقيقة ومأساةللغز) تأليف سعود بن عبد العزيزالقويعي ـ الرياض- السعودية 
 • موسيقار الازمان (الأعمال الكاملة) تأليف سعود بن عبد العزيزالقويعي ـ الرياض 
 • فريد الاطرش العالمي نابغة عصره , مؤسسة ناس . لبنان . د. مهندس محمود الاحمديه 
 • فريد الأطرش- دار الآفاق، بيروت. 
 • لحن الخلود فريد الأطرش- دار الآفاق الجديدة. 
 • مذكرات فريد الأطرش. دار العودة، بيروت. 
 • فريد الأطرش. دار مكتبة الهلال، بيروت. 
 • النصوص الكاملة لأغاني فريد الأطرش. أبو العلا أحمد عبد الفتاح. دار التفكير، القاهرة. 
 • فريد الأطرش بين الفن والحياة. لجنة من أصدقاء الفنان الراحل. دار المعارف، القاهرة. 
 • فريد الأطرش نحو الخلود. مركز الحضارة العربية، القاهرة. 
 • ديوان فريد الأطرش، القسم الأول والثاني. دار الشرق العربي، حلب. 
 • ديوان فريد الأطرش، القسم الأول والثاني. دار الشرق العربي، القاهرة. 
 • الموسيقار الكبير فريد الأطرش. نبذة عن حياته. مجموعة أغانيه. منشورات مكتبة التعاون، بيروت. 


سەرچاوەکان



660 بینین