ناوهڕۆك
ژیاننامە
ستیڤن ویڵیام هاوکینگ (بە ئینگلیزی: Stephen William Hawking) لە ٨ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٢ لە شاری ئۆکسفۆردی ئینگلتەرا لەدایکبووە. زانایەکی فیزیای بیردۆزیی گەردوونییە، خاوەنی بیردۆزی تەقینەوەی کونە ڕەشەکانە کە لە سەروو بیردۆزەکانی ڕێژەیی و میکانیکی کوانتەمەوە هات. هاوکینگ لە ساڵی ١٩٦٢ لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و لە ساڵی ١٩٦٦ لە زانکۆی کامبریج بەشی فیزیای خوێندووە. لە کۆلێجی (گۆنڤیل و کایوس)ـی کامبریج توێژینەوەکەی هەڵبژێردرا. بەڕێوەبەری توێژینەوە بوو لە سەنتەری جیهانناسی تیۆری لە زانکۆی کامبریج. لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ٢٠٠٩، پرۆفیسۆری لوکاسیان بوو لە بیرکاری لە زانکۆی کامبریج. لە سەرەتاکانی ١٩٦٠ـەکان دووچاری نەخۆشی (پوکانەوەی دەمارەخانە) دەبێت کە نەخۆشییەکی بێ دەرمان و بێ چارەسەرە، کە ئەم نەخۆشییە دەماری ماسولکەیی دەپوکێنێت و دەیڕزێنێت. لەگەڵ سەختی باردۆخەکەیدا، ئەو هەر لەسەر کارەکانی بەردەوام بوو و ڕێگەی نەدەدا نەخۆشییەکەی کاریگەری نەرێنی لەسەری هەبێت.
تیۆرییەکەی هاوکینگ
هاوکینگ بە شێوەیەکی سەرەکی لە بواری ڕێژەیی گشتی و بە تایبەتی لەسەر فیزیای کونە ڕەشەکان کاری دەکرد. لە ساڵی ١٩٧١ باسی لەوە کرد کە دوای تەقینەوە گەورەکە لە چەند ئامانجێک بە بڕی یەک بلیۆن تۆن لە بارستایی لە خۆ دەگرێت بەڵام تەنها بۆشایی پرۆتۆنێک داگیر دەکات. ئەم تەنانە کە بە کونە ڕەشە بچووکەکان ناو دەبرێن، بارستایی زۆر گەورە و کێشکردنی زۆربەیان پێویستی بەوەیە کە بەپێی یاساکانی ڕێژەیی جڵەو بکرێن، لە کاتێکدا قەبارەی خولەکیان پێویستی بەوەیە کە یاساکانی میکانیکی کوانتەمیش بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت. لە ساڵی ١٩٧٤ هاوکینگ پێشنیاری کرد کە بە گوێرەی پێشبینییەکانی تیۆری کوانتەم، کونە ڕەشەکان گەردیلە لاوەکییەکان دەردەکەن هەتا وزەی خۆیان تەواو دەکەن و لە کۆتاییدا دەتەقێنەوە. کارەکەی هاوکینگ هەوڵێکی زۆر گەورە بوو بۆ ئەوەی تایبەتمەندییەکانی کونە ڕەشەکان وێنا بکرێت، کە پێشتر بە هیچ شێوەیەک نەدەناسران. هەروەها کارەکەی زۆر گرنگ بوو چونکە پەیوەندی ئەم تایبەتمەندییانەی بە یاساکانی گەرمی بزووتن و میکانیکی کوانتەمی کلاسیکی نیشاندا.
نەخۆشی و کەمئەندامی
هاوکینگ لە کۆتا ساڵی لە ئۆکسفۆرد تووشی زۆربوونی بێهۆشی بوو، تووشی کەوتنە خوارەوەی سەر هەندێک پلیکان و گرفتی کاتی ڕیزکردن دەبوو، کێشەکان خراپتر بوون و قسەکانیشی کەمێک شل بوو. لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان دەستیان پێکرد، کاتی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە هاوکینگ 21 ساڵ بوو، لە ساڵی ١٩٦٣ پزیشکەکان هیوای ژیانی دوو ساڵیان پێ بەخشی.
