ناوهڕۆك
ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی
نەوال سەعداوی (بە عەرەبی: نوال السعداوی) نووسەر و پزیشکی ناوداری میسڕی و داکۆکیکار لە مافی ژنان، لە ساڵی 1931 لە ناوچەی "کەفر تەڵحە" لە میسڕ لەدایکبووە، لە خێزانێکی گەورە پەروەردە کراوە و خاوەن دە خوشک و برا بووە، باوکی زۆر بایەخی بە زانست و زانیین داوە هەموو منداڵەکانی خستووەتە بەر خوێندن و فێری خوێندەواری کردوون، باوکی کەسێکی نیشتمان پەروەر بووە و کەسایەتی باوکی زۆر کاریگەری هەبووە لەسەر نەوال، هەر لە منداڵییەوە نەوال کچێکی بوێر و چاونەترس و ڕێچکەشکێن بووە، باوکی پاڵپشت و هاندەری یەکەمی ژیانی بووە، کۆچی دوایی باوک و دایکی نەوالی ناچار کرد کە ببێتە بەخێوکەری خوشک و براکانی، سەرەڕای هەموو کۆسپێک توانی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی قاهیرە بەدەست بهێنێت و لە ساڵی 1955 بە سەرکەوتویی هەموو قۆناغەکانی خوێندنی زانکۆی بڕی و لە نەخۆشییەکانی سینگ پسپۆڕی وەرگرت و لەو بوارەدا کاری کرد، پاشان گرنگی بە بواری پزیشکی دەروونی دا، لە ساڵی 1966 پلەی ماجستێری لە زانستە تەندروستییەکان بەدەستهێنا لە زانکۆی کۆڵۆمبیای وڵاتی ئەمریکا.
چەند وێستگەیەکی ژیانی نەوال سەعداوی
ـ لە ساڵی 1957 یەکەمین کۆمەڵە چیرۆکی دەرکرد بە ناوی "تعلمت الحب (فێری خۆشەویستی بووم)"، ئەم کتێبە وێنەدانەوی ژیانی خۆی بووە وەکوو پزیشکێکی ژن و نووسەرێک لە ڕێگەی چیرۆکەکانی باسی لە پێویستی بوون و هەبوون و کاریگەری خۆشەویستی کردووە لە کۆمەڵگا.
ـ گۆڤاری تەندروستی دەرکردووە و هەر خۆیشی وەکوو سەرنووسەری گۆڤارەکە کاری کردووە، هیچ سنورێک بۆ ناوەڕۆکی بابەتەکان نەبووە و هەموو بیر و بۆچوونەکانی کە دژی دابونەریتە باوەکانی کۆمەڵگە بووە و داکۆکی لە مافی ژنان کردووە لەم گۆڤارەدا زۆر بە ئازادانە باسی کردووە، هەر بۆیە گۆڤارەکەی لە ساڵی 1972 داخرا و بەردەوامی نەبوو.
ـ نەوال سەعداوی لە وەزارەتی تەندروستی وەکوو بەڕێوبەر و بەرپرسی تەندروستی گشتی کاری کردووە، هەروەها سەرۆکی سکرتێری سەندیکای پزیشکان بووە و لە ساڵی 1972 بەهۆی نووسینەوەی کتێبی "ژنان و سێکس" لە هەموو کارەکانی دوورخرایەوە.
ـ لە ساڵی 1973 بۆ ساڵی 1978 نەوال لە پەیمانگای ئاداب و زانستی باڵا کاری کردووە.
ـ نەوال سەعداوی لە ساڵی 1982 کۆمەڵەی هاوکاری ژنانی عەرەبی دامەزراند و بووە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای هونەر و زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە قاهیرە، هەروەها کۆمەڵەی پەروەردەی تەندروستی و کۆمەڵەی ژنانی نووسەرانی میسڕی دامەزراندووە.
ـ بەهۆی بیروبۆچوونی سیاسی و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەیەک لەسەر ژنان بەناوی "ڕووبەڕووبوونەوە" لە سەردەمی فەرمانڕەوایی "ئەنوەر سادات" بۆ ماوەی مانگێک زیندانی کراوە، هەر لەسەر ئەو مەبەستە لە ساڵی 1983 کتێبی "یاداشتنامەی زیندانی ژنانی" بڵاوکردەوە کە باسی لە کێشە و ئازارەکانی ژنان دەکات لە زیندان و ڕۆژەکانی زیندانی بە جوانترین رۆژەکانی ژیانی دادەنێت.
ـ بەهۆی بیروباوەڕ و سەرەنجەکانی لەسەر ئیسلام ڕووبەڕووی ڕەخنە و سەرەنجی توند و چەندان فەتوا و تۆمەت و هەڕەشەی کوشتن بووەتەو و لە زۆربەی پیشەکانی دەرکراوە و دوورخراوەتەوە.
