جۆرج ئۆروێڵ

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-27-14:19:00 - کۆدی بابەت: 7007
جۆرج ئۆروێڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

جۆرج ئۆروێڵ (بە عەرەبی: جورج ٲورویل، بە ئینگلیزی: George Orwell)، نووسەر و ڕەخنەگری ناوداری بەڕیتانی ناوی تەواوی "ئیریک ئارسەر بلێرە" لە ساڵی 1903 لە هیندستان لەدایکبووە و باوکی فەرمانبەری ئینگلیز بووە لە هیندستان و دایکیشی بە ڕەچەڵەک فەڕەنسی بووە، لەگەڵ خێزانەکەی گەڕاوەتەوە بۆ بەریتانیا و لە تەمەنی هەشت ساڵی خراوەتە بەر خوێندن لە قوتابخانەیەکی باشووری ڕۆژهەڵاتی بەریتانیا خوێندوویەتی، جۆرج خاوەن کەسایتییەکی گۆشەگیر و غەمگین بووە، بەڵام ژیر و زیرەک بووە، هەربۆیە لە باشترین قوتابخانەکانی بەریتانیا قۆناغەکانی خوێندنی بڕیوە، لە ساڵی 1922 لە تەمەنی 19 ساڵی بڕیاریدا واز لە خوێندن بهێنێت و ڕێچکەی خێزانەکەی بگرێتەبەر، گەشتیکرد بۆ "بۆرما" وکوو یارمەتیدەر و سەرپەرشتیاری پۆلیسی شانشینی هیندستان دەستبەکار بوو، ئەم پیشەیەی کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر دروستبوونی بیروبۆچوون و کەسایەتی جۆرج ئۆروێڵ، چوونکە لەوکاتەدا وڵاتی هیندستان ژێردەستەی دەسەڵاتی بەریتانیا بوو، له‌ ساڵی 1928 ده‌ستی له‌ كاره‌كه‌ی كێشایه‌وه‌ و چوونکە جۆرج خاوەن کەسایەتییەکی هەستبزوێن بووە و بەهۆی کارەکەیەوە وەکوو پۆلیس ڕقی لە خۆی دەبووەوە نه‌یویستووە نوێنه‌رایه‌تی وڵاتێكی داگیركه‌ر بكات، ئەم ئەزموونە ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە دروستبوونی هزر و بیرۆکەی نووسینی بەرهەمەکانی.

لە دوای گەڕانەوەی بۆ وڵاتی بەریتانیا بڕیاری دا وەکوو هەژاران بژێت و شوێنی نیشتەجێبوونی گواستەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی لەندەن، پاشان کۆچیکرد بۆ شاری پاریس و چەندان کاری جوراوجۆری کرد لە چێشتخانە و هوتێلەکانی پاریس، ئەم ئەزموونە بووە دەستپێک بۆ ئەوەی ڕۆمانی "ڕۆژانەی بۆرما" بنووسێتەوە. 