لە کۆتاییەکانی ١٩٦٠ـەکاندا توانای جەستەیی هاوکینگ بەرەو خراپتر دەچوو، بە هێواشی توانای نووسینی لە دەست دا.
ئەو بە توندی سەربەخۆ بوو و ئامادەنەبوو یارمەتی قبوڵ بکات یان بۆ کەمئەندامییەکانی خۆی پارە بدات.
هاوکینگ یەکەم جار کورسیی کەمئەندامی لە مۆدێلی ماتۆڕی پێوانەیی بەکاردەهێنا. ئەو بەردەوام بوو لە بەکارهێنانی ئەم جۆرە کورسییە تا سەرەتای ١٩٩٠کان، لەو کاتەدا توانای بەکارهێنانی دەستی بۆ لێخوڕینی کورسییەکە تێکچوو. لەو کاتەوە چەندین کورسیی جۆراوجۆری بەکارهێنا، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٠٧ کورسییەکی بەناوی مۆبیلیتی دراگۆن بەکار دەهێنا، هەروەک لە نیسانی ٢٠٠٨ وێنەی هەیە کە لە ٥٠هەمین ساڵیادی ناسادا ئامادە بوو و ئەو کورسییەی بەکارهێناوە.
لە کۆتاییەکانی ١٩٧٠کاندا قسەکانی تێکچوو و تەنیا بنەماڵەکەی و نزیکترین هاوڕێکانی لێی تێدەگەشتن، بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ ئەوانی تر کەسێک قسەکەی بۆ لێک دەدایەوە. خزمەتگوزاری تەندروستی نەتەوەیی ئامادە بوو پارە بە خانەی پەرستاری بدات، بەڵام ژنەکەی سوور بوو کە لە ماڵەوە بژی.
هاوکینگ سەرەتا برۆکانی بەرز دەکردەوە بۆ هەڵبژاردنی نامەکان لەسەر کارتی سپێڵ، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٦ بەرنامەیەکی کۆمپیوتەری وەرگرت بە ناوی (ئیکواڵایزەر) لە واڵتەر وۆلتۆز. ئەو دەنگەی بەکارهێنرا لە بەرنامە کۆمپیوتەرییەکەدا بۆ دەربڕینی ئەو قسانەی هاوکینگ دەیکرد زاراوەیەکی ئەمریکی هەبوو و چیتر بەرهەم ناهێنرێت، سەرەڕای ئەوەی دواتر دەنگی تر بەردەست بوو، هاوکینگ ئەم دەنگە ڕەسەنەی هێشتەوە و گوتی کە ئەو پێی پەسەندە و پێی ناسێنراوە.
هاوکینگ وردە وردە جووڵەی دەستی لەدەستدا و لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستی کرد بە جڵەو کردنی ئامێرە پەیوەندییەکەی لەگەڵ جووڵەی ماسولکەکانی ڕوومەتی، بە ڕێژەی نزیکەی یەک وشە لە خولەکێکدا. لەگەڵ ئەم دابەزینەدا مەترسی لە پەرەسەندنی نەخۆشییەکەی هەبوو، بۆیە هاوکینگ هاوکاری توێژەرانی ئینتێلی وەرگرت لەسەر ئەو سیستمانەی کە دەتوانن شێوازەکانی مێشک یان دەربڕینی دەموچاوی وەربگێڕن بۆ گۆڕینی چالاکیەکان.
ساڵی ٢٠٠٩ ئیتر نەیتوانی کورسییەکەی خۆی بە سەربەخۆیی لێخوڕێت. لە نزیک کۆتایی ژیانی، هاوکینگ تووشی سەختی هەناسەدان بوو، زۆربەی کات دەبووە هۆی ئەوەی کە پێویستی بە بەکارهێنانی هەواگەر بێت و بە بەردەوامی لە نەخۆشخانە بێت.
