یۆهان سباستيان باخ

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فواد - به‌روار: 2022-03-22-14:13:00 - کۆدی بابەت: 8025
یۆهان سباستيان باخ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

باخ ناوی تەواوی یۆهان سباستيان باخە (بە ئینگلیزی: Johann Sebastian Bachئاوازدانەر، ئۆرگنژەن، هارپسکۆردژەن (ئامێرێکە وەکو پیانۆ وایە) و کەمانچەژەن بووە لە سەدەکانی ١٦-١٧ی زایینیدا، یەکێک بوو لە کەسە بلیمەتە بەهرەدارە مەزنەکانی دنیای مۆسیقا و بەناوبانگترین ئەندامی خێزانەکەی بووە.

ژیاننامە

باخ لە ٢١ی ئاداری ساڵی ١٦٨٥ لە ئایزناکی ئەڵمانیا لە خێزانێکی مۆسیقاژەن لە دایکبووە. بچووکترین منداڵی خێزانەکەی بووە. لە ساڵی ١٦٩٢ یان ١٦٩٣ دەستی کردووە بە خوێندنی بنەما و ڕێنماییە ئاینییەکان و زمانی لاتینی، سەرەڕای دابڕانی ماوە ماوەی لە خوێندن بەڵام هێشتا ئەنجامەکانی باش بوون. بیروباوەڕە ئاینییەکەی کاریگەری هەبووە بەسەر کارەکانی لە داهاتوودا. سەبارەت بە پەروەردەی مۆسیقایی لەم تەمەنەدا شتێکی دیاریکراو نەزانراوە، سەرەڕای ئەوەش لەوانەیە بنچینەکانی ژەنینی ئامێرە ژێدارەکان (بە تایبەتی کەمانچە) لە باوکییەوە فێربووبێت کە ژەنیاری ئامێرە ژێدارەکان بووە، بەڵام گومانی تێدا نییە کە هەتا ساڵی ١٧٠٣ لە کڵێسای جۆرجنکەچ ئامێری ئۆرگنی ژەندووە.

ساڵی ١٦٩٥ دایک و باوکی هەردووکیان مردبوون، باخ لەلایەن برا گەورەکەیەوە چاودێری دەکرا و هەر لەویشەوە چەند وانەیەکی بۆ ژەنینی سەرەتایی ئامێری کیبۆرد وەرگرت. تا تەمەنی ١٥ ساڵی لەلای خێزانی براکەی مایەوە.

باخ خاوەنی دەنگێکی خۆش بوو، ئەمەش یارمەتیدەری بوو بچێتە ناو کۆمەڵەی گۆرانی وتن لە قوتابخانەیەک لە luneburg، بەڵام پاش ماوەیەک دەنگی گۆڕانکاری بەسەردا هات و لە جیاتی ئەوە دەستی کرد بە ژەنینی کەمانچە.

باخ ناوبانگی وەکو ئاوازدانەرێکی مەزن بەردەوام لە گەشەسەندندا بوو، توانا کردەییەکانی بوو کە وای لێ کرد بتوانێت پلەی ژەنیاری ئامێری ئۆرگن لە کڵێسای نوێی ئارنستد بە دەستبهێنێت. بەرپرس بوو لە ژەندنی مۆسیقا، دانانی ئاواز بۆ بۆنە تایبەت و ڕێوڕەسمە ئاینییەکان، هەروەها چەند قوتابییەکیشی هەبوو لە هەمان کڵێسا کە وانە و ڕێنمایی مۆسیقایی پێ دەوتنەوە.

ژیانی تایبەت

زانیاری زۆر نییە سەبارەت بە ژیانی تایبەتی باخ، بەڵام بە پێی تۆمار و نامە ئاڵوگۆڕ کراوەکانی لە بەردەستتدان دەتوانین بڵێین باخ کەسێک بووە خێزانەکەی خۆشویستووە و خۆی تەرخان کردووە بۆیان، جار جارە لە دەست کارەکانی هەڵهاتووە و بێ هەواڵ هەموو شتێکی بەجێهێشتووە تا کات لەگەڵ منداڵەکانیدا بەسەر ببات و زیاتر ڕاهێنان بکات لەسەر ئامێری ئۆرگن.

