ناوهڕۆك
ناساندن
فرووغ فەڕوخزاد ( بە فارسی: فروغ فرخزاد، بە ئینگلیزی: Forough Farrokhzad) یەکێکە لە شاعیرە ناودارەکانی ئێران کە خاوەنی پێنج پەرتوکی شیعرییە، هەروەها فیلمساز بووە، شاعیرێکی مۆدێرنیست و ئایکۆنۆکلاست بووە کە لە دیدگای ئافرەتەوە دەینووسی.
ژیاننامە
فرووغ لە نیوەڕۆیەکی ڕۆژی شەممەدا، لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٣٤ لە تاران، لە گەڕەکی (خادم ئازاد)، لە باوکێکی تەفریشی و دایکێکی کاشانی لەدایکبووە، منداڵی چوارەمی خێزانەکەیەتی، باوکی (محەمەد فەڕوخزاد)، دایکی (توران وەزیری تبار)، لە ئەندامانی تری خێزانەکەشی، برا بچووکترەکەی (فەرەیدون فەڕوخزاد) کە پێشکەشکاری تەلەڤزیۆن و گۆرانیبێژ بووە.
هاوسەرگیری
لە ساڵی ١٩٥٠ لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵ (پەرویز شاپوور) کردووە کە کوڕە پووری بووە و ١٥ ساڵ لەو گەورەتر بووە، ئەو دووانە سەرەڕای دژایەتیکردنی خێزانەکانیان هاوسەرگیریان کردووە، پاش ماوەیەک لەبەر کاری هاوسەرەکەی ڕۆشتە شاری (ئەهواز) و دوای نۆ مانگ کوڕە تاقانەکەیان (کامیار) لەدایک دەبێت ژیانی هاوسەرداری زۆر کورت بوو و لەبەر ئەو کێشە و جیاوازییانەی لەگەڵ هاوسەرەکەی هەیبووە لە ساڵی ١٩٥٥ جیابوونەتەوە و هاوسەرگیرییەکەیان کۆتایی هاتووە.
فرووغ پێش هاوسەرگیری لەگەڵ شاپوور، نامەی ئاشقانەی بۆ ئەو هەبووە، ئەم نامانە لەگەڵ نامەکانی لە سەردەمی هاوسەریان و نامەکانی بۆ شاپوور دوای جیابوونەوەیان، بە دەستی کامیار و (عمران صلاحی) لە پەرتوکێکدا بە ناوی (اولین تپش های عاشقانە قلبم، بە کوردی: یەکەمین ترپە ئاشقانەکانی دڵم) بڵاوکرایەوە.
سەفەرکردنی
دوای جیابوونەوەی لە شاپوور، فرووغ بۆ ڕزگاربوونی لە ژیانی ڕۆتین و دووبارەی سەفەری کرد، لەم سەفەرەدا هەوڵیدا بە کولتووری ئەورووپا ئاشنا ببێت، لەگەڵ ئەوەی کە ژیانی ڕۆژانەی بە سەختی تێدەپەڕی، بۆ شانۆ و ئۆپێرا و مۆزەخانە دەڕۆیشت، لەم ماوەیەدا فێری زمانی ئیتاڵی و فەڕەنسی و ئەڵمانی بوو، سەفەرەکانی بۆ ئەورووپا و ناسینی کولتووری هونەری و ئەدەبی ئەو وڵاتانە، بیر و ئەندێشەی ئەوی فراوان کرد.
کار و چالاکییەکانی
یەکەم کۆمەڵە شیعری بە ناوی (اسیر) لە ساڵی ١٩٥٢ چاپ کرد کە ئەو تەنها ١٧ ساڵی بووە، دووەم کۆمەڵە شیعری بە ناوی (دیوار) لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا چاپ کرد، لەبەر ئەوەی سەرکێشی و نەریت شکاندنی زۆری تێدا بووە، ڕەخنە و سەرزەنشتی زۆری لێ گیراوە، لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا سەرەڕای بوونی ئەو کێشانە کۆمەڵەی سێیەمی بە ناوی (عصیان) چاپ کرد.
دواتر لە ساڵی ١٩٥٨ دەستی بە کارکردن کرد لە سینەمادا و (ئیبراهیم گوڵستانی) ناسی، نووسەر و فیلم سازی ناسراوی ئێرانە، هاوکاریکردن لەگەڵی بووە هۆی گۆڕینی بیرکردنەوە و ئەدەب لە فرووغدا، پاشان گەڕایەوە بۆ شیعر بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمی (مجموعە دیگر)، دوای ئەوەش بەرهەمی (ایمان بیاوریم به آغاز فصل سرد)ی بڵاو کردەوە تاکوو پێگەی خۆی وەکوو شاعیرێکی گەورە لە نێوان شاعیرەکانی ئێراندا جێگیر بکات.
بەرهەمەکانی فرووغ بۆ سەر زمانەکانی ئینگلیزی، کوردی، تورکی، عەرەبی، چینی، فەڕەنسی، ژاپۆنی، ئەڵمانی و عیبری وەرگێڕدراون.
پەیوەندی لەگەڵ ئیبراهیم گوڵستان
ئیبراهیم گوڵستان لە چاوپێکەوتنێکدا دوای ٥٠ ساڵ لە مردنی فرووغ، وتوویەتی کە پەیوەندی ئەو لەگەڵ فرووغ دوو لایەنە بووە، هەروەها دەربارەی ئەوەی کە ئایا فرووغ بووەتە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی یان نا، وتی: (خێزان چییە؟ ئەسڵەن خێزان مانای نییە، ئەو ئەندامێک بووە لە کەسایەتی من).
خۆکوژی
لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣-١٩٦٤ فرووغ ە خواردنی حەب جارێک هەوڵی خۆکوشتنی داوە، بەڵام خزمەتکارەکەی پێی دەزانێت و دەیگەیەنێتە نەخۆشخانە و ڕزگاری دەبێت
بەرهەمەکانی
١٩٥٢ - «اسیر»، کۆی 43 شیعر
١٩٥٢ - «دیوار»، کۆی 25 شیعر
١٩٥٧ - «عصیان»، کۆی 17 شیعر
١٩٦٢ - «تولدی دیگر»، کۆی 35 شیعر
١٩٦٣ - «ایمان بیاوریم بە آغاز فصل سرد»، کۆی 7 شیعر
کۆچی دوایی
فرووغ فەڕوخزاد لە کاتژمێر 4:30ـی دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە لە بەرواری ١٣/٢/١٩٦٧ لەکاتی شۆفێری کردن بە ئۆتۆمبێلی ئیبراهیم گوڵستانەوە تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوو و گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی چوار شەممە بە ئامادەبوونی خێزان، هاوڕێ و هەوادارەکانی لە گۆڕستانی (ظهیرالدولە) بە خاک سپێردرا.