کۆچی دوایی
هاوکینگ لە ١٤ـی ئازاری ٢٠١٨ لە ماڵی خۆی لە کامبریج لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، بنەماڵەکەی ڕایانگەیاند کە "بە ئاشتی مردووە".
دەستکەوتەکانی هاوکینگ
بەشدارییەکانی هاوکینگ بۆ فیزیا چەندین شانازی نایابیان بۆ هێنا. لە ساڵی ١٩٧٤ (کۆمەڵگای شاهانە) وەک یەکێک لە گەنجترین هاوەڵەکانی هەڵیبژارد. لە ساڵی ١٩٧٧ بە پرۆفیسۆری فیزیای ڕاکێشان و لە ساڵی ١٩٧٩ بە پرۆفیسۆری لوکاسیانی کامبریج لە بیرکاریدا دەستنیشان کرا، پلەیەک کە پێشتر ئیسحاق نیوتن خاوەنی بوو. هاوکینگ لە ساڵی ١٩٨٢ بە فەرماندەی فەرمانەکانی ئیمپڕاتۆریەتی بەڕیتانیا (CBE) و لە ساڵی ١٩٨٩ هاوەڵی شەرەف بوو. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٦ مەدالیای کۆپلی لە کۆمەڵگای شاهانە و مەدالیای ئازادی سەرۆکایەتی ئەمریکای لە ساڵی ٢٠٠٩ وەرگرت. لە ساڵی ٢٠٠٨دا کورسییەکی توێژینەوەی میوانی لە پەیمانگای پێریمێتە بۆ فیزیای تیۆری لە وۆتەرلوو لە ئۆنتاریۆی کەنەدا قبوڵ کرد.
دیدگای هاوکینگ
فەلسەفە ناپێویستە
لە کۆنگرەی زێیتجیستی گوگڵ لە ساڵی ٢٠١١، ستیڤن هاوکینگ وتی "فەلسەفە مردووە". ئەو پێی وابوو کە “فەیلەسوفەکان لە زانستدا پێشکەوتنە مۆدێرنەکانیان نەپاراستووە و زاناکان بوونەتە هەڵگری مەشخەڵی دۆزینەوە لە گەڕان بۆ زانینەکانمان". ئەو ڕای وابوو کە دەکرێت بە زانست و بەتایبەتی تیۆرییە زانستییە نوێیەکان وەڵامی کێشە فەلسەفییەکان بدرێتەوە کە ئێمە بەرەو وێنەیەکی نوێ و زۆر جیاواز لە گەردوون و شوێنەکەمان لەناویدا ڕاماندەبات.
ئایین
هاوکینگ کەسێکی بێباوەڕ بوو، لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە گاردیان بڵاو کرایەوە چەمکی (ژیانی پاش مردن) وەک چیرۆکێکی پەری بۆ خەڵکێک کە لە تاریکی دەترسن ناو دەبرد. لە ساڵی ٢٠١١دا، لە یەکەم ئەڵقەی زنجیرەی تەلەفزیۆنی ئەمریکییەکان لە کەناڵی دیسکەڤەری هاوکینگ ڕایگەیاند “ئێمە هەرکاممان ئازادین لەوەی کە بمانەوێت بڕوا بکەین و ئەوە بۆچوونی منە کە سادەترین ڕوونکردنەوە ئەوەیە کە هیچ خودایەک نییە. کەس گەردوونی دروست نەکردووە و کەسیش چارەنووسی ئێمە ئاڕاستە ناکات و ئەمە من بەرەو ڕاستییەکی قووڵ دەبات. لەوانەیە هیچ بەهەشتێک نەبێت، هەروەها ژیانی دواییش نییە. ئێمە ئەم ژیانەمان هەیە بۆ بەرز نرخاندنی نەخشی گەورەی گەردوون، بۆ ئەوەش من زۆر سوپاسگوزارم.”
پەیوەندی هاوکینگ لەگەڵ بێباوەڕی و بیرکردنەوەی ئازاد لە ساڵانی زانکۆیەوە لە ئارادا بوو، کاتێک کە ئەندامی کۆمەڵەی مرۆڤدۆستی زانکۆی ئۆکسفۆرد بوو. دواتر بڕیار وابوو وەک قسەکەری سەرەکی لە کۆنفڕانسی هیومانیستەکانی بەریتانیای ٢٠١٧ دەربکەوێت. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئێل موندۆ وتی “پێش ئەوەی لە زانست تێبگەین، سروشتیە بڕوا بکەین کە خودا گەردوونی دروست کردووە. بەڵام ئێستا زانست ڕوونکردنەوەیەکی قایلکەرتر پێشکەش دەکات. مەبەستم لەوەی کە 'ئێمە مێشکی خودا دەناسین' ئەوەیە کە هەموو ئەو شتانەی کە خودا دەیزانێت، ئەگەر خودایەک هەبێت، کە نییە، دەیزانین. من کەسێکی بێ باوەڕم.”
سیاسەت
هاوکینگ پشتیوانێکی زۆری پارتی کرێکاران بوو، ستایشێکی بۆ ئەل گۆری کاندیدی سەرۆکایەتی دیموکراتی ساڵی ٢٠٠٠ تۆمار کرد، داگیرکردنی ساڵی ٢٠٠٣ی عێراقی بە (تاوانی جەنگ) ناو برد. پشتگیری کرد لە توێژینەوەی خانەی بنچینەیی بۆ چەک سەندنەوەی ناوکی، چاودێری تەندروستیی جیهانی، کار کردن بۆ ڕێگرتن لە گۆڕانی ئاووهەوا. لە مانگی ئابی ٢٠١٤ یەکێک بوو لەو ٢٠٠ کەسایەتییە گشتییەی کە واژۆی نامەیەکیان کرد کە هیواخواز بوون سکۆتلەندا بۆ مانەوەی وەک بەشێک لە شانشینی یەکگرتوو لە ڕیفراندۆمی ئەیلوول دەنگ بدات.
هاوکینگ ترسی لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ هەبوو لە گەرمبوونی زەویدا، پێ وابوو کە ئەو دەتوانێت هەسارەکە بخاتە مەترسییەوە و گەرمبوونی جیهانی ببوژێتەوە، دەیوت "گۆڕانی کەش و هەوا یەکێکە لەو مەترسییە گەورانەی کە ڕووبەڕووی دەبینەوە، ئەوەی کە دەتوانین ڕێگری لێ بکەین ئەوەیە کە دژی نکوڵی کردنەکانی دۆناڵد ترامپ لە بەڵگەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و دەرهێنانی لە پەیماننامەی پاریس بین، زیانی ژینگەیی نزیک دەبێتەوە بۆ هەسارە جوانەکەمان و جیهانی سرووشتی بۆ ئێمە و منداڵەکانمان دەخاتە مەترسییەوە.”
بڵاوکراوەکانی
گرنگترین بڵاوکراوەکانی بریتی بوون لە:
- (Superspace and Supergravity) ساڵی ١٩٨١.
- (A Brief of Time) ساڵی ١٩٨٨.
- (Black Holes and Baby Universes and Other Essays) ساڵی ١٩٩٣.
- (The Universe in a Nutshell) ساڵی ٢٠٠١.
- (On the Shoulders of Giant) ساڵی ٢٠٠٢.
- (God Created the Integers) ساڵی ٢٠٠٥.
- (The Dreams That Stuff is Made of) ساڵی ٢٠١١.
- (My Brief History) ساڵی ٢٠١٣.
- (Brief Answers to the Big Questions) ساڵی ٢٠١٨.