دوو جار هاوسەرگیری کردووە و بووەتە خاوەنی ٢٠ منداڵ، کە تەنها ١٠ منداڵیان گەشتوونەتە تەمەنی پێگەشتن. لە ساڵی ١٧٠٦، لەگەڵ ئامۆزایەکیدا هاوسەرگیری کرد و بوونە خاوەنی حەوت منداڵ، هەندێکیان هەر بە ساوایی مردن. ساڵی ١٧٢٠ هاوسەرەکەی باخ دەمرێت و ساڵێک دوای ئەوە دووبارە لەگەڵ گۆرانیبێژێکدا هاوسەرگیری دەکاتەوە و پێکەوە دەبنە خاوەنی ١٣ منداڵ، نیوەی منداڵەکانی پێش ئەوەی گەورە ببن دەمرن.

باخ خۆشەویستی خۆی بۆ مۆسیقا لەگەڵ منداڵەکانیدا بەش کردووە. لە هاوسەرگیری یەکەمیدا دوو منداڵی بە ناوەکانی (Wilhelm Friedemann Bach و Carl Philipp Emanuel Bach) بوون بە ئاوازدانەر و مۆسیقا ژەن. لە هاوسەرگیری دووەمیشی (Johann Christoph Friedrich Bach و Johann Christian Bach) سەرکەوتنیان بە دەستهێنا لە بواری مۆسیقادا.

لە ماوەی ژیانیدا زیاتر بە ئۆرگ ژەن ناسراوە نەک بە ئاوازدانەر بەڵام هێشتاش کارەکانی لەلایەن مۆسیقا دۆستانەوە بەرز ڕاگیراوە و هەریەکە لە (وۆڵفگانگ ئەمادیۆس مۆزارت و لۆدڤیگ ڤان بیتهۆڤن) سەرسامی کارەکانی بوون.

باخ لە کارەکانیدا شێوازی مۆسیقای جیاوازی بەکارهێناوە وەکو شێوازی فەڕەنسی و ئیتاڵی. ئاوازێکی خستووەتە پاڵ ئاوازێکی گونجاوی تر، فرە میلۆدیی یەک لە دوای یەک بەکارهێناوە و شێوازی ئاوازدانانی فیوگ لە شێوازی کارکردنی باخ بووە، واتە دووبارەبوونەوەی میلۆدییەک بە گۆڕانکاری بچووکەوە تا ئەوەی بەرهەمەکە ببێتە ئاوازێکی دەوڵەمەند بە وردەکاری. بە یەکێک لە بەناوبانگترین ئاوازدانەرەکانی سەتەی ١٦-١٧ دادەنرێت و یەکێکە لە بەناوبانگترین کەسایەتییەکانی نێو دنیای مۆسیقای کلاسیک.

گرنگترین کارەکانی

خاوەنی ١١٢٨ ئاوازە، زیاتر لە ٢٣ پارچە مۆسیقاش هەیە کە یان ونبوون یان تەواو نەکراون. باشترین کارەکانی ئەمانەن:

  1. The Well-Tempered Clavier
  2. Toccata and Fugue in D minor
  3. Air on the G String
  4. Goldberg Variations
  5. Brandenburg Concerto

کۆچی دوایی

لە ساڵی ١٧٤١، باخ بە دەست کێشەی بینینی چاوییەوە دەیناڵاند، سەرەڕای ئەوەش بەردەوام بوو لە کارکردن، گەشت کردن و نمایشەکانی. سەردانی فرێدریکی مەزنی پاشای پرەشای کرد (پرەشا: شانشینێک بوو لە باکووری ئەورووپا لە ماوەی سەتەی ١٤-٢٠).

لە ساڵی ١٧٤٩، باخ دەستی کرد بە کارکردن لەسەر ئاوازێکی نوێ بە ناوی (The Art of Fugue) بەڵام تەواوی نەکرد. نەشتەرگەری بۆ بینایی ئەنجامدا بەڵام نەشتەرگەرییەکە بووە هۆی ئەوەی بە تەواوی بینایی لە دەست بدات. ساڵێک دوای ئەوە، لە بەرواری ٢٨ی تەممووزی ساڵی ١٧٥٠ لە شاری لایپزیگ و لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوەکان



547 بینین