ناوهڕۆك
کۆسرەت ڕەسووڵ
کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی یەکێکە لە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی شیواشۆکی قەزای کۆیە لەدایکبووە.
ژیان
لە تەمەنێکی گەنجییەوە دەڕواتە شۆڕشی ئەیلوول و ساڵی ١٩٧٥ پەیوەندی بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە دەکات و دەبێتە سەرپەرشتیاری ڕێکخستن و چالاکییەکانی خوێندکاران، ساڵی ١٩٧٦ لە شاری کەرکووک کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دادەمەزرێنن، بەهۆی کارەکانیشییەوە لەلایەن حیزبی بەعسەوە دەستگیردەکرێت بەڵام دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر بەهۆی ئەوەی هیچ دانپێدانانێکی لێ وەرناگیرێت ئازاد دەکرێت.
لە ساڵی ١٩٨١ بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی ڕێکخستنەکانی ناوخۆی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و لێپرسراوی ڕێکخستنە نھێنییەکانی ناو شاری ھەولێر، لە کۆنفرانسی ٣ـی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٣دا بە ئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردرا و دواتر بوو بە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵی ١٩٨٨ـەوە تاوەکوو ساڵی ١٩٩١ ئەندامی ناوەندی کۆمەڵە بووە و لێپرسراوی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بووە.
لە ساڵی ١٩٨٤ بووە بە لێپرسراوی مەڵبەندی ٤ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵی ١٩٨٥ بە سەختی برینداربووە، دواتر لە ساڵی ١٩٨٦دا کە مەڵبەندەکانی ٣ و ٤ دەکرێن بە یەک مەڵبەند کۆسرەت دەبێتە لێپرسراوی مەڵبەندەکە تاکو ساڵی ١٩٨٨، لە ساڵی ١٩٩١ کە نەخشەی ڕاپەڕین داڕێژرا لەلایەن بەرەی کوردستانی کە پێکھاتبوون لە ھەموو ھێزە سیاسییەکانی ئەوکاتی کوردستان، کۆسرەت ڕەسووڵ وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی سەرپەرشتیکردنی ئازادکردنی شاری ھەولێری پێ سپێردرا، دواتریش دەستی لە ئازادکردنی شاری کەرکووک دەبێت.
لە ساڵی ١٩٩١ دا بووە بەلێپرسراوی بەرەی کوردستانیی سنووری پارێزگای ھەولێر، ساڵی ١٩٩٢ بووە بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و لە ساڵی ١٩٩٣ تاکوو ساڵی ١٩٩٦ دەبێتە سەرۆکی دووەم کابینەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دواتریش بووە بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان-ئیدارەی سلێمانی تاکوو ساڵی ٢٠٠١، لە هەمان ساڵ بووە بە لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٠٦ کۆسرەت ڕەسووڵ وەک جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەستنیشان دەکرێت، ھاوکات کۆسرەت جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بووە.
ژیانی تایبەتی
کۆسرەت ڕەسوڵ ناوی ڕاستەقینەی عەبدوڵا ڕەسووڵ عەلییە و لە ساڵی ١٩٧٧ ھاوسەرگیری کردووە و دەبێتە خاوەنی شەش کوڕ و یەک کچ، کە دواتر سێ کوڕی دەکوژرێن.
زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فارسی بە باشی دەزانێت و شارەزایی لە زمانی ئینگلیزی ھەیە.
کۆسرەت ڕەسووڵ دەڵێت ئەگەر سیاسەتوان نەبوایە حەزی دەکرد پارێزەر بێت و حەزی بە دەنگی تەحسین تەها و حەسەن زیرەکە و لە وەرزشدا حەزی بە یاری تۆپی پێیە و هاندەری یانەی مانچستەر یونایتدە لەبەر دڵی کوڕەکانی، خۆشترین شوێنەکان بەڕای ئەو لە کوردستان دوکان و لە دەرەوەش ئیتاڵیایە، سەختترین ئازاری ژیانی بۆ ئەشکەنجەی زیندانەکانی بەعس دەگێڕێتەوە لە ساڵی ١٩٧٧.
باری تەندروستی
ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ نووسینگەی ڕۆژنامەوانی کۆسرەت ڕەسووڵ ڕایگەیاند کە باری تەندروستی تێکچووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستی بۆ ئەنجام دەدرێت.
لەدوای ئەوەشەوە دەرکەوتنی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کرد، جیا لەوەی ئەو پێشتر بەهۆی ڕووداوێکەوە کێشەی لە قسەکردن بۆ دروستبووبوو و ڕۆژ بە ڕۆژ باری تەندروستی بەرەو خراپتر دەڕۆشت.
لە ڕۆژی دووشەممەی ٢٠٢١/١٠/٤ وێنەیەکی کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی بڵاوکرایەوە کە کێشی زۆر دابەزیووە و باری تەندروستی ناجێگیرتر دەردەکەوێت و لەسەر کورسییەک دانیشتووە و ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە.