ناوهڕۆك
ناساندن
شێخ خەلیفە بن زایدی کوڕی سوڵتانی ئال نەهیان (بە عەرەبی: الشيخ خليفة بن زايد بن سلطان آل نهيان)، دووەم سەرۆکی وڵاتی ئیماڕات و 16ـیەمین فەرمانڕەوای ئیمارەتی ئەبووزەبی، هەروەها فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی میرنشینی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو بوو، لە پاش کۆچی دوایی باوکی "شێخ زاید سوڵتان" دامەزرێنەری وڵاتی ئیماڕات لە ڕۆژی سێی تشرینی دووەمی ساڵی 2004 بووە دووەم سەرۆکی وڵاتی ئیماڕات.
ژیاننامەی
شێخ خەلیفە لەدایکبووی ساڵی 1948ـی شاری "عەین"ـی میرنشینی ئەبوزەبی ئیماڕاتە، یەکەمین منداڵی کوڕی خێزانەکەی بووە و بە ناوی باپیرە گەورەیەوە ناونراوە، باوکی "شێخ زاید بن سوڵتان ئال نەهیان" دامەزرێنەری وڵاتی ئیماڕاتە، سەرەتای خوێندنی هەر لە ناوچەکەی خۆیان بووە و هەر لەو خوێندنگەیە خوێندوویەتی کە باوکی لە ناوچەکەی خۆیان دروستی کردووە. لە خێزان و هۆزێکی دەوڵەمەند و ناودار پەروەردە کراوە و خێزانەکەی ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە بەرەوپێشبردنی ئیماڕات، باوکی دامەزرێنەر و ڕێکخەری هەر حەوت میرنشینەکەی وڵاتی ئیماڕات بووە.
وەکوو کوڕی گەورەی خێزانەکەی هەر لە منداڵییەوە یاوەری باوکی بووە و لە زۆرێک کۆبوونەوە و کارەکانیدا بەشدار بووە، ناوچەکەیان پارێزگای "عەین" دووەم گەورەترین شاری نێو میرنشینی ئەبوزەبی بووە.
پلە و پۆست و کارەکانی
ـ بەهۆی دەوڵەمەندیی و پۆستە باڵاکانی باوک و هۆزەکەی، هەر لە تەمەنی لاوییەوە پۆستی گرنگ و هەستیاری وەرگرتووە، کاتێک تەمەنی 19 ساڵی تێنەپەڕاندووە لە ساڵی 1966 کراوە بە نوێنەری فەرمانڕەوای میرنشینی ئەبوزەبی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئیماڕات.
ـ لە ساڵی 1969 لە کاتێکدا تەمەنی 21 ساڵی تێنەپەڕاند بوو، وەکوو 16ـیەمین فەرمانڕەوای میرنشینی ئەبوزەبی هەڵبژێردرا، دواتر ڕاستەوخۆ کرا بە سەرۆکی هێزەکانی پاراستنی میرنشینەکە و چەندان پۆستی هەستیاری ناوچەکەی پێ سپێردرا.
ـ لە دوای ڕێکخستنی هەر حەوت میرنشینەکەی ئیماڕات و دروستبوونی وڵاتەکە، لە ساڵی 1973 کراوە بە جێگری سەرۆک وەزیرانی وڵات.
ـ لەساڵی 1976 کۆمەڵەی وەبەرهێنانی ئەبوزەبی دامەزراند و خۆی بووە سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنەکەی.
ـ لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو چەندان شوێنی ستراتیجی و تەلاری بازرگانی گرنگی لە ئیماڕات دامەزراندووە، ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری وڵاتەکەی.
ـ لە ساڵی 2004 دوای کۆچی دوایی باوکی ڕاستەوخۆ وەکوو دووەمین سەرۆکی ئیماڕات هەڵبژێردرا.
ـ ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە دروستکردن و بنیاتنانی بورجی خەلیفە.
ـ گرنگیییەکی زۆری بە بواری ژینگە داوە، لە ساڵی 2006 یەکەمین وەزیری ژینگەی لە وڵاتەکەی دەستنیشان کردووە و بواری ژینگەیی وڵاتەکەی لە سەردەمی دەسەڵاتیدا پەرەیسەندووە و بەرەوپێش چووە.
ـ لە سەردەمی ئەودا چەندان ماف و یاسای تایبەت بە ژنان دانران، لەوانە یەکەم ژن لە سەردەمی ئەو بووە ئەندامی ئەنجوومەنی یەکێتی نیشتمانی وڵاتی ئیماڕات.
ـ بەهۆی دەستکەوت و کار و چالاکییە خێرخوازییەکانییەوە چەندان دیاری و ڕێزلێنانی لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە پێدراوە.
ـ بەهۆی دەوڵەمەندیی و دەستڕۆیشتوییەوە چەندان ڕێکخراوی خێرخوازی جیهانی دامەزراندووە.
ژیانی تایبەتی
لە ساڵی 1964 هاوسەرگیری لەگەڵ "شەمسەی کچی سوهەیلی مەزرووعی" کردووە و بوونەتە خاوەنی شەش کچ و دوو کوڕ.
کۆچی دوایی
لە سەرەتای ساڵی 2014 دووچاری چەند کێشەیەکی تەندروستی بووەوە و تووشی جەڵتەی مێشک بوو، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری چیتر وەکوو سەرۆکی وڵات ئەرکەکانی جێبەجێ نەکرد، بەڵکو لەو کاتەوە براکەی "شێخ محەمەد بن زاید" وەکوو جێگری ئەو و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران "شێخ محەمەد بن ڕاشدی ئال مەکتووم" کارەکانی وڵات ڕایی دەکەن، لە ساڵی 2019 ماوەی دەسەڵاتی سەرۆکایەتییەکەی وەکوو سەرۆکی وڵاتی ئیماڕات بە فەرمی نوێکرایەوە.
لە ڕۆژی 13ـی ئایاری ساڵی 2022 لە تەمەنی 73 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، وڵاتەکەی 40 ڕۆژ ماتەمینی بۆ ڕاگەیاندووە و ئاڵای ئیماڕات بە فەرمی داگیرا، هەروەها ئیماڕات سێ ڕۆژی پشوو و ماتەمی گشتی لە دامودەزگاکانی وڵات ڕاگەیاند.