ـ نەوال سەعداوی ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بنبڕکردنی دیاردەی خەتەنەکردنی مێینە لە میسڕ و دەیان ساڵ شەڕی لەسەر ئەم بابەتە کردووە و بیروبۆچون و لایەنە زانستی و تەندروستییەکانی دەخستەڕوو و خەڵکی هۆشیار دەکردەوە، تا ئەوکاتەی بە بڕیارێکی حکومی میسڕ لە ساڵی 2008 خەتەنەکردنی مێینە بە تاوان دانراو سزای بۆ دانرا.
ـ لە چەندان زانکۆی جیهانی وەکوو وانەبێژ کاری کردوو و وانەی وتووەتەوە.
بەرهەمەکانی نەوال سەعداوی
نەوال سەعداوی وەکوو ژنێکی گەنج دەستی کرد بە نووسین و چەندان بەرهەمی کتێبی بڵاوکردەوە، کە هەندێکیان وەرگێڕدراونەتە سەر چەندین زمانی بیانی جیهانی، بەڵام هەندێک لە کتێبەکانی لە وڵاتانی عەرەبی قەدەغەکراون و ڕوبەڕووی ڕەخنەی توند کراوەتە بە هۆکاری ئەوەی لەگەڵ بنەماکانی ئیسلامدا ناگونجێت، نووسینەکانی کاریگەری گەورەیان لەسەر هزری خوێنەر درووستکردووە.
گرنگترین بەرهەمەکانی:
- فێری خۆشەویستی بووم
- لاپەڕەکانی ژیانم
- یاداشتنامەی زیندانی ژنان
- بیرەوەرییەکانی پزیشکێک
- ژن و سێکس
- کێشەی ژنانی میسڕ لە سیاسەت و سێکسدا
- مردنی دوایین پیاو لەسەر زەوی
- دوانەی دەسەڵات و سێکس
- گەشتەکانم بە جیهاندا
- بەهەشت و شەیتان
- ژنێک لە خاڵی سفردا
- ژن و ئاین و ڕەوشت
- خۆشەویستی لە سەردەمی نەوتدا
- شکاندنی سنوورەکان
- شکستی ئیمام
- دوو ژن لە ژنێکدا
گرنگترن خەڵاتەکانی
ـ خەڵاتی باکوور و باشوور لە یەکێتی ئەورووپا لە ساڵی 2004.
ـ خەڵاتی ئینیانای نێودەوڵەتی Inana International Prize لە ساڵی 2007.
ـ خەڵاتی ستێج داگرمان Stig Dagerman Prize لە سوید لە ساڵی 2011.
ـ خەڵاتی Seán MacBrid بۆ ئاشتی لە ساڵی 2012.
ـ چەندان دکتۆرای ڕێزلێنانی بەدەست هێناوە لە زانکۆ ناودارەکانی جیهان.
باری خێرانی
سەڕەڕای ئەوەی کە نەوال سەعداوی باوەڕی بە پرۆسەی هاوسەرگیری نەبووە و هەمیشە ڕەخنەی توندی گرتووە لەسەر شێوازی هاوسەرگیری لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان، بەڵام خۆی سێ جار هاوسەرگیری کردووە، یەکەم هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڕێ و هاوپیشەی خۆی بووە بە ناوی "ئەحمەد حیلمی" دوای دوو ساڵ بەهۆی ئالودەبوون و هەوڵدانی ئەحمەد بۆ کوشتنی لێی جیابووەتەوە، لەم هاوسەرگیرییە بووە خاوە کچێک بە ناوی "مونا حیلمی" كە هەمان ڕێچکەی دایکی گرتووە ڕۆژنامەنووس و نووسەرێکی ناوداری میسڕە، نەوال بۆ جاری دووەم هاوسەرگیری لەگەڵ یاساناسێک کردووەتەوە بەڵام بە ماوەیەکی کورت لێی جیا بووەتەوە، هۆکاری سەرەکی جیابوونەوەشیان لە زاری نەوال سەعداوی خۆیەوە ئاشکرا بوو، کاتێک هاوسەرەکەی پێی وتوە "لە نێوان من و نووسینەکانت یەکێکیان هەڵبژێرە، نەوالیش وەڵامی داوەتەوە کە "بێگومان نووسینەکانم هەڵدەبژێرم"
بۆ جاری سێیەم هاوسەرگیری لەگەڵ ڕۆماننووس و سیاسەتمەداری میسڕی "شەریف حەتاتە" کردووە کە لە سەردەمی جەمال "عەبدولناسڕ" بۆ ماوەی 13 ساڵ زیندانی کراوە، لەم هاوسەرەی کوڕێک و کچێکی هەبووە، لە دوای چل و سێ ساڵ هاوسەرگیری لە ساڵی 2010 لێک جیابوونەتەوە.
کۆچی دوایی
نەوال سەعداوی لە ٢١ی ئاداری ٢٠٢١ بەهۆی نەخۆشییەکانی گەدە و چەند کێشەیەکی تەندروستی دیکەوە، کۆچی دوایی کرد، لەسەر ڕاسپاردەی خۆی داوای کردبوو کە تەنها خێزان و هاوڕێ نزیکەکانی ئامادەبن لە بەخاکسپاردنەکەی، له گۆڕستانی تایبەت بە خێزانەکەی لە ڕۆژئاوای قاهیرە بە خاکسپێردرا.