ژیانی نووسینی 

ـ جۆرج ئۆروێڵ ناوێکی خوازراو بووە لە لای، ئەم ناوەی لە ڕووباری ئۆروێڵ لە ناوچەی "ئەیست ئینجیلیا" وەرگرتووە بەرهەمەکانی بەو ناوەوە بڵاوکردووەتەوە.
ـ لە ماوەی گەشتە ئەدەبی و جوگرافییەکانیدا جۆرج ئۆروێڵ هەوڵیدا وتار و ڕۆمان بنووسێتەوە و گەشت و تێڕوانینیەکانی خۆی بۆ جیهان و مرۆڤایەتی تۆمار بکات 
- یەکەمین بەرهەمی بە ناوی "ژیانی دەربەدەرێک لە نێوان پاریس و لەندەن" بڵاوکردەوە ئەم بەرهەمەی نموونەیەک بوو لە ئەزموونی تایبەتی خۆی ئەم کتێبە بە ناوی خۆیەوە "ئارسەر بلێر" بڵاوکرایەوە و ژیانی هەژاری و ئاوارەیی خۆی تۆمارکردووە.
ـ لە دوای بەشداریکردنی لە جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا لە ساڵی 1938 ڕۆمانی "سڵاوێک بۆ کەتەلۆنیا"ـی نووسیەوە 
ـ لە ساڵی 1939 پاش گەشتەکەی بۆ وڵاتی مەغریب بابەتێکی ناوداری نووسی لەژێر ناونیشانی"مەغریبییەکان بە پەرپووتی و پوچی دەژێن و هەر بە پەرپووتیش دەمرن"، کە باس لە ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئەو وڵاتە دەکات کە چۆن بە هەژاری و کڵۆڵی ژیان دەگوزەرێنن.
ـ لە ساڵی 1945 ڕۆمانی "کێڵگەی ئاژەڵانی" بڵاوکردەوە ئەم ڕۆمانە ناوداریکرد و ناوبانگێکی زۆری پێبەخشی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە بە ڕاشکاوی و بێ هیچ ترسێک ڕەخنە لە جیهانی سیاسی و دەسەڵاتداران دەگرێت بووە شاکارێکی ئەدەبی جیهانی و بۆ چەندین زمان وەرگێڕانی بۆ کراوە.
ـ ڕۆمانی 1984 شاکارێکی ئەدەبی تری جۆرج ئۆروێڵە لە ساڵی 1948 نووسیویەتی و بەشەکانی کۆتایی ئەم ڕۆمانەی لە نەخۆشخانە نووسیوە بەهۆی توشبوونی بە نەخۆشی سیلەوە. ئەم ڕۆمانە بۆ زیاترلە 65 زمانی جیهانی وەرگێڕانی بۆ کراوە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە ڕۆمانێكی ئه‌ده‌بی ساده‌ نییە، بەڵکوو ڕۆمانێكی ئه‌ده‌بی سیاسییه‌، جیهانی بەسەر سێ هەرێمدا دابەشکردووە، بە ورد و درشتی باس لە سیستمێکی دەسەڵاتدار دەکات کە چۆن گەلەکەی دەچەوسێنێتەوە و دەستی بەسەر هەموو چەمکێکی ژیان گرتووە و هیچ ئازادییەک بوونی نییە.
ـ جۆرج ئۆروێڵ وەکوو ڕۆژنامەنووس کاری کردووە و چەندان وتار و بابەتی بڵاوکردووەتەوە و لە دەزگای هەواڵگیری و کەناڵی "بی بی سی" بەریتانی کاری کردووە. 

شێوازی نووسین و تایبەتمەندی بەرهەمەکانی

جۆرج ئۆروێڵ لە ئەزموونی ژیانکردنی خۆی، تێڕوانین و بیرۆکە ڕەخنەییەکانی دروستبووە، ڕۆمانەکانی بە شێوەیەکن کە واقیع تێکەڵ بە خەیاڵ دەکات، بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی تایبەت بووە بە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و سیستمی حوکمڕانی، بۆیە وەکوو نووسەرێکی خاکی هەموو ئازار و نەهامەتی گەلانی ژێردەستە و چەوساوەی بە ڕستگۆیانە گواستوەتەوە و هەمیشە ویستوویەتی و داوای کردووە دادپەروەری و ئاشتی بۆ هەموان دەستەبەر بکرێت، هەروەها زمانی نووسینی بەرهەمەکانی تایبەت و ناوازە بووە و بە یەکێک لەو نووسەرانە دادەنرێت کە کۆمەڵێک وشە و دەستەواژەی نوێی بۆ زمانی ئینگلیزی زیاد کردووە، لە نووسینەکانی کاریگەر بووە بە جەنگی جیهانیی یەکەم و جەنگی جیهانیی دووەم و شۆڕشی ڕووسیای ساڵی 1917 و هیتلەر و فاشییەکانی ئیتاڵیا

باری خێزانی

لە ساڵی 1936 هاوسەرگیری لەگەڵ نووسەرێکی ناوداری بەریتانیا کردووە بە ناوی "ئیلین بلێر" تاکوو کۆچی دوایی کردووە هەر بەیەکەوە ژیاون و بوونە خاوەن کوڕێک بە ناوی "ڕیتشارد بلێر". 

کۆچی دوایی

لە تەمەنی 46 ساڵی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی لەندەن بەهۆی نەخۆشی سیلەوە لە ساڵی 1951 کۆچی دوایی کردووە، لە ناوچەی "ئۆکسفۆردشیر" لە باکووری ڕۆژئاوای شاری لەندەن بە خاکسپێردراوە. 


سەرچاوەکان



437 بینین